سەردێڕ:

مخۆرکەی ناوخۆ ٣

7/11/2020 1:39:42 PM
5951 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

پێویست بوو حیزبە کوردییەکان لە دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشانیش حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک شۆڕشی گەلێکی ژێردەستەکراو ماف زەوتکراو لە ھەموو ھەل و مەرجێکدا کار و کرداری بە ئاڕاستەی بەدیھێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی چینە زەحمەتکێش و خەڵکانی تینوی ئازادی و سەربەخۆدا بووایە.

ھەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە ھەنگاونانی لێبڕاوانە و بنەڕەتییانە لە لادێ و شارەکانی کوردستاندا زۆر پیویست بوو، جێبەجێ کردنی یاسای چارەسەرکردنی کشتوکاڵ و کێشەی زەوی و زار ئەبوایە یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانی حکومەت بووایە، چونکوم حکومەتەکانی عێراق وە بەتایبەتیش بەعسییەکان بە ڕاوگواستنەوەی لادێکان بۆ ناو شار و ئەنفال کردنیان توانیان کە خەڵکی لادێکان لە بەرھەمھێنێکی چالاکەوە بگۆڕێ بۆ بەرخۆرێکی ماندوو.

کارنەکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و ھاوکاری نەکردنی حکومەت لە گەڕانەوەی خەڵکە ئەنفال و ڕاگوێزراوەکان و ساز نەکردن و تەیار نەکردنی ئەو خەڵکە زۆرە لە بەرژەوەندی ئابوری ھەرێم یەکیکە لەھەرە ھەلە ستراتیجییەکانی ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ کە ئێستا خەڵک و حکومەت باجەکەی ئەیەن.

ھەر کۆمەڵگەیەک لادێ و گوند نشینی نەمێنێ، ئەوا بەشێک لە کلتوری و بۆماوەیی و داب و نەریتە ڕەسەنەکانی ئەفەوتێ و بەشێکی ھەرە گەنگی کۆڵەکەی ئابوری و پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی لەدەست ئەیات.

بێئاگای و گوێنەدانە توانا و بەھرە ناوخۆییەکان، یەکێکیترە لە ھەڵەکانی دوای ڕاپەڕین، بەجۆرێک ھەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە زۆرترین و بەھرەی ناوخۆی وڵات ئاوارەی وڵاتە جیاجیاکانی جیھان بوون، چونکوم نە حیزب نە حکومەت ھیچ بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ برەودان بەو توانا ناخۆییانە بەسودی وڵات و کۆمەڵگە.

خێزان و کۆمەڵگە و حکومەت و وڵات وزەیەکی زۆر و ماندووبوون و داھاتێکی زۆر ئەبەخشن تا نەوەیەک بێتە بەرھەم، نەوەی تازە پێگەیشتووش ھەنگاو بە ھەنگاو کۆی کۆڵەکەکانی خێزان و کۆمەڵگە و وڵات بەڕێوەبردن ئەگرێتە ئەستۆ و کۆی تواناکانی ئەخاتە خزمەت وڵات، بەڵام کاتێ حکومەتێکی بێئاگا و خەم سارد گرنگی بەو توانا ناوخۆییە نەیات کە ساڵانێک پاش ماندووبوون ھاتونەتە بەرھەم و ھەلی کاری گونجاو ژیانێکی شایستە و شکۆی دەستبەر نەکات و سەرەنجام وڵات بەجێبھێڵن و ئیتر وڵات گرنگترین سامانی مرۆی خۆی لەدەست ئەیات و پاشھاتێکی نەخوازراو لە سەرجەم کایەکانی بەڕێوەبردندا بەڕوونی ھەستی پێئەکرێ.

گرنگیدان بە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و شوێنی نیشتەجێی بەرپرسە باڵاکان و لەبیرکردنی ھەندێ ناوچەی تر، ھەڵەیەکی خۆکرد و بەرنامەی حیزبی و جێبەجێکاری حکومەتە، بەجۆرێک شارێکی گەورە و ئاوەدانی وەک سلێمانی کە پێش ڕاپەڕین پاکترین و خاوێنترین شاری عێراق بوو، مەخابن لە دوای ڕاپەڕینەوە کەمترین خزمەتگوزاری تیاکراوە و ھیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی ئەوتۆی تیانەکراوە کە شایانی باسکردنبێت و بگرە شەقامی سەد مەتریشی پێڕەوا نابینرێ و ئەم حکومەت بە حکومەتی ئەسپێرێ.

پشتگوێ خستنی ناوچەیەک و گرنگیدان بە ناوچەیەکی تر ناتەبایی و ڕقی لێدێتە بەرھەم و پێچەوانەکەشی ئاشتی و تەبای.

دروستنەکردنی شەقامی دوو سایدی و نەبەستنەوەی شار و گوند و شاخ بەیەکەوە ھۆکارێکە کە خەڵکی ناوچە دوورە دەستەکان ڕوو لە شار بکەن و نەگەڕێنەوە، شاریش لە بری بەرھەمی ناوخۆی ئەو ناوچانە پشت بە ھاوردە و خۆراک و پۆشاکی ئەودیووی سنورەکان ببەستێ.

لێنەپرسینەوە لە چۆنیەتی سەرفکردنی پارەی پرۆژەکان، کەمتەرخەمی و بگرە ئاسانکاریش بۆ بەڵێندەرەکان لە چۆنییەتی سەرفکردنی پارەی پرۆژە و چۆنایەتی کارەکانیان و لەوێشەوە بۆ گیرفانی بەرپرسەکان، یەکێکیترە لە ھەڵە و مخۆرکەی ناوخۆیی. 

ئاخر لە چ وڵاتێکی تری دنیادا ھێندەی ھەرێمی کوردستان بەرپرسی حیزبی بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و نەخۆشخانە و کارگە و ھاوردەکەری شمەکی بیانی و ھەناردەکەری پارەی وڵاتی بۆ بانکەکانی دەرەوەی وڵات تیایە؟

خستنەبەردەستی کەرتی گشتی بە "کەرتی تایبەت"، بەڵام کەرتی تایبەت بەواتا ناسراوە جیھانییەکەی نا بەڵکو کەرتێکی تایبەتی زۆر تایبەت و جیاواز لە ھەموو ئەو ھێما و خەسڵەتانەی کە ئەو کەرتەی پێئەناسرێتەوە، کە ئەکرێ بە "کەرتی تایبەتی حیزب و بەرپرس و خێزانی سیاسی" ناوزەندبکرێ.

"کەرتی تایبەتی حیزب و بەرپرس و خێزانی سیاسی" بۆتە مشەخۆر و گەنەی وڵات، ئەمانە ھەرچی تەندەر و بازرگانی و ھاوردە ھەیە بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان سپاردووە و ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیشیان تووشی ئیفلیجی و فەوتان کردووە ، بەڵکو ئەگەر لێرە و لەوێش ھەندێک ھەوڵی بازرگانی و پێشەسازیش ھەبێ ئەوا ئەمان بوونەتە "دەرەبەگ بەش"ی ھەموو بازرگانەکان و بۆ ڕێگەدان بەکارکردنیان ئەبێ بەشی ھەرە گەورەی قازانج بۆ ئەمانبێت، ئەوەش وائەکات بازرگان و مقاول و پیشەسازکار گرنگی بە کوالێتی نەدا تا ئەویش بڕێک قازانج بکات، سەرنجامیش خەڵکی باجەکەی ئەیات ھەم لە خراپی کوالێتی  و ھەم لە گرانی شمەکیش.

کۆنترۆڵ کردن و حکومکردنی ھەرێم بۆ دوو ناوچەی جوگرافی لەلایەن دوو حیزبەوە. کۆنترۆڵ کردنی ھەندێ ناوچەی ناو ئەو دوو جوگرافیە دابەشکراوەش لەلایەن بەرپرس و مەکتەب سیاسی و عەسکەرییەکانی ئەو دوو حیزبەوە، بەجۆرێک ئەو بەرپرسانە نەک ھەر حساب و بۆ یاسا و ڕێسا و حکومەت و حکومداری مەدەنی ناکەن، بەڵکو لەناو خودی حیزبەکەی خۆشیاندا کەس ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە و بگرە ھەندێک لەو بەرپرسانە ھەر بەھۆی دەستەبەسەراگرتنی ئەو ناوچانەوە لە حیزبدا ھێڵراونەتەوە و خودی حیزبیش ناوێرێ ھیچیان بەرامبەر بکات لە ترسی لەدەستدانی ئەو ناوچانە، کە نەوەکو ئەو بەرپرسانە زویربن و خۆیان ڕادەستی حیزبەکەی ئەولابکەن و بەوجۆرەش حیزبەکە ناوچەیەکی جوگرافی بە خەڵک و خاکەوە لەدەستبدات!

ئەم دیاردە ناشرین و نامەدەنییەش بۆتە ھۆکاری دروست بوونی چەندین پێشێلکاری یاسایی، کە دەسەڵاتی حکومەت بەمەرجی بەرپرس و خواستی ئەو حوکمڕانە حیزبی و عەشایەریانە تێدا جێبەجێبکرێ، ئەمەش ھۆکارێکە کە بۆتە لەمپەڕ بۆ یەکسانی و دادپەروەری و حکومڕانی مەدەنی و مەشروع غایب و چەپەک بێت.

جیاوازی چینایەتی زۆر لەنێوان بەرپرسە حیزبی و بازرگانە سیاسیەکان و سەرمایەدارانی بنەماڵە و کەسە نزیک و گوێڕایەڵەکانیان و خەڵکی ئاساییدا بە شێوەیەکی ترسناک دروست بووە. 

چینی یەکەم زۆربەیان ئەوانە بوون کە لە سەردەمی شاخدا تەنھا پۆشاکێکی خاکی و چەکێکی سادە بە شانیانەوە بوو، دوای ھاتنەخوارەوەیان بۆ ناو شار لە ئێستادا پۆشاکەکانیان باشترین براندی جیھانی و خورادنەکانیان ھەمە جۆرو ماڵ و ئۆتۆمبیلەکانیان ھای کڵاس و پارەی گیرفانیان ھێندەی بانکێک لەخۆئەگرێ. مەخابن چینی دووەمیش شکۆی بە جۆرێک بریندار و شکێنراوە کە بە ئاشکرا ئەگری ھاواری ئازاری برسێتی سکی ئەکات.

ئێستا ھەم حیزب و ھەم حکومەتیش پاڵپشتی و متمانەی زۆرینەی خەڵکی لە دەستداوە و گومانیش ئەکرێت کە کۆتاییان ھەر لەسەر دەستی ھەمان ئەو خەڵکەبێ کە بەدەستی خۆیان سەریانخستن و کردیانن بەسەردار و سەروەر، بەڵام ئاماژەکان بۆ کۆتاڕێ و چیرۆکەکانی مێژوو ئەگێڕنەوە، کە ئەگەر ئەو بەرپرسە نا بەرپرسانە چاک و پاک نەبن دوور نییە ھەر ھەمان خەڵک بیانکەن بە لاشەیەکی بێ سەر.