سەردێڕ:

کورد خۆی کۆبکاتەوە عیراق بەڕێوەدەبات

4/13/2021 11:31:28 AM
4067 جار خوێندراوەتەوە
ئارام هادی
+ -

ئێستا کاتی ئەوەیە حزبە کوردیەکان لە چوارچێوەی گوتار و کاری تەسکی نەتەوەیی دەرچن، لەگەڵ گرنگیدانیان بۆ بەدەستھێنانی دەنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان، بەو ئەندازە زیاتر گرنگی بە قازانجکردن لە دەنگی دەنگدەرانی کورد و پێکھاتە جیاوازەکانی ناوچەکێشە لەسەرەکان بدەن، لەگەڵ کوردانی دانیشتوی بغداد (کوردی فەیلی و نا فەیلی)کە ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە ملیۆنێک.

ئەمەش بە پلانی ورد و تێکۆشانی حزبی و دروستکردنی بەرەی جەماوەری دەکرێت، کە سیاسەتەکەی تەعبیر لە ڕای گشتی عیراقیەکان بکات و خەمی عیراقیەکان بخاتە کارنامەی خۆی و لەسەر ئەرزی واقع ڕەنگبداتەوە، ھەرچەندە حزبی کوردی لەوەدا دواکەوت کە تا ئێستاش کەسانی نەتەوە جیاوازەکانی لە ناوەندی بڕیاری حزبەکانیان غایبە!!، بەڵام دەکرێت لە ئێستا بەدواوە کار لەسەر ڕاکێشانی خەڵکی زیرەک و پاشخان سیاسی و کەسایەتیە جۆرا و جۆرەکان بە ژن و گەنجەوە بھێننە ڕیزەکانیان و لە پلە ئاست بەرزەکانی حزبەکانیان بیان کەن بە ئەندام.

جگە لەمە کوتلە کوردیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەبێت لە ڕابردوو زیاتر گرنگی بە بابەتی سیاسی و نەبونی خزمەتگوزاری پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بدەن و بە کێشەی خۆیانی بزانن و لە کارنامەکانیان ڕەنگ بداتەوە، ھەروەھا ئەمە بۆ ڕێکخراوەمەدەنیەکانیش ڕاستە و لە دروستکردنی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیان ببەنە ئاستێکی بەرز و پێکەوە لە چەندین پرۆژە و کۆنفرانس و کەمپیندا یەک ئامانج بن.

ھیچ عەیبی تێدانیە گەر لە ڕابردوو زیاتر ڕوە و بغدادبین و گرنگی زیاتری پێبدەین، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکە سەر بە عیراقی فیدراڵ، دەستووریش بنەمای ڕێککەوتنی (سیاسی. ئابوری. کۆمەڵایەتی. جڤاکیە) کە عیراقی نوێی لەسەر وەستاوە، ھەروەھا لە مێژووی دروستبونی عیراقیشەوە تا ئێستا سەرباری حوکمی دڕندانە و جینۆسایدەکانی سەر گەلی کورد، کە لەسەر دەستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بغداد بەسەرماندا ھاتووە ھێشتا عەقڵیەتی سیاسی عیراق باشتر لە عەقڵی سیاسی (تورکیا. ئیران. سوریا) کوردی قبوڵە و لەچاو ئەواندا ئاسانتر ماف بە کورد دەدات. (بۆ گەیشتن بە ڕاستی ئەم بابەتە کتێبە مێژووییەکانی سەد ساڵی ڕابردوو بخوێننەوە کە لەلایەن سەرکردە جۆرا و جۆرەکانی کوردەوە نوسراون). 

لە ئێستاشدا ھەرێمی کوردستان "تەنھا" بەراورد بە عیراق ئاوەدانتر و سەقامگیرترە، ئەو عیراقە کە ھەر ڕۆژەی گروپێکی ملیشایی ھەڵدەتۆقێ و کەس بەکەسە ھەر لەوەی کەمە کورد ناو ماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە و بە یەکگوتارییەوە ھەنگاوەکانی چڕبکاتەوە بەرە و بغداد و عیراق بەڕێوەببات.

 "تۆبڵێی بە ھەموو کورد لەدوای خۆڕێکخستن بەقەد مام جلالی پێ ئەنجام نەدرێت کە بەتەنھا عیراقی بەڕێوەدەبرد"؟!!، کات درەنگە و ھێندەی بۆ نەھێشتوینەتەوە تا بە ئیسراحەت پاڵی لێ بدەینەوە لە کاتێکدا ئەمڕۆ سەرۆککۆماری عیراقی فیدراڵ مەرسومی تایبەتی دەرکرد و تیایدا ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی دیاری کرد وەکو ڕۆژی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.