سەردێڕ:

چاکسازیی یا شاردنەوەی فەزاحەت؟

7/6/2020 9:10:17 PM
11240 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

دەوترێت لە پشت ھەر قسەیەکەوە، قسەیەکی دی نەوتراو ھەیە، قسە و باسی ئێستاش دەربارەی چاکسازیی و شەفافیەت لە کەرتی نەوتدا، ھیچ نیە، جگە لە قسە و باسگەلێکی نەوتراو بۆ شاردەوەی فەزاحەتی ڕێکەوتنی ستراتیژیی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیادا.

بنەمایەکی یاسایی ھەیە دەڵێت (مابنی علی باگل فھو باگل) واتە ھەر شتێک لەسەر پوچ بنیات بنرێت، ئەوا پوچەڵە، رێکەوتنی پەنجا ساڵەش لەگەڵ تورکیا لەکاتێکدا ئیمزا کراوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەربووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش بەھیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ئیمزاکردنی رێکەوتنی نیە، بەتایەت لە پرسێکی وا گرنگ و ستراتیژیدا، لەبەر ئەوە لەڕوی قانونیەوە رێکەوتنەکە پوچەڵە.

سەرەڕای ئەوەی رێکەوتنەکە قانونی نیە، بەرگیکی حزبیی و بنەماڵەیی بەبەردا کراوە و بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی رێکەوتنێکی فەرمییەوە، چونکە تا ئێستا جگە لە چەند ئەندامێکی کەمی نێو بنەماڵەی بارزانی ھیچ کەسێک لە نێو کابینە یەک لە دوا یەکەکانی ھەرێم  و ئەندامانی ئەنجومەنی ھەرێمیی نەوت غاز زانیاریان دەربارەی ناوەرۆکەکەی نیە و ھەر ھێندەی ھاوڵاتیەکی ئاسایی ئاگادارن کە رێکەوتنێکی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیادا ھەیە.

وەک ئاماژەمان پێدا ئەو رێکەوتنە، جگە لەوەی قانونی نیە، حزبی و بنەماڵەیشە نەک حکومیی، لەبەر ئەوە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم چوارچێوەیەکی یاسایی و فەرمیی نیەو، دەچێتە قاڵبی تاڵانی و بەھەدەردان و دزییەوە، ھەر قسەیەکیش دەربارەی چاکسازیی لە دزی و تاڵانیدا، جگە لە مەھزەلە و ھەوڵێک بۆ چەواشەکردن و داپۆشینی دزی و تاڵانیەکە ھیچی دی نیە، چارەسەری دروست و ڕیشەیی و چاکسازیی ڕاستەقینەش، بەڕاکێشانی شمشێرەکە دەبێت، بەڵام شمشێرە کول و ژەنگرتوەکەی مەسرور بازانی نا، بەڵکو ھی ھاوڵاتیان و دەنگە ناڕازیی و بوێرەکان بۆ بڕینی ئەو دەستانەی نزیکەی سی ساڵە نەک تەنھا لە بواری نەوتدا، بەڵکو لە تەواوی بوارەکاندا، داھاتی خەڵکیی ھەرێمی کوردستان تاڵان دەکەن.