سەردێڕ:

بەکورتیی لەبارەی رێکەوتنی ئەمریکا و تورکیاوە

10/18/2019 11:20:12 PM
8606 جار خوێندراوەتەوە
هیمداد شاهین
+ -

١- ئاگربەست و رێکەوتنەکەی پێنس و ئەردۆغان، یاخود ئاگربەست و رێکەوتنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان، بەبێ ئامادەبوونی رووسیا و سوریا، بەبێ ئامادەبوونی ھەسەدە، تەنانەت بەبێ رەزامەندییەکی فیعلیی کۆنگرێسمانە خاوەن نفوژ و رادیکاڵەکانی ئەمریکا، ئاگربەست و رێکەوتنێکی تەواو شەخێییە و ھیچ ریشەیەک بە رێکەوتنی دەزگایی و موئەسەسیی نایبەستێتەوە، پێشموایە زۆر و کەم ئیعتیباریی نابێت، راگرتنی شەڕە بۆماوەیەک، لەراستییدا وەرگرتنی پشوویەکە بۆ ھەردوولا.
٢- ئەمڕۆ رۆژێکی تەواو بەسەر ئاگربەست و رێکەوتنەکەدا تێدەپەڕێ، بەڵام دەیان سایت و میدیای ئەمریکیی و ئەورووپیی، بە مانشێت و خەتی گەورە نووسیویانە "تورکیا بە ئاگربەستەوەکەوە پابەند نییە"، "تورکیا ھێرشەکانی رانەگرتووە"، "تورکیا بەڵێنەکەی بۆ ئاگربەست نەبردەسەر"، "تورکیا ھێشتا بۆردوومان دەکات" و چەندین مانشێتی تر، ئەمە دەلالەتە لەوەی ئەردۆغان ئیعتیباری بۆ قسەکانی ترەمپ نییە، کاتێ ترەمپ بە زمانێکی شەعبیی پێیدەڵێ گەمژەمەبە، کاتێ ئەردۆغانیش نامەکەی دەخاتە تەنەکەی خۆڵەوە، دەلالەتناسیی ئەم پەرچەکردارە پێماندەڵێ ئەردۆغان ئەوەی بڕیاری لێداوە ئاسان لێی پاشگەز نابێتەوە.
٣- سەردانییکردنی بەپەلەی ئەلێکساندەر لاڤرنتییڤ'ی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین بە یاوەریی سێرگی ڤێرشینیین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ لای ئەسەد، ھەروەھا لێدوانەکەی ئەسەد کە دەڵێ پێویستە بەزووتریین کات تورکیا و ئەمریکای دوژمن لە سوریا بچنە دەرەوە. پەیامێکی روونە بۆ ئەمریکا و تورکیا کە ئەوان بەبێ رووسیا و خودی ڤلادیمێر پوتین مافیان نییە و قودرەتیشیان نییە نەخشەی نوێی سوریا دابڕێژنەوە.
٤- ھەسەدە لەئێستادا بەشێوەیەکی زیرەکانە و تاکتیکیی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات، گرەوەکانی ھەسەدە لەسەر ئەمریکا، گرەون لەسەر قومارێکی مەحاڵ و بێمانا، چونکە ئەزموونێکی تاڵیان لە جێھێشتن و پشتێکردنی ئەمریکییەکان لەچەند رۆژی رابردوودا نووسیەوە و ئەمە بۆ ژیانی سیاسیی و سەربازییان وەک وانەیەکی گرنگ تەماشا دەکەن. لەبەرامبەردا ستراتیژییانە مامەڵە و ھاوپەیمانێتیی لەگەڵ قەیێەرە نوێیەکەی رووسیادا دەکەن، چونکە لە ترسناکتریین و خوێناوییترین دۆخدا فریای ھەسەدە کەوت و ھێرشەکانی تورکیای تائەندازەیەکی زۆر سنووردار کرد.
٥- ئەم ئاگربەستە سەربگرێ و سەرنەگرێ، بە نزیکیی یەک ئەنجام بەدەستەوە دەدەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر سەربگرێ، ئەوە سەرگرتنێکی کاتییە و کێشەی کورد لە سوریا و پاشان تورکیا چارەسەر ناکات، ماوەیەکی تر ھەمان کێشە سەرھەڵدەداتەوە، ئەگەرچی پێموایە ئەم ئاگربەستە لەئێستاشدا سەرناگرێ، چونکە ئەردۆغان دەیەوێ میلیشیا سونەکانی سوریا ھەڵبڕێژێتە نێو رۆژھەڵاتی فوڕاتەوە، لەکاتێکدا ترەمپ یارییەکی ترسناک بە چارەنووسیی گەلانی ناوچەکە و سوریا و کوردەوە دەکات، بێباکە و گوێ لەکەس ناگرێ، بەڵام لەراستییدا ئەو نایەوێ کێشە و قەچییەی سیاسیی کورد چارەسەر بکات، ئەو دەیەوێ بەردەوام کێشە ھەبێ، بۆئەوەی بەردەوام چارەسەری کاتی ھەبێ، خۆی گوتەنی "کورد و تورک وەک منداڵ وان و پێویستە جارجارە شەڕ بکەن"!
٦- بەپێی لێدوانی ئەمنست و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیھانیی، بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا ھەن کە سوپای تورکیا تاوانی جەنگی لە سوریا ئەنجامداوە، کۆمەڵکوژیی کردووە، چەکی کیمایی و قەدەغەکراوی بەکارھێناوە، منداڵ و ژن و پیری کوشتووە، خەڵکی مەدەنیی بە ئامانج گرتووە، نەخۆشخانە و مزگەوت و کەنیسەکانی تەقاندۆتەوە، ئەم مەلەفانە قورس لەسەر تورکیا و خودی ئەردۆغان دەکەون. لەئەگەرێکی نزیکدا، لە رووی نێودەوڵەتییەوە سزای قورسی جەنگی بەسەردا بدرێ.

‌بەپەلە