سەردێڕ:

رەوشی عێراق چی لە ھەرێم دەخوازێت؟

10/31/2019 6:28:21 PM
17526 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

ھاوکات لەگەڵ داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراق بۆ دەست لەکار کێشانەوەی ھەرسئ سەرۆکایەتیەکەی عێراق  و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پیشوەخت، پێویستە تەواوی لایەن و دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیری داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانی بەغداو پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکەن ،ئەویش لەبەر ھۆکارێکی زۆر رون و ئاشکرا،  ئەویش ئەوەیە ئەم نوخبەیەی ئێستا عێراق بەڕێوەدەبەن ئامادەن لەپێناو مانەوەی خۆیان ھەر ھەنکاوێک بنێن بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکەو رازیکردنی خۆپیشاندەران.

بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوئنەرانیش کە ئەمجارە بێ تەوافوق و بەزۆرینە سەراڕای چەند ھەنگاوێک بۆ چاکسازیی، بریاری ھەموارکردنی دەستورو ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزکاکانی دا، باشترین بەڵکەیە کەئەم دەسەڵاتەی ئێستا بۆ مانەوەی خۆی ھەر ھەنگاوێک دەنێت بۆ رازیکردنی خۆپیشاندەران  ئەکەر لەسەر حسابی ھەرێمیش بێت.

چ گرەنتیەک ھەیە لەباشترین حاڵەتدا ئەم پارلەمانەی ئێستا لەیاسای بودجەدا بە زۆرینەی دەنگ رێژەی ھەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا کەمتر ناکاتەوەو ئەو رێژەیەش نابەستێتەوە بە مەرجی تەسلیمکرنی تەواوی داھاتکانی نەوت و گومرگ و خاڵە سنوریەکانی ھەرێم؟
مانەوەی عادل عەبدولمەھدی چ گرەنتیەک بۆ ئایندا دەداتە ھەرێم ، ئەو لەماوەی یەک ساڵی تەمەنی دەسەڵاتیدا، جگە لەجێبەجێ کردنی یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۱۹ بەناتەواوی و بێ پشکی پێشمەرگە چی دیکەی بو ھەرێم کردوە؟

ھەرێم نابێت پاساو بێنێتەوە بۆ رەتکردنەوەی  داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراق کە تەواوی ھێزو لاێەن و ھێزە چەکدارەکانیان و تەنانەت مەرجەعیەتیش نەک  ناتوانن بەریان لێبگرن بەڵکو بەھەمو شێوەیەک لەھەوڵی رازیکردنیانن. ھەرێم دەبێت زۆر وریایی و واقع بینیانە مامەڵە لەکەڵ ئەم دۆخەی عێراقدا بکات و ھەوڵی دوزینەوەی کەناڵێک بدات لەگەڵ ئەو رەوتەی سەری ھەڵداوەو ئایندەی عێراق دادەڕێژێت.