سەردێڕ:

حەمایل خانمان ئەوێ

6/1/2020 7:59:26 PM
22907 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

بارزانییەکان وەک ھێزێکی فیوداڵی فەرمانڕەوا، لە داخراوترین پێکھاتەی کۆمەڵی کوردەوارین. بۆ سەدەیەکیش ئەبێ دەور و کاریگەرییان لەسەر کۆی ڕوداوەکانی عێراق و کوردستان بەھێز و جێگیرە، پابەندی بە تەریقەت و خوڵک و سلوکی شێخایەتی، شانازییەکە بۆیان و لای خۆیان، بەڵام ھەرگیز بانگەشەی بۆ ناکەن، ئەوان حیزبیان ھەیە، دیموکراتی بەیان دەکەن و دروشمەکانیان نوێبونەوە و پێکەوە ژیان و دادی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ چەند حیزبێکیتری ( شیوعی، سۆشیال دیموکرات، لیبڕاڵ، ئیسلامی و دیموکرات )، چارەکە سەدەیەکە ھاوپەیمان و حوکمڕانن . لە ڕاستیشدا، بڕیاری سیاسی، جڵەوی کاروباری فەرمانڕەوایی لە حیزب و حکومەتیشدا، لە جوغزێکی بچوکی سەری بنەماڵەکەدایە، ئەوەی دیارە لە باوک و کوڕ تێناپەڕێ .

بە ئەحکامی ئەو ترادیسیۆنەی خێڵ و شێخایەتی، لە ناو بارزانییەکاندا، ژن بونەوەرێکی نادیارە، لە ئەدەبیاتی پارتی و ماڵباتی بارزانیشدا، بە یەک دێڕ، بە یەک وێنە، ژنێکی بارزانی ناوی نەھاتوە و نیشان نەدراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە نیە و نەیانبووە، مێژوی خەبات و قوربانییەکانیان، لە یاخیبون و بەرگری کۆماری مەھابادەوە تا جینۆسایدی سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردو، پشکی شێر بەر ژنەکانیان کەوتوە، گەر پیاوەکان فریای ھەڵاتن و خۆشاردنەوە کەوتبن، ژنەکانیان بە حوکمی مناڵەکانی کۆڵیان بەرەو ڕوی مەرگ چون.

حەمایل خانی کچی مەحمود ئاغای زێباری و ژنی مەلا مستەفا و دایکی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی، لە ژنە لێھاتوەکانی ناو مێژوی روداوە گەرمەکانی نیوسەدە خەباتی کوردستان بووە، ھەیبەت و قسە و قورسایی ئەو لە ڕاگرتنی تەونی پەیوەندیە خێزانیەکانیاندا لە لایەک و پەیوەندیەکانی بارزانی مێرد و بارزانی کوڕ لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە کوردستانییەکان، لە لایەکیتر، جێگەیەکی گرنگ و دیاری لەو مێژوەدا، جێھێشتوە، کە ھەرگیز پارتی و بارزانییەکان باسی ناکەن .

ساڵی نەوەد و پێنج و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، مەسعود بارزانی سوێندی خوارد جارێکیتر دەست نەخاتە ناو دەستی مام جەلالەوە، ئەم قسەیەشی لە کۆبونەوەیەکدا، لای ژمارەیەک لە کادر و سەرکردایەتی حیزبەکەی کرد، حیزبیش وەک پیشەیان بانگەشەی بۆ بەڵێنی سەرۆک دەکرد و بە ڕوی خەڵکدا پەخشیکرد. دوای چوار ساڵ و بارزانی تا ئیستاشی لەسەر بێت نھێنی شکاندنی بەڵێنەکەی باسنەکرد، عەوامیش پێیان وابوو لە سیاسەتدا درۆی سەرۆک و سیاسییەکان، شکاندنی بەڵێنەکانیان، وەک پیشەکەیان کاری ڕۆژانەیە و ئاسایی تێئەپەڕێ، بێئاگا لەوەی لای بارزانییەکان شکاندنی بەڵێن، بەڵێنی خودان و تەنانەت میلەتیش، ھێڵی سورە، مەسعود بارزانیش ھەم وەک کەسایەتی خۆی ھەم وەک پابەندی ترادسیۆنی خێڵ، لەسەر نەشکاندنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە ئیرادەی خۆیەوە سورترە. 

مام جەلال جگە لەوەی حەمائیل خانی دەناسی و پیاوەتی و جوامێری ساڵانی ئاوارەیی مەلا مستەفای بەسەرییەوە ھەبوو، دەشیزانی تەنیا کەسێک بتوانێ دەرگای ئاشتبونەوە بکاتەوە و ئەو بەڵێنە بە مەسعود بارزانی بشکێنێ دایکە پیرەکەیەتی .

لە بەیانییەکدا، بێ پرس و ڕای ھاوڕێکانی لە م س و بێ ئاگاداری کوڕ و کوڕەزاکانی حەمائیل خان، خۆی دەگەیەنێتە ماڵەکەی لە پیرمام و ئەوەی بەدوایدا ڕوئەدا، شکاندنی بەڵێنەکەی کوڕەکەیەتی و سەرەتای ئاشتبونەوەی پارتی و یەکێتی و ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆیە. قسەیەکی خاوەن ماڵیش لەو مەجلیسەدا، کە مام جەلال بۆ گەورەیی و لێزانی ئەو ژنە زۆرجار دەیگێڕایەوە وتبوی (جەلال تۆ و مەسعود ھەردوکتان وەک کوڕی مەلا مستەفا سەیر دەکەم گەر ڕێکنەکەون کورد ئەفەوتێ.)

ئێستای ئەو دو ھێزە، وێڕای ئەو ماڵوێرانی و پاشاگەردانییەی بەسەر ئەم ھەرێمەدا، ھێناویانە، دیسانەوە لە شەڕی ناوخۆدان، جگە لە چەک، ھەموو شێوازەکانیتری شەڕ لە ھەرێمەکەدایە، من ناچمە سەر ھۆکار و ڕێگە چارەسەر ( ئەوە پڕۆژەیەکە باسمان کردوە و لە کارکردن بۆی ناوەستین )، بەڵام ئەرکی سەر شانی ماڵباتی بارزانییە ئەو شەڕەی ئێستا ڕابگرن، ئەنجامەکانی کۆنگرەی ( ی ن ک )، دیفاکتۆیە. لاھوری شێخ جەنگی شانزەی ئۆکتۆبەری کردبێ یان نا، کردارەکانی کۆپییەکی تەڵخی دەسەڵاتدارێتی خۆیانە، ئەو بە ناو ھاوسەرۆکە و لە راستیدا، تا کۆنگرەی داھاتوو سەرۆکی ڕاستەقینەی یەکێتییە، ھەمو ھەوڵێک بۆ تەسفیە و لەکارلابردنی، بەو شەڕەی پارتی پێی دەگێڕێ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کوڕەکانی مام یان دۆستەکانیتری خۆیەوە، ئەوەندەی تر ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سیاسی و ئیداری و ئابوری ھەرێمی سلێمانی تێکئەدا، بڕواش ناکەم سودێکی بۆ خەڵکی ھەولێر و دھۆک ھەبێ، جگە لەو ئیرادە خێڵەکیەی ماوەیەکە ئەو شەڕە ئەگێڕێ ، پارتیەکانیش سودی لێنابینن .

خەڵکی کوردستان و دەڤەرە جیاجیاکانی، بۆ ئەوەی بیر لە ڕێگەچارەی دەربازبوون لە قەیرانگەلی دروستکراوی پارتی و یەکێتی بکەنەوە، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و ئەو خاکەی سەدەیەکە شەڕی بۆ دەکەن و نیوەی بەھۆی ئەوانەوە چارەنوس نادیارە، پێویستی بە ڕاگرتنی ئەو شەڕەیە، ڕاگرتنی حەملەی ڕاگەیەندنەکانی پارتی و ئۆرگانەکانی پەیوەست بە بارزانی کوڕ و باوکەوە کە بۆ شکاندنی سەرۆکی حیزبەکەی نەیار کەوتۆتە گەڕ، ڕاگرتنی ئەو سزایانەی ژێر بە ژێر بۆ فشاری ئیداری و ئابوری لەلایەن حکومەتەوە بە زیانی سلێمانی دەگیرێتەبەر، ڕاگرتنی ھەوڵەکانی پارتی بۆ تەفرەقەی ناوخۆی یەکێتی و ناوخۆی حیزبەکانیتر لە دەڤەری سلێمانی لە ڕێگەی دۆستەکانی خۆیەوە، ڕاگرتنی ... ھتد.

ھەمو ئەو ڕاگرتنانە پێویستی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسعود بارزانییە، بەردەوامیشی ئاماژەیە بۆ بەڵێن یان سوێندێکی خۆی کە تەعامول لەگەڵ لاھوری شێخ جەنگی نەکات. کەواتە ئەم قۆناغە پێویستی بە دیدارێکی ئەو دوانەیە، بۆ ئەوەی ئەوەش ڕوبدات، کەسێکمان ئەوێ کاک مەسعود لە قسەی دەرنەچێ و پەشیمانبونەوەشی لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی نەکەوێ ، دروست لە ھەمو کات زیاتر حەمائیل خانێکمان ئەوێ .