سەردێڕ:

کۆڤید ١٩ لە فەتوا تێناگات

3/11/2020 11:35:58 AM
12734 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

مرۆڤ تاکە ھەڵسوڕێنەور و بەکاربەری گەردوونە تاکو ئێستا کە زانست و گەردووناسەکان ھیچی شتێکیان نەدۆزیوەتەوە ھاوشێوەی مرۆڤ تەنانەت ھیچ جۆرە بوونەوەرێکیش، ھەر بۆیە مرۆڤ گرنگترین بونەوەری ھەسارەی زەوی و گەردوونیشە،  بەبێ مرۆڤ گەردوون بەرھەمێکی بێ بەکاربەر دەمێنێتەوە، کەواتە پارێزگاری کردن لە مرۆڤ و ژیانی و تەندروستی گرنگترین پێویستیەکانی ژیانە.

بەھەر ھۆکارێک بێت ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دوژمنێکی کوشندە و نەناسراو دەبێتەوە، دوژمنێک نەبەچاو دەبینرێت و بە بۆن و ھەستیشی پێدەکرێت. کۆرۆنا یان کۆڤید ١٩ کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەسی بەبێ دەنگی کوشتووە نابێت بە کەم تەماشاکرێت ھەروەک چۆن ناشبێت لە خۆی زیاتر گەورە بکرێت و خەڵکی پێ بترسێنرێت.

ئەم پەتایە پەتایەکی وەرزی نیە تا شارەزاییت لەبارەیەوە ھەبێت، بەڵکو ھێندە نامۆیە تا ئێستا چارەسەرێک یان دژە کوتانێکیش بوونی نیە بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی، بەھەرحاڵ ئەمەیان بابەتی ئێمە نیە، بەڵکو ئەوەی جێگەی تێڕامانە تیشکی دەخەینە سەر.

حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە چەند ڕێگایەکی گرتووەتەبەر کە ھەندێکیان زۆر باش و گرنگن، وە ھەندێکیشیان زیادەڕۆیی تیا کراوە، وە ھەندێک ڕێگای تریش ھەن کە نەگیراوەتەبەر کە لەوانەیە ئەمەیان بەھۆی ناناسینی ڤایرۆسەکەوە بێت و وە لە کۆی دنیاشدا جارێ ھەروایە، بەڵام بەکۆی گشتی ئەوەی دەبینرێت حکومەت لە ھەوڵدایە بۆ سنوردار کردنی ئەم پەتایە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری.

یاسا لە ھەر وڵاتێک بۆ ھەر کەسێک و بۆ ھەر ئاینێک و ھەر گروپێک جیاوازی ناکات و دەبێت بەسەر ھەموو لایەکدا جێبەجێ بکرێت، بۆیە کاتێک حکومەت بڕیارێک دەرەکات گرنگە ھەموو لایەک وەک خۆی جێبەجێبکات ئەگەرچەند تێبینیش لەسەری ھەبێت، بەڵام بۆ یاسا دەوترێت (نفژ پم ناقش) واتە جێبەجێی بکە پاشان گفتوگۆی بکە.

نەدەبوو ھەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە حکومەت کەمتەرخەمی بکات و ڕێگەبات کە ھیچ لایەنێک جگە لە بڵاوکراوە ڕێنماییەکانی حکومەت ھیچ بۆچوونێک و ڕێنماییەکی جیاواز بڵاوکاتەوە، تا نەبێتە ھۆکاری دوو دڵی و دڵەڕاوکێی خەڵکی لەکاتێکدا متمانە بوون بە  دەسەڵات لای خەڵکی تا ئاستێکی باش لاوازە.

ئەوەی جێگای سەرنج و ھەڵوێستەیە ئەو فەتوایە بوو کە "لیژنەی فەتوای ھەرێم" بڵاویکردەوە کە تەواو پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆی دنیا بوون لە ناویشیاندا ئەزھەر و دەسەتەی باڵای گەورە باڵایانی زانایانی سعودیە و دەسەڵاتدارانی ئێران کە تەمسیلی مەزھەبی شیعەی دنیا دەکەن وە عەلی سستانی کە بە گەورە مەرجەعی شیعە دادەنرێت.

تا ئێستا نەبینراوە ھیچ کڵێسەیەک پێچەوانەی پاپا و فاتیکان ڕێنماییەک دەربکەن کە ببێتە ھۆکاری دوو دڵی باوەڕداران.

کۆی جیھان بە تەواوی ڕێکخراو حکومەت و دەزگا و ئاین و  ئاینزا و دەزگا تەندروستییەکانەوە لەسەر ئەوە ئەوە کۆکن کە کۆڕ و کۆبوونەوە نەکرێت و دوورکەوتنەوە لە ھەموو ئەو  شوێنانەی دەبێتە جێگایەک بۆ کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لە ناویشیاندا داخستنی کەعبە و ڕێگرتن لە چوون بۆ مزگەوتی پێغەمبەر (مسجد النبوی) کە بە یەکێک لە بەھەشتەکانی بەھەشت ناویھێنراوە،  لەوەش گرنگتر ڕاگرتنی عەمرە کە ئەمەیان نەک درێژکراوەیەکی ئاینی ھەیە، بەڵکو دەبێتە ھۆکاری زەرەرێکی زۆر لە ئابوری سعودیەش، کەچی لیژنەی فەتوای ھەرێم زۆر نابەرپرسانە داوا لە خەڵکی دەکات بەردەوامبن لە چوون بۆ مزگەوت و لەناویشیاندا نوێژی ھەینی کە دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کە دووریان لەیەک لە چەند سانتیمەرێک تێناپەڕێت، بە ھۆکاری ئەوەی ناکرێت نوێژ و نزا و خوداپەرستی لەناو مزگەوتەکاندا نەکرێت وەک ئەوەی خواوەند تەنھا لەمزگەوتدا ھەبێت! کە دەکرێت ئەم فەتوا نابەرپرسانەیە ببێتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو خەڵکیدا تا ئاستێک لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

"ولا تقتلوا ڕنفسکم إن اللە کان بکم رحیما"، "ولا تلقوا بایدیکم الی تھلکە"، ئەمە دوو نمونە کە داوا لە مرۆڤەکان دەکرێت خۆیان بپارێزن و خۆشیان نەخەتە ھەڵدێر و ماندووبوونەوە، کە ئەمەش سەرچاوەیەکە بۆ شەریعە کە ھەر خودی شەریعە بۆ خۆپارێزی ھاتووە واتە خۆپاراستن لەھەر ھۆکارێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ و ئازار بکاتەوە، ئیتر کە ئەمە شەریعەو دەقە ئاسمانیەکان بێت، چۆن دەکرێت لیژنەی فەتوا ھانی خەڵکی بدات بەوەی کە ئەگەر بەو ڤایرۆسە بمرن "شەھیدن"!

(یا ڕیھا الژین آمنوا ڕگیعوا اللە وڕگیعوا الرسول وڕولی الڕمر منکم)  خۆ ئەگەر ئەوانە ئیمانداربن بەڕاستی ئەوا ھەر بەپێی دەقە ئاسمانییەکان دەبوو گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی حکومەت بوونایە، چونکە گویڕایەڵی ئەوان بۆ فەرمانڕەوا بابەتێکی جیاوازترە و فەرمانیان پێکراوە کە ملکەچ و گوێڕایەڵ بن.

ھەڵبەتە تا ئاستێک ناھەقی لیژنەی فەتوا ناگیرێت، چونکە دیندارەکان وە بەتایبەتی موسوڵمانان زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لێکدانەوە بۆ دەقە ئاسمانییەکان دەکەن ھەر کەسەو بەکەیفی خۆی بەبەری خۆیدا دەیدورێت و لەوەش سەیرتر چەندین ئایەت بە چەندین لێکدانەوەی جیاوازەوە دەدەن بەگوێی باوەڕداراندا.

ھەرچۆنێک بێت گرنگە حکومەت لێرەوە ڕژدتربێت لەسەر ئەوەی کە ڕێگە بە ھیچ کەسێک نەدات دەست بخاتە کارەکانیەوە بە تایبەت لە بابەتێکی ئاوا ھەستیاردا کە گیانی ھەزاران ھاوڵاتی دەخاتە مەترسییەوە، ئاخر ئەگەر ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە دەستی حزب و مەکتەب سیاسیەکان و خەڵکانی باڵا دەستی لە حکومەت دورخستایەتەوە ئەوا ئێستا لیژنەی فەتواش ڕێگەی بەخۆی نەدەدا کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حکومەت شتێکیتری ھەبێت بۆ وتن.

ئەوەی جێگای نیگەرانیە بە پلەی دووەم میدیایە کە سەرەتا زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەیا دەکرد بە خەڵک ترساندن، بەڵام ھەرچەندە ئێستا تا ئاستێک بەرپرسانەتر مامەڵە دەکەن، بەڵام بەھەر ھۆکارێک بێت ھەندێ لەو میدیایانە بەردەوامن لە ھەندێ جۆری بڵاوکردنەوە و ڕووماڵ کردن کە نابێت ڕێگەی پێبدرێت، جا لە ڕێگەی دەزگاکانی حکومەتەوە بێت یان لەڕێی ویژدان و ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی ئەو دەزگا مییدیایانەوە بێت، خۆ ئەگەر لە دووەمیانەوە بێت زۆر باشترە.