سەردێڕ:

کیم ئین جونیش گەنجە

5/20/2020 8:54:27 PM
7303 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

واباوە کە کاتێ گەنج بگەنە دەسەڵات ئیتر ھەندێ گۆڕانکاری و چاکسازی ڕووبات لە بەرژەوەندی خەڵکی، چونکە گەنجان زیاتر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ئەبن و زیاتر لە خواستەکانیان تێئەگەن.

بەڵام ئایا ئەم ھاوکێشەیە ڕاستە؟

لە ھەرێم ئێستا چەن گەنجێک دەسەڵاتداری وڵاتن، لە زۆنی زەرد یەکێکیان سەرۆکی حکومەتە و کوڕی سەرۆکی حیزبیشە واتا کەسی یەکەمی حیزبیشە و جێگرەوەی باوکێتی، ئەویتریشیان سەرۆکی ھەرێمە و جێگری سەرۆکی پارتیشە.

لەزۆنی سەوز دوو براو ئامۆزایەک، ھاوسەرۆکانی ی.ن.ک، یەکێکیان برازای سکرتێری گشتی کۆچکردووی حیزبرکەیە سەرۆکی دەزگای زانیاری حیزبەکەشە، ئەویتریشیان کوڕی سکرتێری گشتییە و کۆی پارە و موڵکی ھەم حیزب و ھەم ناوچەی سەوز لەژێر دەستی ئەوایە و ھەروەک چۆن سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆریشە بەو واتایایەی کەسی یەکەمی حیزبن و خاوەنی بڕیارە گرنگەکانیشین، سێیەمیشیان ھەر کوڕی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو وە یەکەم و دوایین سکرتێری ی.ن.ک جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆکی حکومەت و دەسەڵاتداری ئیداری یەکەمی زۆنی سەوزە.

بە ھاوکێشەی تەمەن ئەمانە خەڵکانی گەنجن و ئەبێ بیرفراوانتر و دیموکراسیتریشبن، بەڵام لایەنی کەم سیان لەم گەنجانە  خەڵکانی مەدەنی نین، بەڵکو خەڵکێکی ئەمنی و دەزگا سیخوڕییەکانن و ئاتۆماتیکی بڕیارەکانیشیان بڕیاری توندوتیژ و ئەمنی و سەربازی ئەبێ و چارەسەر لەلایەن بەھێز و دەسەڵاتە نەک بیروڕای ئازاد و کەشی دیموکراسی ئەگەرچی خۆشیان واپشانبەن.

بە ووردبینی و تەماشاکردنێک ئەبینی ئەو کەسانەی لە چواردوەری خۆیان کۆیان کردوونەتەوە خەڵکانی دەزگا سیخوڕی و ئاسایشتن ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشێی دیموکراسی و حوکمڕانی مەدەنی و لە دایک بوونی خێزانی دیکتاتۆری و بنەماڵەی دەسەڵاتدارو سەرکوتکەر.

خۆ ئەگەر بەراوردێک بکرێ لە نێوان سەرکردە و دەسەڵاتداری گەنج و تەمەن ھەڵکشاوا ئەوا بە ڕوونی دەرەکەوێ کە تەمەن تەنھا ژمارەیە و ئەوە بیر و گۆش و دنیابینی خودە کە بڕیار لەسەر چ جۆرە حکوومڕانییەک ئەیات.

 لە ئێستایا دیارترین سەرۆک و دەسەڵاتداری گەنج لە جیھانا "کیم جون ئون"ی  ٣٦ ساڵە، سەرۆک یان دیکتاتۆری کۆریای باکور، کە بیرکردنەوە و مێشکی ھینی سەردەمانی باپیرێتی و کاتێ پێئەکەنێ ئەبێ ئەوەی لە چورادەورێتی پێبکەنێ ئەگەرنا سزای مردنی بەسەرا ئەسەپێنرێ و ئەمە بۆ کاتی گریانیشی ھەر ڕاستە.

ھەر لەم ئان و زەمانەیا چەن گەنجێکی تریش دەسەڵاتی یەکەمی وڵاتەکەیانن بۆ نمونە "ئیمانوێل ماکرۆن" ٤٢ ساڵ سەرۆکی فەرەنسا، "جاستن ترۆدۆ" ٤٩ ساڵ،  خاتوو"سانا مارین" ٣٤ ساڵ سەرۆک وەزیرانی فنلەندا،  خاتوو "جاسیندا ئاردێرن" ٤٠ ساڵ سەرۆک وەزیرانی نیوزلەند کە ئەمانە تەمەنیان لە نێوان گەنج و مامناوەدایە و ھەریەکەیان پەیڕەوی حکومڕانییەکی بەناو ناوەرۆک دیموکراسی ئەکەن و خۆشگوزەرانی خۆیان لەگەڵ گەلاکانیانا گرێیاوە.

"ئەنجێلا مارکێل" ٦٦ ساڵ و  ڕاوێژکار یان سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، خاتوونێکی تەمەن ھەڵکشاو کە پەیڕەوی باشترین سیستمی شەفاف و دیموکراسی ئەکات لە بەرامبەریشا "ڕەجەب تەییب ئەردۆگان" ٦٦ساڵ کە یەکێکە لە تاکڕەوترین و نمونەی ناشرینترین حکومی دیکتاتۆری ئەکا لەسەر ئاستی جیھان،
 "دۆنالد ترەمپ" ٧٣ ساڵ سەرۆکی ئەمریکا کە ئەمیان گەر سیستمە تۆکمە و دیموکراتییەکەی ئەمریکا نەبووایە ئەوا ھیچ پێشبیینیەک ناکرێ چ کارێکی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتە و جیھانیش ئەھێنا.

لابردنی پارێزبەندی ھاوشێوەی نەخشەی ئۆردوغانە بۆ زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرداش و ھاورێیانی، مێشک بەساڵاچوویەک و بیر پیرێکی وەک ئەردۆغان، سەڵاحەدین دەمیرتاش زیندانی ئەکات تەنھا لەبەرئەوەی دڵنیایە لە ڕکابەرییەکی یەکسان و دادپەروەرانەیا ناتوانێ بەرگەی بیرگەنجی و لاومێشکی دەمیرتاش بگرێ، لە ھەرێمی کوردستانیش پارێزبەندی لائەبرێ کاتێک ئەندام پەرلەمان گەندەڵی دزینی سامانی وڵات کەشف ئەکات ھەروەک چۆن مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی لە دھۆک لەژێر سایەی دەسەڵاتی دوو گەنجی حوکمدارا ئەدرێنە بەر شەق و زیندانی ئەکرێن تەنھا لەبەر ئەوەی داوای کەمترین ماف ئەکەن کە مووچەکانیانە.

جیاوازییەکی گەورە ھەیە کاتێک گەنجێک بە تێکۆشان و کارامەیی و سەلماندی تواناکانی بگاتە دەسەڵاتە یەکەمینەکانی حیزب یان حکومەت، گەشتن بە دەسەڵات لەڕێی توانای خودەوە لایەنی کەم دڵنیای ئەوە ئەیات کە کەسێکی بەتوانایە و چاوڕوانی گۆڕنکاری و باشترکردنی کارەکانی لێئەکرێ، بەڵام کاتێک ھەر کەسێک جا تەمەن ھەڵکشاوبێ یان گەنج کە لە ڕێی باوک و بنەماڵە و پشتاوپشتەوە یەتە پێشەوە و ئەبێ بە کەسە یەکەمیینەکانی حیزب و حکومەت ئیتر ناتوانراێ ھیوای لەسەر ھەڵچنرێ، چونکە بە جۆرێک گۆشکراوە کە لە ھەوڵی قۆرغکاری دەسەڵاتدابێ تا تەمەن یاوەری بێت و پاشانیش تەسلیم بە کوڕ و کەسە نزییەکانی بکات.

ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەش ناتوانرێ چاوڕوانی دیموکراتی و حوکمی ڕەشید لەو گەنجانە بکرێ کە لە ئێستایا لە ڕێی باوک و مامیانەوە بوونەتە کەس و دەسەڵاتی یەکەمی حیزب و حکومەتیش، لەوەش زیاتر لە  ئەنجامی ئەو ھێزە ئەمنی و توانا مادییە زۆرەی کە پێوەی ماندوو نەبوون لەژێر دەستیانایە ھەموو جوڵەیەک بە خەتەر بۆ سەر دەسەڵات و سامانە سەرچاوە نادیارەکانیان ئەزانن بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی ئەبنەوانێ و توانای فکرییان لە چوراچێوەی ھێز تێپەڕناکا.