سەردێڕ:

یەکێتی سەرکردە و شۆڕش دروست دەکات؛ یان بازرگان و کۆمپانیا؟

12/11/2019 8:10:56 AM
6877 جار خوێندراوەتەوە
شەهاب کەریم
+ -

زۆرێک لە بینینی خەڵک بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی دەڵێن یەکێتی بووە بە کۆمپانیا، گەر بێ شەرم و سڵەمینەوە سەرنجێکی کورتی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەین؛ تێدەگەین لەوەی ئەم یەکێتییە قارەمان و جەستە زامدارە، ئەم ڕوباری خوێنە ئەم ھەموو خانووە قوڕانە، ئەم ھەموو زیندانی سیاسی و قوربانیدانەی ھەڵەبجە و ئەنفال و ھەزاران پێشمەرگەی کەمئەندام و تێکۆشەری دێرین و ھەژاران بەدەست دوو بەشی لەیەک نەچووی دژ بەیەک بەڕێوەدەبرێت.

بەشێک بەبێ ترس و خەم خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردنە بە ھەموو سەروەرییەکان و خەباتی شەھیدان و یەکێتییەوە بێ شەرم دەست بۆ ھەموو پیرۆزییەکان (مقەدەسات)ی یەکێتی و ئازارەکانی دەبات. بەشەکەی تری بە دڵ لەگەڵ ھزر و زانست و خزمەتدا تێدەکۆشێ بۆ سەرخستنی زیاتری سەری بەرزی یەکێتی و بۆ بەرزترین پلەی سەرکەوتن.

بەشی یەکەم سێ جۆرن:
جۆری یەکەم: ھێزی دەرەکییان بە قۆناغ کردووەتە سەرچاوەی دەسەڵات و ھێزی خۆسەپاندن و بوونەتە جێی گرژی و ئاڵۆزی، تەواوی جەستەی یەکێتییان تەنیوە و لەسەرەوە وەک زەرورەتی سەپاو ھاتونەتە خوارەوە و لە جومگەکانی دەسەڵاتدا خۆیان گیرکردووە و سودیان لە نائارامی گشتی و ژینگەی ململانێکانی ناوەوە وەرگرتووە بۆ مانەوە و سەرچاوەی دارایی دەرەکیان بۆ چاوبەستن لەگەڵ بازرگانیی ناوخۆ جۆین کردووە.
جۆری دووەم: ھێزی ناوەکییە کە بەسەر ناوچە و خێڵ و دین و پاداشتدا دابەشبوون گەرچی ئەم نموونانە ئاسانتر ئەدۆزرێنەوە، بەڵام چارەسەریان قورستر و ئاڵۆزترە وەک لایەنی کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی کوردستان بەتایبەتی دوای بینینی نمونەی بەرامبەر لە نەیار و درووستکردنی بەرژەوەندی، ھەندێکیان ھەمان سیستمی جاشایەتی زۆرەملێیان گواستەوە بۆ ناو شۆڕش و حیزب، تێگەیشتن بە بوونی ھێز دەتوانن دەوڵەمەند ببن و دەسەڵاتیش بپارێزن و بمێننەوە. ئەمانە لە ڕاووڕووتەوە بۆ ئاودیوکردنی شۆفڵ و داگیرکردنی ھەزاران دۆنم زەوی، خۆیان کردە خاوەن بیرە نەوت، کۆمپانیای زەبەلاح و بەرژەوەندییەکانیان بردە دەرەوەی ھەرێم و عێراق!
جۆری سێیەم: تێکەڵەیەک لە ھەردوو جۆری سەرەوە بەڕاگرتنی باڵانسی موونەرمی لە پەستانی دەرەکی و شەڕی ناوەکی و باڵباڵێن بۆ خۆ چەقاندن. بەکورتی و  کورد وتەنی، بەبێ ڕەتوش ئەمانە یەکێتییان لە پرۆژە و پەیڕەو و ستراتیجەوە بردووە بۆ دەستکەوت و ھەڵپەی خواستی کەسی و یەکێتییان خستووەتە خزمەت خۆیانەوە، پێشیانوایە ئیتر کۆتایی دنیا بەستراوە بە کۆتایی ئەوانەوە و دەستبەرداری ھیچ نابن و واتێگەیشتوون کەخوێنی شەھیدانی یەکێتی لە چاویان ئەچۆڕێ و دەبێ ئەوان شەڕی ڕاستەقینەی بۆ بکەن دەنا بە دورکەوتنەوە و مردنی ئەمان یەکێتیش بێ سێ و دوو وەفات ئەکات.

بەشی دووھەمیش سێ جۆرن:
جۆری یەکەم: عەقڵی سیاسی و ھزر و ڕوحی یەکێتین، خاوەن پرۆژە و ئامانجن بۆ گەل، بەری ڕەنج و خەباتی چەند ساڵەی خەباتی نھێنی و زیندان و شار و شاخی تێکۆشەرانن، ھەڵگری زۆرترین ئازارن بۆ خەڵک و خەمڕەوێنی ڕاستەقینەی بنەماڵەی شەھیدان و تێکۆشەرانن، سەربەرز و ڕووسورن، پڕن لە تێگەیشتن و دنیابینین، ڕێ ڕۆشنکەری بەردەوامی خەباتی نوێن، ئەمانە ڕاوێژکاری ڕاستەقینەن بۆ گەڕانەوەی شاڕێی ڕزگاری میللەتێک کە یەکێتی تیا لەدایکبوو؛ بۆ ئەم نمونەیەش خەڵکانی وەک فەرید ئەسەرسەرد و نمونەکانیان بیر دەهێنێتەوە. لە پێناو دورستکردنەوەی لۆژیکی عەقڵ و نوێبونەوەیەکی پێشکەوتووتر.
جۆری دووەم: گەنجە خوێنگەرم و خاوێنەکانی دەستیان لەھیچ خراپە و بازرگانی و ملدانەوە نەگلاوە و وەک ھێزی ھەستانەوە، سنگیان کردووەتە قەڵغانی بەرگری و مانەوە لە تێکۆشانی تێکۆشەرانی یەکێتی و ئامانجەکەی کە ڕزگارکردنی کوردستان و بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەد بەکارھێنانی حیزبە بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەمانە جێی ئومێدێکی زۆرن و ئومێد دەکرێ ئایندەی یەکێتی پێشبخەن و لە پاشکۆ و پڕۆ حیزبەکانی ھەرێم دەرمان بێنن.
جۆری سێیەم: ھەموو ئەو کادرە خەمخۆر و دڵسۆزانەن کە شەویان خستۆتە سەر ڕۆژ و کار بۆ دروستکردنەوە و پشتیوانی ئەو دوو جۆرەی سەرەوە خستۆتە گەڕ، ئومێدی ئایندە و سەرکردەی دواڕۆژی گەلەکەمانن و دەیانەوێت سیستمی سیاسی بگۆڕن بۆ سیستمێکی مۆدێرن و سەرکەوتوو. لێرەوە بەرپرسیارێتی گرنگ دەکەوێتە بەر ئەندامانی کۆنگرە و دەبێت ویژدان و مێژوویان پاک ڕابگرن و دەنگ بدەن بەوانەی دەیانەوێت دەنگیان دلێر و سەریان بوێر بێت.