سەردێڕ:

ئینتەرنێت و بەرد، لە ‌ناو لەپی دەستی خۆپیشاندەردا

11/22/2019 4:09:29 PM
2524 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

سایمۆن ھێڵی نووسەری ئەمریکی لە کتێبی شۆڕشی دیجیتاڵی، کاریگەری لە سەردەمی ئینتەرنێتدا، دەڵێت: شۆڕشی دیجیتاڵی لە دنیای بەھاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی دوای خۆی، کاریگەری گەورەی ھەبوو لە ‌سەر شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیشە، ئەمریکا چەکێکی تری خستە بەردەست گەلانی نێو رژێمە دیکتاتۆرەکان، بە جۆرێکی تر ھانیدان دژی رژێمە داپڵۆسێنەرەکان کە ئەویش بەکارھێنانی ئینتەرنێتە بۆ ریسواکردنی دیکتاتۆرەکان، لە کاتێکدا ھەر خودی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیجیتاڵی ئەمریکا سوودمەندی یەکەمن.
ئەم تێڕوانینەی سایمۆن ھاوتەریبە لەگەڵ ڕاپرسییەکی دەزگای پیوی ئەمریکی لە ‌سەر کاریگەرییەکانی ئینتەرنێت و ئەپەکانی مۆبایل و سۆشیال میدیا لە سەر شۆڕشی ٢٥ کانونی دووەمی ٢٠١١ی میسر، دەزگای پیو لە ‌راپرسییەکەیدا، دەریخستووە کاتێک شۆڕشی میسر رویدا، بەکارھێنەرانی فەیسبووک ٤ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس بووە، بەڵام لە دوای شۆڕش رێژەی بەکارھێنەرانی فەیسبووک لە میسر ھەڵکشاوە بۆ ٢١ ملیۆن و ١٢٣ھەزار کەس. 

ئێستا گەلە زوڵملێکراوەکان جگە لە بەردەکانی ناو لەپی دەستیان و بڵەککردنی شەقامەکان بە سوتاندنی تایە و بەربەستەکان، چەکێکی کاریگەریشیان بە دەستەوەیە کە ئەتوانن دنیای دەرەوەی خۆیان لە کوشتن و ئەشکەنجەدانیان رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاگادارکەنەوە و ھەموو دنیاش بێننە سەر ھێڵ بۆ پشتگیرییان، لە ھەمانکاتدا چالاکوانی خۆپیشاندانەکان ئاگایان لە جوڵەی یەکتر بێت.
دنیای شۆڕشی دیجیتاڵی کە دنیایەکی تا بڵێی خێرا و بەبڕشتە، جگە لەوەی چەندان کاری نێگەتیڤی ھێنایە ناو ژیانی مرۆڤەوە، لە ھەمانکاتدا کارێکی پۆزەتیڤی دروستکرد لە ‌سەر ھەپرونکردنی ژیانی رژێمە سەرکوتکەران و لانەی دیکتاتۆرەکانیشی بنکۆڵ و شەقکردووە. 

لە دوای بەھاری عەرەبییەوە کاریگەری شۆڕشی دیجیتالی ترسی گەورەی دروستکردووە، ھەر بۆیە لەگەڵ پریشکی ھەر ئاگرێکی خۆپیشانداندا یەکەم کاری حکومەتەکان بەر لە رێکخستنی ھێزە داپلۆسێنەرەکان و قەناس بە دەستەکانیان، ھێڵەکانی ئینتەرنێت ئەقرتێنن و شەتداونی گشتی دەکەن، ئەم ترسە نوێیە پێش ھەموو ئامرازەکانی تری راگەیاندن کەوتووە. 

خۆپیشاندەر ئامێری مۆبایلەکەی دەستی چەپی و بەردەکەی ناولەپی دەستە راستی، وەک یەک کاریگەرییان ھەیە. لەناو روداوەکەوە، دوای راونانی ھێزە سەرکوتکەرەکان بەبەردەکەی ناولەپی دەستی راستی، بەدەستی چەپی لەرێگەی مۆبایلەکەیەوە، دنیای دەرەوەی خۆی تێدەگەیەنێت. بۆ نموونە لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا رۆژانە چەندین گرتەی خۆپیشاندانەکان بەمن دەگەیشت، بەڵێ ئەمە ئەو چەکەیە لەئێستادا زۆربەی رژێمە دیکتاتۆرەکانی وەک ئیران و عیراق و فنزوێلا و ھۆنگکۆنگ-ی تۆقاندووە.   بەپێی راپرسییەکی سەنتەری پیو-ی ئەمریکی، سۆشیال میدیا بەھێزترین رێگە بووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چالاکی خۆپیشاندانەکانی میسر، بەشێوەیەک خەڵک بە رێژەی ١٠% توانیویەتی زانیاری خۆپیشاندانەکان لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە وەرگرن، کەچی لە ‌رێگەی فەیسبووکەوە ٤٥% ی خەڵک زانیارییان وەرگرتووەو یوتوب-یش بە رێژەی ٢٤% و پێگە ئەلەکترۆنییەکان و کۆڕو کۆبوونەوەکان ٢٠%ی زانیاریان گواستۆتەوە.
گرنگی شۆرشی دیجیتاڵی لەوەدا کۆبۆتەوە کە ئەتوانێت ئاستی ھۆشیاریی و سۆزی خۆپیشاندەران و ئەوانەی لینکیان ھەیە، بەرزبکاتەوە، یاخود دەتوانێت لینکێک دروستکات لەنێوان کەسەکانی نێو بزوتنەوە جەماوەرییەکان، ھەروەھا ھاوسۆزییەکی گەشەکردوو دروستبکات بەرامبەر خۆپیشاندان، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری ئەکادیمی واشنگتن بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ٣١% ئەوانەی فەیسبوکیان لە ‌کاتی خۆیشاندانەکانی سوریا بەکارھێناوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری بزوتنەوە جەماوەرییەکان بووە، ٢٤% یش بۆ ئەوە فەیسبوکیان بەکارھێناوە کە بتوانن ھەواڵ و زانیارییەکانی خۆپیشاندان بە دنیای دەرەوەی سوریا بگەیەنن، ٣٠% یش بۆ تەنسیقی نێوان چالاکوان و ڕێکخەرانی بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکان بووە.

ھەر ئەم داتاو ئامارانەیە وای لە عیراق و ئێران و ک‌شمیر و ھۆنککۆنگ و فەنزویلا کردووە کە لە چەند مانگی رابردوودا ھێڵەکانی ئینتەرنێت شەتداون بکەن، بەپێی نێتبلۆک کاربەدەستانی فەنزوێلا لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیان تا ئێوارە ھێڵەکانی ئینتەرنێت ئەبرن لە ‌نێویشیاندا ئێران خراپترینیانە و لە ١٧ی تشرینی دووەم تا ٢١ی نشرینی دووەم تەنیا ٤%ی ئینتەرنێت ھەیە.