سەردێڕ:

مستەفا کازمی: لە رۆژنامەنووسییەوە بۆ کۆشکی دەسەڵات

7/8/2020 3:19:59 PM
4662 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

لە ٧ ئایاری ئەمساڵ، ٢٦٦ ئەندام پەرلەمانی عێراق متمانەیان بە مستەفا کازمی بەخشی، بەمشێوەیەش کۆتایی بەو نائارامیی و ناجێگیرییە ھێنا، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە عیراقی گرتۆتە، بەڵام رێگای کۆشکی دەسەڵات لە بەغداد، بە گووڵ نەچێنراوە، چونکە لە ئێستادا عێراق خۆی لە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەدا دەبینێتەوە، لە پێش ھەموویانەوە بەزربوونەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی بە تایبەتی گەنجەکان، بڵاوبوونەوەی بێکاری، ھەژاری، خراپی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی کارەبا و ئاو، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لە ھەمووشی قوورستر، ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە لە ئێستادا رۆژ لە دوای رۆژ تەشەنەی زیاتر دەکات.  لە رووی دەرەکیشەوە جەنگی ئەمریکا و ئێران ھەتا دێت توندتر دەبێت، ئەم دوو دەوڵەتەش ھەژموونی گەورەیان بەسەر حوکمی بەغدادەوە ھەیە. لە باکووریشەوە تورکیا لەشکرکێشییەکی دڕندانەی دەستپێکردووە و بە ئەجیندایەکی ترسناکیشەوە، پەلاماری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات.  جگە لە کێشە زۆرەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا کازمی دەتوانێت ئەم ھەموو کێشانە چارەسەر بکات؟ بەڵام با سەرەتا بپرسین مستەفا کازمی کێیە؟!

نەیارێکی رژێمی بەعس

مستەفا کازمی ناوی راستی " مێگفی عبد اللگیف مشتت الغریباوی " لە ساڵی ١٩٦٧ لە بەغداد لەدایکبووە. بنەچەی بنەماڵەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری عێراق بۆ قەزای شەترە لە پارێزگای " زی قار یان ناسرییە". 

ئەو کۆلیژی یاسای لە بەغداد خوێندووە، بەڵام پاشان بەھۆی چالاکی سیاسییەوە کە ئەندامی "حزبی دەعوەی ئیسلامی" بووە. ناچار دەبێت ساڵی ١٩٨٥ لە رێگەی کوردستانەوە بچێتە دەرەوەی عێراق. سەرەتا دەچێتە ئەڵمانیا و پاشانیش دەچێتە بەریتانیا دەژی. لێرەش زیاتر خەریکی کاری سیاسی دەبێت و نازناوی " کازمی" بۆ خۆی دادەنێت. لە بەریتانیا خەریکی کاری رۆژنامەنووسی دەبێت و دەبێتە بەرپرسی بەشی عێراقی سایتی "مۆنیتۆری ئەمریکی". پاش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و دووبارە لەگەڵ حزبی دەعوە کار دەکات.

بنەماڵەیەکی سیاسی

کازمی لە بنەماڵەیەکی سیاسی بووە، عەبدوللـەتیفی باوکی چالاکوانێکی سیاسی بووە و نوێنەری حزبی "وگنی الدیمقراگی" کامیل جادرجی بووە لە قەزای شەترە. بەڵام ساڵی ١٩٦٣ قەزای شەترە بەجێدەھێڵێت و دێتە بەغداد لەوێ لە ھێڵی شەمەندەفەری بەغداد کار دەکات. 
عمادی برا گەورەی ساڵی ١٩٨١ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی ھاوڕێی "محەمەد باقر حەکیم" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بووە، سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و دواتریش بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.  لە پاش رووخانی رژێمی بەعس، دەبێتە راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەقامی "حەیفا"  لە بەغداد، تەقەی لێدەکرێت و ئیفلیج دەکرێت.

گەرچی سەباحی برا گەورەشی دکتۆرای لە ئەندازیاری ھەیە، راوێژکاری حەیدر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بووە. مستەفا کازمی کچی "مھدی العلاق" دەھێنێت کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حزبی دەعوەی ئیسلامی. ئەمانەش ھەموو رۆڵیان ھەبووە لە پێشخستنی کاروانی سیاسی ئەم پیاوە.

رۆژنامەگەری

راستە مستەفا کازمی کۆلیژی یاسای تەواو کردووە، بەڵام حەزێکی گەورەی بۆ رۆژنامەگەری ھەبووە، چ لە دەرەوەی عێراق و چ کاتێک گەڕاوەتەوە، کاری رۆژنامەگەری کردووە.  لە شاری لەندەن دەبێتە بەرێوەبەری دەزگای "الحوار الإنسانی"  کە لەلایەن "حسین الێدر" دامەرزاوە.  ئامانجی سەرەکی ئەم دەزگایەش، دروستکردنی دیالۆگ لە نێوان تایفەکان و دژایەتیکردنی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی چەمکی ئاشتیخوازیی و لێبوردەیی.

پاش روخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەغداد و دەزگای "الژاکرە العراقیە" دروست دەکات کە کاری لەسەر قوربانیانی رژێمی بەعس کردووە و ویستوویەتی تاوانەکانی رژێمی بەعس بە ئەرشیف بکات، ئەوەش لە رێگەی فیلمی دۆکۆمێنتاریی و چاوپێکەوتن لەگەڵ قوربانیانی رژێمی بەعسی سەدامی لەناوچوو.

ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری "الاسبوعیە" کە سەر بەدەزگای خەندان بووە لە سلێمانی. 
جگە لەوەش خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە کە ئەوانیش :
مسألە العراق.
انشغالات إسلامیە.
علی بن أبی گالب الإمام والإنسان
المێالحە بین الماچی والمستقبل.
بوونی بە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری
لە پڕێکدا ساڵی ٢٠١٦ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا کازمی کردە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری عێراق، ئەمەش بووە مایەی سەرنجی لایەنە شیعەکان، چونکە تا ئەوکاتە کازمی لەم بوارەدا نەناسراو بوو. ھەروەھا گەرمەی جەنگی داعش بوو. لە راستیشدا بەھاتنە سەرکاری مستەفا کازمی، دووبارە رۆڵی ئەم دەزگایە لە جەنگ دژ بە داعش بەھێزتربوو. لێرەشەوە پلەکانی گەیشتن بە دەسەڵات بۆ مستەفا کازمی دەستپێدەکات.

سەرۆکوەزیران

دروستبوونی خۆپیشاندان و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی و ناکۆکی  لایەنە شیعەکان، ھەموو ئەمانە لە خزمەتی کازمیدا بوون، ھەتا دواجار ھەموویان لەسەر کازمی رێککەوتن و رۆژی ٧ ئایار  ٢٦٦ ئەندام پەرلەمان متمانەیان بە کازمی دەبەخشن و دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

بەڵام رێگای کۆشکی دەسەڵات بە گوڵ نەچێنراوە، بەڵکو کازمی لەبەردەم کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی گەورەدایە.

کێشە ناوخۆییەکان

ئەو رۆژەی کە بووە سەرۆکوەزیران، بەرنامەی کابینەکەی خۆی کە لە ٦ لاپەڕە پێکھاتبووە، پێشکەشی پەرلەمانی کرد و باسی پێنچ کێشەی گەورەی کرد بوو:
١- بەھێزکردن و دانانی سیستمێکی تەندروستی مۆدێرن و ھەوڵدانی بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی عێراق، بەشێوەیەک کە بتوانێت خزمەتی ھاوڵاتیان بکات و روبەروی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتەوە. لە ئێستاشدا ژمارەی تووشبوانی ئەم ڤایرۆسە لە عێراق زۆرتر دەبێت، بۆیە ئەمەش یەکێکە لە کێشە گەورەکانی کازمی.
٢- کارکردن بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت. ئەمەش بە مەرجێک سەرەتا گۆڕانکاری لە یاسای پارتە سیاسییەکان بکرێت. ئامانجیش لەم کارەی رازیکردنی دەنگی ناڕازیی خۆپیشاندەرانە.
٣- دەبێت چەک تەنھا بەدەستی دەوڵەتەوە بێت. ئامانجیش لەمە لەناوبردنی ھێزە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبییە. پێش ماوەیەکیش پەلاماری ھێزەکانی حزبوڵلای عێراقی دا، کە پێشتر پەلاماری ھێزەکانی ئەمریکایان دابوو. ئەمەش کارێکی قوورسە بۆ کازمی، چونکە لە ئێستادا ئەو میلیشیایانە زۆر بەھێزن.
٤- دانانی بودجەیەکی گشتی بۆ دەوڵەت و چاکسازی لە بواری خەرجکردن و داھاتی حکومەت. لە ئێستادا عێراق روبەروی قەیرانێکی دارایی گەورە بووەتەوە ئەوەش بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت .
٥- لەناوبردنی گەندەڵی، ئەمەش داواکارییەکی خۆپیشاندەران و ھەموو گەلی عێراقە، چونکە گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوە و دەزگاکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە. ھەرچەندە ئەمەش کارێکی ھەروا ئاسان نییە و پێویستی بە کارو توانا و ھێزێکی گەورە ھەیە.

کازمی و کورد

ماوەی چەند ساڵێکە ھەرێمی کوردستان و بەغدا، کۆمەڵێک کێشەی چارەسەر نەکراویان ھەیە، ھەتاوەکو ئێستاش ھیچ ھیوایەک بۆ چارەسەرکردنیان نییە. راستە کازمی دژی گەلی کورد نییە، ھەروەھا زۆر دۆستی سەرانی سیاسی پارتە سیاسییەکانی کوردستان بووە بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ماوەیەکیش لە کوردستان ژیاوە، بەڵام لە ئێستادا روبەروی فشاری گەورەی ھەندێک لایەنی شیعە و سوونەکان بووەتەوە، ئەوان نایانەوێت چیتر پەیوەندی ھەرێم و بەغدا، لەبەرژەوەندی کوردا بێت. ھەروەھا لە ھەرێمیش ئیرادەیەکی باش نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە داھاتی نەوت و خاڵە سنوورەیەکانەوە ھەیە. بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، یەکێک دەبێت لە کێشە و گرفتەکانی کازمی.

کازمی و ئێران

ئێران رۆڵ و ھەژموونی گەورەی بەسەر عێراقەوە ھەیە، کازمیش خۆی وەکو دۆست یان دوژمنی ئێران پیشان نەداوە، راستە لە ماوەی پێشوودا  بەھۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبوڵلای عێراقییەوە، کەمێک گرژی کەوتە نێوانیان، بەڵام ھەر لەسەرەتاشەوە ئێران پشتگیری کازمی کردووە.  من لەو باوەڕەدا نیم کازمی دژایەتیی ئێران بکات، چونکە دەبێتە مایەی کێشەی گەورە بۆی. لەھەمانکاتیشدا دۆستایەتیشی، دەبێتەھۆی دژایەتیکردنی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی کازمیدا نییە. ئەو دەیەوێت دۆستی ھەموان بێت و دوژمنی کەس نەبێت.

کازمی  و ئەمریکا

لەپاش دەستبەکاربوونی ھەندێک لایەنی شیعی، کازمیان بە پیاوی ئەمریکا تاوانبار کرد، کازمی ھیچ کاتێک دژی ئەمریکا نەبووە، بگرە پێشتریش لە سایتی مۆنیترۆی ئەمریکی کاریکردووە. ھەر بە چەند سەعاتێکیش لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، "مایک پۆمبیۆی" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لێکرد و دواتریش دەیڤید شینکەری جێگری وەزیری دەرەوە بە میدیاکانی راگەیاند: کازمی کەسێکی نیشتمانپەروەر و بەتوانایە.

بەڵام کازمی ناتوانێت ھێندە لە ئەمریکا نزیک بێت، چونکە دەبێتە دوژمنی ئێران و دۆستەکانی لە عێراق، لەبەرئەوە نایەوێت نە ببێتە دۆستی ئەمریکا نە دوژمنیشی. یەکێکیش لەو کارانەی کە بە دڵی ئەمریکا بوو، دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبوڵلای عێراقی بوو، کە پێشتر پەلاماری دامەزراوەکانی ئەمریکایان داوە.

لەشکرکێشی تورکیا

ھەتاوەکو ئێستا مستەفا کازمی ھەڵوێستێکی زۆر توندی لە دژی تورکیا نەنواندووە، بەڵام پێشوازیشی  لێنەکردووە، بەداخەوە ھەڵوێستی کازمی زۆر لە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم باشتر بوو. بەڵام لەگەڵ تورکیا کۆمەڵێک کێشەی ھەیە لەپێش ھەموویانەوە بوونی بنکەی سەربازی و ھەواڵگری لە خاکی عێراق، کێشەی کەمکردنەوەی ئاو بەھۆی بەنداوە زۆرەکانەوە، پشتگیریکردنی ھەندێک لایەنی توندڕەوی سوننەی عێراق.

دەرئەنجام

من لەو باوەڕەدام کازمی پێش ئەوەی بێتە سەرۆکوەزیران ھەموو ئەم کێشانەی عێراقی بینیوە، دەشزانێت چارەسەرکردنی ھەموو ئەم کێشانە بە رۆژ و دوو رۆژ چارەسەر ناکرێت، بۆیە پێویستی بە کات و سەبر و تەحەموولی زۆر ھەیە. من لەو باوەڕدام ئەم پیاوەش خاوەنی توانایەکی بەھێزە بەتایبەتی لە رووی رازیکردنی لایەنە ناکۆکەکان و دۆزینەوەی رێگا چارەکان، لە ھەمووشی گرنگتر، کەسێکی نیشتمانپەروەرە، ئەمانە دەبنە ھێز و وورەیەکی باش بۆ ئەم پیاوە.

سەرچاوەکان:
١- مێگفی الکاڤمی: من ھو رئیس الحکومە العراقیە الجدید؟، سایتی بی بی سی العربی.
٢- مفاوچ بارز ولاعب ماکر… من ھو رئیس الحکومە العراقی مێگفی الکاڤمی؟. سایتی فرانس ٢٤
٣- الرئیس العراقی یکلف مێگفی الکاڤمی بتشکیل الحکومە العراقیە. سایتی روسیا الیوم