سەردێڕ:

ئایا ئەوانەی لە بارەگای نەوەی نوێ دەستگیرکران تیرۆریست بوون؟

5/6/2019 8:29:12 PM
2741 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

لە کوردستانی باشوور بەردەوام کردەوەی  سەیروسەمەرە ڕوودەدەن، بەجۆرێک  ھێندە نالۆژیک و نادرووست و نایاساین  ئەستەمە ئەقڵ قەبوڵیان بکات.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ  پاشاگەردانی و  بێڕێزی بە یاساو   بێ سەرووبەری لە بەڕیوەبردنی کارەکانی دەوڵەتداریدا لە زۆربەی کایەکاندا.
لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەدا ،ھیچ شتێک لەجێگەی خۆیدا نیە ، بەتایبەتی  سنوری دەسەڵات و ئەرکی دەزگاکانی وەک  ئەمن ، پۆلیس ،دژەتیرۆر و تاد. بەجۆرێک ئەرکەکانیان شێوێندراوە مرۆڤ سەریان لێ دەرناکات.

مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا  وەک:{تاوانی مەزن و گچکە، دزی گەورە و بچوک  ،قەتڵ، تیرۆر، شەڕو لەیەکدان} ئەمانە زۆر جار  بە پێی جۆرو  ڕادەی سەرپێچیەکان یا قەوارەی تاوانەکان  و ڕێژەی مەترسیەکانیان ھەڵسەنگاندنان بۆ ناکرێت  ، بەڵکو بە پێی مەزاجی دەزگا پەیوەندیدارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بۆنمونە پێدەچێت کەسێک لەسەر دزیەکی بچوکی بێنرخ  چەندین ساڵ زیندانی بکریت، بەڵام قاتلێکی مەترسیدار لەوانەیە  تەنھا چەند مانگێک بچێتە بەندیخانەوە و پاشان بە فشاری بەرپرسێکی باڵای حیزبی ئازاد بکرێت. یاخود  بۆ دەستگیرکردنی دزێک، لەوانەیە ھێزی دژەتیرۆر  یا دەزگای ئاسایش و زانیاری بچن بۆ دەستگیر کردنی ، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکێکی مەترسیدا نیەو  پۆلیس دەتوانێت جێبەجێی بکات.

نمونەی زیندووتر ، ھەڵکوتانە سەر بارەگای نەوەی نوێیە  لە سلیمانی، کە کارێکی زۆر نامۆ بوو.

وەک دەرکەوت ئەو ھەڵکووتانە بۆ  دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی نەوەی نوێ بوو.

 دەکراو دەبوو واشبێت کە دادوەر بەنامەی فەرمی ئاگاداری داواکراوەکان بکات تا ئامادەی دادگا ببن. ئیدی ئەو دەمە داوەر بڕیاری دەدا کە ئایا تا ڕۆژی دادگا بەندبکرێن  یا ئازاد بکرێن .خۆ گەر نەھاتبان، ئەوە دەکرا و یاسایشە  ئەو داوایە دووبارە بکرێتەوە ، گەر ھەر نەھاتن ،ئەوە لەم حاڵەتەدا ئاساییە  پۆلیس بنێرن بۆ دەستگیرکردنیان. ئەمە ڕێگە ئوسوڵی و یاساییەکە بۆ دەستگیرکردنی ھەرکەسێک کە مەترسیدار نەبێت. جا  گەر مەسەلەکە ئەم ڕێچکە یاساییەی خۆی وەربگرتایە ،بێگومان ئەو  ئەندامە داواکراوانەی  نەوەی نوێ ئامادەی بەردەمی دادوەر دەبوون.

بەڵام ئەوەی سەیر بوو وە خەڵکی تووشی شۆک کرد ناردنی ئەو ھێزە زۆرە بوو بۆ دەستگیرکردنی چەند گەنجێک، ئەمەش  بێ ھیچ ئاگاریەک و بێ  وەرگرتنی مۆڵەتی دادوەر. ناردنی ھێزێکی چەند سەیارەیەی  جام ڕەشی {دەزگای دژ تیرۆر  یا ئاسایش و زانیاری} کە کەس نازانێت سەربە کامیان بوون، بۆ سەر  بارەگای نەوەی نوێ،  کارێکی زۆر نا ئەقڵانیە. ئاخر خۆ ئەوانە نە لە یاسا عاسی بوون، نە مەترسیدارن،نە ماڵی خەڵکیان دزیوە، نە تیرۆریستن . ئیتر بۆ بەم  سەیارە ڕەشانەوە و بە چەکداری دەماکدارەوە  دەچنە سەریان و دەستگیریان دەکەن؟ لە ھەمووی سەیرتر ئەو ھێزە  شوناسی خۆیان ئاشکرا نەکردووە کە سەربە چ دەزگایەکن.

ئەم  کارەی ئەم دەزگایە{ئیدی ھەر دەزگایەک بێت}ئەوپەڕی سوکایەتیە بە یاساو ڕێساو بێ نرخکردنی دەزگای پۆلیسە کە ھیچ حورمەتێکیان بۆ نەھێشتوەتەوە.

دەزگای دژەتیرۆر یا  ئاسایش و زانیاری ئەم ناوە مەترسیدارانە، ئەرکیان پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانە ،{ بێگومان کردویانە} نەک خۆ خەریککردن بە کاری لاوەکیەوە، وەک ئەمەی ئێستا کردیان کە  ھەرگیز  ناچێتە خانەی ئەرکەکانیانەوە.

دیارە ئەمە کردەیەکی سیاسیە نەک یاسایی، تۆڵەسەندنەوەیەکی حیزبی و شەخسیە  کە پێدەچێت ئەم کاتە باشترین دەرفەت بووبێت بۆ سەندنەوەی. 
بێدەنگبوون لەم کارە  نا یاسایی و ناشیرینە زۆر مەترسیدارە، چونکە گەر ئیمرۆ دژی بزوتنەوەی نەوەی نوێ ئەنجامیاندا و بۆیان چووتەسەر، ئەوە بەدووری نازانم  سبەی بۆ  شکاندنی شکۆی لایەنێکی دیکە، بەھەمان شێوە ھەڵکوتنە سەر بارەگاکانیان، بەتایبەت دەمێک ھەست بکەن ئەولایەنە  بەخواستی حیزبی خاوەن دەزگاکە ڕەفتار ناکات.

ھەموو دەزانین ئەرکی سەرەکی ئەو ھێزانە دەستگیرکردنی تیرۆریستان و کەس و گرووپە مەترسیارەکانە بۆ سەرئاسایشی نیشتمانی . جا دەپرسم  ئەوانەی  دەستگیرکران {تیرۆریستن} یا  چەند ئەندامێکی حیزبێکی مۆڵەت پێدراون؟