سەردێڕ:

خەمێکی سارد بۆ جەنگێکی گەرم

10/26/2019 1:52:54 PM
4239 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ خاکەدابەشکراوەکەت لە نێوان دوو داگیرکەرا دووبارە دابەش ئەکرێتەوە، ھەناسەیەکی ئارامی ھەڵکێشی و بڵێی سەرکەوتین!
خەم ساردی میلەتێک لەوەدایە کاتێ کۆمەڵکوژ و بێ کەسکوژ ئەکرێ چاوەڕێ بکەی میلەتانی تر و خەڵکانی بێگانە بەھاناتەوە بێن و ڕاکێشانی سۆز باشترین چەکی بەرگریت بێت.
خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ دوژمن بە ئاشکرا و بێ پەردە باس لە گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێک لە خاکی کوردستان دەکا بە جێگیرکردنی نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە خەڵکانی توندڕەو بەڵام سەرکردەکانی کورد ئامادەنین پێکەوە دانیشن.
خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ بۆ لێکدابڕانی سێ بەشی خاکی کوردستان دوژمن پلانی دروست کردنی چەند ھەرێمێکی داناوە کە پاشتر وەک وڵاتێک بناسرێ تا نەمانی پەیوەندی و لێکدابڕان لە نێوان کوردەکانی سێ پارچەیا ببێ بە بەربەست و  کزبوون و نەمانی ھەستی یەک نەتەوەو یەک خاک، کەچی سەرۆکی کۆی حیزبە کوردییەکان لە ناویشیانا سەرۆکی ھەرێم و داو دەزگا فەرمیەکان ئامادەنەبن ئەو پرسە بگەیەنە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەم پرسە پرسێکی گشتگیرەو لێکتێگەشتنێکی فراوانیشی لەسەر ئاستی دنیا بۆ دروست بووە و تەنھا جوڵەی کوردی پێویستە!
خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کە ھیچ کۆمپانیا و  بازرگانێک ئامادەنەبێ و دەست لەبەرژەوەندییە تایبەتیەکانی ھەڵگرێ و ببێتە پێشەنگ بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی و گەڕان بەدوای جێگرەویا و ھاندانی خەڵک بۆی.
خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە جارێ داگیرکاریەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ترۆپکایە بەڵام ھەندێ کەناڵ و مێدیاکارو ئەندام پەرلەمان و لە بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسانێکی گرێدراو جا لە ڕێی ئابوری و بەرژەوەندی مادی یان لەڕێی جاشایەتی و سیخوڕی کردن بۆ دوژمن، یان نەزانانە و تەنیا لەبەر ئەوەی لەڕێی بازرگانی کردن لەگەڵ دوژمن و کۆمپانیا سیخوڕیەکانەوە داھاتێکی مفت و سامانێکی بێ شومار پێکەوە ئەنێن، خەڵکی ساردئەکەنەوە لەوەی کە (بایکۆت کردن)ی کاڵای تورکی نەک سودی نیە بەڵکو بەزەرەری خۆشمان ئەشکێتەوە، لە کاتێکا پێچەوانەکەی ڕاستە و بۆ یەکەم جارە کە کۆی کورد نەک یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بگرە یەک کرداریش پێکەوە ھەنگاوێکی پێکەوەی بەرەو سەرکەوتنێکی ئاست بەرزو زیرەکانە ئەنێن و زۆربەی ھۆشمەند و ئابوری ناسانی جیھانیش تەئکید لەسەر گرنگی کارێکی وا پێکەوەی ئەکەنەوەو دڵنیای ئەیەن کە تێکشانێکی زۆر ڕووبەڕوی ئابوری تورکیا و دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان و سەرکەوتنێکی مەزنی بێ خوێن ڕشتنی بەدواوە ئەبێ بەمەرجێک بایکۆتەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێت ئەوا بەرەنجامێکی مەودا درێژی ئەبێ.
بایکۆت کردن چەندین سودی تری ھەیە، یەکێک لەوانە دابەزینی نرخی کاڵاکان بەجۆرێک کۆمپانیا تورکەکان ناچارئەبن کە نرخ زۆر دابەزێنن تا بازاڕی نوێ بۆ کاڵاکانیان بدۆزنەوەو بەو جۆرەش ڕکابەرێتی لە نێوان کۆی کۆمپانیا ناوخۆی و جیھانی و دراوسێکانا دروست ئەبێ و سەرەنجامی ئەمەش لە بەرژەوەندی کڕیارو ھاوڵاتیە.
بایکۆت وا لەھەر وڵاتێک یان کۆمپانیایەک ئەکا کە پێداچوونەوە بە ڕابردویا بکاو بگەڕێ بەدوای ھەڵەکانیا و سەرکێشی نەکا و کارێک نەکا کە کڕیار سزای بات.
خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کە دین پێش نەتەوە بخات و  ھەر کاتێ سەرکردەیەکی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی و زانایەکی ئاینی وێنەی عەلی قەراغی تیا ھەڵکەوێ لەبری سود بۆ نەتەوە بە پێچەوانەوە نەتەوە بکەن بەخۆراکی دین. ئاخر کە کورد تا ئێستاش سەرزەنشتی سەلاحەدین ئەکا  و گازندەی لێی ھەیە بەڵام ھیچی لەگەڵ ڕابردووا بۆ ناکرێ، بەڵام خۆ لە ئێستایا ئەتوانێ کورد بوون لە عەلی قەراغی وەرگرێتەوەو ھەروەک چۆن بە ڕەگەزنامەی قەتەرییەوە سەردانی وڵاتانی دنیا ئەکا و شین بۆ موسڵمانانی بۆرما و فەلەستین عەرەبی و نزا بۆ سەرکەوتنی ڕابەری توندڕەوی دژ بە کورد ئەردۆغان ئەکا  ھەرواش ئەکرێ ھاوشێوەی کاڵای تورکی بایکۆتی ئەو کەسایەتیە بێ کەڵکە بۆ کورد ئەژمارکراوەی سەر کورد بکات و ھیچ مێدیا و لایەنێک و کەسایەتیەک پێشوازی لێنەکات.
خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە خۆت دار بەیتە دەستی دوژمن تا بیکێشی بەسەرتا، ئاخر زۆربەی مێدیای کوردی وەک پیاھەڵدانێ بۆ فەرماندە مەزڵوم کۆبانی (فەرھاد شاھین عەبدی) چەندین جار مێژووی ژیانی ئەو فەرماندەیەیان لەسەر سینیەکی زیوی ئەخەنە بەردەست نەیار و دوژمنەکەی و بەزمان حاڵی کورد ڕژد لەسەر پەکەکە بوونی ئەو ئەکرێتەوە لە کاتێکا تورکیا بە ھۆکاری پەکەکە بوون کەوتۆتە داگیکاری وێرانکردنی ڕۆژئاوا کە ئەکرێ دوژمن سود لەم بڵاوکراوانە وەرگرێ و لە دژی ڕۆژئاوا بەکاریبھێنێ لەکاتێکا پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەم دراوە لە ئەمریکا و زۆرێک لە ئەوروپا، جا ئیتر ئێمە پێمان خۆشبێ یان نا ئەبێ لە ئێستایا لەگەڵ ئەوەیا ھەڵکەین.
خەم ساردی نەتەوەیەک لەوەیایە کاتێ لە کوردستان وە بەتایبەتی لە تاراوگە پاش ماندووبوونێکی زۆر خۆپیشاندانێکی بیست ھەزاری، ستۆکھۆڵم بە نمونە ڕێکئەخرێ کە ئەم ژمارەیە بۆ تاراوگە زۆر بە ئاستەنگ کۆئەکرێتەوە ئەبینی زۆرترین ئاڵا بە وێنەی بەڕێز ئۆجەلان بەرز ئەکرێتەوانێ، لە کاتێکا تۆ بۆ شەرمەزارکردن و ڕاوەستانی ھێرشێکی نابەرابەرو ڕاکێشانی سۆزو سەرنجی خەڵکانێک کۆبوویتەتەوانێ کە کورد نین تا لەو ڕێیەوە بتوانی پەستان بخەیتە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتی خانەخوێ و جیھان، کۆکردنەوەی زۆرترین دۆست، بەڵام بە بەرز کردنەوەی وێنەو ھاوارکردن بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان ئیتر پەیامەکە وەک خۆی ناگات بگرە بەزەرەریش ئەگەڕێتەوانێ چونکە ئێمە ھەرچەند بەڕێز ئۆجەلان بە سەرکردەیەکی کوردی ئازادیخواز ببینین بەڵام لە زۆرینەی ئەوروپا و ئەمریکا لە لیستی تیرۆرا تۆمارکراوە کە ئەمەش ئەبێتە ھۆکارێک کە زۆرێک لە خەڵکانی وڵاتی خانەخوێ بە تایبەتی سیاسی و باڵا دەستەکان بەشدار و ھاوسۆز نەبن ئەگەرچی لەو باوڕەشدابن کە بەڕێز ئۆجەلان زیندانێکی سیاسیە.
خەم ساردی میلەتێک لەوەدایە کە بەدرێژای مێژوو بەردەوام لە سەنگەری بەرگریا بووبێت و ھەمیشە و ھێرش کراوەتەوە سەرت و بەردەوام بڵێی ئێمە ئاشتی خوازین و تەنانەت بۆ جارێکیش لە پێناوی بەرگری کردن لەخۆت ھێرشت نەکردبێت! بێ ئاگا لەوەی (ھێرش کردن باشترین بەرگرییە).
ئاخر ئەگەر تەماشای ھەر میلەتێکی پێشتر خاک داگیکراوی دنیا بکەین ئەبینین بەبێ خوێن ڕشتن و (لەبری بەرگری ھێرشکردن) نەبێ سەربەخۆی خود و خاکیان بەدەست نەھێناوە.
ئەڵبەتە فایەق بێ کەس ھەر زوو درکی بەوە کردووە کە سەربەخۆی فیداکاری گیانی پێویستە کاتێ ئەڵێ:
(داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ   سەربەخۆیی و فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ).
بێگومان بەندە لەو بەرەیەم کە ھەمیشە ئاواتخوازم خەباتی مەدەنی و سیاسی و دیالۆگ و لێکتێگەشتن شوێنی ھێرش و جەنگ و ئازاری بگرتایەتەوە بەڵام خەباتی لایەنی کەم سەدەیەک ئەوەمان پێئەڵێ دراوسێکانمان ھەمیشە سوودیان لەو میانڕەی و ئاشتی خوازیەی کورد وەرگرتووە و بگرە ھەمیشە ھەر لە ناخی ئەو دڵە پڕ دۆستایەتی و ھاوڕێیەتیەوە دزەیان کردۆتەوە ناو بیرو ھزری نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کورد و وەک جاش بەکاریان ھێناون، ئاخر ئەبێ ئێمە ئەوەش بزانین دراوسێکانمان نە سویسراو، نە سوید و نە نمونەکانی تری ئەم وڵاتانە نین تا بتوانی ووشەو متمانەیان لێوەرگیرێ بەڵکو ھەر چوار وڵاتی داگیرکەر خەڵکانێکن لە ئیسلامی توندڕەو دڕندەترین و دڵ پڕ لە قین ترین نەتەوە و میلەتانی جیھانن بۆیە ئەبێ کورد لەبری بەرگری بیر لە میتودی ترو بگرە لە ھێرش کردنیش بکاتەوە.
ئاخر ئەگەر میلەتێکی پەنجا ملیۆنی بیەوێ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوەی بەدەست بھێنێ، بێگومان ئەبێ ئامادەبێ خوێنی نێوەی ئەو ژمارەیە ببەخشێ ھەتا نیوەکەی تریان سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە بەچاو ببینن نەک نەوە بە نەوەی بسپێرێ و بڵێن ئێمە ھەر ئەوەنەمان پێکرا، لە کاتێکا  کە کاتێ لێی ئەکۆڵیتەوە ئەبینی بە چەند سەد شەھیدێک ماندوو شەکەت بوون و ئاڵای خۆبەدەستەوانیان بۆ دوژمن بەرزکردۆتەوە! لە دەستدانی کەرکوک و ٪‏٥١ی خاکی باشوری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ئامادەبی بە پاشە کشێ کردن لە ٤٣٢٠٠٠ ھەزرا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان جا بیانۆکە ھەرچییەکبێ ھەرچەندیش ‌ھێزەکان نابەرابەربن لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩گەواھی دەری نوێ ترین مێژووی تۆمارکراوی خۆبەدەستەوەدانی کوردن.
جا ئەگەر خوێنێک بۆ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە نەڕێژرێ، ئەوا مانەوەی جەستە بە دەستەمۆ بوون و خۆ بەدەستەوەدان ژەھراوی ئەکا و وەھا خوێنێک بە ھەر کەسێکیش ببەخشرێ بێ غیرەتی ئەکا.
سەمەرەیە ئەگەر تا ئێستا ڕامیاری کاری کورد و سەرکردەی باڵا دەستی کوردستان نەتوانن جیاوازی لە نێوان لەدەستدانی خاک بە بەرگری و خوێن ڕشتن و پاشەکشێ و بەدەستەواندانا نەزانن؟
جیاوازی ئەم دوو جۆرە لە خاک دۆڕاندن لەوەیایە ئەگەر ئێستا بێت و شەڕڤانان دژە ھێرش بکەنە سەر سەرێکانی و گرێ سپی و پێشمەرگە دژە ھێرش بکەنە سەر کەرکوک ئەوا کۆی دنیا سەرزەنشت ئەکا و بە پەیمان شکێن و ئاژاوەگێڕ باس ئەکرێی، چونکە لەبەرامبەر شتێکا پاشەکشێ و کردووە جا تەنانەت ئەگەر ئەو شتە نەڕژانی خوێنی خەڵکی سڤیل و پیرو مناڵیش بێت، "خۆزگەم کورد ئەوەی لە توانایا بوایە و بیکردایە و بیشی پاراستایە ئەوکات با ھەر بە ئاژاوەگێڕ باسکرایە". بەڵام ھەرکاتێ شەڕڤان گەر لەتوانایانابێ دژە ھێرش بکەنە سەر عەفرین ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچ دژە ھەڵوێستێ نانوێنی چونکە خاکێکی داگیراوەو ھەمیشە ماف لای مافخوراو خاک داگیرکراوە و گێڕانەوەی مافیش بە کارێکی ڕەوا ئەبینرێ.
گرنگە تاکی کورد ئەوە بزانێ قەپ لە ھەر پارچەیەک بگیرێ بەشێ لەلەشی تۆ ئەکرێتەوە.
ھەر پارچەیەک سوژنێکی پیاکرێ، ئازار بە ھەمان دڵ ئەگا.
پارچەیەک لە ھەر لایەک بپچڕێنێ ھەر ھەمان دەم ئەقیژێنێ.
ھەر داگیرکەرێکیش بەشێکی زیاتر یان کەمتری بەرکەوێ ھەر لە جەستەی شەکەتی تۆ دائەماڵرێ.
لە ھەر لایەک کچێک یان کوڕێکی کورد بکوژێ سکی ھەمان دایک ئەسوتێنێ