سەردێڕ:

لوغزی دۆسیەی نەوت لە نێوان ھەرێم و بەغداو چەند پرسیارێک

5/20/2020 5:35:50 PM
6437 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

یەکەم - وەزیری نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵیی داوایەکی دژی ھەرێمی کوردستان تۆمارکرد کە ھەرێم بەشێوەیەکی نادەستوریی و یەکلایەنە نەوت دەفرۆشێت، لە مانگی نیسانی ساڵی ۲۰۱۹ دا دادگای فیدراڵیی لەسەر داوای ھەرێمی کوردستان دانیشتنی دادگاکەی بۆ مانگێک دواخست، بەڵام ئەوە ساڵێک تێدەپەڕێت و ئەو مەوزوعە ھەم لەلایەن دادگای فیدراڵی و ھەم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێدەنگیی لێکراوە.

دووەم - حەیدەر عەبادی لەماوەی دەستبەکاربونیدا وەک سەرۆک وەزیری عێراق لەگەڵ ئەو سکاڵایە، داوایەکی دی دژی دەوڵەتی تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی  تۆمارکرد، کە نەوتی عێراق لەلایەن ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە بەقاچ لە رێگەی تورکیاوە دەبرێتە دەرەوە و دەفرۆشرێت، رێوشوێنەکانی دادگاکە گەیشتبوە قۆناغی کۆتایی کە  تورکیای پابەند دەکرد بڕی ٢٦ ملیار دۆلار وەک قەرەبو بداتە دەوڵەتی عێراق، بەڵام ھەر لەمانگی نیساندا واتە ئەو مانگەی کە دادگای فیدراڵی دانیشتنەکەی دواخست بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق کە دژی نادەستوریی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بوو، مەسعود بارزانی لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا رۆڵی ناوبژیوانیی لە نێوان تورکیا و عێراقدا گێڕا و توانی بەغدا قایل بکات بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی دژی تورکیا بۆ پێنج ساڵی دیکە دوابخرێت، واتە سەرانی دەسەڵاتداری ھەرێم لەلای عێراق لە قاچاخچیەکی نەوتەوە بونە ناوبژیوانکەرێکی خاترگران.

دوو دادگای گرنگ یەکێکیان نێودەوڵەتی کە بڕیارەکانی ئیلزامین بۆ دەوڵەتەکان و ئەوی دی فیدراڵیی کە بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەن لە ناکۆکیە دەستوریەکاندا، بڕیاری ھەریەکێکیشیان لە بەرژەوەندیی عێراق، کۆتایی بە فرۆشتنی سەربەخۆ و تاکلایەنەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەھێنا، بەڵام بڕیاری ھەردوو دادگاکە لەسەر داوای بەرپرسانی ھەرێم و بەدیاریکراویی لەلایەن ماڵی بارزانیەوە و بەرەزامەندیی بەرپرسان و حکومەتی عێراقیی  دواخران و بێدەنگیان لێکرا.

ئایا ئەم جۆرە مامەڵە دوفاقیە لەگەڵ دۆسیەی نەوتی ھەرێمدا بۆ؟. 

لێرەوە پرسیاری دی دێنە گۆڕێ، ئەگەر فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەستوری نیە، ئەی بۆ حکومەتی عێراق ئەو دوو سکاڵایە ناجوڵێنێتەوە ‌و بێدەنگیی لە بەرامبەریان ھەڵبژاردووە؟. 

بۆچی حکومەتی عێراق لەسەر داوای مەسعود بارزانی دەستبەرداری ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبو لە تورکیا دەبێت ؟ لەپای چی و لە بەرامبەر چیدا داوای دواخستنی بڕیاری دادگاکە پەسەند دەکرێت؟.

حکومەتی عێراق کە رێگای دادگا و قانونی لەبەردەستە بۆ پشتگوێیان دەخات و لەبری سزادانی بەرپرسانی ھەرێم و نەوت دزەکان سزای خەڵک و موچەخۆرانی ھەرێم دەدات؟.

ئایا گومانی ئەوە ناکرێت مافیاو نەوت دزەکان لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق، تۆڕێکی بەرفراوان بن و دەزگا فەرمیەکانیشیان کۆنترۆڵکردبێت؟.
ئایا نھێنێ و مامەڵە گوماناوییەکان لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، نایسەلمێنێت داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراق زۆر دروست و لەجێی خۆیەتی کە داوای گۆڕینی ریشەیی و لادانی تەواوی دەموچاوە سیاسیە بەشدارەکانی دەسەڵات دەکەن و متمانەیان بەھیچیان نەماوە؟.

ئایا ئێمەی ھاوڵاتیانیانی کوردستان وەڵامی رونمان بۆ ئەو پرسیارانە و لوغزی گوماناویی دۆسیەی نەوت و پەیوەندیە ژێربەژێرەکان لایە؟ ئەگەر نا، ئەی کاتی ئەوە نەھاتوە دەستبەرداری خەونە بەتاڵەکان و فریادڕەس ببین و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە یەکگرتوانە، لانیکەم ھاوشێوەی ناڕازییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، ھەر شێوازێکی گونجاو و کاریگەر بگرینەبەر بۆ کۆتایی ھێنان بەدەسەڵات و سیناریۆکانی ئەو تاقمەی نزیکەی سێ دەیە ناشرینترین جۆری حوکم و شەش ساڵە فاشیلترین ئابوریی لەژێر ناوی سەربەخۆدا، بەپەیوەندیی ژێربەژێری گوماناویی پیادە دەکات و دووچاری دۆخێکی کردوین، کەھیچ ئومێدێک نیە بۆ چارەسەربونی،  بەمانەوەی ئەم چەتەو سیاسیە بازرگانانە؟.