سەردێڕ:

کۆرۆنا نەبێت چاکسازیش ناکرێت!

3/12/2020 9:40:35 PM
5872 جار خوێندراوەتەوە
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

ھەڵمەتی نیشتیمانیی لەماڵەوە مانەوە بۆ سنوردارکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ دەشێ بکرێتە خاڵی دابڕان و وەرچەرخان لەنێوان پێش و پاش دەرکەوتنییدا.ئەویش لەرووی خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازیی و بەئەلکترۆنییکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت بەگشتیی و کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەتایبەتی.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چیینەوە بۆ وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرھەڵات، عێراق و ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و بۆبەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو پەتایە، دەوامی فەرمانگە و نێوەندەکانی خوێندن راگیران.
ئەوەش وایکرد بەناچاریی بیر لەخوێندنی ئەلکترۆنیی بکرێتەوە، بەکارھێنانی ئینتەرنێت وەک ئامرازێکی کارگێڕیی و پەروەردەیی زیاتر بەھەند وەربگیرێت و رێوشوێنی پێویستیی سەرپێخستنی بۆ بگیرێتەبەر.
ئێستا دەبێت سوپاسی روانگەی گەشبینانەی ئەم پەتا جیھانییە بکەین، کە دەکرێت رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی، بەقازانجی ھەڵمەتێکی نیشتمانیی پرۆسەی خێراترکردنی چاکسازیی لەفەلسەفەی کارگێڕیی و دارایی، سیستمی بانکینگ و بازاڕکردنی ئەلکترۆنی، پشکنینی نەخۆش و سیستمی تەندروستی، پەروەردە و سیستمی خوێندنی باڵا و زۆر کایەی دیکەدا بەکاربھێنرێت و سوود لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگیرێت.
بەداخەوە دوای ساڵانێک لە دەنگھەڵبڕین بۆ گەڵاڵەکردنی سیستمێکی ھاوچەرخی پەروەردەیی و ھاوارکردن بۆ سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت و کاراکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئیمەیڵ و کڵاسرووم و زانستخوازی بەردەوام و ھەگبە و پرۆفایلی ئەکادیمیی مامۆستا و فیدباک لەسەر ئینتەرنێت، ھەمووجارێک بەوە تۆمەتبار دەکراین کە «خۆ ئێرە بەریتانیا نییە کە بتەوێت ھەمووشتێک بە سیستم و ئۆنلاین بێت» یان «ناکرێت تەلەبە ناچاربکەیت لەبری فەیسبووک، ئیمەیڵ بەکاربھێنێت» یان «خۆ بەنیازی دانانی
کۆمپانیا نیت وا دەتەوێت تەلەبە فێری سیڤیی نووسین بکەیت»، بەڵام خۆشبەختانە، کۆرۆنا خەریکە قەناعەتی دروستکەرانی بڕیار و بڕیاربەدەستانی ئەم ھەرێمە بندەستەی عێراق دەگۆڕێت، چونکە ھەروەک لەماڵپەرەکەیاندا بڵاوکراوەتەوە، "بۆ ئەوەی چیتر خوێندکارانی زانکۆ لە پرۆسەی خوێندن دانەبڕێن، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین) بۆ خوێندکاران تەواوکردوە".
ئەو ئامادەکارییانە ئەگەر بەجدیتر سەرپێبخرێن، جێگەی دەستخۆشیی و دڵخۆشییە، دەکرێت ببێتە بەردی بناغەی زنجیرە چاکسازییەکی گشتگیرتر، کە ھەم رۆڵ و پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکار گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا بھێنرێت، ھەم سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھەمواربکرێتەوە، لەوێشەوە کۆی دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی ئەلکترۆنیی لەھەرێمی کوردستاندا بەگەڕبخرێن و کولتورێکی نوێی کارکردن بھێنرێتەئاراوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا دەکرێت بپرسین، ئایا سەرچاوەکانی دابینکردنی ئینتەرنێت و کارەبای بەردەوام ھێند لەباردەبن بۆ دەستپێکردنی ئەم ھەنگاوە ھاوچەرخە؟ یان ئەمیش وەک زۆر بیرۆکە و پرۆژەی دیکە، ماوەیەک بازاڕسازیی بۆدەکرێت و خەڵکی پێوە سەرقاڵدەکرێت و پاشتر دەخرێتە ئەرشیڤەوە، یان بەسەروگوێلاککراویی درێژە بەجێبەجێکردنی دەدرێت؟