سەردێڕ:

دوا رۆژەکانی کۆشکی ڕیحاب

7/13/2020 5:32:53 PM
8908 جار خوێندراوەتەوە
ڕێبوار ئەوڕەحمان
+ -

کۆبوونەوەی گرنگ و چارەنووسساز سەبارەت بەمەلیک، ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە ڕۆژی ١١ی تەمموزی ١٩٥٨ لەنێوان (عەبدولکەریم قاسم و عەقید عەبدولسەلام عارف و عەقید عەبدول لەتیف دەراجی و ڕەشید موتڵەگ ) بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی چارەنووسی مەلیک و عەبدولئیلا و نوری سەعید کراو بڕیار درا، عەبدولئیلا و نوری سەعید بکوژرێن، بەڵام چارەنووسی مەلیک بەھەڵپەسێردراوی مایەوە و بڕیاریاندا ڕاوێژ بە چەند کەسایەتییەکی مەدەنی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە (ڕەشید موتڵەگ) چوو بۆ ماڵی (کامیل چادرچی) بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەو وەربگرێت لەسەر چارەنووسی ئەو سێ کەسە گەورەیەی دەوڵەت، موتڵەگ چادرچی ئاگادار کردەوە کە لەوکۆبونەوەیەدا بڕیاردراوە عەبدولئیلا و نوری سەعید بکوژرێن، بەڵام چارەنووسی مەلیک بەھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چادرچی ڕایگەیاند، کە ئەو دژی کوشتنە، جا ئەو کوشتنە پەیوەندی بە مەلیکەوە ھەبێت یان غەیری مەلیک.

لەڕاستیدا چارەنووسی مەلیک بەھەڵپەسێردراوی نەھێڵرابۆوە، بەڵکو عەبدولکەریم قاسم و عەقید عەبدولسەلام عارف بڕیاریاندا بوو کە مەلیکیش لەگەڵ عەبدولئیلا و نوری سەعید دا بکوژن، ئەمەش ببووە بڕیاری کۆتایی.

ڕۆژێک پێش کودەتاکە

ئێستا لە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی تەمموزی ١٩٥٨داین، مەلیک فەیسەڵ خۆی بۆ سەفەر ئامادە دەکات، بڕیارە سبەینێ دووشەممە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ بەفڕۆکەیەکی (فایکاونت)ی تایبەتی سەر بە (ھێڵی ئاسمانی عێراق) بەرەو ئەستەنبوڵ سەفەر بکات.

لەو سەفەرەدا ھەریەکە لە نوری سەعیدی سەرۆک وەزیران و تۆفیق سویدی وەزیری دەرەوە و دکتۆر محەمەد فازڵ جەمالی یاوەری مەلیک دەکەن، پاش ئەوەی مەلیک و یاوەرەکانی ئامادەی کۆنگرەی سەرۆکی وڵاتانی ھاوپەیمانیی بەغدا دەبن لە ئەستەنبوڵ، پاشان بەرەو لەندەن بەڕێوەدەکەون و لەوێش ئەرکی تر چاوەڕوانیان دەکات، ڕۆژی ٢٤ی تەمموز کۆنگرەیەکی عێراقی – بەریتانی بەڕێوەدەچێت، تیایدا باسی بابەتی کوەیت دەکرێت، وەک تەواوکەری ئەو گفتوگۆیانەی لە بەغدا دەستی پێکردبوو، حکومەتی عێراق لەمبارەیەوە یاداشتێکی بەھێزی پێشکەشی بەریتانیا کردبوو، ڕۆژی ٢٨ی تەمموزیش ھاوپەیمانێتی بەغدا کۆنگرەی ھاوینەی خۆی سازدەکات.

بڕیارە لە لەندەن، مەلیک شازادە (فازیڵە)ی دەستگیرانی ببێنێت، کە بڕیارە لەم ساڵدا ھاوسەرگیری بکەن، لەم سەفەرەدا شازادە بەدیعەی پوری مەلیک و ھاوسەرەکەی شەریف حسێن کوڕی عەلی یاوەری دەکەن، گەرچی عەبدولئیلا لە بەغدا دەمێنێتەوە بۆ بەڕێکردنی کاروباری عەرش، بەڵام ھاوسەرەکەی شازادە (ھەیام) لەگەڵ مەلیک دەچێتە لەندەن تا یارمەتی بدات بۆ کڕینی دیارییەکانی شازادە فازیڵە.

پێش بەڕێکەوتنی مەلیک بۆ لەندەن، سەرۆکی تەشریفاتی شاھەنشایی عێراق (تەحسین قەدری) چوو بووە لەندەن تا سەرپەرشتی مەراسیم و پرۆگرامی پێشوازی و مانەوەی مەلیک بکات لە لەندەن.

جگە لە خانەوادەی خۆی و وەسی عێراق، ئەو ڕۆژە دوو میوانی تریش لەنێو کۆشکی ڕیحاب بوون، ناو بەناو مەلیک دەچووە ژووری خۆی بۆ ئامادەکردنی جانتای سەفەرەکەی و دەھاتەوە لای میوانەکان.

مەلیک ھەمیشە قژی درێژ بوو، ھەموو کات بەشی پێشەوەی قژی ھەڵدەدایەوە بۆ سەرەوە و بەرەو دواوەی سەری دەبرد، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیاربوو لەو سەفەرەدا دەستگیرانەکەی ببینێت، نەیدەویست بەو ستایڵەوە یەک ببینن، بۆیە سەرتاشەکەی بانگ کرد و قژی تەواو بۆ کورت کردەوە، ئەمەش ستایڵی مەلیکی زۆر گۆڕی و یەکەمجاریش بوو قژی بەو شێوەیە کورت بکاتەوە، بۆیە ھەموو کەس ئەو ڕۆژە مەلیکیان بەشێوازێکی زۆر جیاواز دەبینی، تەنانەت کە پرسیاری قژی لێدەکرا، دەیگوت سەرتاشەکەتان بانگ بکەن و پێی بڵێن (نمرە یەک)ی لێبدات.

مەلیک فەیسەڵ و میوانەکانی و عەبدولئیلا سەرقاڵی گفتوگۆ و چاخواردنەوە بوون لە یەکێک لە بەلەکۆنەکانی کۆشکی ڕیحاب، ئۆتۆمبێلێکی (ڤۆلکسڤاگن)یان بینی لە ئاڕاستەی ناو شارەوە بەرەو کۆشک دەکات، کەمێک لەبەردەرگای کۆشک وەستاو پاشان ھاتە ژوورە و لە نزیک دەرگای سەرەکی کۆشک ئەفسەرێکی لێ دابەزی، کە خۆی لێی دەخوڕی، ھەر ئەوەندەی سکرتێرەکەی عەبدولئیلا چووە دەرەوە بۆ لای ئەفسەرەکە، لەوسەرەوە بەزەرفێکی نامەوە ھاتەوە و وتی ئەم زەرفە ئەو شۆفێرە بۆ مەلیکی ھێناوە.

مەلیک زەرفەکەی کردەوە و کارتێکی تیادا دەرھێناو کەوتە سەیرکردنی، بەشێوەیەکی بیری لێدەکردەوە، مەلیک ھەمیشە بەوە ناسرابوو کە لەکاتە ھەستیارەکاندا کۆنترۆڵی خۆی دەکرد و ھیچ شتێک بەرووخساریەوە دەرنەدەکەوت، زیاتر لە دەقیقەیەک سەیری کارتەکەی کرد، ھەمووان بێدەنگ بوون، پاشان کارتەکەی دایە دەست عەبدولئیلا، ئەویش بەخێرایی خوێندیەوەو لە ناکاو ڕوخساری گۆڕا، ڕەنگی زەرد ھەڵگەڕا و دەستێکی راوەشاند و دەستەکەی تریشی بە توڕەییەکی زۆرەوە ھێنا بەقژیدا، پاشان سەیرێکی مەلیکی کرد و لەناکاو ھەستاو داوای لێبوردنی لە ئامادەبووان کرد.

عەبدولئیلا چووە ژوورەوە و بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئەمنی عامەوە کرد، پاشان ھاتەوە و داوای ڕوخسەتی لە ئامادەبووان کرد و وتی کە ئەو ناچارە کەمێک بڕوات، عەبدولئیلا دابەزی و بەتەنھا بەئۆتۆمبێلە (ڤۆلکسڤاگن)ەکە لەگەڵ ئەفسەرەکەدا بەرەو ڕێگەی فڕۆکەخانە ڕۆیشت. 

لەو کاتەدا مەلیک خۆی تێک نەداو بەئامادەبووانی وت، با بچین سەیری فلمێک بکەین.

نزیک سەعات ١٠، پاش سەیرکردنی فلمەکە، ھەمووان ھاتنە سەر سفرەی نانخواردن، عەبدولئیلاش گەڕایەوە، بەڵام بەدرێژایی نانخواردنەکە ھیچ قسەیەکی نەکرد، زۆر دوو دڵ و ڕاڕا دەردەکەوت.

گەرچی کۆشکی ڕیحاب و کۆشکی زھور، ھێندەی لە ماڵی خێزانێکی گوزەران مام ناوەندی ئەوکاتە دەچوو، ھێندە لە کۆشکی شاھانە نەدەچوو، بەڵام خانەوادەی شاھانەی عێراق ھەموویان لەناو کۆشکی زھوردا دەژیان، نێوانی کۆشکی زھور و کۆشکی ڕیحاب نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت، ساڵی ١٩٥٥ مەلیک فەیسەڵ بڕیاریدا کە کۆشکێکی شایستەی بۆ بونیاد بنێنن، دروستکردنی کۆشکەکە دەستی پێکرابوو، بڕیاربوو لە ساڵی ١٩٥٨دا تەواو ببێت و ئەو کات مەلیک و خانەوادەی شاھانە ھەمویان بۆ ژیان بچنە کۆشکە نوێیەکەوە، بەڵام ھەرگیز پێیان نەخستە ناو ئەو کۆشکەوە.

لەو دەمەدا، مەلیک فەیسەڵ مووچەی مانگانەی ٤ ھەزار دیناری عێراقی بوو، نەسریەی مانگانەشی ھەزار دیناری عێراقی بوو، لەکاتێکدا عەبدولئیلا کە وەسی بوو، ھەزار دینار بوو لەمانگێکدا و نەسریەی بەردەستیشی ٧٥٠ دینار بوو.

دواتر ڕوونبۆوە، ئەو ئێوارەیە، ئەو نامەیەی ئەفسەرەکە ھێنای چی بوو؟ بۆچی عەبدولئیلا بەو شێوەیە شڵەژا و بەو ئێوارەیە بۆ کوێ چوو؟ دەرکەوت عەبدولئیلا ئەو ئێوارەیە چووەتە ئەو کۆشکەی کە لە کەناری دیجلە و لە بەری کەرخ بونیادی دەناو لەوێ بەڕێوەبەری ئەمنی عامە (بەھجەت عەتیە)ی بینیوە و ئەویش ئاگاداری کردووە کە ھەست بەجموجۆڵێکی نائاسایی سوپا دەکات.

ئەم ئاگادارکردنەوەیەی (بەھجەت عەتیە) ھیچی لەبیرکردنەوەو بڕوای عەبدولئیلا و نوری سەعید نەگۆڕی، ھەموو ئەوانەی لەبەغدا دەژیان ھەستیان بە جموجۆڵێکی نائاسایی ئەفسەرانی سوپا دەکرد و لێرەو لەوێ باس لە ھەوڵی کودەتا دەکراو ئەم ھەواڵانەش دەگەیشتنەوە کۆشکی شاھانەیی، بەڵام لەوێ دەکوژانەوە.

نوری سەعید بڕوایەکی پتەوی ھەبوو کە سوپا بەتەواوی و سەد لەسەد لە کۆنترۆڵی خۆیدایە و پشتگیری لە سیاسەتەکانی ئەو دەکات، نوری سەعید پێی وابوو بەھەموو ئەوانەی بەسوپا بەگشتی و ئەفسەران بەتایبەتی بەخشیوە، لە مووچەی بەرز و ھەموو ھۆکارێکی خۆشگوزەرانی، وا دەکات سوپای لە دژی نەبێت و ڕێگریش دەبێت لە تێکەڵاوبوونی سوپا بەسیاسەت، بەڵام نوری سەعید ئەم بڕوایەی لەسەر بنەمای ھەستی خودی خۆی بونیاد نابوو، نەک لەسەر بنەمای زانیاری ورد و دروست، دەزگای ھەواڵگری ناوخۆ لەناو سوپای عێراقدا ئەو کاتە لاوازترین دەزگا بوو، نوری سەعید دواکەس بوو کە دەیزانی لەناو سوپا چی ڕوودەدات، چونکە پەیوەندییەکانی خۆی ھەمووی لەسەر بنەمای پەیوەندی شەخسی لەگەڵ ئەم ئەفسەر و ئەو ئەفسەر بونیاد نابوو، کە ھەمیشە پێی دەوتن ڕۆڵەکانم.

دەبوو نوری سەعید زۆر لەوە وریایانەتر ئاگاداری دەنگوباسەکانی ناو سوپا بێت، بەڵام لەو بارەیەوە شتێکی ئەوتۆی نەکرد، بەتایبەت کە چەند مانگێک پێش ئەوە، کاتێک مەلیک و عەبدولئیلا لە کانونی یەکەمی ١٩٥٧دا چوونە سەربازگەی حەبانییە بۆ ئامادەبوون لە مانۆڕێکی سەربازیدا، دەبوو ئەو تۆپانەی دەھاویژرێن بۆ شوێنێکی زۆر دوور بھاویژرێن، بەڵام تۆپێک بەدووری چەند مەترێک لە مەلیک و عەبدولئیلا دای بەزەویداو بەڕێکەوت کەس لەوێدا زیانی بەرنەکەوت، لەگەڵ ئەوەی ھەموان دەیانزانی کە ئەم ڕووداوە بەڕێکەوت نییە، بەڵکو بەئەنقەست ئەو تۆپە ئاڕاستەی شوێنی دانیشتنی مەلیک و بەرپرسانی تری دەوڵەت کراوە، کەچی کەس لە بەرپرسان گرنگیان پێنەدا و قەناعەتیان بەخۆیان کرد کە ڕووداوەکە قەزاو قەدەر بووە، ئەم ڕووداوە دەبوو چاوی ھەموو بەرپرسەکانی بکردایەتەوە، بەڵام ئەوەش ڕووینەدا.

لە ھەڵوێستێکی تاڕادەیەک سەیر و سەمەرەشدا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لەوکاتەدا (محەمەد ڕەفیق عارف)، لەسەر ڕووداوی تۆپ ھاویشتنەکە، یەکێک لەو ئەفسەرانەی سوپای ڕاسپارد کە لێکۆڵێنەوە بکات، کە خۆی ئەندامی دەستەی ئەفسەرانی ئازادیخواز بوو، کە ئەوان ئامادەکاریان بۆ کودەتا دەکرد، ئەو ئەفسەرە ڕاپۆرتێکی نووسی و تیایدا کێشەی تۆپەکەی گەڕاندەوە بۆ کێشەیەکی میکانیکی لە تۆپھاوێژەکەدا، بەمەش عەبدولئیلا و نوری سەعید دڵنیا بوونەوە کە بەئەنقەست نەبووە، بەڵام دوای کودەتاکەی ١٤ی تەمموز، ئەو ئەفسەرە دانی بەوەدا نا کە تۆپەکە بەئەنقەست بۆ ئەو شوێنە ھاوێژراوە و مەبەستیان مەلیک و عەبدولئیلا بووە و ویستویانە لە ناویاندا بتەقێتەوە و ھەموویان لەناوبچن.

لە دوای ئەو ڕووداوەوە بەرەوام زانیاری و ڕاپۆرتی نھێنی دەگەیشتنە نوری سەعید و کۆشک دەربارەی پیلانێک کە لەناو سوپادا بەڕێوەدەچێت، تەنانەت لەنێو ئەو زانیاری و راپۆرتانەدا، ناوی ئەو ئەفسەرانەش دەھات کە کودەتاکەی ١٤ی تەمموزیان ئەنجامدا، ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی ھەواڵگری سوپاوە نەدەھاتن، بەڵکو بەتایبەتی لەلایەن دامەزراوە پڕوپاگەندە و بەڕێوەبەرێتی ئەمنی عامەوە دەھاتن.

نوری سەعید بەردەوام ئەو زانیاریانەی پشتگوێ دەخست کە دەگەیشتنە دەستی، نەیدەنارد بۆ کۆشکی ڕیحاب بەبیانووی ئەوەی مەلیک و عەبدولئیلا بێزار نەکات، پاشان ئاگادارکەران ناچاربوون ڕاستەوخۆ زانیاری و ڕاپۆرتەکانیان بنێرن بۆ کۆشک و ڕاستەوخۆ مەلیک و عەبدولئیلا ئاگادار بکەن، لەبەرامبەر ئەو زانیاریانەشدا عەبدولئیلا بەردەوام جەنەراڵ محەمەد ڕەفیق عارف سەرۆک ئەرکانی سوپای بانگ دەکرد و ئاگادارییەکانی دەدایە دەستی، بەڵام جەنەراڵی ناوبراو شانی بادەدا و زانیارییەکانی ڕەتدەکردەوە و رێگری دەکرد لەھەر لێکۆڵینەوەیەک کە لەناو سوپادا بکرێت، چونکە پێی وابوو ھەر لێکۆڵینەوەیەک لەناو سوپادا بکرێت، لێدان و گومان دروستکردنە لەسەر توانا و لێھاتوویی ئەو لە کۆنترۆڵکردنی سوپادا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر دەریخست کە جەنەراڵ محەمەد ڕەفیق زۆر ھەڵە بوو، ھەموو ئەو زانیارییانەی دەگەیشتنە کۆشک ڕاست و دروست بوون.

عەبدولئیلا بەردەوام گومانی لە سوپا ھەبوو، ھەمیشە لە قسەکانیدا گومانی خۆی لە ئەفسەرە پلە نزمەکان دەردەبڕی، زۆرجار گومانی خۆی لە دڵسۆزی ئەوان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان دەردەبڕی، بەڵام سەد لەسەد بڕوای بەوە ھەبوو کە نوری سەعید سوپای کۆنترۆڵکردوە و توانای ئەوەشی ھەیە سوپا رێکبخات، بەڵام سەیر ئەوەیە کە ھیچ کاتێک عەبدولئیلا گومانی ئەوەی نەدەبرد کە جوڵانەوەیەک لەناو سوپادا و لەسەر دەستی ئەفسەرە پلە نزمەکان دروست ببێت، بڕوای وابوو کە نزمی پلەکانیان تواناکانیانی سنووردار کردووە. بەڵکو ھەمیشە گومانەکان لەسەر جەنەراڵ محەمەد ڕەفیق عارف بوو، ھەمووان پێیان وابوو کە ناوبراو بەنیازی ئەنجامدانی کودەتایە، لەپاڵ ئەویشدا، زۆرجار گومان لە جەنەراڵ (غازی داغستانی) فەرماندەی فیرقەی دوو دەکرا، کە ھەردوو لیوای نۆزدە و بیستی لەخۆ دەگرت.

دوای ١٤ی تەمموز دەرکەوت کە جەنەراڵ محەمەد ڕەفیق عارف ھەرگیز بیری لەکودەتا نەکردۆتەوە، بەڵام جەنەراڵ غازی داغستانی لەکاتی دادگاییکردنیدا دانی بەوەدا نا کە ئەو پلانی کودەتایەکی دژی نوری سەعید و عەبدولئیلا داناوە، بەڵام نەک دژی مەلیک، بۆ ئەو مەبەستە پلان و نەخشەی پێویستیشی داناوە.

لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٥٨دا، بەھجەت عەتیەی سەرۆکی دەزگای ئەمنی عامە، زانیاری زۆرگرنگ و بەڵگەداری لەسەر پلانەکەی (ئەفسەرانی ئازادیخواز) پێگەیشت، بەڵام لەبەرئەوەی پێش ماوەیەکی کەم عەبدولئیلا بەتوندی لێی توڕە بوو و ئاگاداری کرد کە چیدی چاودێری سوپا نەکات، نەیوێرا بیداتە عەبدولئیلا، بەڵکو چووە لای سەعید قەزاز وەزیری ناوخۆی ئەو کاتە و داوای لێکرد ئەو زانیارییانە و ئەو لیستی ناوانە بداتە عەبدولئیلا، سەعید قەزاز لیستەکە و زانیارییەکانی برد و دایە دەست عەبدولئیلا، بەڵام جارێکی تر ناوبراو زۆر بەتوندی توڕە بوو، بەھجەت عەتیەی بانگ کردو پێی وت: جارێکی تر پێت دەڵێم قەدەغەی دەکەم ھەموو فەرمانگەکانت لوت لە کاروباری سوپا بژەنن لە ژێر ناوی چاودێریدا.

پاش ئەم ئاگادارکردنەوەیە بەھجەت عەتیە لای ھەندێک ھاوڕێی وتویەتی: چی بکەم لەگەڵ ئەمانەدا، من لەگەڵیاندا لە کەشتیەکدام، دەزانم ئەگەر ئەوان بمرن منیش دەمرم، بەڵام ئەوان ئامادەنین گوێبگرن، تەنانەت لەو بەڵگانەش کە تۆمارکراون و پێشکەشیانی دەکەم.
پاش کودەتاکە، بەھجەت عەتیە لە پێشینەی ئەو کەسانەبوو کە دەستگیرکرا و لە دادگاکەی (مەھداوی)دا دادگاییکرا و بەلەسێدارەدان سزادرا، ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ سەعید قەزاز سزاکەی بەسەردا جێبەجێکرا.