سەردێڕ:

سوودمەند و زەرەرمەندی رێکەوتنەکەی سوچی

10/24/2019 3:18:01 PM
6167 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

تەواوی میدیاکانی جیھان چاویان لە کۆبوونەوەکەی رۆژی ٢٢ /١٠ی شاری سوچی-ی نێوان ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆکی تورکیا بوو. ئەم کۆبوونەوەیەش بە رێکەوتنێکی چەند خاڵی کۆتایی پێھات و کۆمەڵێک ھاوکێشەی سیاسیی نوێی ھێنایە ناوچەکەوە و کورد و کێشەی سوریاش بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاو دەنێت.

لەم کۆبوونەوەیەدا چەند خاڵێکی سەرەکیی تێدا بوو، کە گرنگترینیان جەنگی داگیرکاریی تورکیای بۆسەر رۆژئاڤا راگرت، کوردیشی لە پیلانی پاکتاوی نەژادی و کۆمەڵکوژیی رزگار کرد، لە بەرامبەردا تورکیا توانی ھێزە کوردییەکان لە سنوورەکانی دووربخاتەوە، ھەرچەندە پیلانەکەی بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکان و ھێنانی عەرەبە ئاوارەکانی سوریا بەو جۆرە سەری نەگرت کە خۆی پلانی بۆ داڕشتبوو، ئەمریکاش وەکو لایەنێکی دۆڕاوی جەنگەکە، سوریا و کوردی بەجێھێشت و روسیاش بووە تاکە لایەنی بڕیاردەری کێشەی سوریا و براوەی جەنگەکە .

لێرەدا دەمەوێت چەند سەرنجێک لە بارەی ئەم کۆبوونەوەیەوە دەرببڕم و سوود و زیانی ئەم رێکەوتنە بۆ کورد و ناوچەکە بخەمەڕوو:
بۆ کورد 

گەورەترین سوود کە بۆ کورد گەڕابێتەوە، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە بێ ئامانەکەی تورکیا و چەکدارە عەرەبە ئیسلامییە توندڕەوە ھاوپەیمانەکانی بوو بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان، چونکە ئەم جەنگە ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی بە دوای خۆیدا دەھێنا.
دووەمین دەستکەوتیش، ئەو پیلانی تورکیا کە بۆ لەناوبردنی کورد لەو ناوچانەدا و ھێنانی عەرەبی ھاوردەی دۆستی بۆ ناوچە کوردییەکان دایڕشتبوو، پووچەڵکرایەوە، کە ئەمەش سوودێکی گەورەی بە کورد گەیاند.

خاڵێکی گرنگی تر بۆ کورد ئەوەیە، ئەو ناوچە سنوورییانە ناکەونە ژێر چنگی تورکیاوە، بەڵکو سوپای روسیا و سوریاش بەشدار دەبن لە بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنیدا، واتە پیلانی داگیرکردنی ئەو ناوچانەش شکستی ھێنا، کە تورکیا نەخشەی بۆ داڕشتبوو.

خاڵێکی دیکەیان ئەوەبوو کە کورد لە سوریادا رۆڵی دەبێت و پێویستە رەچاوی مافەکانی بکرێت، ئەمەش بەپێی وتەی پوتین و رێکەوتنەکە بێت، ئەمەش دەستکەوتێکی ترە بۆ کورد، چونکە لە ھەموو کۆبوونەوەکانی دیکەدا تورکیا بە ھەموو ھێزێکییەوە دەیویست کورد ھیچی دەستنەکەوێت. لە بەرامبەردا کورد بەتایبەتی ھێزەکانی یەپەگە، بەشێکی زۆری خاک لەدەست دەدەن و ھەزاران خەڵکیش ئاوارەبوون بەتایبەتی خەڵکی سەرێکانی و دوروپشتی، ھەروەھا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی لەو ناوچانەش نامێنێت. بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، ھێشتا کورد باش دەرچوو لەم کێشە گەورەیە، چونکە بوونی کورد لە سوریا لە نەمان نزیک ببۆوە.

بۆ تورکیا

تورکیا لەم رێکەوتنەدا کۆمەڵێک دەستکەوتی ھەبوو، یەکەمیان ئەوەبوو کە ھێزە کوردییەکان لەسەر سنوورەکانی دەردەکات، ھەروەھا خاکێکی زۆری کوردیش لەو ناوچانەی کە لەماوەی پێشوودا داگیریکردووە، دەیبات بۆ خۆی، جگە لەوەش دەسەڵاتی کورد لە سوریا کەم دەبێتەوە و چیتر وەکو جاران نامێنێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەبوو کە توانی ئەوە بسەلمێنێت کە دەبێت لە ھاوکێشەی سوریادا حسابی بۆ بکرێت و پشکی ھەبێت.

بەڵام لەپەنا ئەمانەدا تورکیا لە رووی رای گشتی جیھانی چ لەسەر ئاستی حکومەتەکان و چ لەسەر ئاستی جەماوەریش زەرەرمەندی سەرەکی بوو، بۆ ھەموو جیھان ئاشکرا بوو، کە دەوڵەتێکە ھەوڵی لەناوبردنی گەلێکی تر دەدات کە ئەویش کوردە، ھیچ کاتێکیش ھێندەی ئێستا تورکیا لە جیھاندا دژایەتی نەکراوە بەتایبەتی لەسەر ئاستی رای گشتی و تەنانەت ھاورێکانی لە ناو ناتۆدا، لە ھەمووشی گرنگتر ھیچ کاتێکیش کورد ھێندەی ئێستا ھاوسۆزیی و پشتگیریی لەسەر ئاستی رای گشتی نەبووە، کە ئەمەش بە دڵی ئەوان نییە.

بۆ روسیا

دەکرێت بڵێین تاکە لایەنی سەرکەوتوو لەم جەنگەدا روسیا و دوای ئەویش سوریای ھاوپەیمانی بوون، لەلایەکەوە بۆ ھەموو جیھان ئاشکرابوو کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی و سەرەتاو کۆتایی کەوتە دەستی مۆسکۆوە، ئەمەش گەورەترین دەستکەوتە بۆ پوتین، ھەروەھا روسیا لەم جەنگەدا لەسەر ئاستی جیھانیش ناوبانگێکی گەورەی بۆ خۆی پەیدا کرد و وەکو ھێزێکی ئاشتیخواز دەرکەوت، چونکە توانی ئەم مەرگەساتە گەورەیە بووەستێنێت کە رووبەڕووی گەلێکی چەوساوەی وەکو کورد دەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا پشتی لە کورد کرد، کە ھاوپەیمانی سەرەکی بووە لە جەنگی دژ بە داعشدا.

لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی زۆری خاکی سوریای بە ئاسانی دەستکەوتەوە، کە باشترین و بەپیترین و دەوڵەمەندترین خاکی سوریایە، ئەمەش لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە سوودی زۆری بۆ روسیا دەبێت لە ئێستاش و لە ئایندەشدا.
ھەروەھا کوردی لەژێر دەواری ئەمریکای رکابەری دەرھێنا کە باشترین ھاوپەیمانی ئەوان بوو و بە ناچاری چووە ژێر دەواری روسەکانەوە، ئەمەش ھێزی زیاتر بە روسیا دەدات لە کێشەکەدا.

ھەروەھا لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیشدا، دووبارە روسیا پێگەی بەھێزی خۆی پەیداکردەوە و ئێستا کێشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ روسیا چارەسەر ناکرێن.

ھەرئەمەش وایکردووە کە بەشێکی دۆستە نزیکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەرەو مۆسکۆ بڕۆن، بۆ نموونە عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، کە باشترین دۆستی ئەمریکا بوون، ئەوانیش باوەشیان بۆ روسیا کردۆتەوە و لە ئەمریکا بێھیوا بوون.

بۆ ئەمریکا

دەکرێت بڵێین زەرەرمەندترین لایەنی ئەم جەنگە ئەمریکایە، چونکە لەلایەکەوە لە رووی متمانە و ناوبانگەوە، ئەمریکا لە ناوچەکە و جیھانیشدا ، شکۆی بە تەواوەتی شکا و ئێستا زۆرکەم دەوڵەت متمانەیان بە ئەمریکا ماوە، ترەمپ- یش وەکو سەرۆکێکی لاواز لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکادا دەرکەوت، ئەمەش زیانی بۆی دەبێت و ئەگەری زۆریش ھەیە کە لەم ماوەیەدا لەسەر کورسی دەسەڵات لای بەرن.

دەرئەنجام و دوا سەرنج

ئێستا کورد دەبێت لە رۆژئاڤادا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات و ھەوڵبدات ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا ھەیبووە و ھێشتا بەشێکی ماوە، بیانپارێزێت و خوێندنەوەیەکی زۆر ژیرانە بۆ زلھێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکات. باشترین بژاردەش ئەوەیە، کە ھەوڵ بدات لەگەڵ رژێمی سوریا و روسیا رێکبکەوێت و مافەکانی خۆی ئەوەی بە گوێرەی قۆناغەکە مومکینە لەناو دەستووری سوریادا جێبکاتەوە، ئەمەش گرەنتییەکی باش دەبێت بۆ داھاتووی کورد لەو بەشەی کوردستاندا.
لەھەمانکاتیشدا پێویستە ئەم جەنگە ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ کورد، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، تا ھەوڵ بدات کێشەکانی لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بکات، چونکە مەترسی گەورە بۆ کورد بوونی تورکیایە لە ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکەدا، نەک شوێنی تر. ھەروەھا سوودیش لەو سۆزە جیھانییە وەربگرێت، کە ئێستا بۆ کورد پەیدا بووە.