سەردێڕ:

کەوتنی حیزبەکان، ھەرێمی سلێمانی وەک چارەسەری رزگاربوون

5/11/2020 9:52:20 PM
10742 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

حیزب بە ھەموو پێناسە و مانا جیاجیاکانی، بە فرەتێز و فکر و ئاراستە چەپ و راستەکانیەوە، لە دنیای ئەمڕۆی حوکمڕانیدا، لە سەرتاسەری جیھاندا، لە پاشەکشەدایە، لەو وڵاتانەشدا کە حیزب و بنەماڵەی حاکم ھەن ھەم لەوانەی یاسا تیایاندا بەرقەرار نییە زیاتر لەوەش وەک گروپی بەرژەوەندیخواز و دژە بەرژەوەندی کۆمەڵگە پێشکەوتن و لە نیشتیمان دەردەکەون و خۆیان نمایشدەکەن.

لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، ئەم گروپ و گەلە حیزبانە، ناشرینترین جۆری کۆڕوکۆمەڵیان دروستکردوە و بە ئاشکرا نمایشی بەرژەوەندی تایەفە و دین و عەشیرەت و بنەماڵە دەکەن. حوکمدارێتیان بە زەبری چەک و چۆڵ و تاڵانی و دزی مومتەلەکاتی دەوڵەت بەدەستھێنا و قۆرخکرد (لە سەروەختی روخاندنی رژێمی پیشودا و نافرسەتی لە غیابی دادگا و یاسادا) و تا ئێستا وەک ئیرسی شۆڕشگیری پیادەی دەکەن. ھەر ئەم تاڵانیە بووە بە بنەمای جیگیربوون و ھێزی کۆکردنەوەی ئەو خەڵکانەی کە لە خۆیان دەچن و بەردەوامبوونیان، بە پێچەوانەشەوە دوورکەوتنەوەی ھەموو ئەوانەی کە بەو دزی و تاڵان و بڕۆیە رازی نین.

لە ژێر دەسەڵاتی ئەم تەرحە گروپانەدا ژیانی خەڵک و ئیدارە و پەرلەمان و تەنانەت ھەڵبژاردنیش ھیچ ئەرزش و بەھایەکی نیە ، دواجار بەرژەوەندیەکانیان یەکیان دەخات و بە جۆریکی تر دێنەوە مەیدان. پرسیاری ژنێکی شاری سلێمانی لە بەردەم مایکی کامێراکاندا ، مایەی ڕامان و بیرکردنەوەیە ، ئەو دەڵێ (نازانین چۆن رزگارمان بێت لەدەست ئەم حیزبانە؟)، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەرک و پێویستی ھەموو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە خەمخۆر و دڵسۆزی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەزانن لەم قۆناغەدا، بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیشە لەسەر کۆمەڵی کوردەواری.

نزیکەی سەدەیەکە و کورد لە عێراقدا بەدوای ژیانێکی ئاسودەوەیە، لەو پێناوەدا ، دەیان رێگەی خەبات و جوڵانەوەی سیاسی گرتوەتەبەر، ڕوبەڕوی شەڕی گەورە و جینۆساید و ماڵوێرانی گەورە بووەتەوە، لە ھەموویدا، لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەشدا، بێ پشتیوانی یاسا و دەستور بوین، وەک یاخی و گێرەشێوێن پێناسەمان کراوە، دوای روخان و نەمانی حوکمی بەعسی عێراقی دەرویەکی خێرمان لێکرایەوە، دەستورێکی تەوافوقی نوسرا و دەنگمان پێدا، ئەم تەرحە حیزبانەی کوردستان نەیانتوانی لای کەمی مافی بە شکۆوە ژیان و ئارامی بۆ کورد دەستەبەر بکەن، بە پێچەوانەوە، سەرەنجام خۆزگە بە ساڵانی ئاگر و ئاسنی رژێمە حوکمدارەکانی عێراقی پێشو دەخوازین، چونکە بە کەرامەتەوە شەڕمان دەکرد و دەسوتاین.

ئێستا چۆن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە و چیبکەین؟

دوور لە یاخیبونی یاسایی و دەستوری، رێگەیەکمان ھەیە (بۆ رزگاربونی ئەوەندەی ھەیە لەم قۆناغەدا، رزگاری بکەین)، لە سەرکەوتندا، بۆ ئایندەی کورد بناغەیەکی پتەو دائەنێین.

بە پشتبەستن بە ماددەی (۱۱۹)ی دەستوری عێراق، بە پابەندبون بە دەستور و یاسا بەرکارەکانی دەوڵەتەوە دەتوانین خەباتی میللەتەکەمان بخەینە سەر ڕێگەیەکی نوێ، بێ ترس و بێسڕینەوەی کەس، پێکەوە کار و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی سلێمانی بکەین، کە لە ھەرێمی کوردستاندا، مافی داواکاری بە کەرامەت ژیانمان نەبێت، با لە دەڤەرێکدا، بتوانین داوای مافی چارەنوسی خۆمان بکەین، بە سەرکەوتن و پێشکەشکردنی نمونەیەکی جوانی حوکمدارێتی، گەلی کوردستان، شارەکانی تری ھەرێم بە پەرۆشەوە ھەمان ڕێگە دەگرنەبەر، دەستورێک بۆ ھەرێمی سلێمانی، بەدەست و فکر و دەنگی خەڵکەکەی، دەکرێ سلێمانی بکات بە نوایەکی ئارام و بناغەیەکی پتەوی کۆشکی سەربەخۆیی، بۆ ئایندەی کوردستان، لەڕوی جیۆپۆلەتیک و ژێرخان و سەرخانی ئابوریشەوە ئەم شارە ھەموو مقەوەماتێکی ئەو ئامانج و ستراتیژەی تێدایە، وەک دەڵێن ڕێگە دوور بێت یا نزیک بە ھەنگاوێک دەستپێدەکات.