سەردێڕ:

ئاراستەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونی حیزبی شیوعی کوردستان

5/8/2019 11:45:08 PM
3059 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

 لەم دەورەی پەرلەماندا حیزبی شیوعی کوردستان کە تاکە کورسیەکی  بەدەست ھێناوە،  ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند. واتە بەشداری لەم کابینە نوێیەدا ناکات کە بڕیارە مەسرور بەرزانی پێکی بھێنێت.
ئەم بڕیارە گەر چی درەنگ ھات بەڵام بووە مایەی خۆشحاڵی قەواعیدی حیزب و جەماوەرەکەی  کە بڕیارێکی دروست و پێوستیەکی ھەنووکەیی قۆناغەکەیە .
ئەوەی جێگەی تێڕمانە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن بڕێک لەسەرانی پارتیەوە چەندین پێناسەی نا درووست  بۆ معارەزەبوونی حیزب کراوە ، ئەمەش بە مەبەستی  بێ بایەخکردنی ئەو ھەڵوێستەی حیزبە .بەداخەوە ھەندێک لە ھاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزبیش بەھەڵە  پێناسەی  موعارەزەبوونیان دەکرد . دیارە بەم بۆچوونە نادرووستانە  ھەوڵدەدرێت ڕەھەندو خەسڵەتەکانی معارەزەبوون لە سیاقی سروشتی خۆی دووربخەنەوە تا ھیچ دەورو کاریگەری نەبێت.
ئەوەی بڕێک ئاگاداری ڕەوشی سیاسی و ڕەوتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئەدای پەرلەمان بووبێت لە ساڵانی ڕابردوودا ،لە ژێر ھەژمونی جوت حیزبی باڵادەستدا بۆی ڕووندەبێتەوە کە ئەو دوو حیزبە بەردەوام ھەوڵیانداوە کە  ئەو دامەزراوانەی گەرەکە لەژێر چاودێریدا بن ، لە بەھاو گرنگیان  بەتاڵ بکەنەوە و  بیانکەنە جەستەیەکی بێ بزاوات بێ کەڵک کە سەرکەوتووش بوون تێیدا.
گرنگە بپرسین کە حیزبمان چ ئاراستەیەک دەگرێت  لە ئۆپۆزسیۆن بووندا  و چۆن و بە چ میتۆدێک  ئۆپۆزسیۆن دەبێت؟
ئاشکرایە کە  ئەزموونی نزیکەی [٣٠] ساڵی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەری خستووە کە  سیاسەت و بەرنامەیان  لە بواری ئابووریدا لەبەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی سەرمایەداری {ھەڵتۆقاو}دایە کە تەنھا بیر لە کۆکردنەوەی سامان دەکات، ئەویش  بەڕێگەی نا یاسایی و ناشەرعی ،کە تێدا ھیچ نرخ و بەھایەک بۆ ژیانی ھاوڵاتیان دانانێت ،  بەجۆرێک   ھەژاران  تا دێت ھەژارتر دەبن و ئەوانیش تا بێت سەرمایەکانیان  کەڵەکەتردەبێت.
لەڕووی  سیاسەت و پاراستنی خاک و  نیشتمان پەروەریەوە، دیسان دەرکەوت کە لەکن ئەو دوو حیزبە لەبەرنامەو ئەجندایاندا شتێک نیە بەنێوی دۆزی کورد وپاراستنی خاکی  کوردستان ، بەڵکو  ھەردەم ئەم چەمکەیان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان و بازرگانیان پێوەکردووە و  ھەرکات وڵاتانی دراوسێ{ئێران و تورکیا} و حکومەتەکانی عێراق بڕێک ئیمتیازاتیان پێدابن ،ئەودەمە دۆزی کوردو خاکی کوردستان و [ئاسایشی نەتەوەیی] یان ھەراج کردووە.
جا لەم  دۆخە  نوێیەو  لە دەمی دەستبەکاربوونی کابینەی مەسروردا، گەمژەییە گەر چاوەڕێی گۆڕانکاری لە ئەقڵیەت و سیاسەتیاندا بکەین و بیر لە دەسەڵات و پەرلەمانێکی تەواو جیاواز لەوانەی پێشوو بکەینەوە .
بۆیە پێویستە و زۆریش پێویستە ،حیزبمان بە درێژایی ھێڵ معارەزەیەکی جەسوور و سەرچڵ بێت و  بەپێی بەرنامەیەکی تۆکمە و واقیعی   ببێتە  داکۆکیکاریکی سەرسەخت  لە چینی ھەژاران و کەم دەرامەتەکان و دژ بە سیاسەتە سەپێنراوەکانی سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی  بوەستێتەوە .ئەمەش تەنھا یەک جۆر ئۆپۆزشێون دەخوازێت  ویەک پێناسە ھەڵدەگرێت کە  بریتیە لە {ئۆپۆزشیۆنی شۆڕشگێڕانە}.
ئۆپۆزسیۆنی شۆرشگێرانەش  نە سازش دەکات و نە نەرمی دەنوێنێت و نە سڵ لە دەسەڵات دەکاتەوە  و نە گوێ بە فشارو ھەرەشەکانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئۆپۆزسیۆنی کاراو شۆڕشگێڕ   یانی وەستانەوە بەڕووی  ھەر کردەو جوڵەیەکی دەسەڵات کە ناچێتە خانەی خزمەت و بەرژەوندی چینی  کرێکارو  خەڵکی ھەژارەوە  . ئۆپۆزسیۆنی جددی  یانی ڕەخنە و ڕسواکردنی  ھەر ھەنگاوێک کە سەروەری خاکی کوردستان و دۆزەکەی دەکاتە جێگەی مساومە .ئۆپۆزسیۆنی جددی و شۆڕشگێڕانە یانی بەئاگا ھێنانەوەی دەسەڵات و  چاودێریکردنی لە ھەر  خەمساردی و پشگوی خستنێک  لە مەسەلەی  داکۆکی سەربەخۆیی بڕیارو سیاسەتی درووستی کوردستانیانە .
ئیدی بەدەر لەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە  ھەر ناو  و فۆرمێکی  دیکەی ئۆپۆزسیۆن وەک{ ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی یا نەرم} خۆ ھەڵخڵەتاندنە و ناچێتە  خانەی ئۆپۆزشیۆنەوە ،بەڵکو ئەوە ڕازیکردنی دەسەڵات و تەسلیم بوونە بە فشارەکانی، کە پێدەچێت لە ئایندەدا درووستببن .
دەسەڵات بۆ ئەوە دێتەکایەوە کە خزمەت بکات و ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی داون جیبەجێیان بکات ، جا گەر لەم میانەدا  کارێکی باشی کرد ،[ کە لەوبڕوایەدا نیم بیکات]، واتە بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردوە ،کە لەبەرنامەکەیدا ھاتووە، بۆیە ئەوە کاری ئۆپۆزسیۆن نیە دەستخۆشی لێبکات ،یا بە دەسکەوتێکی مەزن ھەژماری بکات، چونکە ئەوە ئەرکی ئەو نیە  .
لە بەرامبەردا  ئۆپۆزسیۆن ئەرکی  ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتە لەو کارانەی کە پێوستە ئەنجامیان بدات و ،ئەنجامی نەداون . یاخود وەستانەوەیە بەڕووی ئەو یاساو پێشنیارانەی لە پەرلەمان لەدژی بەرژەوەندی خەڵک دەردەکرێن..
 گەرەکە ئۆپۆزسیۆن شلگیرانە لەتەک خەڵکی مافخوارو بەشمەینەتدا   بێت و ھەست بە ئازارەکانیان بکات و سەرسەختانە داکۆکی لە داخوزیەکانیان بکات . تەنھا ئەم جۆرە  ئۆپۆزسیۆن بوونە  دەتوانێت حیزب بخاتە ئاستێکی باڵاوە و پێگەی خۆی بەھێزبکات  و لەکن خەڵکی چەوساوە خۆشەویست و مەقبول بێت .
 دیارە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە گرنگە، لەسەر حیزبمان  پێوستە ھەموو ئۆرگانەکانی بخاتە کارو وەک یەکەیکی چالاک کاربکەن  ،زۆر گرنگە لە ھەموو ڕێکخراوەکانی حیزبدا لیژنەی کاری سیاسی وجەماوەری دابمەزرێن و ھاوڕێ چالاکەکان ڕۆڵی تێدا بگێڕن. ھاوکات ڕێکخراوە جەماوەریەکانی سەر بە حیزب  ئەکتیڤ بکرێن و  ھەر ڕێکخراوێک و ئۆرگانێک  لە بواری خۆیدا دەنگو ڕۆڵی بەرچاوی ھەبێت .
فاکتەرێکی دیکەی   گرنگ  کە پێوستە حیزب ڕەچاوی بکات و کاری بۆ بکات ، ھاودەنگی و ھاوھەڵوێستی و کاری ھاوبەشە لەگەڵ  حیزب و لایەن و کەسایەتیە چەپەکان ،ئازادیخواز و دیموکرات خوزەکاندا ،لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش . ڕێپێوانەکانی سلێمانی و ھەولێر بەبۆنەی [١] ی ئایارەوە دەریانخست کە  کاری ھاوبەش چەند گرنگی ھەیە.
بۆ بەرجەستەکردنی ئۆپۆزشیۆن بوون ، حیزب پێویستی بە بڕیاری شۆڕشگێڕانەو بوێرانە ھەیە ،ھەروەھا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەش حیزبمان پێوستی بە  کەسی بوێرو بەتوانا و شارەزا ھەیە . بەداخەوە  ھاوڕێ دکتۆر محێدین  ئەو کەسە نیە کە بتوانێت لە پەرلەماندا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت . لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا{٥.٨} بۆ دەنگدان لەسەر یاساکانی پەیوەست بە سەرۆکی ھەریم ،چاوەڕێی  ئەوەدەکرا کە لەدژ دەنگ بدات ،کە ئەوە سیاسەتی حیزبە ، لێ مەخابن ھیچ مناقەشەیەکی نەبوو لەسەر بڕگەکان ،وەک ئەندامانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان  تەنھادەستی بەرزدەکردوە دەنگی بە پێشنیاریک دەدا کە دژ بە سیاسەتی حیزب و بۆچوونی زۆرینەی قەواعدی حیزب بوو.  
بێگومانم کە زۆرێک لە ھاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزب ھاوڕانین لەگەڵ ئەم دەنگدانەدا، جا بۆیە گرنگە   سەرکردایەتی لێکۆڵینەوە لەوە بکات  کە  بۆ ھاوڕێ محێدین دەنگی بەو یاسایانە داوە.
 گەر ئەو ھاوڕێیە بەم جۆرە نوێنەرایەتی {ئۆپۆزسیۆن بوونی} حیزب  بکات ،دەبێ لە ئێستاوە گومان لە سەر ئەو ئۆپۆزسیۆن بوونە  بکەین ودەستی لێ بشۆین.
لە دەورەی ڕابردوودا کە حیزب ئۆپۆزسینیش نەبوو ھەڵوێستەکانی لە  چاو ئێستادا  زۆر ڕادیکاڵانەترو بوێرتر بوو  ،بە تایبەتی ھەڵوێست و چالاکیەکانی ئەبو کاروان.
گەر حیزب ،بەتایبەتی سەرکردایەتی بڕیاردەر ،دەخوازێت بەجددی معارەزە بێت ، دەبێت ئەندام پەرلەمانەکەمان و ھەموو ئۆرگان و ھاوڕێیانی حیزب، جۆرێکی تر کار بکەن .نابێت ھەرگیز  مجامەلەی دەسەڵات بکرێت تا لێمان نەڕەنجێت. ھاوکات ناکرێت حیزب ھەوڵی ڕازیکردنی دەسەڵات بدات و لەولاشەوە درووشمی داکۆکی لە خەڵک بەرزبکاتەوە. ئەمە دووشتی دژ بەیەکن ، لەسەر حیزب پێوستە یەکێکیان ھەڵبژێرێت. جا بۆ ئەوەی حیزب بوونی خۆی وەک معارەزەیەکی کاراو دڵسۆز وازی بکات ،گەرەکە  بەرەی خەڵکی ھەژار ھەڵبژێرێت. نابێ حیزب گوێ بەو پەرچەکردارانەی دەسەڵات بدات، مادام پێگەی معارەزەبوونی ھەڵبژاردووە  .