سەردێڕ:

سەرھەڵدانی بیرۆکەی ئایین لە دیدی سەلامە موساوە

9/30/2020 3:04:49 PM
7786 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

میسر لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، بووبوە مەڵبەندێکی گەورەی رۆشنگەری عەرەبیی و ئیسلامیش، دیارە ئەمەش بەھۆی بوونی کۆمەڵێک بیرمەند و رووناکبیری گەورەوە بوو، کە رۆڵی سەرەکیان گێڕا لە بووژانەوە و پێشخستنی فکری پێشکەوتخوازی لە گێتی عەرەبی و ئیسلامیدا، یەکێکیش لەو رووناکبیرە گەورانە "سەلامە موسا" بوو.

سەلامە موسا لە ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٥٨ کۆچی دواییکردووە. ئەو رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی، جگە لەوەش رووناکبیر و نووسەرێکی مەزنیش بوو، بەتایبەتی لە بواری پێشخستن و بڵاوکردنەوەی فکری پێشکەوتخوازیی و سۆسیالیزمدا، قەڵەمێکی بەتوانا و پڕ بەرھەم بوو.

سەلامە موسا لە ژیانیدا کۆمەڵێک کتێبی لە بواری فکری چەپ و پێشکەوتنخوازیدا ھەبووە، یەکێکیش لەو کتێبانەی "سەرھەڵدانی بیرۆکەی خودا"یە، ئەم کتێبە لەلایەن کاک سەرھەنگ سەرکەوت کراوەتە کوردیی و لە لایەن ناوەندی رەھەندەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە لە بارەی چۆنێتی دروستبوونی ئایینەکان لە جیھاندا و کاریگەری ئەفسانەکان بەسەریانەوە، لە کۆتایشدا باسی چۆنێتی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوە گەشەسەندنی ئاینی مەسیحی دەکات لە جیھاندا.

ئایین
کرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە شرۆڤەکردن و لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ئایینەوە، نووسەر ھەوڵیداوە بەدوای رەگوڕیشە و ھۆکاری دروستبوونی ئایینەکان لە جیھاندا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پشتی بەسەرچاوە مێژووییەکان و کارە زانستییەکان بەتایبەتی لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیدا بەستووە.
نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا پێناسەیەکی تایبەت بۆ ئایین دەکات و دەڵێت:

ئایین بریتییە لە ھێزێکی لەڕادەبەری – میتافیزیکی – دەرەوەی یاساکانی سروشت، کە مرۆڤ ڕێزی گرتووە و پەرستوویەتی.. ل٢١

ئایینەکان و ئەفسانە
زۆرێک لە مێژوونوس و سۆسیۆلۆژی و نووسەرانی بواری میتۆلۆژی "ئایینزانی" لەو باوەڕەدان کە ئایینەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، لێ سەلامە مووسا دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە و خاوەنی تێزی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:
_وتراوە ئایینەکان لە ئەفسانەکانەوە سەریانھەڵداوە،بەڵام ئەمە ھەڵەیە، چونکە ئەفسانەکان تەنیا کۆمەڵە چیرۆکێکن، زیادەڕۆییان تێداکراوە و کۆمەڵێک گێڕانەوەن، لەبارەی ئەو کەسانەی کە مردوون و گیانیان پەرستراوە . ئەفسانە ھیچ ڕیشەیەکی لەناو ئاییندا نییە. ل ٢٢
ئەو بە پێچەوانەوە پێی وایە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئایین و پەرستنی گیانی مردووەکان
نووسەر پێی وایە سەرچاوەی ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە، لەوانەبێت مردووەکان کەسێکی ناودار یان دەستڕۆیشتوی ناو خێڵکان بوو بێت، لێرەشەوە بیری قوربانی و پاشانیش ئایین سەرچاوەی گرتووە.

لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
_سادەترین شێوەی ئایینەکانی ئێستا لای وەحشییەکانن، کە لە ھەندێک نەریت زیاتر نییە و مەبەستیان لێی رێزگرتنی کەسانی مردووە. ئەوان جیاوازی لە نێوان گیانی مردوو و خودایەکی دروستکەردا ناکەن. ھەندێک لە خێڵەکانی کۆمبامە لە ئەفریقا، لە شوێنێکدا گیانی مردوو دەپەرستن، کە خاوەن گیانەکە لە پێش مردنیدا تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەگەر مردووەکە کەسێکی گەورە بوو بێت، بیروباوەڕیان وابووە گیانەکە لە شاخێک یان لە پەڵە ھەورێکدا نیشتەجێ بووە، بە چەشنێک ئەگەر بەلایاندا رۆیشتبان، دەیانپەرست و داوای بارانیان لێ دەکردن. بە قوربانیکردن و نوێژکردن لەسەر گۆڕەکەی،گیانی کەسە مردووەکەیان لە خۆیان ڕازیکردووە، لێرەشەوە لە قووربانیکردن و نوێژکردن تێدەگەیت. ل ٢١
نووسەر دواتر دەڵێت:

_پەرستنی گیانی پێشینان پێش پەرستنی خوداوەندەکان بووە. ل٦٢

بتپەرستی
نووسەر پێیوایە کە فکرەی بتپەرستیش لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەریھەڵداوە. سێ بەڵگەش دەھێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە پەیدابوون، لەمبارەوە دەڵێت:

١ /ئەو پەرستگایانەی لە بنەڕەتدا گۆڕ بوون و شوێنی پێشکەشکردنی خواردن بوون.

٢/ ئەو بتانەی لە بنەڕەتدا، خودی مردووە مۆمیاکراوەکە بوون، کاتێک مۆمیاکردنی ھەموو جەستە قورس بووە، ھەناوی مرۆڤیان دەرھێناوە و بە کۆمەڵێک شتی بێگیان کە بۆگەن ناکەن، پڕیان کردوەتەوە بۆ ئەوەی شێوەی روخساریشی بپارێزن، وەکو مورو بەردیان لە شوێنی چاوی داناوە، دواتر کە زانیویانە بە تەواوی جەستە ناپارێزرێت، کەوتنە کێشانی وێنەی مردووەکە لەسەر قاپی تابووت، یان بتێکیان لەسەر شێوەی مردووەکە دادەتاشی. لەوەش ئاسانتر نییە، بتە تایبەتییەکە ببێت بە بتێکی گشتی.

٣/پیاوی ئایینی لە بنەڕەتدا خودی سەرخێڵ بوون، سەرخێڵیش کوڕی گیانی خوداوەند و کۆی خزمەتکارەکانیشن ئەوانە بوون، کە لای گۆڕەکەوە واتە پەرستگەگە قوربانیان پێشکەش بە گیانی دەکرد. ل٤٢

نوسەر لەرێگەی ئەم سێ بەڵگەیەوە، دەیەوێت بڵێت کە فکرەی ئایینەکان سەرچاوەیان لە فکرەی پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە.

زیندووبونەوەی رۆحەکان
نوسەر باسی لایەنێکی گرنگی تری فکرەی ئایین دەکات، ئەوەش پەیوەندی بە فکرەی زیندووبوونەوەی رۆح یان ژیانی ئەو دونیا دەکات، نوسەر لەمبارەیەوە پێی وایە:

-مرۆڤی سەرەتایی مردنی راستی و بوورانەوەی کاتیی لێک جیا نەکردووەتەوە، ئەگەر یەکێکیان لە ھۆش چووبایە، ھەناسەی بۆ نەدرایە، بە نووشتە و نزاکان، گیانیان رازی کردووە، کە کەسە بووراوەکە ھاتووەتەوە ھۆش خۆی، لەوەوە تێبینی ئەوەیان کردووە کە گیان و جەستە دوو شتی جیان. ل ٣٥

پاشان دەڵێت:
-مرۆڤی سەرەتایی وا گومانی بردووە، چۆن لە کاتی بوورانەوەدا مرۆڤ ھەناسەی دەبڕێت و پاشان لە کاتی ھۆشھاتنەوەشدا ھەناسەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش دوای مردنی ، گیان بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە، ل ٣٦

پاشان نوسەر باسی سووتاندنی مردووەکان دەکات، پێیوایە مرۆڤ لە ترسی زیندووبونەوەی مردووەکان جەستەی مردووەکانین سووتاندوە، لێرەشەوە ژیانی ئەو دونیا پەیدا بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

-نەریتی سووتاندنی مردووان، بووەتە مایەی باوەڕھێنان بە جیابوونەوەی جەستە لە گیان بە تەواوەتی، لە خەیاڵگەی مرۆڤدا ئەوەی کە ناوی لێنراوە دووەم ( دونیا) گیانە خەیاڵییەکە، دروست بوو، ل ٣٩

بەردپەرستن
پاشان نوسەر باسی قۆناغێکی تری مێژوویی ئایینەکان دەکات کە ئەویش چۆنێتی پەیدابوونی بەردپەرستنی بەردە پیرۆزەکانە.
نوسەر پێیوایە: سەرەتا مرۆڤ مردووەکانی پەرستووە، پاشان کاتێک مرۆڤ گەشەی زیاتر دەکات، فێری ناشتنی مردووەکان بووە، ئەمەش لە شارستانی بابلییەوە پەیدا بووە، مرۆڤ ترسی لە زیندووبونەوەی ئەو مرۆڤانە بووە کە پێشتر لێیان ترساوە، ھەربۆیە بەشێک لە جەستەی مردووەکەی بڕیوە یان بەردێکی گەورەیان خستووەتە سەر گۆڕەکەی بۆ ئەوەی نەتوانێت لە گۆڕەکە بێتە دەرەوە، لەمەشەوە بەرد خستنە سەر گۆڕی مردووەکان لای ئایینەکان پەیدا بووە.

سەلامە موسا دەڵێت:
– بتەکان لە مۆمیاکردنی کەسی مردوو، یان وێنەکێشانەوە پەیدا بوون، بە پیرۆز راگرتنی بەردەکانیش، دەشێت لە بەردی سەر گۆڕەکانەوە بێتە ئاراوە، ئەوەی خواردنی پێشکەش بە بەرد کردووە، وای زانیووە سروشتی جەستەی ھەیە و دەمی ھەیە، خواردنەکەی دەخوات.

پاشان دەڵێت:
لەلای یۆناییە کۆنەکان لەسەرەتای مێژوویانەوە کۆمەڵێک بەردی شێوێنراویان پەرستووە، لەناو عەرەبیشدا "مەنات و لاتیان" پەرستووە، ڤینیقییەکانیش بەردی "بەعل" یان پەرستووە، بەردی کەعبەش لە پێشوودا زۆر لای عەرەبەکان پیرۆز بووە، تەنانەت پێغەمبەری رابەری یەکتاپەرستیش ناچار بوو بەردی کەعبە بخاتە ناو ئاینەکەیەوە.ل٥٢

کشتوکاڵ و خوداپەرستی
خاڵێکی سەرنجراکێشی تر بەلای منەوە سەلامە موسا پێیوایە کە فکرەی کشتوکاڵکردن، سەرەتا فکرەیەکی ئایینی بووە، چونکە مرۆڤی سەرەتایی کاتێک خواردنی بردووەتە سەر گۆڕەکان بۆ نموونە گەنمی بردووە، پاش ماوەیەکی تر لەسەر گۆڕەکە گەنمەکە سەوز بووە، لێرەشەوە مرۆڤ فێری کشتوکاڵکردن بووە. ل٨٧/٨٨

وەحشیەکان کۆمەڵێک خواردنی وەک گۆشت و دانەوێڵە و بەربوومیان لەگەڵ مردوودا کە لە ژیانیدا خواردوویەتی، خستوەتە گۆڕەکەیەوە، ناشتنی مردووش پێویستی بەھەڵکەندنی گۆڕە، زەوییەکەیان ھەڵدریوە و دواتریش زەوییە ھەڵدراوەکە، بۆ چاندنی تۆوەکان ئامادە بوون، چەند رۆژێک بەسەر ئەو رۆژەی مردوووەکەیان تێدا ناشتووە تێپەڕیوە، پاشان بینیویانە تۆوە چێنراوەکان سەوز بووە، ئەمەش وا لێکرداوەتە، کە گیانی مردووەکە بەھۆی ئەوانەی کە پێشکەشیان کردووە، لێیان رازییە. ل ٨٨.٨٧.

مرۆڤ وەکو قوربانی
پاشان نوسەر باسی قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، کە لە زۆر شوێندا بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار مرۆڤەکان لەکاتی جەنگدا یان لە کاتی کشتوکاڵکردندا، وەکو قوربانی پێشکەش بە زەوی کراون، بۆئەوەی خێر و بەرەکەت بەسەر ئەو زەویەدا ببارێت، لە کاتی جەنگەکانیشدا مرۆڤێکیان کوشتووە، تاوەکو شانسی گەورەیان ھەبێت لەسەرکەوتن بەسەر دوژمنەکانیاندا.

پاشان نووسەر ھاتووە باس لە پیرۆز راگرتنی خوێن دەکات و چۆن دواتر خوێن وەکو شەراب وابووە، ھەربۆیە لای مەسیحییەکانیش شەراب پیرۆز بوو، کە لای ئەوان وەکو خوێنی مەسیحی دادەنێن.

کاریگەری ئەفسانەی یۆنانی کۆن بەسەر ئایینی مەسیحیەوە
نوسەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەکانی یۆنان دەکات بەسەر ئاینی مەسیحییەوە، لەمەشدا پشت بە چەند بەڵگەیەک دەبەستێت، کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان مەسیحی و ئەو ئەفسانەدا ھەیە.

دەرئەنجام
لە کۆتاییدا سەلامە موسا دەگاتە دوا خاڵ و دەڵێت: بە کورتی دەڵێم، لەو باوەڕەدام پەرستنی جەستەکان، ڕیشەی ھەموو پەرستنەکانی ئێستان، باوەڕیشم بەوەیە، گیانەکان ڕیشەی خوداوەنددەکانی ئێستان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دروستی دەرئەنجامەکانی سوور نیم، دەشێت لە داھاتوودا توێژینەوەی پێچەوانەی لێ بێتە ئاراوە، ل١٢٥

چەند سەرنجێک
دیارە راستە سەلامە موسا یەکێکە لە رووناکبیرە گەورەکانی رۆژھەڵاتی ناڤین و ئەم کتێبەشی یەکێکە لە کتێبە باشەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من چەند سەرنجێکم لا دروست بوو، پێمخۆشە لێرەدا بە کورتی باسیان لێوە بکەم.

١/ نووسەر لە سەرەتادا دەڵێت، ئایینەکان ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئەفسانەکانەوە نییە و ئایین شتێکە و ئەفسانەش شتێکی ترە، کەچی لە دواییدا دەڵێت، ئایینی مەسیحی لە ئەفسانەی یۆنانییەوە ھاتووە یان نزیکە .

٢/کاریگەری گەورەی کتێبەکەی "بنەچەی خێزان"ی فریدریک ئەنجلسی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فکرەی قوربانییەوە ھەیە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە تیشێکی باشی خستووەتە سەر مێژووی ئایینەکان و بەرچاو روونییەک دەداتە خوێنەری کوردی، لەبارەی ئەو نیقاشانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەناو فکر و فەلسفەی جیھاندا لەبارەی ئەم مەسەلە گرنگەوە کراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک سەرھەنگ سەرکەوت بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و ھیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
سەلامە موسا. سەرھەڵدانی بیرۆکەی خودا. وەرگێرانی سەرھەنگ سەرکەوت. چاپی یەکەم، ناوەندی رۆشنبیری رەھەند . سلێمانی . ٢٠١٩