سەردێڕ:

ئیتر قسە دەکەم! (٢)

5/6/2019 7:46:57 PM
12201 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

بۆبیرخستنەوە

 لە ڕوونکردنەوەی یەکەمدا، بەڵێنمدا درێژە و وردەکاریی سێ مەسەلەی گرنگ بخەمەڕوو، یەکەمیان (دژایەتیکردنی ژیان و کەسایەتی و بیری نەوشیروان مستەفا بوو)، ئێستا بەردەوامە و نازانم چەند بەشی تری قسەکانم لەسەر ئەم مەسەلەیە دەبێت. خاڵی دووەم و سێیەم (گەندەڵی مالی و ئیداری و نەمانی ئەخلاقی سیاسی و ھاوڕێیەتی) لە دوای تەواوبوونی خاڵی یەکەم دەستپێدەکات.

تەرمی کاک نەوشیروان و کۆپتەرەکەی سەید عومەر و ھاوڕێکانی:

نیوەڕۆی ١٩-٥ و لەژورەکەی خۆم، بەو باری کۆستەوە خەریکی نوسینی دروشمەکان و چۆنییەتی بەچاپگەیاندنی لافیتە و پۆستەری مەراسیمی ناشتنەکەی کاک نەوشیروان بووم. بێ ئاگادارکردنەوە (سەید عومەر، سەید مستەفا، ئاراس وەلی، نماو چیا) بە لوتفەوە ھاتنە ژورەکەم، بۆیەکەمجار بو سەید عومەر پلیکانەی سێ نھۆم ببڕێت و بێتە لام.
-کاک عومەر تۆ بۆ زەحمەتت کێشا تەلەفۆنت بکردایە خۆم دەھاتم.

-رەزاق بۆ ئیشێکی گرنگ ھاتووین، بڕیارێکمان ھەیە و دەبێت تۆ لەمیدیا ھاوکارمان بیت بۆ جێبەجێکردنی، چونکە بەشی زۆری لای تۆوەوەیە.

کەمێک ھەناسەسوار، سەرجوڵاندنێکی نائاسایی، دوودڵی و جەنجاڵی مێشک و دەرونی سەید عومەر وایکردبوو، من وەک سەرکردەیەکی تێکشکاو بیبینم نەک وەک (دەجالێکی سیاسی، کە دواتر بۆم دەرکەوت)، نماو چیاشم (وەک دوو مێردمنداڵی باوک و دایک مردە بینی). ھیچم نەوت جگە لە وشەی "لەخزمەتداین".

-تەرمی کاک نەوشیروان لە خەستەخانەیە، لەگەڵ برادەران، دۆستەکانمان ھەموشتێکمان حازرکردووە، ئەم شەو بە فرۆکەیەک کە ماڵی مام جەلال حازریانکردووە درەنگانێک دەیھێنینەوە بۆ گردەکە، لە ئیسعافێکی سەلاجە دایدەنێین، خۆر کەوت بە دزییەوە دەینێژین، دواتریش تۆ لە میدیاوە رێنمایی بڵاوبکەوە با سەعات ١٠ی بەیانی خەڵک بێن بۆسەر قەبرەکەی.

-کاک عومەر ئێوە بەڕاستانە!؟...

-بەڵێ ئەوە بڕیارە و وەک شتەکانی تر لێمان تێکمەدە.

-کاک عومەر تۆ دەزانی کێ مردووە! تۆ خەڵکی ئەم شارەیت مردوو وا نێژراوە!؟ من ھەرگیز بۆ کارێکی وا ھاوکارتان نابم و دەشتوانن لەئێستاوە من لابەن و کەسێکی تر بخەنە جێگاکام.

سەید شپرزەبوو، ھەستمدەکرد لەناخی دڵەوە وەڵامەکەی من پەشۆکانوویەتی، بەڵام دەسەڵاتی نییە، بە روخسەتەوە من و سەید مستەفا و ئاراس وەلی لە ژورەکە کردە دەرەوە.

لەبیر و مەراقی ئەو بڕیارەی ئەواندا چوومە ژورێک بەتەنیا و ئاراس و مستەفام بەجێھێشت، چەند دەقیقەیەک و وتیان کاک عومەر بانگت دەکات.

-ئەوجارە چوومە ژورەکەی خۆم و بەرامبەری نماو چیا لە سانی کاک عومەرەوە دانیشتم، حەزمنەکرد بەو سەروفەساڵەوە بیبینم، دیاربوو لەگەڵ چیا و نما مشاوەرەی کردبوو، بەڵام حەزینەکردبوو لەبەرچاوی ئێمە، ئەوان قسەیان ھەبێت.

-کوڕەکان، ئەوە بڕیارەکەی ئێمەیە و خۆشتان ئاگاتان لێیە، ئەوە رەزاقیش وا دەڵێت.

من سەید عومەرم لەشێوازی کار و مەبەستی سیاسیدا، باش دەناسی، دەمزانی ئەوەی لە مێشکیدایە ھەمیشە بەوانی تری دەکات و دواتر خۆی لێ نەبان دەکات، بۆیە پێش وەڵامی نماو چیا کەوتم.

-کاک عومەر کورد یەکمجارە سەرکردەی وای لێ دەڕوات، سلێمانیش لەدوای شێخ مەحمودەوە مەراسیمی ناشتنی سەرکردەی نەبینییەوە، دەبێت وای رێکبخەین ھەموو کوردستان ئامادەبێت و بەدوایەوە بێت.

روی دەمم لە نماو چیا بوو کە ئەو قسانەم کرد، بۆیە لەوەڵامدا پێکەوە وتیان "خۆتان ھەرچی بڕیارێک دەدەن چۆن رێکی دەخەن ئێمە رازین".

-ئەی باشە کێ تەحەمولی موشکیلە دەکات!؟ کێ دەتوانێت ئەو خەڵکە رابگرێت!؟

لەگەڵ قسەکانیدا گۆچانەکەی ھەڵگرت و لەناو دەرگای ژورەکەدا بەفریا کەوتم و وتم؛ "پۆلیس و ئاسایش".

لە حەوشە و ھێشتا لەناو سەیارەکەدا بوو وتیان کاک عومەر دەڵێت دوام بکەوێت و بێتە خوارەوە، خۆم دواخست، نەمدەویست بچمە کۆبوونەوەیەکەوە گوێبیستی بڕیارێکی بەوشێوەیە لە ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بم. دوای نیو سەعات بەبیرمدا ھات کە نابێت ئەمە سەربگرێت و بەپەلە چوومە بیناکەی خوارەوە، خۆمکرد بە کۆبوونەوەکەدا، کە لەوکاتەدا زیاتر لە مەجلیسێکی عەشایەری دەچوو، بەبێ دەنگی دانیشتم.

قادری حاجی عەلی، عومەر سەید عەلی، عوسمان حاجی مەحمود، جەمال حاجی محەمەد، جەلال جەوھەر، مامۆستا جوامێر، سەکەوت حەسەن و چەند کەسێکی تر دانیشتبوون. کاک قادر باسی لە تەدارەکی ئەو مەراسیمە دەکرد کە بڕیاریان لێدابوو، کاک عومەر قسەکەی پێ بڕی و ھەواڵی منی پرسی.

-بەڵی کاک عومەر لێرەم (بە کەمێک سەرجوڵانەوە، چونکە لەشانی ئەو و لەخوارەوە دانیشتبوم.)

-برادەران رەزاق قسەیەکی ھەیە حەزەکەم خۆی پێتان بڵێت.

مامۆستا جوامێر، کە ھاوڕێیەتی و دڵسۆزی بۆ نەوشیروان مستەفا ھێنابووە ئەو مەجلیسەوە، وتی؛ "روخسەتم بدەن ئێوە کۆبوونەوەی خۆتانتان ھەیە".

-"ئینجا مامۆستا کەس وەک تۆ خۆمانە نییە". چەند کەسێکیان و ڕوو لە مامۆستا جوامێر و ھەر یەک بەشێوەیەک ئەو قسەیان کرد و ئەویش دانیشتەوە.

کەوتمە قسەکردن، ھەرچی لە ژورەکەی خۆمدا بە کاک عومەرم وتبوو بە زیادەوە پێموتن، وتیشم دەبێت کاک نەوشیروان بەسەر شانی خەڵکدا لە خەستەخانەوە بێتە ئەم گردە، جگەلەمە ھیچ شتێکی تر مەقبوڵ نییە.

١- ئەو قسانەی رەزاق بەراست دەزانم، بمبورن کە تەدەخول دەکەم، ئەوەی ئەو دەڵێت دەبێت وابکرێت.

٢- تازە بڕیارمانداوە خۆمان بۆ ئامادەکردووە.

٣- ھەزار کەسی تیا دەکوژرێت و کێ مەسولیەت ھەڵەگرێت.

٤- وابکەین بۆ ئێوارەش تەرمەکە نانێژرێت.

٥- میوانێکی زۆری عەرەبی و ئەجنەبی لە بەغدا و ھەولێرەوە دێن و ئەمە ناکرێت.

٦- رێگەکە دورە و ھەر دەبێت ئەمشەو بە کۆپتەرەکە بیھێنین و ھەمو ئامادەکارییەک کراوە.

٧- با درەنگانی شەو بیھێنینە مزگەوتی گەورە و لەوێوە بەڕێی بکەین.

یەکەمیان قسەی مامۆستا جوامێر و دواھەمین ھی سەرکەوت حەسەن بوو. ئەوانی تر قسەی مەسئولەکان بزوتنەوەی گۆڕان بوو.

کە زانیان من ھاوکارییان ناکەم، بە ناچاری قسەی سەرکەوت بوو بە بڕیاری چۆنێتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا. تەنیا کارێک لە ژیانمدا شانازی پێوە بکەم و بۆ نەوشیروان مستەفام کردبێت ئەوە بوو بڕیاری بەدزییەوەناشتنی ئەو پیاوەم ھەڵوەشاندەوە.

من و نەوشیروان مستەفا (ناسین و متمانە)

ھاوینی ساڵی ١٩٨٤ و بۆیەکەمجار لە ئاوەژێی بناری ئاسۆس، نەوشیروان مستەفام بینی و چەند رۆژێک لە مقەرەکەی مامەوە، وەک سکتێری کۆمەڵە و کەسی یەکەمی رێبەرایەتیمان، بەھۆی چەند پێشمەرگەیەکی دەستەکەی خۆی کە کوڕی گەڕەک و متمانەپێکراوی ئەو بوون، بەمەبەستی ناسینی سەردانمان کردبوو، بە ھەموو ئەو رۆژانە، چەند سەعاتێک و لە رۆژی جیاوازدا دەرفەتمان بۆ ناسین و گفتوگۆ بۆ رەخسا، بەشێوەیەک سەرقاڵی نوسین و خوێندنەوە بوو، تەنھا بۆ نانخواردن و کاری پێویستی جیھاز و میوانی تایبەت لە کوختەکەی سەرمقەڕ دەھاتە دەرەوە، بەدوایدا پەیوەندییەکی پتەو منی بە خەباتی کۆمەڵە و پێشمەرگایەتییەوە گرێدا، پەیوەندییەکی رۆحیش بە سکتێرەکەمانەوە. لەو ساڵەوە لە چەندین شوێن و وێستگەی جیاجیادا، ھاموشۆ و سەردانیم کردووە، جگەلەوەش بەردەوام لە پرسی ھەواڵ و ژیانی تایبەتی ئەودابوم (حکایەتەکانی تایبەت بەو مێژووە بۆ دەرفەتێکی تر).

دوای دروستبوونی کۆمپانیای وشە چەند جارێک بە تەنھا و لەگەڵ ھاوڕێکانماندا سەردانمان دەکرد، وەک چۆن لەناو یەکێتیدا لای مام جەلال و ئەندامەکانی تری م.س، لای ئەویشەوە ھەوڵمان دەدا لێکترازان و جیابوونەوە دروست نەبێت. دەخوازێت ئەگەر بە دێڕێکیش بێت رای کاک نەوشیروان و ئەوانی تر بنوسم.

مام جەلال: "ئەگەر لیست دروست بکات ھەر سێ بۆ چوار کورسی دێنێت، بڕۆن پێی بڵێن حەوت کورسی پەرلەمان با خۆی دایبنێت بیر لە کاری وانەکاتەوە".

کۆسرەت رەسول عەلی: "کاک نەوشیروان ناتوانێت حزب دروست بکات" دڵنیایی دەکردین کە جیانابێتەوە.

بەرھەم ساڵح: "ئەوانەی دەوروپشتی کاک نەوشیروان کارەکتەری لاوازن و وادەکەن سەنگی کاک نەوشیروان لە سێ چوار کورسی زیاتر نەبێت".

فوئاد مەعسوم: "کە بزوتنەوە و سۆشیالست و دواتر ئاڵای شۆڕش جیابوونەوە زۆر کەس وەک ئێوە مەترسی ھەبوو، دواتر دەرکەوت یەکێتی بەھێزتر بوو، دڵنیابن بەجیابونەوەی نەوشیروان مستەفاش یەکێتی بەھێزتر دەبێت".

عومەری سەید عەلی: "نەوشیروان لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر ئیسلاح دەمەدەمێی لەگەڵ مام جەلال و کاک مەسعود دەکرد، ئێستا لە دەرەوە بە جەریدە چی پێ دەکرێت".

مەلا بەختیار: "من تەجروبەی جیابوونەوەم ھەیە، نیوەی زیاتری یەکێتی پشتیوانیان دەکردم، کە ڕوویدا چەند کەسێکم لەگەڵ مایەوە، دڵنیابن بۆ کاک نەوشیروانیش ئەوە راستە".

کاک نەوشیروانیش کە دڵگرانی شکستی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یەکێتی  بوو، وتی: "ئەمجارە مام جەلال لە کۆیە دەخەم". دواتریش شەوی فەرزکردنی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ٢٥-٧-٢٠٠٩، ھەواڵم پرسی وتیان کاک نەوشیروان گوێ بەو دەنگە زۆرەی سلێمانی نادات، تەنیا لە خەمی ئەنجامی دەگەکانی (کۆیەدا) یە.

کاک نەوشیروان لە نزیکەوە لە نوسین و چالاکییەکانی من و زۆرێک لە ھاوڕێکانمانی ئاگاداربوو، بەراستەوخۆ و بە ناراستەوخۆ لەپێدانی رێنمایی بۆمان بەردەوام بوو، ئەوانەی لەناو یەکێتی مابووینەوە ھەر سەرگەرمی بیری گەڕانەوەی ئەو بووین، رێکەوتنی دەباشان دڵخۆشی کردین، تەوژمی دژایەتیکردنی ئەو رێککەوتنە تادەھات لەناو یەکێتیدا توندتر و زیاتر دەبوو، خۆی ھەواڵەکانی دەبیست، تەنیاجارێک داوایەکی لەمن کردبێت ئەوەبوو کە رای ھەریەک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەسەرخۆی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بنوسم، کە دیار بوو بۆ بەرچاوڕونی رێککەوتنەکە پێویستی پێی بوو، دەنا ئەوەی لە نزیکەوە ئەوی ناسیبێت دەزانێت زۆر رقی لە دیاردەی (ھەواڵدزی و بێمتمانەیی) بوو، بەتایبەت لەناو حزبە کوردستانییەکاندا. کەزانیبوی من لەناو یەکێتیدا تەواو بێزاربوم لەرێگەی تەلەفۆنێکی مامۆستا جەمالەوە داوایکرد سەردانی بکەم.

دوای ھەواڵپرسین و ئەو لوتفە بێوێنەیەی کە لەماڵی خۆیدا لە میوانەکانی دەگرت.

-بێتاقەتی، لە تەلەفزیۆنیشدا بەرووتەوە دیارە، ھەرکات پێتباشبوو خۆم و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەخزمەتدایە، من تۆ بە یەکێک لە سەرکردەکانی گۆڕان دەزانم، ھەر داوایەکیشت ھەبێت بۆت جێبەجێ دەکەین.

-سوپاسی بەڕێزت دەکەم، ئێمەش ھەمیشە تۆ بە سەرکردەی خۆمان و بیری گۆڕانکاری دەزانین، من ھیچ کات داوام نەبووە و نیمە، جگە لەو ئەرکەی پێم دەسپێردرێت.

دانیشتنەکە نیوسەعاتی خایاند، مامۆستا جەمال بێ ئەوەی یەک قسە بکات لەنێوانمان دانیشتبوو.

نزیکەی دوو مانگ دوای ئەو دانیشتنە و مامۆستا جەمال (کە بەھۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی) یەکتریمان دەبینی پێی وتم:

-رەزاق کاک نەوشیروان دەیەوێت بتبینێت و پێویستی بەوەیە لەگەڵیدا بیت.

-من کاک نەوشیروان ھەر بە مەسئولی خۆم دەزانم، ئێستاش وەک جاران فەرمانی قورسترین ئەرکی پێشمەرگانەم پێبدات، جێبەجێی دەکەم. بەڵام ئێوە سەدان کادری باش و بەتواناتان لەگەڵدایە، من دەتوانم چی زیاتر لەوان بۆ کاک نەوشیروان بکەم.

-رەزاق پێمان وتووە کێت لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەوێت پێمان بڵێ، بە تەکلیف و ھاوڕیەتیش بێت دەیھێنین، ھەمووی رەتکردووەتەوە و دەڵێت تەنھا پێویستم بەوە.

-مۆڵەتم بدەرێ بیری لێ بکەمەوە.

بۆیەکەمجار لە ژیانمدا، سەرگەرمی پرۆژەیەکی بازرگانی بووم (لەگەڵ کۆمپانیای نۆکان)، کاک دلێری سەید مەجید پشتیوانی دەکردم و زانای بەڕێوەبەری پرۆژەکانی نۆکانی بەرەوڕووکردبوومەوە، سەرمایەکەی دەیان ملیۆن دۆلاربوو. بۆیە رۆژی دواتر گشت ئەوراقەکانی پرۆژەکەم بۆ مامۆستا جەمال کۆپی کرد و پێشم وت:

-ئەگەر تەنیا بەرژەوەندی خۆم بوایە بەجێم دەھێشت، بەڵام ژیانی خزم و خێزانەکەمانی پێوە بەستراوە، خۆشم نامەوێ راستەوخۆ بە کاک نەوشیروان بڵێم، ئەم فایلەی بۆ بەرە بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە تەنھا ھۆکارەکەی ئەم مەسەلەیەیە.

بیرکردنەوە لە ژورێکی تەنیا و تەنیایی ئەو شەوەی من کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر ژیان و کاری سیاسیم  وروژاندبوو، ئۆقرەم لێھەڵگیرابوو. تەلەفۆنم بۆ د.دانای حاجیتانی کرد و گەیشتە لام. حاڵ و مەسەلەی خۆمم بۆ باسکرد.

-دکتۆر رای تۆم لامەبەستە، من ناتوانم بڕیاربدەم.

بۆ بەیانیش ھەمان پرسم لەگەڵ ئازاد چالاک باسکرد (ئەو دووانە ھاوڕێی نزیکی خەبات و پێشمەرگایەتی کاک نەوشیروان بون.)

بۆ بەیانی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا جەمال کرد.

-مامۆستا ئامان ئەو فایلەت دا بە کاک نەوشیروان.

-نەخێر ھێشتا نەمدیوە و باسمان نەکردووە.

-تکایە ئەم مەسەلە دابخە و بەھیچ جۆرێک باسی مەکە، بڕیارمدا ئەو پیاوە ھەرچی ئەرکێکم پێ بسپێرێت جێبەجێی دەکەم.

چەند رۆژێک فەرمانەکەی کاک نەوشیروانم وەک خۆی جێبەجێ کرد، دواتر زانیم مامۆستا جەمال فایلەکەی دابووە کاک نەوشیروان و حیکایەتەکەی بۆ گێڕابووەوە.

لەسەر داوای خۆی و بۆئەوەی لە ئیش وکارەکانی بزانم، دەچوومە کۆبوونەوەی بەیانیان، کە عادەتەن لە کۆمەڵیک بەرپرسی بزوتنەوەکە رێکیدەخست، پێشی وتم؛ ئەم ھەفتە گوێ بگرە دواتر رای خۆتم پێ بڵێ. دوای ماوەیەک:

-کاک نەوشیروان بەراستی جۆرێک لە بەزەیم پێتادێتەوە.

-بۆ؟

-تۆ ئەو ھەموو ساڵە لەگەڵ خوێنەواری سیاسی و ئیعلامی موخەزرەم بەسەربرد، ھەست دەکەم حەلقەی یەکەمی تۆ زۆر لاوازن.

-من حەلقەی یەکەم و دوەمم نییە! مەبەستت چییە؟

-پێموابوو ئەم کەسانەی دێنە لات، رۆژانە زانیار و شیکردنەوەی و رێنمایی بە تۆ دەدەن، کە عادەتەن سەرکردەکان وا دەکەن، بەڵام چەند رۆژێکە تۆ وەک مامۆستا دەبینم ھەرکەس یەت زانیاری نادروست دەبەخشێت و تۆ بۆی راست دەکەیتەوە، بۆ نمونە یاساییەکەت کە کاری خۆیەتی و کاری تۆ نییە زۆر دەقی یاسایی و ھەڵەی بۆ راست دەکەیتەوە.

-ئەوە کێشەی گەورەی منە لەگەڵ ھاوڕێکانمدا.

-باشە کەواتە کاری منیش ئەوە دەبێت ئەو کێشەیەت بۆ چارەسەر بکەم.

لەماوەیەکی کورتدا پرۆژەی دروستکردنی دامەزراوەیەکم بۆ زانیاری و شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوەی ھەموو ئەو باس وخواسانەی رۆژانە سەرقاڵی دەکەن، بۆ نوسییەوە. بەیانییەکیان پرۆژەکەم دایەدەست و لەگەڵ خوێندنەوەی دێڕەکانی یەکەمدا، ئیسماعیل (سکرتێرە تایبەتییەکەی خۆی) بانگکرد و وتی؛ با کەس نەیەتە ژورەوە، ئەو کە شەوان یان بەیانییان زوو سەرگەرمی خوێندنەوەی ئەو جۆرە نوسراوانە بوو، چاوی ھەڵنەبڕی تا بەوردی تەواوی کرد.

-رەزاق ئێمە کادرمان ھەیە بۆ جێبەجی کردنی ئەم پرۆژەیە.

-بەڵێ ھەمانە.

-وەکو کێ؟

-ئەوانەش ھیچیان لەم گردە نین، بەڵام گۆڕانخوازن و تۆیان زۆرخۆش دەوێت.

-بەیانی ناوەکانیانم لەگەڵ سی ڤییەکانیاندا بۆ بھێنە.

-پێمسەیرە تۆ لە ھەموو ژیانت سیاسەتکردن و بڕیارەکانت لەسەر ھەواڵ و زانیاری و لێکۆڵینەوە داڕشتووە کارێکی لەمجۆرەت لە گۆڕاندا نەکردووە.

-زۆرھەوڵمدا زۆریانم راسپارد، ترسنۆک بوون و ھەریەک بەبیانویەک خۆیانیان لێدورخستەوە.
ھەر ئەو رۆژە پەیوەندیم بە چەند ھاوڕێیەکی پسپۆڕەوە کرد و ئامادەییان دەربڕی سی ڤییەکانیان بۆ ناردم. رۆژی دواتر سەرقاڵی خوێنەوەی ژیانی سیاسی و سی ڤییەکانی ئەو ناوانە بوو، کە بە فایلێک دابوومە دەستی.

-رەزاق ھەرگیز بڕوام نەبووە ئێمە کادری وامان ھەبێت.

-بەڵێ ھەموویان لەسەر پشتیوانی تۆ یان وازیانھێناوە یان لابراون.

-من رازیم پشتیوانیت دەکەم، بەڵام دوو مەرجم ھەیە، یەکەمیان لە دەرەوەی گردەوەکە بێت، دوەمیان (.........).
دوای رازیبونی من بە مەرجەکانی وتی: 

-سبەی ئێوارە لە ماڵەکەی خۆم بانگیان بکە و یەکەم کۆبوونەوە بکەین.

لەو رۆژەوە ئیتر خۆم و چەند ھاوڕێیەک کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی کاک نەوشیروانمان لەئەستۆ گرت، دواتر و کە ئەرکی بەرپرسیارییەتی میدیایی پێسپاردم کەسێکی تری لە شوێنەکەم دانا.، پێشی وتم؛ لەو برادەرانە دامەبڕێ، ھاوکاریان بە، مەلەفەکانی ئێران و ئەوانەشی کە تایبەتن بەخۆت، با ھەر لای خۆت بمێنێتەوە. چەند مانگێکی کەم و دوای مەرگی کاکە بە نامەیەکی رەسمی دەستبەرداری ھەموو ئەو کارە تایبەتانە بووم.

ماویەتی...