سەردێڕ:

بازنەکانی ململانێ لە سوریا، ئەزموونی کوردانی رۆژئاوا بەرەو کوێ؟

10/23/2019 10:13:49 PM
8569 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

چەندین ساڵە سەرزەمینی سوریا، مەیدانێکی گەرمی رووبەڕووبوونەوە و ململانێی نێوان دەوڵەتانی دونیا و ناوچەکەیە. لەگەڵ سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی لە (٢٠١١)دا ئەگەرەکان بەرەو ئەوە بوون، کە سوریا روو لە کەوتن و خۆری بنەماڵەی ئەسەدیش روو لە ئاوابوون بێت، بەڵام رووداوەکان ئاراستەیەکی دیکەیان وەرگرت، ئاراستەیەک کە رەنگە بۆ خودی ئەسەد و ھاوپەیمانەکانیشی پێشبینیکراو نەبووبێت. 

کاتێک خەڵکی سوریا بە جیاوازی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانییەوە دژ بە دیمەشق راپەڕین، بەشێکی گەورە لە دەوڵەتانی بڕیار بە دەستی دونیا لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا، تەنانەت تورکیاش، داوای رۆیشتنی بەشار ئەسەدیان دەکرد، تەنانەت بڕوایان وابوو، کە چارەسەری ئاشتیانەی دۆخی سوریا لە ئامادەبوونی ئەسەددا، کارێکی نەکردەیە. 

دیمەشق تا دوو ساڵیش بەر لە ئێستا، بەشی ھەرە گەورەی جوگرافیاکەی بۆ گروپە جیاوازەکانی سوریا لە دەستدابوو، چ گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، یان داعش، وێڕای ئەوەی کە ناوچەکانی ھاوسنور لەگەڵ تورکیاش، تایبەت ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردنشینن، بە واقیعی لە بندەستی کوردەکاندا بوون و سوپای دەوڵەتی سوریا لەو ناوچانەدا پاشەکشەی کردبوو. کوردەکان جیاواز لە ناوچەکانی دیکە، جۆرێک لە بەڕێوەبردنی سەربەخۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دامەزراندبوو، کە تەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تیایدا ھاوبەشی دەسەڵات و بەڕێوەبردنەکە بوون. 

لە دۆخی ئاڵۆزی سوریادا، ئەمریکا و روسیا وەک دوو ھێزی کاریگەری نێودەوڵەتی، ئێران و تورکیاش وەک دوو ھێزی کاریگەری ناوچەیی، بوونە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە. سوریا بووە سەرزەمینی بەریەککەوتن و بە یەکدادانی ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییە جیاوازەکان.

ئەمریکا ھەر لە سەرەتاوە بە کردەوە پەرۆشی زۆری لە جەنگی سوریادا پێشاننەداوە. بوونی ئەمریکا لە سوریا زیاتر ئامادەیی راگرتنی باڵانسی ھێز بووە لە بەرامبەر ھەژموونی ئێران و روسیادا، واتە ھەر لە بنەڕەتدا، بوونی ئەمریکا بوونێک بووە لە نێو ململانێ ناوچەییەکاندا، نەک ئامادەبوون لە پێناوی بەلاداخستنی ململانێ ناوخۆییەکانی سوریادا. ئەگەر بوونی ئەمریکا لە عیراق بە بوونی ئەمریکا لە سوریا بەراورد بکەین، بە روونی ئەوە ھەست پێدەکەین، کە عیراق، پێچەوانەی سوریا، ھەمیشە پێگەی گرنگ و جێگە بایەخی زۆر بووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا و ئامادەبوونی ئەمریکا لە عیراقدا، ئامادەبوونێکی راستەقینە بووە، بە مانای ئەوەی تەنانەت دوای بڕیاری پاشەکشەی ھێزەکانیشیان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆبامادا، گۆڕەپانەکەیان تەواو بۆ ئێران چۆڵنەکردووە. ھەرچەندە ئەمریکا لە سوریادا توانای ئەوەی ھەبوو بەر لەوەی دۆخەکە بەو ئاڵۆزییەی ئێستای بگات، بەر لەوەی سوریا بەسەر جوگرافیای نفوز و دەسەڵات و بەرژەوەندی جیاوازی جیھانی و ناوچەییدا دابەش بێت، ململانێکە بە بەرژەوەندی خۆی و دۆستەکانی لە سوریا یەکلابکاتەوە.

روسیاش لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی دەسەڵاتی داعشەوە وەک ژمارەیەکی کاریگەر لە (٢٠١٥)وە ھاتووەتە ناو ھاوکێشەکە و تا رادەیەکی گەورەش ھاوسەنگی ھێز و خاکی بە قازانجی دیمەشق گۆڕی. روسیا پێشتریش و لە رۆژگاری دەسەڵاتی ئەسەدی باوکدا، ھاوپەیمان و پشتیوانی سوریا بووە، ئێستاش لە سەردەمی ئەسەدی کوڕدا، ھەر وەک پارێزەری دەسەڵاتی دیمەشق ماوەتەوە و توانی لە کەوتنیش بیپارێزێت. تەنانەت لەگەڵ ھاتنی روسیادا، نە تەنھا ناوچەکانی نفوز و دەسەڵات لەسەر خاکی سوریا بە تەواوی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆدا، دابەشبوون، بەڵکو دەسەڵاتی ئەسەدی کوڕیش ھەنگاو بە ھەنگاو لە دیمەشقەوە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە لە دەستدراوەکان رێگەی بڕیوە. 

ئێران لە سەرەتای دروستبوونی مەترسی بۆ سەر دیمەشق، لە ھاوکاری سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، ھەر جۆرە ھاوکارییەکی پێیکرابێت، بۆ دیمەشق درێغی نەکردووە، ھەموو تواناکانی خۆی خستووەتە کار، ھەموو ھەوڵێکیشی داوە تا دیمەشق نەکەوێت. ھەرچی تورکیایە لە رێی کۆمەککردنی راستەوخۆ بە گروپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و کۆبوونەوە بە بەشێک لە ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە خۆی و جیھادییە ئیسلامییەکان، بە دژی ئەسەد جموجۆڵی لە ناو خاکی سوریا و دەرەوەی سوریادا دەسپێکردبوو. 

بۆ ئێران و روسیا، مانەوەی ئەسەد و نەکەوتنی دیمەشق، پرۆژەیەکی ستراتیژی بوو، لەمەشدا سەرکەوتوو بوون. ئەمڕۆ ھەموو پێشبینییەکان پێماندەڵێن، کە چیتر دیمەشق، دیمەشقی بەر لە (٢٠١٧) نییە. ئەمڕۆ دیمەشق زیاتر و بە قورساییەکی گەورەترەوە بەرەو ئامادەیی لە ململانێ ناوچەییەکان و یەکلاکردنەوەیاندا بە قازانجی خۆی، رۆڵ دەگێڕێت. 

یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی ئەمریکا لە سوریا، کوردەکان بوون. ئەم دووانە، ئەمریکا و کورد (پەیەدە) لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، دوو نزیکترین دۆست و ھاوکاری یەکدی بوون. پەیەدە بۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، متمانەیەکی زۆری لە رووی سیاسی و سەربازییەوە بە دەستھێنابوو، توانیبووی لە ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژھەڵاتی سوریادا، واتە لە رۆژئاوادا، سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعشدا بە دەست بھێنێت، ئەمریکا  وھاوپەیمانانیش لە رووی ھێزی ئاسمانی، ھەروەھا لە رووی پێدانی چەک و مەشق و ھاوکاری لۆجستی و راوێژکارییەوە، یارمەتیدەریان بوون. بەڵام سەرەنجام لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا (٢٠١٩)، ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بڕیاریدا ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. ئەم بڕیارەی ئەمریکا جگە لەوەی لە ئاستی رایگشتی ئەمریکی و جیھانی، تەنانەت لە ئاستی ناوەندە فەرمییەکانی وەک کۆنگرێسی ئەمریکی و ناتۆ و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا، رووبەڕووی ناڕەزایی و رەخنەی توند بووەوە، لە کاتێکیشدا بوو، کە تورکیا دوای داگیرکردنی عەفرین، نزیک بە دوو ساڵ دەبێت خەریکی ئامادەکارییە بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە پەیەدە تیایاندا دەسەڵاتدارە، ئەمریکاش بە وردی ئاگاداری ئەم ئامادەکاری و پلانەی تورکیا بووە. لێرەوە کاتێک پەلاماری داگیرکاری تورکیا دەچێتە بواری پراکتیزەکردنی سەربازییەوە و ئەمریکاش ھاوشانی روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئامادەی سەرکۆنەکردنی پەلامارەکەش نابێ، ئیدی ھەرچی زیاتر وێنەکە بۆ پەیەدە و ھەسەدە روونتر دەردەکەوێت. دیوی دیاری وێنەکە ئەوەیە، تورکیا دەخوازێت بە قوڵایی زیاد لە ٣٠کم بچێتە ناو خاکی سوریاوە، لەو ناوچانەی داگیریدەکات، ناوچەی ئارام لە ژێر سەرپەرشتی و ھەژموونی خۆیدا رابگەیەنێت و ملیۆنان ئاوارەی عەرەبی سوریا لەو شوێنانەدا نیشەجێ بکات، واتە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنەکانیاندا، سیاسەتی تێکدان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بە قازانجی سیاسەتی فاشیزمی ئاکەپە و ھاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی توندڕەوی سوریای سەر بە تورکیا. دیوە شاراوەکەشی بریتیبوو لە لێدان لە بوونی کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی، وەک پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتی. چونکە لە خەیاڵی فاشیزمی تورکیدا، کورد مەترسییە و دەبێ ئەو مەترسییە لەناوببرێت. واتە ھەر لە بنەڕەتدا شەڕی فاشیزمی ئاکەپە، شەڕی دژ بە بوون و ناسنامەی کوردییە، شەڕی تێکشکاندنی ئەو ئیرادەیەیە، کە ھەوڵدەدات کورد وەک ئینسان، وەک بوونێکی ئازاد، گوزارشت لە خۆی بکات، نەک شەڕ دژی بوونی قەوارەیەکی جوگرافی دیاریکراو. بۆ فاشیزمی ئاکەپە، کورد وەک ئەم پێکھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازە قبوڵکراو نییە. بۆیە ھەرچی لە دەرەوەی ئەم راستییە دەیڵێن، بۆ داپۆشینی خودی ئەو بۆچوون و روانینە فاشیانەیە، کە بە شاراوەیی لە ناوەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئەنکەرە لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆغان بە نەگۆڕی ماوەتەوە. 

ئەم شاڵاوی داگیرکارییە و ھەڵوێستی ئەمریکا و ھاوپەیمانان وەک تەماشاکەر، کوردەکانی ناچار بە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی دۆستی نوێ کرد، دۆستێک لانیکەم ھێز و مافی داکۆکی و پاراستنی ژیانی خەڵکی ناوچەکەی لەو شاڵاوەی فاشیزمی تورکیا ھەبێت.

کورد لە بەردەم مەترسیدا، رۆژئاوا بەرەو کوێ؟

لە بڕوای مندا، ئەزموونی رۆژئاوا لە ئێستادا، دوای پەلاماردانی لەلایەن تورکیا و، بێدەنگی، یان ھاتنەدەنگی بێ کردەوەی دونیا، کەوتووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی جدییەوە، چونکە روونە ھەرچی لە دوای ئەم پەلاماردانەوە لە نێوان وڵاتانی دونیا و تورکیا، یان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و دونیا بە یەکەوە لەگەڵ تورکیا، یان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ تورکیادا بکرێت، لە بەرژەوەندی ھەر کەس و دەوڵەتێک بێت، لە بەرژەوەندی کورد و ئەزموونی رۆژئاوا نابێت، چونکە ھەمووان، بەوانەشەوە کە سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکەی تورکیایان کردووە ھاوڕان لەسەر ئەوەی، کە دەبێ یەکێتی خاکی سوریا پارێزراو بێت، ھیچیشیان پشتگیری دامەزراندنی ھەرێمێکی سەربەخۆ، تەنانەت فیدڕاڵیش بۆ کوردەکان ناکەن. 

لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، دوای چوار کاتژمێر کۆبوونەوە لە ئەنکەرە، وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغاندا، کە بەپێی ھەموو ئاماژەکان، ناردنی ئەم وەفدەش لە ژێر کاریگەری ھەموو ئەو فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەدا بوو، کە رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ ببووەوە، یان دوور نییە ئامانج لەو ھەنگاوە بۆ سوودوەرگرتن لە کات بە ئاراستەی خامۆشکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بووبێت، بەڵام خودی رێککەوتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە، جارێکی دیکە نەک بۆ کوردانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی دڵخۆشکەر نییە، بەڵکو تا رادەیەکی زۆر سەپاندنی ئەو ستراتیژەیە کە تورکیا خواستی بوو لە رێی پەلاماردانی سەربازییەوە بە دەستی بێنێت.

ئەمریکا لە رێی (پێنس)ەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ئەنکەرە، ئەم رێککەوتنەی وەک دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا، بۆ کورد، بۆ تورکیا و ناوچەکەش بەیانکرد، تورکیاش، لە رێی چاوشئوغلۆوە، گوتی: ئەوەی دەکرێت ئاگربەست نییە بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر، بەڵکو مۆڵەتە بۆ (پەیەدە) تا بە قوڵایی ٣٢کم لە سنوری تورکیاوە بەرەو قوڵایی سوریا پاشەکشە بکەن، چەکە قورسەکانیان دابنێن و بنکە و بارەگاکانیان تێکبدرێن. ئێمە ئۆپەراسیۆنەکە (بە زمانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا) رادەگرین، بەڵام کۆتایی پێناھێنین، تا کوردەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوە کە بڕیارە بکرێتە ناوچەی ئارام، ھەر وەک لە خاڵی یازدەی رێککەوتنەکەشدا ھەر بەمجۆرە ھاتووە. 

لە دوای رێککەوتنی ئەنکەرەی نێوان ئەمریکا-تورکیا لە١٧ی ئۆکتۆبەر و رێککەوتنی سۆچی نێوان روسیا-تورکیا لە ٢٢ی ھەمان مانگدا، کوردەکان لە ناوچەکانی شەڕی گەرم کشاونەتەوە، ئەمریکاش بە فەرمی ئەوەی بە ئەنکەرە راگەیاندووە. ئەمریکا بە چەند کاروانێکی جیاواز ئەو سەدان سەربازەی لەو ناوچانەی سوریادا ھەیبوو، بەرەو عیراق پاشەکشە پێکردووە، تەنھا ئەوە نەبێت کە گروپێکی بچووک لە سەربازەکانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان ھێشتووەتەوە، ھەر وەک بە فەرمیش ئەمریکا رایگەیاند، کە ئەوان بۆ پاراستنی نەوت ماونەتەوە، نەک کوردەکان. لە بڕوای مندا، ھێشتا بوونی گروپێکی بچووکیش لە سەربازانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی دەوروبەری دێرەزوور، باشترە لەوەی ئەو سەرچاوە نەوتییانە بکەونە بندەستی روسیا، ئێران، یان تورکیا و دیمەشق، چونکە دەشێت ئەمریکا پلانی ئەوەی ھەبێت جارێکی دی ئەو سامانە ئابوورییە بخاتەوە خزمەتی پرسی کورد لەو ناوچانەی تیایدا دەسەڵاتدار دەمێنن. 

دۆسیەی کوردەکان لە نێو ھەموو ئەو ململانێ ئاشکرا و شاراوانەدا، دەبێ لە ناو جانتای دیپلۆماسی کام وڵاتدا حەشار درابێت، لەسەر کام مێزی کۆبوونەوە و لە کام پایتەختی ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆی پیلانگێڕییەکە بە کۆتا بگەیەنن. دیوە ئاشکراکەی پیلانەکە بەرەو ئەوەیە، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا ئەگەر نەکەوێتە بەردەم مەترسی ھەڵوەشان، ئەوا لە رووی جوگرافیاوە بەرەو بچووککردنەوە، لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە کەمتواناتر بکرێت. ئەمریکا، روسیا، ئێران، تورکیا، تەنانەت دیمەشقیش لەمڕووەوە گرفتێکیان نابێت. بۆ ھیچ یەکێک لەوانە ئەوەی گرنگە، کورد و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەکانە، ھەمووان بە دوای بە دەستھێنانی زۆرترین دەستکەوتەوەن، دەستکەوتی سیاسی و ئەمنی و ستراتیژی، دەستکەوتی بە سەرکەوتوویی ھاتنەدەر لە ململانێکە. بۆ کوردیش لە نێوان ھەڵوەشانی کۆی ئەزموونەکە و بچووکبوونەوەی جوگرافیادا، ئەگەرچی ئەم بچووکبوونەوەی جوگرافیایەش دوور لە ھەڕەشەی بەردەوام نابێت، بەڵام گومانی تێدا نییە بڕیاری عەقڵانی ئەوە دەبێت، کە لە ژێر باری ناھاوسەنگی ھێز و پشتیوانی نێودەوڵەتیدا، بە بچووکبوونەوە رازی بێت. ھەڵوەشان نزیک لە وێرانبوونە لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، بەڵام بچووکبوونەوە نا. ھەڵبژاردنی بژاردەی بچووکبوونەوە نە تەنھا بڕیارێکی لۆژیکییە لە رووی سیاسییەوە، بەڵکو جارێکی دی درێژەدانە بە کارکردن بۆ پاراستن و بردنەپێشی ئەجێندای سیاسی کورد لە رۆژئاوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، نێودەوڵەتی و ناوچەیی، واتە ھاوشانی مانەوە وەک لایەنە تەکتیکییەکەی، دەشێ لە رووی ستراتیژییەوە، ئایندەیەکی نوێی سیاسی و دیموکراسی و بە یەکەوەژیانی لەسەر بینا بکرێتەوە.   

دوورکەوتنەوە، یان کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لە جەوھەری ململانێکە لە سوریا، جگە لەوەی بۆ کورد زیانی گەورە دەھێنێت، بۆ نزیکترین ھاوپەیمانی ستراتیژی خۆیشی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، واتە ئیسرائیل، ھیچ دڵخۆشییەک ناھێنێت. ھەرگیز بوون و نزیکی ئێران و دیمەشق لە سنورەکانی باشورەوە لە ئیسرائیل، بەبێ ئامادەبوونی ئەمریکا لە نێو ململانێکەدا، بە قازانجی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ستراتیژی ئیسرائیل نابێت. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە گەورەبوونی زیاتری ھەژموونی ئێران و بەھێزتربوونەوەی دیمەشق، دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی گەورەترەوە، بۆیە ئەگەر بۆ ئەمریکا دەستبەرداربوون لە کورد وەک دۆستێک لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سوریادا کارێکی ئاسان بێت، ئەوا ئەم دەستبەرداربوونە لە ھاوپەیمانی تەمەن، لە ھاوپەیمانی ستراتیژی خۆی، واتە لە ئیسرائیل، کارێکی نەکردەیە، بۆیە دەبێ دیوە شاراوەکەی ئەم پرسەش لە ئەجێندای سیاسی کۆشکی سپیدا ببینرێت. ئایا ئەمریکا وەکچۆن دەستبەرداری دۆستە کاتییەکانی دەبێت، ھەر بەمجۆرەش ئاسایشی نەتەوەیی ھاوپەیمانە پلە یەک و ستراتیژییەکانی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسییەوە. پرسیارێکە و وەڵامەکانی لە ھەگبەی ھاوکێشەی ململانێکانی دواتردا باشتر روون دەبنەوە.