سەردێڕ:

عێراق وەک دەوڵەتێکی بێ شوناس، بەرەو کوێ؟

10/28/2019 10:06:01 PM
6285 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

عیراق و میلیشیا، جەدەلی (وەلا)

ھاوشانی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێکیتر جەدەلی (وەلا)ی میلیشیا عیراقییەکان سەریھەڵدایەوە. ئەم میلیشیا شیعانە لەم ململانێیەدا چیدەکەن، ھەڵوێستیان چیدەبێت، بێلایەنانە دوور لە ململانێکە دەوەستن، یان پابەندی پرەنسیپە عەقیدەییەکەیان دەبن و (شیعەبوون) ھەڵوێستێکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنێت. 

پێشتر ھەڵوێستی ئەم میلیشیا شیعییانە لە راپەڕینی سوریادا بریتیبووە لە لایەنگیری بە قازانجی دیمەشق، لەم پشتیوانیکردنەشدا ئێران رۆڵی سەرەکی بینیوە. ئەو کاتانەش کە ھەڵوێستی فەرمی دەوڵەتی عیراق لە ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، بریتی بووبێت لە ھەڵبژاردنی بێلایەنی و رێزگرتن لە سەروەری عیراق و وڵاتانی دراوسێ و خۆ بە دوورگرتن لە ململانێ ئیقلیمییەکان، بەڵام ھێشتا میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شەعبی بە پاساوی جیا جیا، لەوانە پاراستنی مەزارە ئایینییە پیرۆزەکانی ئیسلام لە سوریا، ھەڵوێستی ئاشکرای خۆیان نەشاردۆتەوە، کە ئەوان، تەنانەت ئەگەر حکومەتی عیراقیش رەزامەندی پێشاننەدات، دەبنە بەشێک لە جەنگی سوریا بە قازانجی ھێشتنەوە و پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد. کاتێک عەبادی رەتیدەکردەوە بەشداری لە جەنگی سوریادا بکات، ھادی عامری رایگەیاند، دوای رزگارکردنی عیراق لە دەستی داعش، حەشدی شەعبی لەسەر داوای (حکومەتی شەرعی) بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دەچێتە ناو سوریاوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێی ئەمریکی- ئێرانی، کە بە "جەنگی بارھەڵگرە نەوتیەکان" ناسرا بوو، لە ناوچەی کەنداو، جارێکی دی باسی ھەڵوێستی میلیشیا عیراقییەکان لە پشتیوانیکردن بە قازانجی ئێران بە دژی ئەمریکا ھاتە پێشەوە. وێرای لێدوانی حکومەتی عیراقی بە پاراستنی ھەڵوێستی بێلایەنی لە کێشە و ململانێکەدا، بەڵام دیسان، میلیشیا شیعییە چەکدارەکان، ئەوەیان نەشاردەوە، کە ئەوان ھیچ پەیوەندییەکیان بە ھەڵوێستی حکومەتی عیراقییەوە لە ململانێی ئەمریکی-ئێرانیدا نییە، بەڵکو ئەوان بە پاساوی پاڵنەری عەقیدەیی ھاوشانی ئێران دژ بە ھێزەکانی ئەمریکا دەچنە جەنگەوە.

عیراق وڵاتێکە لە ئاستی ناوەکیدا پڕیەتی لە ململانێی نادروست و نادیموکراسی، پڕیەتی لە میلیشیای چەکداری حیزبی و عەقیدەیی و بنەماڵەیی و شەخسی، لە ئاستی ناوچەییدا ھەژموونی زاڵی ئێران بەسەر بەغداوە روون و ئاشکرا دیارە، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەمریکا لە سەرووی ئەو دەوڵەتانەوەیە، کە لە کەناڵی سیاسی و دیپلۆماسی، تەنانەت سەربازیشەوە، پەیامی روونی خۆی بە بەغدا گەیاندووە، سەبارەت بە بوونی میلیشیاکانی حەشدی سەر بە ئێران و گەورەبوونی نفوز و ھەژموونی ئێران بەسەر عیراقەوە. لە سەرووی ھەموو ئەوانەشەوە، لە ئێستادا بەغدای پایتەخت و زۆرێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی دیکەی عیراق، ماوەیەکە کەوتووەتە بەردەم جوڵەیەکی ھەژێنەری جەماوەرییەوە، بەشێکی پەیامی شەقامی ناڕازی عیراقیش روو لە ئیرانە، ئاڵای ئێران دەسووتێنرێت، دروشمی دژ بە تاران بەرزدەکرێتەوە، پەلاماری ئەو بارەگا حیزبییانە دەدرێت کە بە نزیکیان لە تاران ناسراون. واتە دەتوانین بڵێین، ئەو نامەیەی ئەمڕۆ شەقامی عیراقی لە رووی سیاسییەوە دەیەوێ بیگەیەنێ، بریتییە لە لانیکەم بێھێزکردن، یان کاڵکردنەوەی ھەژموونی ئێرانی بەسەر بەغداوە، وێڕای داوا بنەڕەتییەکانیان بە چاکسازی و باشکردنی ژیانی گشتی خەڵک و سەروەرکردنی دادپەروەری و دادی کۆمەڵایەتی.

ئەو جوڵەیەی ئەمڕۆ لە شەقامی عیراقی لە رێی دەربڕینی داواکاری چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە گوزارشت لە خۆی دەکات، پێناچیت ئەوە پێشاندانی ھەموو دیمەنەکە بێت، چونکە لە پشتی ئەو دیوە ئاشکرایەوە، دیوی نەبینراو و شاراوەش ھەن، ئەوەش کە لە جوڵەپێکردنی ئەو دیوە پەنھان و شاراوانەدا رۆڵ دەگێڕێت، ئەو ھێزانەن، کە لە دەرەوەی سنورەکانی عیراقەوە، یاری بە کارتەکان دەکەن، بە ئامانجی بەلاداخستنی ململانێ سیاسییەکان بە قازانجی خۆیان، ئەو ھێزە دەرەکییانە ئەگەر رۆڵیان لە دروستکردنی جوڵەکەشدا نەبووبێ، ئەوا دەستیان لە ئاراستەکردنیدا دەبێت. ئەمریکا ھێزی ھەرە کاریگەر و سەرەکی نێو ئەم ململانێ سیاسییەیە. ئەمریکا ھەم لە رێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە عیراق، ھەم لە رێی بوونی راوێژکارە سەربازییەکانی و ئەو ھێزانەی کە لە عیراقدا جێگیری کردوون، ھەم لە رێی ئەو ھێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییانەی کە بە نزیکیان لە ئەمریکا دەناسرێن، ھەوڵی سەرکەوتن بەسەر نفوزی ئێرانی لە بەغدا دەدات. بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجەش ھەوڵدەدات بە ھێزەوە لە پشتی پەردەوە، وەبەرھێنان لەم جوڵە فراوانەی شەقامی عیراقیدا بکات.
عیراق، وڵاتێکی بێ شوناس

ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی دراوسێی عیراق، ھەروەھا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باش لەوە ئاگادارن کە ھاوڵاتیانی عیراق تا ئێستاش، ھەڵگری ھەمان پەتای سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژگاری مەلیک فەیسەڵ کوڕی حوسێن، یەکەم مەلیکی عیراقن. فەیسەڵ بڕوای وابوو، کە (لە عیراقدا شتێک نییە بە ناوی "گەلی عیراقی"، بەڵکو ئەوەی ھەیە بریتییە لە تۆپەڵە مرۆڤی خەیاڵی خاڵی لە ھەر بیرۆکەیەکی نیشتیمانی، ئەوان لێوان لێون لە تەقلید و خورافەی دینی، ھیچ نێوکۆییەک لە نێوانیاندا نییە، گوێ بە خراپە دەدەن، روو لە گێرەشێوێنین، ھەمیشە ئامادەن بۆ راپەڕین دژ بە ھەر حکومەتێک بێت). 

دەوڵەت لە عیراقدا، بەرھەمی "گەل" نییە، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی دونیای مۆدێرن، وەک چەترێکی قانونی و ئیداری، لە ھۆشیاری و ئاگایی ئەو پێکھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەھاتووە، کە پێیدەگوترێت گەل، یان بەرھەمی تێکۆشان و بەردەوامێتی مێژوو بە ئاراستەی باشتر نییە، بەڵکو مەخلوقێکی ھێنراو لە دەرەوەیە، بیدعەیەکە بەرھەمی دابەشکاری بەرژەوەندی و کێکی بەرژەوەندییە بەسەر وڵاتانی سەرکەوتوو لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا، ھەر بەپێی پلان و سیاسەت و میزاجی ئەوانیش، لە سەرووی ھەموویانەوە بریتانیا، دروستکراوە. دروست ئەوەیە، گەل، دەوڵەت لەسەر شێوەو فۆرمی خۆی دروستبکات، فۆرمێک کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندی ھاوڵاتییەکانی و پاراستنی ژیان و ئازادی و کەرامەتیان بێت. لە عیراقدا، لە بری ئەوەی "گەل"، یان ھاوڵاتیانی عیراق خوڵقێنەری "دەوڵەت" بن لەسەر بنەمای ئەو فۆرمە سیاسی و ئیدارییەی کە دەیخوازن، فۆرمێک لە دەسەڵات و سیستەم کە ھێزی بەرگری لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی جیا جیای وڵاتەکەی ھەبێت، کەچی "دەوڵەت" و "گەل" رووبەڕووی ئەو گرفتە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە بوونەتەوە، کە بریتییە لە کێشەی دروستنەبوونی پێکھاتەیەک بە ناوی "گەل"، بە مانایەکی دی، ئەوەی لە ماوەی نزیک بە ١٠٠ ساڵی رابردوو عیراق نەیتوانیوە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بدۆزێتەوە، بریتییە لە کێشەی "نا گەل"، تۆپەڵە مرۆڤێک ھێشتا لە دەرەوەی بوون بە "گەل" ماونەتەوە.

لە ئاستی تیۆریدا کۆی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی عیراق، ھیوای دروستبوونی ئینتیمای نیشتیمانی دەخوازن، ھەمیشە لە ئاستی گوتاری تیۆریدا، ئەو دەستەواژە و رستانە دووبارە دەکەنەوە، کە پێویستە ئینتیمای نیشتیمانی لە سەرووی ئینتیمای ئیتنیکی و تائیفی ومەزھەبییەوە بێت. لە فەیسەڵی یەکەمەوە تا بە عادل عەبدولمەھدی دەگات، ئەم گوتارە لە ئاستی تیۆری لە عیراقدا درێژەی ھەیە. کەس خۆی بە کەمتەرخەم نابینێ، ھەمووان ئەوانەی پێش خۆیان بە ھۆکاری کەمتەرخەمییەکان گوناھبار دەکەن. دوا وتاری عەبدولمەھدی لە درەنگانی شەوی ٢٤/٢٥ ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، ئاماژەیەکی روون بوو بەو فۆرمی گوناھبارکردنەی ئەویدی لە گوتاری فەرمی دەوڵەتدا. لە بەرامبەر ئەو گوتارە تیۆرییەدا، واقیعێک ھەیە، کە ھەمووان دەیبینن، بەڵام نایانەوێت تێیبگەن، ئەویش ئەو پارادۆکسەیە، کە ئامانجی نیشتیمانی بە عەقڵیەتی تائیفی و بە ئامرازی بچووکتر لە ئامرازی نیشتیمانی، نایەتەدی. بە درێژایی مێژووی سیاسی دەوڵەتی عیراق، چەمکەکانی "نیشتیمان"، "دەوڵەت" و "گەل" بە نەزعەی تائیفییەت بارگاویکراون.