سەردێڕ:

کەریمی عەلەکەش بە کۆتای کەمینە بووە وەزیری حکومەتەکەی شێخ مەحمود؟

5/12/2020 11:43:06 PM
7470 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت تەنھا بەکارھێناتنی چەمکی کەمینە بەسە بۆ ئاشکرابونی ئەو عەقڵیەتەی لە ناخیدا قەناعەت و مەبەستێکی گوماناوی و مەترسیدار ھەیە بەرامبەر ئەو پێکھاتە و نەتەوانەی دی کە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، چونکە گەر بڕوا و دانپێدانانی کردەیی بەمافەکانیان ھەبێت ئەوا دەستەواژەی کەمینەیان بۆ بەکار ناھێنرێت تا ئەگەر مافێکی سروشتی خۆیان پەیڕەوکرد بەمەکرەمە و منەتی زۆرینە بەسەریانەوە پیشان نەدرێێت.

ئاین و نەتەوەکانی دی ھەر وەک کورد پێکھاتەو پێکھێنەری سەرەکی ھەرێمن، لە رابردووشدا ھەم کورد، ھەم خۆشیان بەخەڵک و  شەریکی ئەم ناوچەیە زانیوە و دەستەواژەی کەمینە بەرامبەر زۆرینەیان بۆ بەکار نەھێنراوە.

کەریمی عەلەکە کە بازرگانێکی مەسیحی و دڵسۆزی لە دایکبوی شاری سلێمانی بوە و کراوەتە وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی شێخ مەحمود، لەبەر ئەوە نەبوە بەتەعبیرەکەی ئێستا لە کەمینەیەکی سلێمانیە و وەک مافێکی کەمینە بەشداریی حکومەتی پێکرابێت، نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوە بوە وەک ھەر تاکێکی سلێمانی و بگرە زیاتریش توانیویەتی خزمەت بەخەڵک و حکومەتەی شێخ بکات. 

کەریمی عەلەکە سلێمانی و حکومەتەکەی شێخی بەموڵکی خۆی زانیوە، ئەوانیش ھەروەک کەسایەتیەکی سلێمانی و خەمخۆری  ھەژارەکانی لە مێژوی شاردا ناساندویانە و ئێستاشی لەگەڵ بێت کاتێک ناوی کەریمی عەلەکە دەھێنرێت سلێمانی شانازیی دەکات کەسایەتیەکی وەک ئەوی ھەبوە.

لەم قۆناغەشدا کەسانێک ھەن لە پێکھاتەکان وەک ھەر تاکێکی دی ھەرێم لەنێو حزبەکان کاری سیاسی دەکەن یا لەگەڵ من و نۆیەکی کورد لە دۆخەکە ناڕازیە و وەک دانیشتویەکی ڕەسەن ڕەخنەدەگرێت، نەک وەک کەمینەیەک کە دەسەڵات دەیەوێت وێنایان بکات .

پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بیانەوێت حزب و رێکخراوی تایبەت بەخۆیان و نوێنەریان لەپەرلەمان ھەبێت مافی سروشتی خۆیانە و نابێت دەسەڵات دەخاڵەت بکات و  لەبری ئەوان بڕیار بدات و رێکخراو و حزبیان بۆ دروست و نوێنەریان بۆ دەست نیشان بکات .

لێگەڕێن با پێکھاتەکان ئازادانە کاری سیاسی خۆیان بکەن، بۆ کێشەی زمان و فەرھەنگی و کەلتوریشیان دەیان ھێندەی ئێستا زیاتر گرنگیان پێبدەن و دەستیان واڵا بکەن و ئیمکاناتیاتی تەواویان بخەنە بەردەست، تا بۆ پاراستن و زیندو ھێشتنەوەیان پلان و بەرنامەی خۆیان جێبەجێی بکەن، نەک لەژێر ناوی پاراستنی مافەکانیان، سوکایەتیان پێبکەن و بۆ مەرامە سیاسیە بەرتەسکەکان بەکاریان بھێنن و نوێنەر و حزبی ساختەیان بۆ دروست بکەن.

دەسەڵاتی کوردیی گەر ڕاست دەکات و بەنیازێکی پاکەوە پەرۆشی مافی پێکھاتە و نەتەوەکانی نێو کوردستانی عێراقە، با لەشاری کەرکوک کە دەسەڵاتی تەواوییان ھەبو، ئەزمونێکیان لە پێکەوە ژیانی ڕاستەقینەی دوور لە قەومچێتی پێشکەش بکردایە، تا پێکھاتەکان و ئێمەش بەم دوعایەی ئێرەیان بڵێین ئامین.