سەردێڕ:

قەیرانی کەرکوک، لەکوێ، بەرەو کوێ؟

5/17/2020 4:22:14 PM
7224 جار خوێندراوەتەوە
هیمداد شاهین
+ -

ئەم چەند رۆژەی رابردوو، نامەیەکی زۆرم لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش لە کەرکووک بۆ ھاتووە، بەپێویستیی دەزانم ھەندێ بۆچوون، دیدگا و ھێڵی گشتیی لەوبارەیەوە بخەمەروو، گومانی تێدانییە ئەم جموجۆڵانە ئاماژەی وازحن بۆ داھاتوویەکی تاریک و خراپی شارەکە و پێویستە ھەموو ئەم جموجۆڵانە بەھەند وەربگیرێن، چونکە رەھەندیی ئەمنیی، ئابووریی، مەزھەبیی و سیاسییان ھەیە.

بابەتەکە تەنھا سوتاندنی دەغڵ و دانی ھاوڵاتییان نییە، چەند کەمین و ھێرشێکی بچووکیش نییە بۆسەر سوپا و ھێزەکانی تر، نامەی ھەڕەشە ئامێزیش نییە بۆسەر لادێیەکانی چواردەورەی کەرکوک، بەڵکو مەسەلەکە لەوە بەرفراوانترە و رەھەندی گشتگییرتری ھەیە، ئەم پەیامانە بەکورتیی مانای ئەوەدەدەن، راستە داعش لەئێستادا زەویی و پارە و چەکی نییە، بەڵام ئیمکانیاتێکی بەھێزی مرۆیی ھەیە، رەنگە ژێربەژێر چەک و پارەیشی ھەبێ، ئەمە جگە لە شانە و تاقمی نووستوو. 

بەداخەوە کەرکوکییەکان وەک ھەمیشە قوربانیین، قوربانیی بەعس، قوربانیی دەسەڵاتی کوردیی، قوربانیی داعش و قوربانیی عەرەبیی سوننەی قەومچیی، لەولاشەوە ھەندێ گرووپ لە عەرەبی شیعە، بە ھەواجیسی گائیفیی خەریکە ئەزموونی عەرەبی سوننە لە گەڕەکە عەرەبییەکانی کەرکوک + چواردەورەی کەرکوک دووبارە دەکەنەوە. 

بەکورتیی دەمەوێت ئەم چەند بۆچوونە لەم نووسیینەدا جێکەوت بکەم، لە ئێستادا شکستی سوننە لە پێکھێنانی ھەرێمێک بۆ خۆیان و جیابوونەوەیان لە شیعە، یەکێکە لەھۆکارە سەرەکییەکان بۆ درووستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا لە لەکەرکوک، چونکە بەشێکی زۆر لە سوننەکان پێیانوابوو ناکۆکیی ناو ماڵی شیعە ناگاتە ئەو حاڵەتەی کە لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران رێکبکەون و حکومەتیان لەدەستدا بمێنێتەوە، ئەمە ھەموو ھۆکارەکە نییە، بەڵام یەکێکە لەھۆکارە جەوھەریی و سەرەکییەکان. 

بەشی دووەمی ھۆکاری ئەم درزە ئەمنیی و سەربازییە، پەیوەستە بە ناکۆکیی و لێکترازانی ناو ماڵی شیعە خۆیانەوە، چونکە ئەو لێکترازانە بەشێوەیەکە، کاریگەریی لەسەر سوپا، حەشدی شەعبیی و تەنانەت حوسەینیەکانیش درووست کردووە، وەک دەزاندرێت، ھەموو ناکۆکییەکی سیاسیی دەبێتە ھۆی دروستبوونی کوتلە و جەماعەت و گرووپی جیاواز جیاواز لەناو یەک دامەزراوەدا، ئەمەش وا دەکات ئەم گرووپ و جەماعەتانە سەرقاڵی یەکتری بن و بۆشاییەک لەنێویاندا بەرامبەر دەرەوەیان دروست بکات.

ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، خۆپیشاندانەکانی بەغداد و باشووریش رۆڵی گەورەی ھەبووە لەم لێکترازانەدا، ھاوکات لێدانی حەشدی شەعبیی لەلایەن ئەمریکاوە و خستنە لیستی تێرۆری بەشێک لەسەرکردەکانیان و لاوازبوونی دەزگای ھەواڵگریی تایبەت بە حەشد لە دوای ئەبومەھدیی موھەندیسەوە، بەشێکی ترن لەھۆکارەکان.

جگە لەوانەش کشانەوەی بەشێک لەھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ھەروەھا کۆکردنەوەی ھێزەکانی لە ئەنبار و ھەولێریش ھۆکارێکیترە، چونکە ناکرێت ئەمریکا ھەموو ھێزەکانی لە شوێنێک کۆبکاتەوە، بەڵام بێ ئیش بن، ئەو بێ ئیشیی و بێ ھەڕەشەیی و بێ مەترسییە لایەنە دۆستەکانی ئەمریکا لەعێراقدا بەرامبەر ئێران ئیحراج دەکات، چونکە بەردەوام فشاریان لێدەکرێت ئەمریکا لە وڵاتەکە دەربکەن. 

یەکێکیتر لەھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشە و مەترسییانەی سەر کەرکوک، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیایە، چ لە سوریا، چ لە لیبیا و چ ئەو فشارانەی ئەوروپا بەھۆی بێدەنگیی ئەمریکا خستویەتیە سەر تورکیا بەھۆی گەڕانی بەدوای نەوتدا لە دەریای سپیی ناوەڕاست، پێدەچێ تورکیاش بەھۆی ئەم چەکدارانەوە ئاماژەیەک بداتە ئەوروپا و ئەمریکا کە ھەر کات بیەوێت دەتوانێت عێراق بەشێوەیەک بشێوێنێت کە ئەوان ناچاربن بە ملیارەھا دۆلار و یۆرۆ لە عێراقدا خەرج بکەن.

خراپی دۆخی دارایی و بێکاریی لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک، باکوری دیالە یەکێکی ترە لە درووستبوونەوە ئەم گرووپ و ھێزە توندڕەوانە، بەدووری نازانم ئەم کێشەیە موسڵیش بگرێتەوە. بیریشمان نەچێت، دواجار، دەبێ شکستی یەکجارەکیی داعش و راگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ئەو رێکخراوانەدا، ئێران رایبگەیەنێت نەک ئەمریکا، چونکە عێراق گۆڕەپانی ئێرانییەکانە تا ئەمریکیەکان، تائێستا ئێران لە عێراق بەھێزە و ژمارە یەکی ھاوکێشەکانی ئێرانە. 

چارەسەرەکە بەدیاریکراویی ئەمەیە، کوردی کەرکوک، پێویستە خۆیان لە وەھمی یەکێتیی و پاشان پارتیی قوتار بکەن، ئومێد لەسەر پارتیی و یەکێتیی ھەڵنەچنن بە ھاتنەوەیان بۆ شارەکە، وەکو پێشتر ئاماژەم بۆکرد، سێگۆشەی (بەغداد، واشنتۆن و تاران) و سێگۆشەی (داعش، قەگەر و تورکیا)، دوو سێگۆشەن لە بازنەی پارتیی و یەکێتیی زۆر گەورەترن، نە یەکێتیی و نە پارتیی ناتوانن، ئەگەر بشتوانن، نایانەوێ ھیچ شتێکی باش لە رووی ئەمنیی، ئابووریی، سیاسیی و یاساییەوە بۆ کوردی کەرکوک بکەن.

چارەسەر قوتاربوونە لەو وەھمە بەتاڵەی کە پێیوایە ئەگەر یەکێتیی و پارتیی نەبن، کوردی کەرکوک تەنھا دەکەوێت و کەس نابێتە فەریادرەس بۆی. بەپێچەوانەوە سزادانی یەکێتیی و پارتیی و پشتگیرییکردنی ھێز و فیگەرە نوێیە کوردییەکان باشتریین بژاردەیە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان.