سەردێڕ:

​ ​ئەو شەڕە بۆ كێ‌ دەكەن؟

5/8/2019 10:49:42 PM
2893 جار خوێندراوەتەوە
سیروان رەشید
+ -

 بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی ریفۆرمخوازە، خاوەن گوتارێکی سیاسییە کە دەیەوێ بەھێزی نەرم - سۆفت پاوەر- ھەلومەرجی سیاسی کوردستان، شێوازی کارکردنی دەزگاکان، دیموکراسی و ئازادییەکان باشتر بکات. ھەنگاو بەھەنگاو لە پرۆسێسێکی مەدەنیدا ململانێی ھێزە رکابەرەکانی خۆی بکات.

کەواتە بۆ ئەو چاکسازییانە حەتمەن وەک چۆن دەکەوێتە ململانێ و ناکۆکیەوە ئاواش لەگەڵ ھێزەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی دەرگیر دەبێ، ناکۆک دەبێت، ململانێ دەکات ئاواش پێویستی بە دانوستان و لێکتێگەیشتن و ھەندێک جار سازشیش ھەیە. سازش بە چی مانایەک، بۆ نموونە یەکێک لە ئامانجە سیاسیەکانی گۆڕان گۆڕینی سیستمی سیاسی ھەرێمە لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانیی و کەمکردنەوەو سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمە بە کارێکی تەشریفاتی.

ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا بایی ئەوەندە ئامرازی گوشاری لەبەردەستە کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بگەڕێنێتەوە ناو پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی بڕێک کەمتر بکاتەوە، بەڵام خۆ ململانێ کۆتایی نەھاتووە. ئەوانەی رەخنە لە گۆڕان دەگرن با بێن ھاوکار بن لەمڕۆوە پێداگرو مکوڕبن لە ‌گەڵیدا، وەک چۆن ئێمە ملمان نەدا با ئەوانیش ملنەدەن تاکو ئەو ئامانجە بەدیدەھێنین.

رەخنە بە تەنیا قسەو وتنی ئەو شتانە نییە کە بە خەیاڵی ئینساندا دێن، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیە، لەوەش واوەتر حیساباتێکی عەقڵیە کە رەخنەگر دەبێ بیکات بەوەی قسەکانی دەچێتە گیرفانی کێوە!.  ئەوانەی نزیک بوون لە گۆڕان و ھەندێک لەوانەش کە تائێستا نزیکن و بێڕەحمانە گۆڕان دەکوتن، حەق وایە بایی ئەوە ھۆشیارییە سیاسیەکەیان ئاراستەیان بکات کە خۆیان لەو رەخنانە ھیچ شتێک ناچننەوە، بەڵام کەسانێکی تر، میری جەنگی تر، مافیای سیاسەت و بازرگانی سیاسی تر کە ھەرگیز ئازادی و دادپەروەری، کۆمەڵگایەکی پڕ ئاسایش و خۆشگوزەران، حکومەتێکی رەشید نە خەونی ئەوانە و نە لە قازانجی ئەوانیشە سوودمەند دەبن لێی.

ئەوانەی پێیانوایە بە شکاندن و خستنی گۆڕان خۆیان بەھێز دەبن دەبوو بزانن بە حوکمی چەندان فاکتەر لە ئێستادا جوھدو ماندووبوون و پاشقول و تەون و دەسیسەکانیان ھەرھەمووی لەلایەن کەسانێکەوە دەمژرێت کە یان بەھۆی بارودۆخی سیاسی فەوازی کوردستانەوە بوون بە خاوەنی چەک و چەکدارو ھێزی ئەمنیی سەرکوتکەر، یان بەھۆی گەندەڵی و گۆمی لیخنی ئابوورییەوە بوون بە خاوەن میدیاو پارەی پیس.

بەڕاست ئەو شەڕە بۆ کێ دەکەن؟ گۆڕان ھێزێک نییە بە تەنیا بۆ ئەوە دروست بووبێ ھەر ئۆپۆزسیۆنبێ. ھەموو ھێزێکی سیاسی دەبێ خەون بە چوونە دەسەڵاتەوە ببینێت بۆ ئەوەی ئایدیاو ئەجێندای خۆی لە حکومەتدا بخاتە بواری پراکتیکەوە.

گۆڕان تاکو ئۆپۆزسیۆن بوو تا ئەوپەڕی لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی رۆیشت‌و راستگۆو پێداگر بوو، تەنانەت گوشاری ھەرێمیی و نێودەوڵەتیش نەیتوانی شتێکی پێبکەن کە خۆی نایەوێت. ئێستاش بە فۆرم و ئامرازی تر کە ئیشکردنە لەناو دامودەزگاکان و گۆڕینی ھێواش و وردە وردەی کارکردنی دەزگاکان و شێوازی حوکمڕانیە درێژە بە کاروانی خۆی دەدات.

دنیا شەوو ڕۆژێک نییە، لە ئایندەدا ھەموومان یەکتر دەبینینەوەو دەزانین کێ لەسەر بیروباوەڕی خۆی دەمێنێتەوەو کێش رێگای تر دەگرێت!