سەردێڕ:

چی لە کورسی کەمینەکان بکەین؟

5/12/2020 12:47:47 AM
9787 جار خوێندراوەتەوە
ڕێبوار ئەوڕەحمان
+ -

چەند رۆژی رابردوو قسە و باسێکی زۆر دەربارەی کورسی کەمینەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا کرا، لە ھەندێک وێستگەدا قسەکردنەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە باس لە بەکارھێنانی ئەو کورسییانە کرا لە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ناکرێت نکۆڵی لەمافی کەمە نەتەوەکان بکرێت لە کوردستاندا، پێویستە لەھەموو دام و دەزگایەکی رەسمی و دەوڵەتی مافیان پارێزراو و رێزلێگیراوبێت، نابێت پاش ھەڵوێستێک یان ھاوپەیمانێتی لیستێک یان نوێنەرێکی کەمینەکان لەگەڵ حزبێکی دیاریکراو، ئەو راستییە لەبیربکرێت.

ئەوەی ئێستا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی لەحکومەت بەشدارن کار لەسەر ئەوە بکەن کە نوێنەری کەمینەکان لەناو پەرلەماندا بەراستیی نوێنەرایەتی خەڵکی خۆیان بکەن و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان، ئەوەی گرنگە بە داتا و ژمارە یەکلابکرێتەوە ژمارەی راستەقینە و مەشروعی کورسیی کەمینەکانە لە کوردستاندا و بۆ ئەمەش دەکرێت حزبەکانی تری ناو حکومەت ھەنگاوی عەمەلی و جددی بنێن، بە تایبەتیش یەکێتی.

چارەسەری ئەو کێشەیە رەنگە کارێکی سەخت نەبێت لەئێستادا، بە تایبەتی کە زیاتر لە ٢ ساڵ ماوە بۆ ھەڵبژاردنێکی تری پەرلەمانی کوردستان.

ئەگەر یەکێتیی بەراستیی سوود لە تەزویر نابینێت لەھەڵبژاردنەکاندا، ئەوا ئێستا وەزارەتی پلاندانان بەدەست ئەوانەوەیە و دەتوانن فشار بکەن و جیاواز لە عێراق لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لەھەرێمی کوردستان ئامارێکی گشتیی بکرێت و بەوەش سەر لەنوێ کورسییەکانی پەرلەمان دەستکاری بکەن و لەنێویشیاندا کورسیی کەمینەکان، ئەگەر زیاد بوو، لێی کەم بکەنەوەو ئەگەر کەمیش بوو بۆیان زیاد بکەن.

ئەنجامدانی ئامارێکی گشتیی دانیشتوان لە کوردستان زۆر سوود بە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەگەیەنێت، جگە لەوەی ئەم بابەتە جێی مشتومڕەی ئێستا یەکلادەکاتەوە، ئەوا دەتوانرێت تۆمارەکانی دەنگدانیشی پێ پاک بکرێتەوە.

جگە لە ھەموو ئەمانە، گلەیکردن لە کەمینەکان لەم کاتەدا لە جێی خۆیدانییە، چونکە کەمینەکان بە دوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێن کە بەشداری دەسەڵاتیان پێ بکات و لە پاڵیدا لە دڵنیاییدا بژین، ئێستا پارتی ئەو کەشوھەوایەی بۆ رەخساندوون تەنانەت ئەگەر بە روخساریش بێت.

دەبێ لایەنەکانی تر راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان، ئایا ئەگەر پۆستی سکرتێری پەرلەمان بەر یەکێتی بکەوتایە، ئامادەبوو بەسەر کادیرێکی خۆیدا مەسیحیەک یان تورکمانێک بکاتە سکرتێری پەرلەمان؟ یان ئەگەر ھەمان پۆست بەر بزووتنەوەی گۆڕان بکەوتایە، ئامادەبوو کەسێک لەکەمینەکان بێنێت و بیخاتە ئەو پۆستەوە؟ بەڵام پارتی لەبەرژەوەندی خۆی، بەسەر ئەو ھەموو کادیرەی خۆیدا تورکمانێکی لە کەمینەکان کردووەتە سکرتێری پەرلەمان، کەواتە بەم ھەنگاوە روکەشەش سۆزی تەواوی کورسی کەمینەی تورکمانی بەلای خۆیدا رادەکێشێت، لە پشکی خۆی وەزیرێکی مەسیحی داناوە (گەرچی دەوترێت بەرپرسی ناوچەی پارتی بووە)، بەڵام بەم ھەنگاوە سۆزی ھەموو کورسی کەمینەی مەسیحی راکێشاوە.. ئێستا کاتیەتی ئێوەش ئەم سیاسەتە بەکاربێنن.