سەردێڕ:

حکومەتی ھەرێم دەسەڵاتێکی فشەڵ و لەرزۆک

6/1/2020 7:35:50 PM
4362 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

کابینە یەک لەدوا یەکەکانی ھەرێم ھیچیان بەرنامەیەکی دیراسەکراوی جدییان نەبوە بۆ پێشخستنی ھەرێم لەبوارە جیاوازەکاندا و ھەریەکەیان چەندین قەیرانیان دروستکردوە، بەڵام ھیچیان ھێندەی ئەم کابینەیە بێ بەرنامە و لاواز نەبوە لەروی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریەوە، ھۆکاری ئەوەش روونە کە بنەمایەکی ئەمنی و نامەدەنی ھەیە و پێی وایە دەتوانێت لەڕێی چاوسورکردنەوە و بڕیار و ھەنگاوی پولیسییەوە سیاسەت و بەرنامەکانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بسەپێنێت و لەژێر ناوی پرۆژەی چاکسازیی بێ بەھادا خەڵک بگەوجێنێت، بەڵام ئێستا خۆشی لەوە دڵنیایە، خەڵک زۆر لەوە ھوشیارترە بە دروشم و قسەی بێکردار دەستبەرداری مافاکانی ببێت .

بڕیاری شەش رۆژ قەدەغەی ھاتوچۆ دوای راگەیاندنەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی، یەکێکە لەو بڕیارانەی سەرەڕای ئەوەی زیاتر ئەقڵیەتی ئەمنیی ئەم دەسەڵاتە بەیان دەکات، ئەو حەقیقەتەش دوپات دەکاتەوە کە دەسەڵاتێکی چەندە فشەڵ و لەرزۆکە و سەرھەڵدانی ھەر جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی مەدەنیی و جەماوەریی، روخاندن و لەبەریەک ھەڵوەشانەی دەکاتە ئەگەرێکی بەھێزی چاوەڕوانکراو.

دەپرسین ..

ئەگەر بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ لەترسی خۆپیشاندان نیە، وەزیری ناوخۆ بۆ پێمان ناڵێت دیاریکردنی شەش رۆژ قەدەغەی ھاتوچۆ چ بنەمایەکی زانستیی ھەیە و لەو شەش رۆژەدا چ کارێکی موعجیزە ئاسا دەکرێت بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسەکە؟

ئەگەر بەفیعلی کۆرۆنا مەترسییە، بۆچی حکومەت دەستبەجێ بودجەی تایبەت تەرخان ناکات بو گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەکان لە دابینکردنی کەرەستە و شوێنی پێویست و کڕینی ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد و گاڵتەجەڕانە دەڵێت، ھۆتێلەکان دەکەینە نەخۆشخانە؟
چەند رۆژی رابردو پارێزگاری ھەولێر بەرونی پێی گوتین چەندە ترسیان لە خۆپیشاندان ھەیە، ھەر بۆیە ھەڵەداوان سەردانی لایەنەکانی کرد و ھەناسەسوارانە لەکەناڵەکانی راگەیاندنەوە باسی لەوەکرد رێگەنادەن ئارامیی ھەولێر تێکبچێت کە مەبەستی سەرەکی ئارامیی و مانەوەی دەسەڵاتە ئەمنییەکەیان بوو. ئەوەش وەڵامێکی روونە بۆ ئەو پڕوپاگەندانەی دەڵێن خۆپیشاندان و گرتنەبەری رێکاری مەدەنیی ھیچ کاریگەریی نیە و مەترسیی بۆ دەسەڵات دروست ناکات.

بەکورتی و پوختی، رەنگە رێوشوێنە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی کاتیی خواستی جەماوەر دوابخات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم دەسەڵاتە لەرزۆکە کە بەشێوەیەکی ناشەرعی و لەسەر بنەمای تەزویر دامەزراوە، لەو چارەنوسە ناپارێزێت کە ھاوڵاتیان و دەنگە ناڕازییەکان دیاریدەکەن.