سەردێڕ:

مێژووی جەنگی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆس و نەخۆشییەکاندا

3/12/2020 9:40:37 AM
6146 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەجەنگ و ململانێی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری، بەڵام لەھەمانکاتیشدا لە زۆر ساتی مێژووییدا، ھەندێک نەخۆشیی یان ڤایرۆس، بە بێدەنگی مرۆڤی زیاتر کوشتووە لەچاو جەنگە گەورەکان. مرۆڤیش ناچار بووە بچێتە ئەم جەنگە سەختەوە، ھەرچەندە لە کۆتاییشدا سەرکەوتن ھەر بۆ مرۆڤایەتی  بووە. ماوەیەکە تەواوی جیھان سەرقاڵی جەنگی ڤایرۆس و ئەنفلۆنزاو ڤایرۆسی  کۆرۆنان، لە کاتێکدا گەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، دەبینین زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا  بەھێزتر ھەبووەو خەڵکی زیاتریش کوشتووە. 

لە ماوەی پێشوودا کەناڵی بی بی سی بەریتانی راپۆرتێکی زۆر گرنگی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا کۆمەڵێک داتا و زانیاری گرنگی تێدابوو، بۆ نموونە ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەسی کوشتووە، نەخۆشییەکانی کۆلێرا و تاعون و سیل، زۆر لە کۆرۆنا کوشندەتر بوون. کاتێک سەیری ئەدەبیاتی جیھانیش بکەین، پڕیەتی لە حکایەتی سەیروسەمەرە، ھەر لە حکایەتەکانی ھەزارو یەک شەوەوە ھەتا دەگاتە ئەدەبیاتی  سەدەی نۆزدەو بیستەم، حکایەتی سەیرو سەمەرە دەبینین لەبارەی جەنگی مرۆڤ و نەخۆشییەکان. 
ئێمە لەم راپۆرتەدا ھەوڵ دەدەین، تیشکێکی خێرا بخەینە سەر مێژووی ئەو کارەساتە گەوارەنەی کە بەھۆی نەخۆشیی و ڤایرۆسەکانەوە، رووبەروی مرۆڤایەتی بۆتەوە. 

تاعون 

تاعون یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە ھەمیشە وەکو دێوەزمەیەکی گەورە رووبەروی ژیانی مرۆڤایەتی بۆتەوە، ھەمووکاتێک ئەم نەخۆشییە بۆتە ھۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی. نووسەری ناوداری فەرەنسی   ئەلبێرت کامۆ لە رۆمانی " تاعون" دا، زۆر بە جوانی وەسفی رەوشی ژیانی خەڵکی دەکات لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە و چۆن ژیانی ئەو خەڵکانەی  کردۆتە دۆزەخ.  مێژووی مرۆڤایەتیش پڕیەتی لەم نەخۆشییە کوشندەیە، ھەرچەندە خۆشبەختانە لە ئێستادا کەمبووەتەوە. 

تاعونی ئەنتۆنی

مێژوونوسی رۆمانی کاسیۆس دیۆ، باسی نەخۆشییەکی کوشندەمان بۆ دەکات کە بە ناوی " تاعونی ئەنتۆنی" یە لە ساڵی ١٦٥ ز بڵاوبووەتەوە، بەپێی قسەی ئەم مێژوونوسە رۆمانییە بێت، ئەم تاعونە رۆژانە سەرو ٢ ھەزار کەسی کوشتووە و ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بووەو دواجار لە ساڵی ١٨٠ دا کۆتایی پێھاتووە.

تاعونی جستنیان

سەرچاوە مێژووییەکان باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی " تاعونی جستنیان" دەکەن کە لە نێوان ساڵانی ٥٤١ و ٥٤٢ لە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتە بڵاوبۆتەوە، دواتریش  لە ھەر  سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیادا  ئەم نەخۆشییە بڵاوبۆتەوە، سەرەتای ئەم نەخۆشیەش لە میسر بڵاوبۆتەوە،لەوکاتەدا لە میسرەوە گەنم و جۆ دەچوو بۆ قوستەنتینیە کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکە بوو، پاشان لە ماوەیەکی کەمدا ئەم تاعونە بڵاودەبێتەوە و دەبێتە کوژرانی خەڵکێکی زۆر لە ھەر سێ کیشوەرەکەدا.

تاعونی رەش

ھەمیشە تاعون یەکێک بووە  لە نەخۆشییە ترسناکەکان کە رووبەروی مرۆڤ بۆتەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپادا   چەندینجار بۆتە ھۆی مردنی ملیۆنان کەس. یەکێش لەو تاعونە کوشندانە، تاعونی ساڵانی ١٣٤٨ و ١٣٤٩ کە لە مێژوودا بە تاعوونی رەش دەناسرێت. بە پێی ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بوونەتە قووربانی. جێگەی ئاماژەیە ساڵی ٢٠١٨  لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و زانستی بۆ ئەو نەخۆشییە کراوە کە لەو ساڵەدا رووی داوە، ئەوەش لە رێگەی دۆزینەوەی چەند ئێسکی مرۆڤێک، پاشان لە رێگای پشکنینی ئەتۆمییەوە بۆ ئەو زانایانە دەرکەوتووە،  ھۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە، مشک و جرج  نەبووە، بەڵکو مرۆڤ خۆی بووە، ھەرچەندە پێشتر سەرچاوە مێژووییەکان دەیانوت، ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە مشک و  جرج بووە.

لەناوبردنی گەلانی ئەمریکا

داگیرکردنی ئەمریکای باکوورو باشوور لەلایەن داگیرکاری ئەوروپییەوە، وایکرد کە بەشێکی زۆری خەڵکی رەسەنی ئەو کیشوەر لەناوببرێت. بەپێی ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، تەنھا بەھۆی نەخۆشی وەکو " کۆلێرا، تاعون، سیل" ەوە،  نزیکەی ٨٠% ی دانیشتوانی کیشوەری ئەمیرکا بەھۆی ئەو نەخۆشیانەوە مردوون، کە داگیرکاری ئەوروپی لەگەڵ خۆی بۆ ئەم کێشوەرەی ھێناوە.   دیارە زۆربەی جاریش ، ھێزە داگیرکارە ئەوروپییەکان لەرێگای بڵاوکردنەوەی ئەم نەخۆشیانەوە، ھەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی خەڵکی  رەسەنی ئەمریکایان داوە، ھەربۆیە فەیلەسوفی ناوداری ئەمریکی ناعوم چومسکی ناوی لێناوە " لەعنەتی کۆڵۆمبۆس بۆ گەلانی ئەمریکا"

تاعوونی لەندەنی گەورە

دووبارە تاعوون بەرۆکی مرۆڤ لە ئەوروپا بەرنادات و  مێژوونوسان باسی بڵاوبوونەوەی " تاعوونی گەورەی لەندەن" دەکەن کە لە ساڵی ١٦٦٥ و ١٦٦٦ لە پایتەختی بەریتانیا بڵاوبۆتەوە. لەو کاتەدا لەندەن، یەکێک بووە لەبەندەر و شارە گەورەکانی ئەوروپا و جیھان. ئەم تاعونە سەرەتا لە ھۆڵەنەداوە ھاتۆتە لەندەن و دواتریش  نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەسی کوشتووە، جێگەی ئاماژەیە   لەوکاتەدا  ژمارەی دانیشتوانی لەندەن ٣٠٠ ھەزار کەس بووە، واتە چارەکی دانیشتوانی شارەکەی لەناوبردووە.

پەتای زەرد

بەپێی ویب سایتی history.com بێت لە ساڵی ١٧٩٣ دا  نەخۆشی " پەتای زەرد"  لە تەواوی ئەمریکادا بڵاوبۆتەوە، بەھۆی ئەم پەتایەشەوە نزیکەی ٤٥ ھەزار کەس دەبنە قووربانی. 

تاعوونی گەورەی شاری مەرسیلیای فەرەنسا

ھەمیشە شارە گەورەکانی ئەوروپا بوونەتە مەیدانێکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان لەم کێشوەردا. ھەمووکاتێکیش بەندەرەکان، شاری گەورە بوون و زۆرجاریش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان بوون، یەکێکیش لەو شارانە شاری مەرسیلیای فەرنسایە، کە بەندەرێکی گەورەیە و دەکەوێتە باشووری فەرەنساوە، ئەم بەندەرە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و دەرگای فەرەنسا بووە بەرەو کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین. ساڵی ١٧٢٠ تاعوونێکی گەورە لەم شارەدا بڵاودەبێتەوە کە دەبێتە ھۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لەم شارەو دەرووبەریدا.

کۆلێرا

لەپاش تاعوون دووەم نەخۆشی کە گورزی خراپی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە نەخۆشی کۆلێرایە، بەتایبەتی لەسەدەی حەڤدە و  ھەژدە و نۆزدە و بیستدا، گورزی خراپی وەشاندووە.  ئەدەبیاتی جیھانیش پڕیەتی لە حکایەتی سەیر و سەمەرەی ئەم نەخۆشییە، بەتایبەتی نووسەری ناوداری کۆڵۆمبی گاربێل مارکیز، لە رۆمانی " خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا" بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، وەسفی ئەو رەوشە ترسناکەی کردووە کە رووبەروی خەڵکی بووەتەوە لە ئەمریکای لاتین، لەپاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا. 

لە ساڵی ١٨٢٠ دا کۆلێرا تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا دەگرێتەوەو بووە ھۆی کوژارانی سەرو سەد ھەزار کەس. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیەش لە شاری کالکوتای ھیندییەوە بوو. پاشتر تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناڤین و ھەتاوەکو چینیشی گرتەوە.

تاعون مەنشوریا

ناوچەی مەنشوریا یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی چین، لە نێوان ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩١١ نەخۆشی تاعون بڵاوبوویەوە، بە پێی وێب سایتی  بێت disasterhistory.org  بەھۆی نەخۆشی تاعونەوە لەم ناوچەیە، سەرو ٦٠ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەنفلۆنزا

لەپاش تاعون و کۆلێراوە، نەخۆشییەکی تری مەترسیدار ئەنفلۆنزایە، مرۆڤیش مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ ئەم نەخۆشییە کوشندەیە ھەیە بەتایبەتی لەئەوروپادا، ئەوەش بە حوکمی ساردی کەشووھەواکەی.  ھەتاوەکو ئێستاش ئەنفلۆوەنزا گەورەترین و کوشندەترین نەخۆشییە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەکوژێت لەجیھاندا، بەپێی ھەندێک سەرچاوە بێت، ساڵانە نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠  ھەزا کەس بە ھۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرن.

ئەنفلوەنزای ئیسپانی

لە ساڵی ١٩١٨ دا  ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە ئیسپانیای گرتەوە، پاشانیش بە تەواوی لە جیھاندا بڵاوبوویەوە، لە مێژووشدا ناوی " ئەنفللۆوەنزای ئیسپانی" لێنرا. ئەم نەخۆشییە زۆر کوشندە بووە، بووەھۆی کوژرانی ٧٠  بۆ ١٠٠ملیۆن کەس، ھەندێک سەرچاوە لەوە زیاتریش دەڵێن،بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کەناڵی بی بی سی بێت کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەبارەی ئەم ئەنفلۆوەنزایەوە کردی، ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە، چونکە لە ساڵی ١٩١٨ تازە ڤایرۆسەکان پەیدابوون و ھێشتا زانستی پزیشکی ھێندە پێشکەوتوو نەبووە، تاوەکو بتوانێت دەرمانێکی باش بۆ دژایەتیکردنی ئەم ڤایرۆسە  بدۆزێتەوە.  لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی جیھان ٥٠٠ ملیۆن کەس بووە، واتە ١/٥  پێنچ یەکی دانیشتوانی جیھانی لەناوبردووە.

ئەنفلۆنزای ئاسیاویی

 لەپاش ئیسپانیا ئینجا ئیتر  ئەنفلۆوەنزا لە شوێنەکانی تری جیھان بڵاوبوویەوە لەساڵی ١٩٥٧ و ١٩٥٨ لە چین ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە بڵاوبویەوە، پاشانیش ئەم نەخۆشییە گوازرایەوە بۆ سەنگاپوورەو ھۆنگ کۆنگ و ئەمریکا، بەپێی ھەندێک سەرچاوە بێت سەرو ٧٠ ھەزار کەس بەھۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە. 

ئایدز

 نەخۆشییەکی تر کە بووە دێوەزمەیەکی گەورە بۆ  مرۆڤایەتی ئایدزە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، لە بەشێکی وڵاتانی رۆژائاوا و ئەمریکادا، خەڵکی زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە بووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٦ لە وڵاتی کۆنگۆ سەریھەڵداو پاشانیش لە تەواوی جیھاندا بڵاوبوویەوە، لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون دەگاتە سەرو ٣٦ ملیۆن کەس.  دیارە ئەم نەخۆشییەش لە رێگای پەیوەندی سێکسییەوە تووشی خەڵکی دەبێت.

ئەنفلۆنزای باڵندە

 ئەنفلۆوەنزایەکی تر کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ئەنفلۆوەنزای باڵندە بوو، ئەم ئەنفلۆوەنزایەش ماوەیەکی زۆر جیھانی تووشی دڵەراوکێ کرد، ھەرچەندە ئەم ئەنفلۆوەنزایە زیاتر تووشی باڵندەکان بوو، بەڵام دواجار مرۆڤی گرتەوە، بەڵام لەچاو نەخۆشییەکانی تر، ژمارەی قووربانیانی کەم تر بوو.  بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیھان بێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ھەتاوەکو ٢٠١٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بوونە قووربانی  ئەم ڤایرۆسە ٦٦٨ کەس بوون. بەڵام بووە ھۆی  لەدەستدانی ملیۆنان باڵندە لە جیھاندا. 

سارس

 نەخۆشییەکی کوشندەی تر کە لە ماوەی پێشوودا  بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت،  ڤایرۆسی سارس بوو. ئەم ڤایرۆسە  یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری جاندگۆنگی چینی بڵاوبووەوە،  پاشتریش جیھانی گرتەوە.  ھەرچەندە ژمارەی قووربانیانی ئەم ڤایرۆسەش کەم بوو، بە پێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی تەندورستی جیھان بێت، ژمارەی قووربانیان ئەم نەخۆشییە لە جیھاندا گەیشتە ٨٠٠ کەس. ئەمەش ژمارەیەکی کەم بوو لە چاو نەخۆشییە کوشندەکانی تر. 

ئەنفلۆنزای  بەراز

 لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک ئەنفلۆوەنزای جۆراوجۆر و سەیر پەیدابوو لەوانە " ئەنفلۆوەنزای باڵندە و بەرزا"،  لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنفلۆوەنزای بەراز  بڵاوبوویەوە یەکەمجار لە مەکسیک سەریھەڵدا و پاشانیش بەشێکی زۆری وڵاتانی جیھانی گرتەوە، بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بێت، ئەم ئەنفلۆوەنزایە زۆر ترسناک و کوشندەیە، چونکە ڤایرۆسەکەی توانای زوو بڵاوبونەوەی ھەیە، ھەروەھا دەشتوانێت دژی ئەو دەرمانانە بوەستێتەوە کە  بۆ چارەسەرکردن بەکاردەھێنرێت، بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تەندروستی جیھان بێت، ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی قووربانیان ئەم ئەم ئەنفلۆوەنزایە گەیشتە سەرو ١٨ ھەزار کەس لە جیھاندا. 

ئیبۆلا 

 بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٣ دا نەخۆشی ئیبۆلا لە غینیا لە کیشوەری ئەرفریقا سەریھەڵدا و پاشانیش وڵاتانی لیبریا و سیرالیۆنی گرتەوە. پاشان ناوی ئەم نەخۆشییە گۆڕا بۆ " ئیبۆلای رۆژئاوای ئەفریقا" ، ئەم نەخۆشیە بووە ھۆی داڕمانی ئابووری  ئەو سێ وڵاتە. ھەرووەھا بووە کوژرانی سەرو ٦ ھەزار کەسیش، ساڵی ٢٠١٨ دووبارە ئەم نەخۆشیە کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە، لەئەنجامدا سەرو ٢٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا. 

کۆرۆنا

 بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵ لە وڵاتی چین بڵاوبوویەوە پاشانیش جیھانی گرتەوە، ھەتا دێتیش ژمارەی تووشبوون و مردنی خەڵکی بەم ڤایرۆسەش زیاتر دەبێت. لە ئێستادا  تەواوی جیھان لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە تازەیە.

پێش کۆتایی

 بەدڵناییەوە ھەروەک چۆن جەنگی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری کۆتایی نایەت، بەھەمانشێوەش جەنگی مرۆڤ و ڤایرۆس و نەخۆشیەکانیش کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەسەردەمی گلۆبالیزمدا، کە ھەموو سنوورەکان کراوەن و پەیوەندی مرۆڤەکان زیاترە، ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زۆرترن.  بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت سوود لەو کارەساتە گەورانە وەربگرێت بۆئەوەی جارێکی تر دووبارە نەبنەوە.

سەرچاوەکان: 

١/ فیروس کورونا: تعرف علی ابرز الڕوبئە التی ضربت العالم وقتلت الملایین. سایتی بی بی سی. 

٢/ نعوم تشومسکی. سنە ٥٠١ الغزو مستمر . دار الساقی . لندن
٣/ ماذا سیحدث لو تفشی وباء الانفلونزا القاتل مرە اخری؟. سایتی بی بی سی.