سەردێڕ:

وتاری میدیایی و قوربانییەكانی خراپ بەكارهێنانی

10/26/2020 10:00:02 PM
2732 جار خوێندراوەتەوە
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

رووماڵی میدیایی بڕیارەکەی ھەفتەی پێشووی بانکی رەشید بۆ خەرجکردنی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی دەیانەوێت ژنی دووەم بھێنن، ئەدگاری سێکسیی وتاری گشتێنراوی میدیای لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگا ھاوسێکانییدا، باشتر دەرخست!؟

گوتاری میدیایی (media discourse)؛ چەمکێکی ئەکادیمیی نێو زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانە. پڕۆسەیەکی بەردەوام و ئاوێزانکراوی نێو پەیوەندییەکانە و ئەو پێوەرانە دەگرێتەخۆ کە لەلایەن میدیاوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا لەسەر پرسێکی دیارییکراو گفتوگۆ کراوە یان لەچێوە (framed) دراوە. واتە پاکێجێکی بەردەوامی کارلێککردنی نێوان مرۆڤەکانە کە پشت بە گوتاری ھەنووکەیی دەبەستێت و پێویستە تێگەیشتن لە پێنج دیدگای پێکەوەبەستراوی بازنەی کلتوریی ھەبێت، تاوەکو بەشێوەیەکی راست توانای راڤەکردنی واقیعی میدیایەک و ھەڵسەنگاندنی واقیعێکی دڵخوازی ھەبێت، لەوانە (Phelan, ٢٠١٦):

یەکەم: نوێنەرایەتییکردن یاخود خۆنیشاندانەوە؛ فۆرمێکە بۆ وەرگرتنی بابەتێک کە  مانا شیکراوەکانی دەخرێنە ناو.

دووەم: ناسنامە؛ ناسنامەی نێرەر-ەکە و ناوبانگی پێگەکەی و شێوازی بەرھەمھێنانی.

سێیەم: بەرھەمھێنان؛ پڕۆسەی بەرھەمھێنانی زانیارییەکانی میدیاکە دەگرێتەخۆ. ئەوەش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودۆخە دیارییکراوەکان و فەراھەمکردنی تەکنەلۆژیی و دۆخی دارایی بەرھەمھێنەرەکەوە.

چوارەم: بەکارھێنان؛ کاریگەرییەکان (نەرێنی) و بەکارھێنان و تێربوون (چالاک). بۆنموونە؛ چۆن وەرگر مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکاندا دەکات. خەڵک بەپێی نموونە کلتورییە تایبەتییەکانی و سیستمی بەھاکانی، لە دەقەکان تێدەگات.

پێنجەم: رێکخستن؛ ھەر جۆرە چاودێرییکردنێکی ھاوشێوەی سیساسەتەکان، یاساکان و رێساکان دەگرێتەخۆ کە کۆنتڕۆڵی زانیارییەکان دەکات و ئەو ھەستە دەبەخشێت کە چ شتێک لەچوارچێوەی کلتورێکی دیارییکراودا پەسەند دەکرێت یاخود ناکرێت. بۆ نموونە، یاسای ناوزڕاندنی ٢٠٠٩ و پۆلێن بەندییەکانی فیلم بەپێی تەمەنی لە دامەزراوەی رێکلامی ئێرلەندا.

لەرێی رووماڵکردنی سیاسەت و سیاسەتی گشتیی و کاریگەرییەکان و نوێنەرایەتییکردنی سێکسییەوە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان میدیا و چالاکیی سێکسیی و ناسنامە، بووەتەھۆی بەرھەمھێنانێکی دەوڵەمەندی وتووێژی ئەکادیمی. لەدەرئەنجامدا، زانایان کاتێک پرسیاریان لەبارەی چۆنییەتی راگەیاندنی چالاکیی سێکسیی و ناسنامە لەلایەن میدیاوە کردووە، ژمارەیەک تێڕوانینی تیۆریی و میتۆدییان بەکارھێناوە (Meyer,٢٠١٣). لەو رووەوە، تێبینیی ئەوە کراوە کە میدیا دەتوانێت ببێتە سەکۆیەکی گشتیی سەرەتایی بۆ رێکخستنی چالاکییە سێکسییەکان لە ھەموو ژانرە خەیاڵیی و واقیعییەکان و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ھاوشێوەی ئاکاری سێکسیی لە پانتایی گشتیی و تایبەتییدا. ھاوکات دەبێتە ھۆی گۆڕینی شێوازەکانی ژیانی خێزانیی و سنوردارییەکانی نوێنەرایەتییکردنی چالاکی سێکسیی لەبازاڕی میدیایی ناڕێکخراودا (Arthurs, ٢٠٠٤).

بەسەرنجدان لەو تێڕوانینانە و دیدگاکانی نوێنەرایەتییکردن، ناسنامە، بەرھەمھێنان، بەکارھێنان و رێکخستنی میدیایی لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا، پشکی شێری میدیای کوردیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خاوەن گوتارێکی بەرھەمھاتووی ساتەوەختی پەخش و بڵاوکردنەوەی «ھەواڵی بەپەلە» و «رووماڵی راستەوخۆ»ی رووداوەکان دەبینرێن و بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ چالاکییە سێکسییەکان و پرسی ناسنامەی تاک و کۆی کۆمەڵگەدا نەکراوە. گوتارێک بەرھەمھاتووە کە  ھێندەی خەریک و خەمخۆری خوار ناوک-ی مرۆڤەکان و وروژاندنی بووە، نیوھێندە کار لەسەر بەشی سەرەوەی ناوک و پێداویستییەکانی نەکردووە. ئەو گوتارە تێکەڵەیەکە لە چڵێسی سێکسیی و قۆستنەوەی ئایینیی و ھەژموونی سیاسی، بۆ لەبیربردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانێکی سادە. ژیانێک کە لەسایەییدا ھاوچەرغترین ڤێرژنی ئامێرە تەکنیکییەکانی بۆ ھاوردە دەکرێت، بەڵام بەدوور لەلۆژیکی بەکارھێنانیان برەویان پێدەدرێت. برەودانێکی بێبەرنامە کە وایکردووە رۆژ بەرۆژ ژمارەی قوربانییەکانی خراپ بەکارھێنانی میدیا و گوتارەکانی بەرزتر ببنەوە!

گوتاری میدیایی؛ کاتێک دەبێتە سەرەکییترین ئامانجی پەخشکراوی میدیا و لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە پێنج دۆلار بدرێتە کوڕێکی ھەرزەکار تا لایەک لە سمێڵی بتاشێت یان دە دۆلار بدرێتە کچێکی گەنج و راستەوخۆ تەلەفون بۆ دایکی بکات تا کاردانەوەی بزانێت، کاتێک پێیدەڵێت دووگیانە یان خاوەن پێداویستییەکی تایبەت، بھێنرێتە سەر شاشە و ھان بدرێت بۆ شکاندنی مێزە شووشەکەی بەردەمی یان وەرگران بەوەوە سەرقاڵ بکرێن کە کام یەک لە «شایەر و مۆدێل و مەیکئەپ ئاڕتیست» بەنیازی شووکردنن و کامیان بەنیازی جیابوونەوە و کامەی دیکەیان زۆرترین رەفزی داوە یان کامیان بە کام جۆری قاوە، سکی دەچێت و کامیان لە «پڕ بینەرترین» شاشەدا باس لەسیحری جلی ژێرەوەی بکات، ئیتر ھیچ گومانێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لە گوتاری میدیایی یەک ئامانجی ھەیە. ئەویش گەوجاندنی وەرگر و لە بیربردنەوەی پرسە گەرمەکانی رۆژ و برەودان بەنزمترین ئاستی کلتوری بەکاربردنی خواردن و خەو و خۆشەویستیی و وروژاندنی سێکس و سیاسەت و ئایین!

دواجار خراپ بەکارھێنانی گوتاری میدیایی بەر لە بەکارھێنەرانی، بەرھەمھێنەرانی دەکاتە قوربانی. ھاوشێوەی ئەو منداڵەی بەپارەی خۆی میزەڵدانێک دەکڕێت و پاش فووتێکردنی، لەوێنە گەورەکراوەکانی سەر میزەڵدانەکەی دەتۆقێت!