سەردێڕ:

ھێزی باوەڕ

8/30/2019 1:40:14 PM
12818 جار خوێندراوەتەوە
پیران ئەمیر
+ -

گەمارۆکانی سەر ئێران تادێت فراوانتر و گشتگیرتر دەبێت و ئاستی بارودۆخەکە نزیک لە تەقینەوەیە، ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لاواز بووە، ھیچ لایەک نەیوانیوە بارودۆخەکە ھێوربکاتەوە، جیھان چاوەڕێی جەنگێکی ترە، جەنگێک کە کاریگەری تەواوی لەسەر بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی جیھاندا دەبێت، چونکە ھەژموونی سیاسی و سەربازی ئێران بە تەواوی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن دیارە و بە پچڕ پچڕیش لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت لە ئەفغانستان و پاکستانیش ھەستی پێ دەکرێت، ئەمە جگە لە ھەژموونی ئابووری ئێران، کە بە یەکێک لە گرنگترین فڕۆشیارانی نەوتی جیھان دادەنرێت، کاریگەری سیاسی و ئابورییەکان دەشێ بەجۆرێک بێت کە  ڕەنگدانەوەی تەواوی قۆناغی خۆی ھەبێت.

لە لایەکی ترەوە داعش لێرە و لەوێ و کردەوە ڕەشبگیرییەکانی دەستپێکردووەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر توشی بۆشایی ئەمنی و ئیداری بوون، بە شەوان ھەڵدەکوتنە سەر گوندەکان و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجامدەدەن، لەوسەرەوە ئیسرائیل پێگەکانی حەشدی شەعبی وێران دەکات و ھەڕەشە لە ھەموو ئەو جۆرە ھێزانە دەکات کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن، لەو نێوەندە پڕ ئاریشە و کێشەیەدا " مایک پێنس"جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن، لەمیانەی ئەو گفتوگۆدا مایک پێنس دوپاتی پەیوەندی ھاوپەیمانانەی لەگەڵ سەرۆکی  ھەرێمی کوردستان کردەوە و بەڵێنیدا ھەموو ھاوکارییەک بکات بۆ چارەسەری بنبڕی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی جێگری سەرۆکی زلھێزترین وڵاتی جیھان لەو ئان و ساتەدا دەرخەری ئەوەیە کە باوەڕی ئیدارەی حکومەتی ئەمریکا لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان لەوپەڕی بەھێزیدایە و ئەمریکا ھەروەک ڕۆژانی شەڕی داعش بۆ داھاتووش پێویستی بە ھەرێمی کوردستان دەبێت کە وەک ھاوپەیمانی سەرەکی بمێنێتەوە و  بارودۆخی ناوچەکە بە ئارامی بھێڵێتەوە و کوردستان ھەمیشە وەک پەناگەی ئارامی پەنابەران بمێنێتەوە و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان زیاتر پەرەبستێێت.

ڕەنگە زۆر کەس کاریگەری ئەو متمانە و باوەڕە لە ئێستادا ھەست پێ نەکەن، بەڵام بە بێگومان ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان ڕاھێنەرەکانی تۆپی پێدا ڕوودەدات کاریگەرییەکەی لە گۆڕەپانی یاریەکە بەتەواوی دەبینرێت و ئەنجامیش ئەوەی سەلماندووە کە ئەو باوەڕە پتەوە لە ڕابردوودا وەک ھێزی پشتیوانی دیبلۆماسی کاریگەری ڕوون و ئاشکرای ھەبووە، بەتایبەت لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و داستانی پردێ، کاتێک  وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا باوەڕی خۆی و حکومەتەکەی بە ئیدارەی کابینەی ھەشتەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دووپاتکردەوە و ئەو باوەڕە پتەوە دەرخەری کاریزمایی کەسایەتی نێچیرڤان بازرانییە، ئەو کەسەی توانی بە تەنھا بەسەر ھەموو ئابڵوقەکاندا سەربکەوێت و کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامی و  سەقامگیری سیاسی و ئابوری فەراھەم بکات.