سەردێڕ:

بێشەرمیش بەو ڕادەیە؟

5/8/2019 3:00:03 PM
5186 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز ڕەئوف
+ -

یەکەم: ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕوویدا، بەمەھزەلە بوونی ئەم دامەزراوەیە و بەڕۆبۆتبوونی کۆی پەرلەمانتارانی نیشاندا (ڕێژەیەکی کەمیان نەبێت). ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان ڕویدا پێمان دەڵێت کاری پەرلەمانتاری و خەباتی پارلەمانی چ مەھزەلە و گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.

دووەم: ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان کردی جگە لە بێحورمەتیکردن بە دەنگدەرەکانی خۆیان و پشتکردنە خەونەکانی نەوشیروان مستەفا و درۆکردن لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا ھیچی تر نەبوو. دەنگدان بە (یەکەم: سەرۆکی ھەرێم شەھادەی نەبێت و دووەم: سەرۆکی ھەرێم دەست لەکاری حزبی نەکێشێتەوە) لەلایەن برادەرانی گۆڕانەوە ھێندە عەیبە لە ئێستادا وەک چۆن کوڕی ئەو نوخبەیەی دەسەڵات بیت شەرمە، گۆڕانخوازێکیش لەسایەی ئەم ھێزەدا بمێنێتەوە دە ھێندە مایەی شەرم و ڕووقایمیە.

سێیەم: دەرکەوت ئەوانەی لە ھەڵبژاردن بایکۆتی دەنگدانیان کرد و بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستانیان نەکرد، زۆر لە نوخبەی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی کوردی ھوشیار تر و بەئاگاتر و عاقڵترن. بەرەی بایکۆت کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستانن بڕیارێکی زۆر عەقڵانی و ویژدانی و ئینسانیان داوە کە نەبوون بە بەشدار لەم گەمە سیاسیە بێتامەی کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان دەگوزەرێت.

چوارەم: دوای حەوت مانگ لە ھەڵبژاردن و ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆست و سامان و بێدەنگی ھێزەکانی تر لەم گاڵتەجاڕییە، مەرگی کردەی سیاسی لە کوردستان نیشان دەدات کە چۆن بەدەست ھێزگەلێکی بەتاڵ و بەرژەوەندیخواز و بازرگانەوە دەناڵێنێت و دەسەڵات و پۆست و سامان بەبەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە لە خۆیانەوە بۆ منداڵەکانیان تاپۆ دەکەن و دەگوازنەوە.