سەردێڕ:

تەکسی وەک بیانوویەک بۆ شەڕی کۆیلەکردنی ژنان

12/7/2019 11:06:33 AM
17882 جار خوێندراوەتەوە
نیاز عەبدوڵا
+ -

لە ھەر شەڕێکی ئایدۆلۆژی بەرەکانی پێشەوە و بەرەکانی دواوە ھەن؛ بۆیە ئێستا ژمارەیەک ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە جەستە لە کوڵەجۆ و خانەقین و دووزخورماتو و جەلەولا شەڕی چەکداری لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و کۆمەڵگای ئێمە دەکەن و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن، ھەندێکی تریش لە بەرەی پێشەوە لە رێگای دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە قەڵەم و میکانیزمەکانی دونیای دیموکراسی، شەڕی فکر و لێسەندنەوەی ماف و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگا دەکەن بۆ سەپاندنی ئامانجە ھاوشێوەکانی فکری "دەوڵەتی خەلافە".

وێناکردنی ژنان وەک ئامرازی سێکس و زنجیرکردنیان بۆئەوەی پیاوان لە کۆنتڕۆڵنەکردنی ئارەزووەکانی ئەندامی نێرینەیان دووربن، جگە لە سەپاندنی فکری "دەوڵەتی خەلافە" بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان، لێسەندنەوەی پیادەکردنی مافە تاکەکەسییەکانیشە لەپاڵ لێسەندنەوەی کەرامەتی مرۆیی ژنان و پیاوان.

دوایین فەتوای، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان، کە لە ٤ی١٢ی ٢٠١٩ بە نووسراوی ژمارە ‌١٤٤ دەرچووە لەبارەی "حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بە تەنھا لەگەڵ شوفێری تەکسی"، بریارەکانی دەوڵەتی خەلافە لە سەرەتای داگیرکردنی موسڵ و شەنگال لە ٢٠١٤ دەھێنێتەوە یادمان، بەتایبەت ئەو حوکمانەی بەناوی شەریعەی ئیسلامەوە دەسەپێندران بەسەر ژنان و ھاووڵاتیانی ژێردەستەی ناوچەکە. 

ئەنجوومەنی فەتوا لە خاڵی یەکەمی نێو ھەشت خاڵە راگەیەندراوەکەیدا وتوویەتی "دەرچوونی ئافرەت لەتەک مەحرەمی خۆیدا ھەر کاتێک بێت بۆ ھەر جێگایەک بێت دروستە" و، لەخاڵی شەشەم وتوویانە "پێویستە ئافرەت، بە تەنھا لەگەڵ شوفێری نامەحرەمی تەکسی دەرنەچێت." 

بە وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ بوارەکانی دیکەی ژیان جگە لەسەرکەوتنی "تەکسی"، لە داھاتوو دەبێ چاوەڕوانی ئەوەبین ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، خوێندنی کچان جگە لە زانکۆی شارەکەی خۆی لە زانکۆی شارێکی دیکە حەرام بکات لەگەڵ پرۆسەی خوێندنی تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و گەشتکردن بۆ وڵاتان. دەبێ چاوەڕوانبین بە تەنیا ژیانی ژنێک لە ماڵێک قەدەغە بکات، شوفێریکردن بۆ ژنان و چوونە سینەما و کۆنسێرت و پەیکەرسازی کە ئێستا سعودیە حەڵاڵی کردووە ئەم "زانا"یانە لە کوردستان قدەغە و حەرامی بکەن. 

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان و پارتە سیاسییە ئیسلامییەکان رایانگەیاند "ئاینی ئیسلام بێ بەرییە لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئەوان نوێنەرایەتی ئەو ئاینە ناکەن"، بەڵام لە فەتواکانی کۆتایی ئەم یەکێتییە بە جۆرێکی دیکە راستی بیرکردنەوەکانی خۆیان خستۆتەڕوو.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە خولی ٢٢ی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، سەبارەت ژمارەی پێشمەرگە شەھید و بریندارەکان وتی "لەشەڕی دژی داعش نزیکەی ٢٠٠٠پێشمەرگە شەھیدبوون، نزیکەی ١٢ھەزار پێشمەرگە برنداربوون لەوانەش ٢٩٣یان کەمئەندام بوون، کە ٢٣٥یان قاچ یان دەستیان لەدەستداوە، ٢٠یان توانای بینینیان لەدەستداوە، ٣٨ی دیکەشیان تووشی ئیفلیجی تەواوبوون و عارەبانە بەکاردەھێنن."

پرسیاری جددی بۆ یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان ئەوەیە:
ئایا ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە پێناوچی شەڕی تیرۆریان دژ بە دەوڵەتی خەلافە کرد؟ لەپێناو چی نزیکەی ٢٠٠٠ پێشمەرگەی ئەم وڵاتە شەھیدبوون و، ھەزاران کچ و ژنی ئێزیدی ئێمە بران یان شەھیدکران؟
دەبێ یەکێتی زانایان وڵاممان بداتەوە، دەیەوێت کوردستان بکاتە سعودیە یان ئێران یا ئەفغانستان؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگای ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و پێویستە لەبری بەھێزکردنی حوکمەکانی ئاین، دامەزراوەکان بەھێزبکرێن بۆئەوەی ھەر ژنێک یان ھەر پیاوێک ھەست بە پارێزراوی ئاسایشیان بکەن و زەمینەی ئەنجامدانی تاوان لەو رێگایەوە نەھێڵدرێت.

ئەم فەتوایەی یەکێتی زانایان تەنیا نەنگی نییە بۆ خودی یەکێتییەکە، بەڵکو شەرمەزارییە بۆ ئەو حیزبانەی نوێنەرەکانیان بەو جۆرە دونیابینی ئاینیان لەناو یەکێتییەکە دەخەنەڕوو.
بۆ نموونە لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی زانایان، لە کۆی ٣١ئەندامی دەستەی باڵا، ٢٢ئەندامی پارتی دەرچوون و ٩ئەندامی دیکەیان لە لایەنەکانی دیکەبوون.  

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بەم فەتوایەی، کۆی ئەو خەبات و تێکۆشانەی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ژنپارێزان لە ماوەی ٢٨ ساڵ بن پێ دەخات و، بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئاینی نێوان ئاینەکان دەخاتە مەترسییەوە، تەواوی ھەوڵە ماددی و مەعنەوییەکانی حکومەتیش لە بەڕێوبەرایەتییەکانی بەگژداچوونەوەی توندووتیژی خێزانی سفر دەکاتەوە.

بۆیە پێویستە یەکێتی زانایان فەتواکەی بکێشێتەوە و داوای لێبوردن لە ژنان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگایە و کاسبکارانی شۆفێری تەکسی بکات. یەکێتییەکە گرنگە لەوە تێبگەن خەباتی یەکسانی و دادپەروەری رێچکەی خۆی گرتووە و بە بڕیاری "دەوڵەتی خەلافە"‌ ناوەستێت.