سەردێڕ:

لەنێوان خۆپیشاندانی پیشمەرگە دێرینەکان و دەروێشانی تەریقەتدا

7/9/2020 11:52:59 PM
15103 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

ئەمڕۆ پێشمەرگە دێرینەکان لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان کردو ھەڕەشەیان کرد کە چەکەکانیان پاککردۆتەوەو ئەگەر لەماوەی مانگێکدا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوە راپەڕینێکی تر دەکەنەوە، بەڵام نە خۆپیشاندان نە ھەڕەشەکەیان نەبووە جێ بایەخی خەڵک و سۆشیال میدیا، دەسەڵاتیش ھیچ بەدەنگەوەچونێکی بۆیان نەبوو. 

دوای ئەوان ژمارەیەک دەروێش بەدەف و شمشێرەوە لەئێرانەوە بێ گوێدانە ڕێکارە یاساییەکان سنوری نێوان ھەردوو وڵاتی پڕ چەک و چەکداریان بەزاند، سەرەڕای ئەوەی تەواوی کەناڵ و سۆشیال میدیایان بەخۆیانەوە سەرقاڵکرد، لەماوەی چەند سەعاتێکی کەمدا چۆکیان بەدەسەڵاتی کوردیی دادا تا بەئامانجی خۆیان بگەن کە ئەویش بەشداریی کردن بوو لەپرسەو مەراسیمی بەخاکسپاردنی شێخەکەیان. 

ئەم دویو ڕووداوە لەیەک رۆژدا پەیامێکی گرنگە بۆ ھەموومان، بەر لەھەر کەسێکیش بۆ پێشمەرگە دێرینەکان و ئەو ھێزانەی کە گوایا بەرگری لە سنورەکان و ئاسایشی دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەکەن تا ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن، بۆ ئەم دەسەڵاتە لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا ملیدا بۆ داواکاریی دەروێشەکان، بەڵام ۲۹ ساڵە گوێچکەیەکی نیە تا دەنگی خەڵکی ھەرێم ببیستێت.