سەردێڕ:

شیوەنی چی و سنگی چی دادەدڕن بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی؟

5/7/2020 11:58:25 PM
11992 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

حزبێک بە دەبابەی بەعس جێپێی لە ھەولێری پایتەختدا قایم کردبێت و تۆ بەخیانەت ناوی بھێنیت، کەچی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بکەیت بۆ دابەشکردنی ھەرێم و داھاتەکەی و ئیمتیازو پۆستەکانی بەغدا.

حزبێک تەواوی دامەزراوە شەرعیەکان و خواستی خەڵک و بەھا دیموکراتی و مرۆییەکانی لە ژێرپێ نابێت و بۆ کورسی سەری ماڵباتەکەی، دەرگای پەرلەمانی قوفڵ دابێت و ھەریەک لە سەرۆک و ئەندامەکانی لێخوڕیبێت بۆ ماڵ و نێو باوەشی حزبەکەی، کەچی پاساوت بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی ھەبێت و مۆری ریفراندۆمی ماڵوێرانیی میللەتی بۆ بکەیت.

حزبێک قوماری بە سەروەت و داھاتی میللەتێکەوە کردبێت  و ئەوەی باکی نەبێت موچە و گوزەرانی خەڵک بێت، کەچی یەکێک بە شەریکی دەسەڵات و یەکێک بە رزگارکەری دۆخی داتەپیو و خاوەن پرۆژەی چاکسازیی دابنێت و ئەوانی دیکەیان چاوەڕوانی مەرحەبایی بێت یا سەرکزی و بێلایەنی خۆی رابگەیەیەنێت، ئیدی جگە لە بەکەڵەگایی مانەوەی چاوەڕوانی چی دیکەی لێدەکرێت؟

ئێوە گەر زیاتر نەبێت، کەمتر بەرپرس نین لەو ھەموو بێڕیزی و دزی و تاڵانی و کەرامەتشکاندنەی رۆژانە لەم ھەرێمەدا روودەدات، ئیدی شیوەنی چیدەکەن و سنگی چی دادەدڕن بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندییەک؟

گەر فرمێسکی تیمساح ناڕێژن و ناتانەوێت ببنە شەریکی دوو زلحیزب؟  باری لەنگتان رێکبکەنەوە و ھەڵوێستی جدی و ھەنگاوی کردەیتان ھەبێت بۆ باشکردنی بژێوی و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی خەڵک و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و دەرکردنی مەلەفی نەوت و پەیوەندییەکانی ھەرێم لە دەست بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان.