سەردێڕ:

گریمان کابینەکەی عەلاویی دووەم متمانەی وەرگرت

2/26/2020 12:32:37 PM
7863 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

لە بنەڕەتدا محەممەد عەلاوی یەکێک لە لاوازترین کارەکتەرە سیاسییەکانی عێراقە و چانس دروستیکرد، ئەگەر ئەو دۆخە ئاڵۆزە سیاسییەی عێراقیش عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە نەکردایە، ئەو پیاوە واتە عەلاویی دووەم نەک ھەر چانسی بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی نەدەبوو، بە پێچەوانەوە ھەر کەس باسیشی نەدەکرد، ئیدی لە چانسی عەلاوییە، عەبدولمەھدی توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و مانەوەی لە پۆستەکەیدا نەبوو، ئەوەش بۆ عەبدولمەھدی چاوەڕوانکراو بوو.

گریمان عەلاویی دووەم توانی متمانەی پەرلەمان بۆ کابینەکەی وەربگرێت، لێرەدا ئەوە ھەموو شت نییە، ئاخر ئەو لە دۆخێکدا کە عێراق لە تەنگەژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدایە و بەدیاریکراویش گرووپە مەزھەبییەکان ملیان لە ملی یەکدی ناوە و بەھەموویان عێراقییان خستووەتە ناو چاڵێکی قووڵی کێشە و قەیرانی چارەسەر نەکراوەوە، بۆیە دووچاری ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتەکەی و لە سەرووی ھەموویانیشەوە ھێشتا ھیچ نەبووە نێوانی لەگەڵ ھەولێردا تێکداوە، ئەگەر بەردەوامی بەو دژایەتییەی لەگەڵ ھەولێریش بدات، حکوومەت و پێگەکەی خۆی دووچاری قەیرانی گەورەتر دەکاتەوە، ئاخر ئەگەر ئەو پیاوێکی تێگەیشتوو بووایە، بە وردی فۆکەسی دەخستە سەر چارەنووسی نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی کە لە دژایەتیکردنی ھەولێردا ئەگەر خیانەتی ناوخۆیی گرووپێکی کوردی نەبووایە، ھیچیان چنگ نەدەکەوت، سەرئەنجامیش خۆریان ئاوابوو.

محەمەد عەلاوی ھێشتا ھیچ نەبووە، چاڵی قووڵی بۆ خۆی و حکوومەتەکەی ھەڵکەندووە، بەوەی کوردی کردە نەیاری خۆی و بەشی زۆری سوننەکانیش بە راشکاوی دژایەتی دەکەن، ناوماڵی شیعەش ئەگەرچی لە دژایەتیکردنی کورددا یەکدەنگن، بەڵام لە ئاستی ناوخۆیی خۆیاندا، تەبا نین و بەردەوامیش بۆسە بۆ یەکدی دادەنێنەوە، وەکچۆن عادل عەبدولمەھدیان ناچار بە پاشەکشە کرد، دەبێ عەلاویی دووەمیش چاوەڕێی ئەو چارەنووسە بکات.

بە تایبەتی موقتەدا سەدر تاسەر سەپۆرتی ھیچ کەسێک ناکات و زوو زوو لە بریار و ھەڵوێستە سیاسییەکانی پاشگەز دەبێتەوە، ئەو لووتبەرزییەشی ھێندەی دیکە وای کردووە بڕیاری ھەڵەشەیی بدات، بە تایبەتی لە پرسی بەکارھێنانی شەقام بۆ خۆپیشاندان لە دژی حکوومەتەکانی عێراق و ھەڵکوتانە سەر باڵەخانەکانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان، ئەوە بۆ حکوومەتەکەی عەلاویی دووەمیش چاوەڕوانکراوە، چونکە کەسایەتیی سەدر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت.

 وێڕای ھەموو سەرنجەکانیش لەسەر عادل عەبدولمەھدی و ھەڵوێستەکانی لە پەیوەست بە کورد لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام ئەو لە دوای ئەیاد عەلاوی باشترین سەرۆکوەزیران بووە، سەرەڕای ئەوە ئینجا نەیتوانی کاروانی کابینەکەی بگەیەنێتە دوا وێستگەی یاسایی و دەیان و سەدان کێشەیان بۆی دروستکرد، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی بوو و سوننەکانیش لێی ڕازی بوون، کەچی عەلاویی دووەم ھێشتا متمانەی وەرنەگرتووە، درزی خستووەتە نێوان پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا.

لەلایەکی دیکەشەوە سوننەکایش لێی رازی نین و قەیرانەکانی عێراقیش زۆر لەوە گەورەتر و قووڵترن تا ئەو پیاوە لاوازەی ناو ململانێکانی عێراق بتوانێت چارەسەریان بکات، لەکاتێکدا خۆی باش دەزانێت داردەستە و بەکاردەھێنرێت بۆ دژایەتیکردنی گرووپەکانی ناوخۆییەکانی عێراق و لە سەرووی ھەموویانەوە دژایەتی پێگەی ھەرێمی کوردستان بکات، لێرەدا زۆرباشیش دەزانێت ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەمەریکا حیسابە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنە لە عێراقدایە.