سەردێڕ:

ببێ یان نەبێ بە تۆ چی؟

5/11/2019 1:54:12 PM
2955 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

پرسی سەرۆکی ھەرێم و پلەی خوێندن و خوێندەوارو نەخوێندەوار بازاڕی گەرمە، ئاخر وڵاتێک کە ڕێژەی خوێندەوار تێیدا سەرو ٪‏٩٠ بێت و ئاستی تێگەشتنی خوێندەوارەکان ٪‏١٠ تێنەپەڕێنێ ئەوا خودی ئەو کۆمەڵگەیە بە نەخوێنداوار ھەژمارەکرێ  و سەرۆکیش ئەگەر زانا و داھێنەریش بێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ.

گرنگە بۆ بەرەوپێش چوون و گۆڕانکاری لەھەر کۆمەڵگەیەکدا ڕەخنەی ئازاد بوونی ھەبێ،  بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ڕەخنەکان بابەتی و جێگربن بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری وە لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە ڕەخنەکانی "نوخبە"ی ناو ھەر کۆمەڵگەیەک گێژراو بێژراوبێ نەک ھەڕەمەکی.

ئەبێ سەرەتا ئەوە بزانین کە پلەی خوێندن تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا نابێتە ڕێگر بۆ بەدەستھێنانی پۆستی باڵای حیزبی و حکومی، بەڵکو ئەو نەریتە زیاتر وەک ئەوەی پێی دەوترێ لە جیھانی سێھەمدا کاری پێدەکرێت، ھەڵبەتە ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە کە لێرەدا باس کردنی گرنگ نیە.

تواناکان مرۆڤەکان جیا دەکەنەوە نەک پلەی خوێندن و ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوا بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەشێک لە داھێنەرو بیرمەند و زاناکان سەرەتا داھێنانیان کردووە پێش ئەوەی پلەی خوێندنی باڵایان ھەبێ.

ھەڵبەتە ئەمە نە بەرگرییە و نە پاساوە بۆ خودی دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم و خودی کاندیدی سەرۆکی ھەرێم ھێندەی بەرچاو ڕوونییە بۆ بابەتێکی جەوھەری کە کۆمەڵگەی گیرۆدەی تێکەڵ و پێکەڵی بیرکردنەوە کردووە.

بێ ھیچ دوو دڵییەک کۆمەڵگەی ئێمە ڕەخنە لە ھەر جوڵەیەکی سیاسی دەگرێ کە حیزبە تەقلیدیەکان بەشێکبن لە پێکھاتەکەی جا ئیتر ڕێکەوتنی ستراتیژی بێت یان پێکھێنانی حکومەت بێت یان ھاوپەیمانی،  کە ھۆکاری ئەمەش بۆ ئەو ٢٨ ساڵەی حکومڕانی دوو حیزبی چەکدار ئەگەڕێتەوە کە خەڵکی لە کۆی ھاوپەیمانی و ڕێکەوتنی ستراتیژی و حکومڕانی ھاوبەشیان سوودمەندی یەکەم نەبووە.

ئەو ڕەخنانەی ئێستا لە خوێندەواری و نەخوێندەواری سەرۆکی ھەرێمی داھاتوو ئەگیرێ ڕەخنەیەک نیە لە لە خودی ئەو دەزگایە و کەسایەتی سەرۆک ھێندەی ڕەخنەیەکی جدییە بۆ گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، کە شەقامی کوردی تا ئاستێکی زۆر بەرز و ترسناک بێ ھیوا بووە  لەو گۆڕانکارییە و ڕێژەی بەشدارینەکردنی دەنگدەرانی دواین ھەڵبژاردن گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن.

لێرەوە گرنگە خاڵ لەسەر ھۆکاری نەبوونی گۆڕانکاری لە حکومڕانی ٢٨ ساڵەی ھەرێمی کوردستاندا دابنرێ، کە ئەوێیش بۆ جۆری پێکھاتەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان دەگەڕێتەوە کە لە کۆی کابینە حکومییە جیاجیاکاندا گۆڕانکارییەکان ھەر چۆنێک بووبێت و کارنامەی حکومەتەکە ھەرچییەک بووبێت و سەرۆکی حکومەتەکە ھەر کەسێک بووبێ،  نەبۆتە ئاڕاستەیەک بۆ گۆڕانکاری، کە ھۆکاری ئەو کارەش تەنھا بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھاوبەش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە ھیچ کاتێک ڕێژە و ژمارەی وەزیرو بوونی سەرۆکی حکومەت لە ھەرلایەکیان بووبێ نەبۆتە ھۆکارێک بۆ گۆڕانکاری، ھێندەی ھۆکارێک بووە بۆ دووبارە کردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو.

بۆیە لێرە بەدواوە ئەبێ جۆری داوای شەقام بگۆڕدرێ و خواستەکەی ساڵی ١٩٩٢ی کاک نەوشیروان مستەفا جێبەجێ بکرێ کە ئەویش پێکنەھێنانی حکومەتی ھاوبەشی نێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)ە، بەو واتایەی کە ھەر کاتێک یەکێک لەو دوو حیزبە براوەی ھەڵبژاردن بێت ڕاستەوخۆ حیزبەکەی تریان بوێرانە و دیموکراتیخوازانە ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ وەک نەریتێکی باو لە وڵاتانی پەیڕەوکەری دیموکراتی ڕاستەقینە.

ئاخر نمونەیەکی زۆر ناوازەیە کەھەمیشە دوو حیزبی ڕکابەرو یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردن بەبێ یەکتر حکومەت پێکنەھێنن و لە ٢٨ ساڵ حکومڕانی شکستخواردووی ھاوبەشیاندا  تێکنەچوونی شیرازەی کۆمەڵگەو زەرورەتی بوونیان لە حکومەتدا بۆ پاراستنی ئەو شیرازەیە بگێڕنەوە، کە ڕاستیەکەی پشتی ئەو پێکھێنانی حکومەتە ھاوبەشە بەرژەوەندی ھاوبەشی جووت حیزبەکەیە، نەک ھیچ شتێکیتر.

ھەنگاوی یەکەمی ھەر گۆڕانکارییەک لە ھەرێمی کوردستانا بە بوێری و قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن یەکێک لەو دوو حیزبەوە دەستپێدەکات کە ئەویش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، کە ئەو دوو حیزبە بەھۆی بوونی ھێزی چەکداری حیزبیەوە ھەرێمی کوردستانیان دابەشی دوو زۆنی جوگرافی دابڕو لەیەک کردووە و ھیچ یەکێکیان بەبێ بوونی ئەویتریان لە حکومەتدا ناتوانێ باڵا دەستبێ لە کۆی ھەرێمدا، بەڵکو تەنھا دەتوانێ حوکمی ئەو ناوچە جوگرافییە بکات کە خۆی بەھێزی چەکداری حیزبی بۆ خۆی پچڕیووە.

لەبری داوایەکی بێ سودو ڕەخنەیەکی جێنەگر باشترە لە ئێستەوە کار بۆ ئەوە بکرێ کە میساقی شەرەف بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕکرێتەوە کە ئەم حکومەتە خیتامی نەریتە خراپەکەی ٢٨ ساڵ لە پێکھێنانی حکومەتی ھاوبەش بێت لە نێوان ئەو دوو جووت حیزبەدا و لێرە بەدواوە بەڵێنیان لێ وەرگیرێ دان بەئەنجامی و ھەڵبژاردن بنێن و کاریشی پێبکەن و زۆرینەی دەنگ لای کامیانبێت حکومەت پێکبھێنێت و ئەوتریشیان ڕاستەوخۆ ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ، خۆ ئەگەرچی ھەندێک جار لە پلەی سێیەم و جورامیشدابن بەڵام ھەردێن خۆیان بەیەکەم و دووەم دەسەپێنن کە ئەمەش ڕوویەکی تری ناشرینی ئەوانە.

خۆ ئەگەر وابکەن چرۆی حوکمێکی ڕاستەقینەی پشبەستوو بە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەپشکوێ و ھەرێمێکی یەک پارچە و خەڵکێکی تێکەڵتر لە ئێستا و کۆمەڵگەیەکی یەک ھەڵوێست و یەک ڕەنگ و یەک ئاڵا بوونی ئەبێت و دێگەڵەش ئەبێ بە مێژوو.

کەوابێ سەرۆکی ھەرێم خوێنەواربێ یان نەخوێنەوار بە تۆ چی؟!