سەردێڕ:

ئامانجەكە روونە

9/2/2019 9:52:48 PM
2937 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

بەگوێرەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەندی کرد، ھەڵبژاردن لە کەرکووکیشدا ئەنجامدەدرێت، لەکاتێکدا دۆخی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شارەکەدا سەقامگیر نییە، پڕۆسەی تەعریبیش بە ئاشکرا لە رێی ھێزی میلیشیایی و بەگوێرەی یاساش بەردەوامی ھەیە، بەڵام سەرباری ھەموو شتێک عێراق ھەر سوورە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکووکدا، چونکە ئامانجەکە روونە و گەمەیەکی سیاسییە لە دژی کوردی دەیکات.

دەرکردنی یاساکەش لەکاتێکدایە کورد دژی ھەڵبژاردنە لە کەرکووک و داوای ئاساییکردنەوەی دۆخە سەپێندراوەکەی قۆناغی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات، کە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ھاتەکایەوە و کورد تێیدا زیانمەندی پلە یەک بووە، بەوەی ئێستا حوکمی عەسکەرتارێت لە کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی سنووری ١٦ی ئۆکتۆبەر زاڵە، بەجۆرێک ھێزە میلیشیاکان جێی ھەموو یاسایەکیان گرتووەتەوە و بە ئارەزووی خۆیانیش بڕیارەکان دەگۆڕن و دەسڕنەوە و لە بەرژەوەندی لایەنی عەرەبی و تورکمانیدا کار بۆ دەرکردنی کورد لە کەرکووک دەکەن تا وێنای کەمینەی کورد لەپێشجاوی کۆمەڵگەی جیھانی بۆ دروستبکەن.

سەرباری ئەوەی لەم دۆخەدا خودی ھەڵبژاردنەکە بەگشتی لە بەرژەوەندی کورددا نییە و یەکێکیش لەو مەرجانەی بۆ ئاوارەکان دیاریکراوە تا بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا بکەن، زۆر قورسە و ئامانجی سیاسی لە پشتە، ئەویش ئاوارەکان ناچار دەکات تا بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و شوێنەکانی خۆیان بۆ دەنگدان، بەپێچەوانەوە ناتوانن دەنگ بدەن! ئەمەش دیارە بە ئامانجگرتن و خەونی کەمکردنەوەی رێژەی کورسییەکانی کورد و لە چنگ دەرھێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی لە پشتە، کە بەگوێرەی دەنگ و رێژەی کورسییەکان ھەموو کات بۆ کورد یەکلایی بووەتەوە، بۆیە ئەو مەرجە لە بەرژەوندی لایەنی عەرەبی و تورکمانی داندراوە تا پۆستی پارێزگار لە کورد وەربگرنەوە، لەبەر ئەوەی کوردێکی زۆر لە دوای ئۆکتۆبەرەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و ئێستا ناتوانن و بۆیان نییە بگەڕێنەوە کەرکووک، بەھۆی ئەوەی ھیچ گرەنتییەک بۆ پاراستنی ژیانیان نییە و بۆی ھەیە دەستگیریش بکرێن یان سووکایەتییان پێ بکرێت و دەیان مەترسی تر لەسەر ژیانیان دروستبکرێت، چونکە کوردن و بەشداری ریفراندۆمیان کردووە، بە دیاریکراوی پارتییەکان، ئەمەش وا دەکات کورد کەمترین رێژەی بەشداری ھەبێت، بۆیە دەپرسین لەم دۆخەدا ئاوارە کوردەکان چۆن و لە کوێ دەنگ بدەن؟

وەڵامی ئەو پرسیارە روونە، لایەنی عێراقی ئەو مەرجەی بۆ ئەوە داناوە تا ئاوارەکان نەتوانن دەنگ بدەن و بەمەش رێژەی کورسییەکانی کورد کەم دەکات و لەو حاڵەتەشدا لایەنی عەرەبی و تورکمانی بە ئاسانی دەتوانن پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوەندی خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی کورد ناتوانێت بەو رێژە زۆرەی جاران دەنگ بدات و لە بەرانبەریشدا رێژەی بەشداری عەرەب و تورکمان بەرز دەبێتەوە، چاوسوورکردنەوەش لە دژی ئەو کوردانەی ئێستا دانیشتووی کەرکووکن، روودەدات، ھەموو ئەوانە بۆ ئەوەن تا پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەگوێرەی یاسا لە کورد وەربگرنەوە و دواجاریش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن، ئەوەتا کورد کەمینەن لە کەرکووکدا!

زەحمەتە حکوومەت و لایەنی سیاسی و یاسایی عێراق، ھەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخەن، بە پێچەوانەوە دەیانەوێت بە ھەر جۆرێک بێت شارەکە لە رووی یاساییشەوە کۆنتڕۆڵ بکەن و گوێ بە ناڕەزاییەکانی کورد نەدەن و ھەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن، ئەمە واقیعە و ١٦ی ئۆکتۆبەر سەپاندووێتی، کەوایە نابێت کورد دەستەوەستان بوەستێت، باشتروایە کۆی حیزبەکان بە یەکگوتاریی سیاسی و نەتەوەیی بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن یان تەواوی قورسایی خۆیان بەکاربھێنن و بە پلانێکی تۆکمە بەشداری تێدا بکەن و ئاوارەکانیش بەبێ گەڕانەوە بۆ کەرکووک مافی دەنگدانیان لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەبێت، ئینجا ئەمە چۆن و بە چ یاسایەک دەکرێت، من نایزانم! گرنگ ئەوەیە دەرچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان مافی دەنگدانیان نەسووتێت یان لە ئێستاوە پێداگری لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەو مەرجە قورس و سیاسییە ئامانجدارەی بەغدا بکرێت، ئەگینا بەم دۆخە و بەو مەرجەوە، کورد زیانێکی یەکجار گەورەتر لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش دەکات.