سەردێڕ:

ڤایرۆسی کۆرۆنا و توندڕەویی ئایینی

3/20/2020 6:44:43 PM
9424 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی وڵاتانی جیھان، ناچاربوون ھانا بۆ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت بەرن بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە کوشندەیە، وەکو داخستنی دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان، ھەروەھا داخستنی مزگەوت و کڵێساکان بۆ ماوەیەکی کورت، ئەمەش بە دڵی ھەندێک کەس نەبوو بەتایبەتی توندڕەوە ئاینییەکان. 
کەناڵی "الحرە"ی ئەمریکی راپۆرتێکی گرنگی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، تێیدا باسی تێڕوانینی زۆرێک لە بزووتنەوە توندڕەوەکان دەکات لە جیھاندا. مەلایەکی سەلەفی توندڕەویی مەغریبی داخستنی مزگەوتەکان بە کوفر دادەنێت، قەشەیەکی توندڕەوی مەسیحی ئەمریکیش داخستنی کڵێساکان بەکاری شەیتان دادەنێت و پێی وایە کڵێساکان پاکترین شوێنی جیھانن و ھیچ ڤایرۆسێک زاتی نییە زەفەریان پێ بەرێت. 

داخستنی مزگەوت کارێکی ناشەرعییە
لە مەغریب لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەت بڕیاڕیدا تەواوی شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان و مزگەوتەکانیش دابخات، لە پاش ئەمە، مەلایەکی سەلەفی توندڕەو بە ناوی "ڕبو النعیم" گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی تویتەر  بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێت: ئەم کارەی حکومەت کوفرە و دژی ئاینی ئیسلامە، موسڵمانان ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریان تێناکات. 
جگە لەوەش ھەوادارانی ئەم مەلایە لە دژی بڕیارەکەی حکومەت، چوونە بەردەم مزگەوتێک کە دەرگاکەی داخرابوو، نوێژی جەماعەتیان کرد. 

کوێت
لە کوێتیش مەلایەکی سەلەفی دژی داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بوو، "حاکم المگیری" سەرۆکی بزووتنەوەی سەلەفی  توندڕەو لە کوێت، لە تویتێکیدا دژی داخستنی مزگەوتەکان وەستایەوە، ھەروەھا دژی فەتوای پیاوانی ئاینی سعودیەش وەستایەوە، کە فەتوایان دابوو، کارێکی شەرعییە موسڵمانان خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن. ئەو بە پێچەوانەوە داوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی کرد. 

ئێران
لە ئێرانیش لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو، حکومەت بڕیاری داخستنی  مزگەوت و مەرقەدە پیرۆزەکانی دا، ھەروەھا داوای لە ھاوڵاتیان کرد لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و نەچنە شوێنی قەرەباڵخیەوە، بەڵام ھەندێک توندڕەویی ئاینی لە مەرقەدی "مەعسومە" لە شاری قوم، کۆبوونەوە و دژی بڕیارەکەی حکومەت ناڕەزاییان دەربڕیی و  ویستیان بە زۆر دەرگاکە بکەنەوە. ھەروەھا لە شاری مەشھەدیش بەھەمانشێوە، کۆمەڵێک مەلای توندڕەو دژی بڕیاری داخستنی مەرقەدە پیرۆزەکان وەستانەوە.

ئەمریکا
لە ئەمریکاش توندڕەوی ئایینی دژی بڕیاری حکومەت وەستانەوە، کاتێک جینا ریموند ژنە حکامی ولایەتی رۆد ئایلاند، داوای لە خەڵکی کرد، ئەم ماوەیە نەچنە شوێنی قەرەباڵخییەوە و لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، بەڵام ئادەم یونگ، قەشەی کڵێسای قەدیس پۆلس، لە تویتێکیدا داوای لە گەنجەکان کرد، کە رۆژی یەک شەممە بێنە کڵێسا تاوەکو نوێژ بکەن. دەشڵێت، کڵێسا پاکترین شوێنە و ھیچ ڤایرۆسێک کاری تێناکات.

رۆژ لە دوای رۆژیش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، تاوەکو ئێستاش ھیچ دەرمانێک لە دژی نەدۆزراوەتەوە. لە ئێستادا جیھان لە  جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە، گەرچی توندڕەوەکان ھێشتا باوەڕ بەم رەوشە ترسناکە ناکەن.

سەرچاوە:
١/ رجال دین یرفچون إجراءات الوقایە من کورونا،سایتی کەناڵی الحرە. www.alhurra.com