سەردێڕ:

ئیتر قسە ئەکەم (١١)

5/16/2020 9:11:07 PM
21403 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

نەوشیروان مستەفا وەھم یان ھەقیقەت
لە شەڕە دەنوک دەرچو بو بە شەری برا کوژی
لافاوی خوێن ھەستاوە کەس نیە بۆ ناوبژی
فەیلەسوفی نەخشەکێش ھەروەکو گۆڵە بارگیر
وەکو ئاگری بنکا لە خەڵک ئەسوێ شیر و تیر
ئەڵێ مادام من نابم بە سەرۆک و بە گەورە 
با دنیا بسوتێ و با تیکبچێ ئەم دەورە
دەرکەوت ھەموی بۆچی بو، ئەم ھەمو پێچ و دەورە
لێدەن لە حەوشی گەورە یاپراخە و دوگی چەورە 
ئاخ ئێستا ! بێکەس بە سەر بژیایە
لە جێی بیست و حەوت ساڵە ئاخۆ چی بوتایە
یاخود پیرەمێرد! سەرێ لە گۆڕ دەربێنێ 
ئەوەی کە ناکەس بەچە لەم خاکەدا ئەیچێنێ
چۆنی بەراورد ئەکرد لەگەڵ جاری جارانا
لەگەڵ ھەمان وەڤدەکەی جارانی کوردستانا

ئەم شیعرە لە ساڵی (٦۹) و لە سەروەختی برەوی گۆڤاری ( رزگاری ) دا، "محەمەد رەسوڵ ھاوار" لە رۆژنامەی برایی و بە تەنھا تایتڵی پیتی ( ھێ ) بۆ نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێکانی نوسیوە و بڵاویکردۆتەوە .

سێ شت پێویستی بە رونکردنەوەیە:  

یەکەم ـ گۆڤاری ڕزگاری لە حەوشی گەورەی شاری سلێمانی بە نھێنی دەردەچو دژی حوکمی بنەماڵەیی بارزانی و تەوریسی سیاسی، ئاراستەبو.
دوەم ـ کاک نەوشیروان خاوەنی ئیمتیاز و لە راستیشدا، زیاتر لە نیوەی ناوەرۆکی ھەمو ژمارەکانی گۆڤارەکەی ئەنوسی، لەبەر پابەندبونی بە یاسا بەرکارەکانی ئەوسای عێراقەوە (دەبوایە سەرنوسەر ھەڵگری بروانامەی حقوق بێت) ، شازاد سائیب وەک سەرنوسەر ناوی خرابوە سەر گۆڤارەکە .

سێیەم ـ نیوەدێڕی ( لێدەن لە حەوشی گەورە یاپراخ و دوگی چەورە ) لە سلێمانی و دەوروبەری دوای ئەم شیعرە بو بە میسال و پەند، تا ئێستاش خەڵکانێک بۆ کارێک  پارەی موفتی تیا بێت، بەکاری ئەھێنن.

ساڵان  ڕۆیشت و کاک نەوشیروان بو بە سەرکردەی بێ ڕکابەری بزوتنەوەی کوردایەتی و لەسەردەستی ئەو،چەند گۆرانکارییەکی گەورە لە کۆمەڵی کوردەواریدا ڕویدا (سەرھەلدانەوەی شۆرشی نوێ،  راپەرینی بەھاری (۹۱ )، پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، نوسینەوەی دەستوری عێراق، ھەوڵەکانی بۆ چاکسازی و پێکھێنانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئۆپۆزسیۆنیکی کاراو، کۆڵەکەیەکی بە دامەزراوەیی و بە دیموکراسیکردنی حوکومرانی ھەرێمی کوردستان ). 

ھەمو ئەو تایبەتمەندیانەش کە لە کەسایەتی و ژیان و مێژویدا ھەبو وایکرد دوای مردنی ھی ئەوەبێت کورد وەک سەروەتێک و سومبولێکی نەتەوەیی لە ناوخۆ و دنیای دەرەوەدا، فەخر و شانازی پێوە بکات، ئێمە و مانانیش کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر فەرمانی ئەودا، ھاوسەنگەر و پێشمەرگە بوین ڕوسوری دنیا و قیامەت بین .

ماوەیەکە و پرسیاری جدی لەو ڕابردوە، بوە بە قسە و باس، دەڵێن ئایا ناکەس بەچەکان لە دوای خۆی، لەم خاکەدا چاندویانە !؟ یان ھەمو پێچ و دەورەکە بۆ دوگە چەورەکە بو!؟ وەک شاعیر پێش پەنجا ساڵ وتویەتی .

 وەڵامی ئەم پرسیارە وانەیەکی مێژوییە بۆ نەوەکانی داھاتو، کۆی روداوەکانی شۆڕشی نوێ بەسەرکەوتن و شکستەکانیەوە، بە غەدر و تاوانەکانیەوە، دەخاتەوە سەر کەڵکەڵەی بیر و ئەندێشەو بیرکردنەوە، رەنگە ھەندێ کەس کە تیایدا نەژیابێت، مردنی کاک نەوشیروان وەک  روداوی مردنی ھەر کەس و سەرکردەیەک وەربگرێت، بەڵام لە راستیدا، لە مێژوی کوردا، نەکەس لەو چوە و نە ھیچ سەرکردەیەک وەک ئەو و بزاڤەکەی دەور و کاریگەرییان لەسەر دەستکەوتەکانی کورد لە لایەک و نەھامەتی و ماڵوێرانی و کارەساتەکانی، لە لایەکیتر ھەبوە. 

ئاخر کە مام جەلال کوشتاری سەرەتای شۆرش و ھەندێ لە تێکۆشەرەکانی ناو شاری سلێمانی و کارەساتی ھەڵەبجە و ئەنفال ئەخاتە ئەستۆی کاک نەوشیروان، دیوێکی ھەقیقەتەکەیە بۆ مەبەستی خۆی بەکاریھێنا، دیوەکەی تری ئەوەیە کە رێبەرایەتی شۆڕشەکە، دەیان ھەزار گەنجی ئەم کوردستانەی بە شەوقەوە، بە سەروەت و سامانی خۆیان و خێزان و خوێنیانەوە خەڵاتی ئەو روداوانە کردوە، بە مانایەکیتر پێشکەشی پێگەی خۆیان و شۆڕشەکە کردوە. 

سیحر و نرخی ئەو بەخشینە، پێش مەسەلەی کورد و خەباتەکەی، ئەو متمانەیە بوە کە بە رێبەرەکەیان ھەیانبوە، چونکە ئاشکرایە کە ئەو لەشکری گەنجانە، وەک سەرباز خۆیان و خاو و خێزانیان، بە دار و بەردی نیشتیماندا ئەدران، لە ڕۆژێکدا، دەیان تەرمی لاوانی کۆمەڵە، بۆ شار دەھاتەوە، بە باش یان خراپ فەرمانی ئەوییان جێبەجێ دەکرد. 

ئەوەی کاک نەوشیروانیشی کردبو بە سەرکردەیان، کتێب و نوسین و خوێندەواریەکەی نەبو، بەڵکو متمانە بەو دەست و داوێن پاکی و دڵسۆزیە بو کە بۆکورد و کوردایەتی ھەیبو، زۆر جار ئەویش لەسەر پارەیەکی کەم، یا مومتەلەکاتێکی شۆڕش کە پێشمەرگە خراپ دەستی بۆ ببردایە، تەنانەت ئەگەر کەسێک بۆ ئایندەی مناڵەکانیشی بە ناچاری یان نەزانی مشوری تفەنگێ یا بڕێک پارەی بخواردایە، لەلایەن ئەوەوە توشی سزای کوشتن و گرتن یان ناچار بە تەسلیمبونەوە دەکرا ( ھاوڕێکانی شۆڕش دەیان نمونە و بەڵگەیان لەوبارەیەوە لەلایە ).

 لە زۆر قۆناغی شۆڕشیشدا، لە سەدان ڕێگەوە پارەی ڕێکخستنەکانی شار و ئەوەی خۆی ناوی نابو ( سێ سینەکە ) سواڵ و سەرانە و سەدەقەی بۆ دەھات و ھەر خۆیشی دەسەڵاتی خەرجی ھەبوە،  دەیان جار بە نوسین و گوتاری کۆبونەوەکانی ئاماژەی بەوە داوە کە ( شێرە ژن و پیاوەکانی بە پارە و پۆست تاقیکردۆتەوە )، تەنانەت ھۆکاری دڕدۆنگی و کێشەی نێوان خۆی و مام جەلالی لە سەرەتاوە دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە مام جەلال لە دوای ڕاپەڕینەوە گرنگی بە کۆکردنەوەی پارە داوە.

دوای مردن، کە وەرەسەی مادی و مەعنەوی ئەو، دەکەوێتە دەست کوڕەکانی و سەرکردایەتی ئەو بزوتنەوەیەی کە دوا وێستگەی ژیانی سیاسی خۆی بو، ئەوانیش بەئاشکرا لە کۆبونەوەی رەسمی جڤاتەکەیدا و لە زمانی ڕێکخەری گشتی نوێ وە، دەڵێن :  
"ھەرچی کراوە لە گواستنەوەی موڵکوماڵی گۆڕان بۆ سەر کوڕەکانی بە گردەکە و بینای حکومی چاودێری داراییشەوە خۆی پێش مردنی کردویەتی، ئێمە نە ئاگامان لێی بوە، نە پرسیاریشمان لێی کردوە ". 

ئەم قسەیە لە چوارچێوەی وتارێکیدا و لە کۆبونەوەی جڤاتدا، دوای بڵاوبونەوەی بەڵگەی گواستنەوەی خاوەندارێتی مومتەلەکاتەکانی گۆڕان بو بۆ سەر کوڕەکانی، سەید عومەر کردی. 

ھەر لەوێدا ھەردو مامۆستا ( جەمال و جەلال ) پشتیوانی قسەکانی سەیدەکەیانیان کرد و منیش بەتوندی بەرپەرچمدانەوە و وتم : 
_  مەسولیەتی مێژویی لەسەر شانی ئەم جڤاتەیە، ئەتوانن کاک نەوشیروان وەک رەمزی گەلی کورد لە مێژودا بناسێنێت یان وەک بازرگان و ئەندامی ژوری بازرگانی تەعریفی بکەن، ئەگەر ھەڵەیەکیش خۆی کردبێتی لە ئاویلکەدا (کە چەند مانگێ پێش مردنی جگە لە کورەکانی و بەرەزامەندی ئەوان نەبوایە کەس بۆی نەبو نە پەیوەندی نە سەردانی بکات ) ئەرکی ئەم جڤاتەیە ئەو ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە.
من ئەم قسەیەم کرد و بە فەرمانی سکرتێری جڤات لە کۆبونەوەکە کرامە دەرەوە.

 لێرە بەدواوە، ئیتر دەسەڵاتی مەعنەوی و مادی بزوتنەوەکە دەچێتە لای کوڕەکان و وەک گرێبەستێکی بازرگانی، کۆمپانیایەک لە کادر و ھاوڕێکانی پێکەوە ھاوار دەکەن ( ئەو موڵک و ماڵانە ھی خودی نەوشیروان مستەفا بوە و قانون داویەتی بە مناڵەکانی)، بێ ئاگا لەوەی میللەتێک نیو سەدە خوێن و فرمێسکی بۆ ڕشتوە و مافی خاوەندارێتی مادی و مەعنەوی یان بەسەریەوە ھەیە، ئەو کۆمپانیایە ئامادە نین بە قسەیەکیش بڵێن ( کاک نەوشیروان خاوەنی پارە و موڵک و ماڵ نەبوە و ئەوەی جێماوە ھی میللەت و ھی حیزبەکەیە ) ، یەعنی ئەوان خۆیان و خوێندەوار و مامۆستاکانی زانکۆیان نازانن ھیچ سەرکردەیەکی دنیا بە کوردەکانیشەوە زاتی ئەوەیان نەکردوە تاپۆی ئاپارتمانێکی حکومی بخەنە سەر نەوەکانیان. 

دوای سێ ساڵ و باشترین و جوانترین وەفا لە ساڵیادی کاک نەوشیرواندا، وەڵامی ئەم پرسیارەیە : ئایا  محەمەد ڕەسوڵ ھاوار ڕاستیکرد، پێش پەنجا ساڵ وتی ئەم ھەمو پێچ و دەورە بۆدوگە چەورەکەیە !؟ یان کوڕەکانی و ھاوڕێکانی خیانەتیان لێکرد !؟. 

وەڵامی سێیەم نیە، ھەرکام لەم دوو وەڵامە بێت، ئەمڕۆ یان سبەی خاوەن مافەکانی ئەو نیو سەدە خوێنە، بە ھەر ڕێگەیەک بێت لە سەنگی مەحەکی ئەیەن و ویژدان و دادگای مێژو، لەجیاتی ئێمەو ئەوانیش وەڵام ئەداتەوە .

‌بەپەلە