سەردێڕ:

ئەمانەش خەباتیان کرد

5/10/2020 1:25:23 PM
3986 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

               
لە سەروبەندی  دووەم جەنگی جیھانیدا، لەو وڵاتانەی کە سوپای ھیتلەر داگیری کردبوون، ھێزی بەرھەڵستکاری چەکداری درووستبوون، بەم ھێزانە دەگووترا پارتیزان، ئەم ھێزانە ڕۆڵی مەزن و کاریگەریان ھەبوو لە زیان گەیاندن و ماندووکردنی سوپای داگیرکەر، بەمەش مەترسیەکی بەردەوام بوون بۆ داگیرکەران، ئەویش لەبەر ئەم ھۆیانە:

-ھێزەکانیان نەبینراو بوون و لە ھێڵی پشتەوەی دووژمندا چالاکیان ئەنجامدەدا .

-چالاکیەکانیان لەناکاو بوو، واتە خۆیان زەمان و مەکان و ئامانجەکەیان ھەڵدەبژارد.

-دەستگیرکردنیان تا ڕادەیەک ئەستەم بوو، چونکە تێکەڵاوی خەڵک دەبوون و لەنێویاندا خۆیان دەشاردەوە، یاخود لە دارستان و گوندەکاندا بنکەیان دروستدەکرد.

-بەڕۆژی ڕووناک سەرانی سەربازی و ئیداری و ناپاکەکانیان ئیغتیال دەکرد.

-ھەموو جۆرە کارێکی تێکدەرانەیان ئەنجامدەدا، لە تەقاندنەوەی ھێڵی شەمەندەفەرەوە بگرە تا تەقاندنەوەی جبەخانە و کاروانی شمەکی سەربازی و بارەگاکانی نازییەکان .

ئەو وڵاتانەی ھێزی پارتیزانی تێیاندا کارابوو بریتیبوون لە سۆڤیەتی کۆن، سەربیا، یۆنان، بولگاریا، ھەندێک وڵاتانی دیکەی بەلکان، ئیتاڵیا، فەرەنسا، پۆڵۆنیا، چیک، دانمارک و ھەندێک وڵاتی دیکە.

توانا و ھێز و جۆری چەک و ژمارەی ئەم  ھێزە پارتیزانانە وەک یەک نەبوون، ھەروەھا شێوازی جەنگەکانیشیان بەپێی قەبارەی ھێزەکان دەگۆڕدران، بۆ نموونە پارتیزانەکانی سەربیا بەسەرۆکایەتی تیتۆ، ئەوانەی یۆنان و بولغاریا و تاڕادەیەکیش ئیتاڵیا، ئەمانە زۆر جار شەڕی بەرەیشیان دەکرد، واتە بەرامبەر بە سوپای داگیرکەر دەجەنگان، بەمەش ناوچەی ئازادکراویان ھەبوو، بەڵام دۆخەکە لەو وڵاتانەی توانایان کەم و دیاریکراو بوو، بەشێوەی شاراوە و ناکاو چالاکیان ئەنجام دەدا.

درووستکەر و بزوێنەری زۆربەی ئەم ھێزە پارتیزانانە حیزبە شیوعیەکانی ئەو وڵاتانە بوون، ھەروەھا گروپ و ئەحزابی دیکەش بەتایبەت سۆشیال دیموکراتەکان.

گەرەکمە لێرەدا تیشک بخەمە سەر چالاکی پارتیزانی لە دانمارک کە ڕۆژی ٥ی ئایار ٧٥مین ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی ئەم وڵاتە بوو، لەو ڕۆژەدا سوپای ھیتلەر لە دانمارک خۆیان تەسلیم بە ھێزی ھاوپەیمانان و پارتیزانەکان کرد.

ڕێکەوتی ٩ی نیسانی ١٩٤٠، سوپای ھیتلەر دانمارک و نەرویجی داگیرکرد، بەھانەیان ئەوەبووە نەکا ھێزەکانی ھاوپەیمان پشتیان لێبگرن، دۆزینەوەی بەھانە  بۆ داگیرکەر ئاسانە جا ئەوەش تەنھا بەھانە نەبوو، دەرکەوت مەبەستیان  پتر بۆ دەسکەوتی کانزایی و بەروبوومی کشتوکاڵی و بەرھەمی دیکەی ئەم دوو وڵاتە بووە بۆئیدامەی جەنگەکەیان.

لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا سوپاکەی ھیتلەر بە سەرکردایەتی جەنەراڵ (وێرنەر بێست) ھەموو دانمارکی کۆنترۆڵکرد.

ڕاستە داگیرکردنی دانمارک و ڕەفتاری سوپای نازی لە وڵاتدا جیاواز بوو لەچاو زۆر وڵاتی دیکەی داگیرکراو، کە زۆر دڕندە و بێبەزەیی بوون و خەڵکیان بێ ھۆ دەکوشت و وڵاتیان وێران دەکرد، لە دانمارک ڕەفتاریان تا ئەندازەیەک ئەھوەن بوو، بۆ نموونە دەسەڵاتیان نەگۆڕی، ڕێگەیان بە حیزبە نازییەکەی دانمارک نەدا دەسەڵات بگریتە دەست، ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەکرا، جگە لە حیزبی شیوعی ھەموو حیزبەکان ڕێگە پێدراوبوون بۆ کاری ئاشکرا، نازییەکان زۆریان بۆ خەڵک نەدەھێنا تا کاریان بۆ بکەن، بەڵام ئەوە ڕوونبوو کە لەپشتی پەردەوە نازییەکان چیان بویستایە بەدەستیان دەھێنا.

لەو دەمەدا سیاسیەکانی دانمارک دەیانویست بە ھەرجۆرێک بێت وڵاتەکەیان لە کێشەی گەورە و بێبەزەییی نازییەکان بپارێزن، بۆیە زۆر بە دیبلۆماسیانە ڕەفتاریان دەکرد .

-سەرھەڵدانی یەکەم گروپی بەرھەڵستکار

داگیرکردن لە ھەر فۆرمێکدابێت ھەر داگیرکردنە و فەراھەمکردنی سەختە، بۆیە بە گژاچوونەوەی داگیرکەران بووبووە ئەرک و دەبوو ھەنگاوی بۆ بنرێت، ھەر ھەمان ساڵ و پاش چەند مانگێک لە داگیرکردنی دانمارک، ژمارەیەکی کەم لە ھەرزەکارێ سەرکێش لە شاری [Ålborg] کە تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ١٧ ساڵیدا بوو، ھاوکات ھاو خوێندنگا بوون، یەکەم گروپی بەرھەڵستکاریان بە نێوی "کلوبی چەرچڵ" پێکھێنا.

چالاکیەکانی ئەم گروپە پتر تێکدەری و تەقاندنەوە بوون، ئەو شوین و مۆڵانەیان دەکردە ئامانج کە تایبەتبوون بە سوپای داگیرکەر، واتە چەکدار نەبوون.

پاشان بەدوایدا چەندین گروپی مەزن و بە دیسیپلین ھاتنە کایەوە، وەک گروپی [  KOPA ] کە سەربە پارتی کۆمۆنیستی دانمارک بوو، ھەروەھا  گرووپەکانی وەک :

Holger Danske،L- gruppe، AMPA، Frit Danmark ،Polytekniker Bataljonen، Dansk Samling.
جگە لەم گروپانە ھەندێک ھێز و لایەنی دیکە ھەبوون کە بە ژمارە و چالاکی کەمتربوون، بە گشتی نزیکەی ١٥ گروپ دەبوون، ھەندێکیان لۆکالی بوون، واتە چالاکیەکانیان تەنھا لەو باژێڕدا بوو کە تێیدا دەژیان، ھەشبوو کە چالاکیەکانیان ھەموو دانمارکی دەگرتەوە بەتایبەتی گرووپەکانKOPA ، Holger Danske.

لە سالی ١٩٤٣دا زۆربەی ئەم گروپانە بەرەیەکیان دروستکرد بە نێوی[BOPA]  واتە کورتکراوەی پارتیزانی ھاوڵاتیان و ئەنجومەنێکیان دامەزراند بە ناوی ئەنجومەنی ڕزگاری میللی.

پاش ئەم ڕووداوە چەندین بریگادەیان دووستکرد، کە ھەر بریگادەیەک یا گروپێک  ژمارەیان لە شەش پارتیزان تێندەپەری و ھەر گروپێک لەمانە زۆنەیەک یا دەڤەرێک سەنتەری چالاکیان بوو، بۆ سەلامەتی گیانی ئەندامانی گروپەکان ھیچ گروپێک ئەندامانی گروپەکانی دیکەی نەدەناسی . 

لە دواساڵی داگیرکردندا وە بەتایبەتی پاش ئەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە حاڵەتی دیفاعەوە کەوتنە ھێرش و چەندین وڵات و دەڤەریان لە ئەوروپا رزگار کرد، چالاکیەکانی ئەم پارتیزانانە کەوتە قۆناغێکی نوێوە.

ئەوەبوو ئەم ھێزانە بە ئاشکرا و بەگرووپی گەورە بەڕۆژ و بەبێ ترس لەشەقام کۆڵانەکانی باژێڕەکانی دانمارکدا دەردەکەوتن و چالاکیان ئەنجام دەدا.

وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا، ئەم ھێزە پارتیزانانە سوپای ھیتلەریان بە چالاکیە بەردەوامەکانیان شپرزە و ماندوو کردبوو، ترسیان خستبووە دڵی ئەفسەر و سەربازانی نازیەوە، نەیاندەزانی کەی و چۆن لێیان دێنەدەست.

بۆیە دەمێک یەکێک یا چەند کەسێکیان  لە کاتی چالاکیدا لێدەستگیردەکرا ، ڕاستەوخۆ لەوێدا گولەباران دەکران یا پاشتر لە سێدارە دەدران، خۆ گەر کەسێکیان ببێچەک دەستگیر بکرایە ، ئەوە ڕەوانەی کەمپە بەدناوەکانی ئەڵمانیا دەکرا.[KZ]

لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٤٥ دا بەمەبەستی دەرکردنی داگیرکەران یا تەسلیم بوونیان چالاکەیانیان چڕبوونەوە و زیانی زۆر لە ھەردوو لا کەوت.

کۆتایی جەنگ لە دانمارک

لە ڕۆژی ٥.٥.١٩٤٥  وێستگەی ڕادیۆی [BBC] بەشی دانمارکی  ھەواڵێکی بەپەلەی بلاوکردوە ئاماژەی بە خۆبەدەستەوەدانی سوپای ھیتلەر کرد لە ھۆڵەندە و باکووری  ئەڵمانیاو دانمارک ،کە خۆیان تەسلیمی ھیزە ھاوپەیمانیەکان کردووە.

پاش ئەو ھەواڵە بووە شایی ولۆغان و خەڵک لە باژێڕەکانی دانمارک بۆ دەربڕینی خۆشی ڕژانە سەرشەقامەکان.

ئەوەی سەیربوو لە چەند جێگە و باژێڕێک ھەندێک لە سەربازانی نازی وەک ئەوەی مێشێک میوانیان نەبێت مقاوەمەیان دەکرد و لەگەڵ پارتیزانەکان شەڕیان دەکرد، ئەمەش بووە ھۆی کوژرانی پتر لە {٨٠} پارتیزان لەیەک ڕۆژدا.

ئەنجامی ئەوەی ئەو سەربازە یاخیانەی چەکیان دانەنا، پاش ماوەیەک زۆربەیان  کوژران و ئەوانی تر خۆیان تەسلیمی پارتیزانەکان و ھێزی ھاوپەیمانان کرد کە پتر سوپای ئینگلیز بوون و یەک دوو رۆژ لەوەو بەر لە ئەڵمانیاوە گەشتبوونە دانمارک.

ئەو ئەفسەر و سەربازە نازییانەی لە دانمارک بوون، پاش خۆبەدەستەوەدان و چەککردنیان ، ڕێگەیان دان بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ نێو کەسوکاریان.

-ئەرکی پارتیزانەکان پاش کۆتایی جەنگ

لەو ٥ ساڵەی نازیەکان دانمارکیان داگیرکردبوو ژمارەیەکی زۆر دانمارکی وەک  ھاوسۆز و لایەندار یا بۆ پارە و پۆست چ ژن چ پیاو ھاوکاری داگیرکەرییان دەکرد کە  ژمارەیان بە ٤٠٠٠ مەزەنە دەکرێت .

پارتیزانەکان مامەڵەیەکی شایستەیان لەگەڵ ئەم ناپاکانە کرد کە دەبوو ھەر بەو جۆرە بێت، سەرەتا کەوتنە دەستگیرکردنیان و کۆکردنەوەیان لە چەند شوێنێکدا ، ئەویش بەمەبەستی پۆلێنکردنیان بەپێی تاوان و پاشان بە دادگایی کردنیان.

شایانی ئاماژە  ئەوانەی کە بەرچاو بوون و  زۆر ئازاری خەڵکیان دابوو وە دڵسۆزی نازییەکان بوون، ئەوانەیان ھەر لە جێدا دەکووشت یا لە دەشت و دارستانەکاندا فتیان دەکردن.

تەنانەت ئەو کیژە گەنجانەی کە تەنھا پەیوەندی ئەوینداریان لە تەک ئەفسەر و سەربازە ئەڵمانەکاندا ھەبوو، وەھیچ جۆرە ھاوکاریەکی نازییەکانیان نەکردبوو، ئەوانەشیان بەسزاگەیان، بەوەی سەریانیان پاک دەتاشی و سومبوڵی نازیەکانیان لەسەر لەشیان دەکێشاو بە شاردا دەیانگەڕاندن.

(کاتی خۆی بابەتێکم لەسەر ئەم کیژانە نووسی بەنێوی کچە ئەلمانیەکان)

پاش ئەوی پارتیزانەکان بە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند ،ئیدی  پێویستی بە بوونیان  نەما ، بۆیە چەکەکانیان تەسلیمی دەوڵەت کرد و وەک ھاوڵاتیەکی ئاسایی درێژەیان بە ژیانی خۆیان دا.

- پارتیزانی بە فاکت

ژمارەی پارتیزانەکان بەژن و پیاوەوە بە پتر لە [٨٠٠٠] مەزەنە دەکرێت .
لەو ماوەیەدا ٢٨٠١ چالاکیان ئەنجام داوە.
پتر لە ٤٠٠ ئەفسەرو سەرباز و خۆفرۆشی دانمارکیان کووشتوە
٨٦١ کەسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەدا  کوژراون.
٨٢ کەسیان لە دواڕۆژی جەنگدا کوژران ،واتە ٥.٥.١٩٤٥
٩٣کەسیان پاش دەستگیرکردنیان لە سێدارەدران یا بەدەستڕێژی گولە کوژران.
٥٠٠ برینداریان ھەبووە .
٨٠٠٠ جولەکیان بۆ سوید پەڕاندەوە لە مردن ڕزگاریان کردن.
. چەندین ڕۆژنامەو بڵاوکراوەیان بە نھێنی دەرکردوە و بڵاویان کردوەتەوە.
ژمارەیەک  ھاوکاریان ھەبووە، کاریان کۆکردنەوەی زانیاری بووە لە بارەی  جموجوڵی سوپای نازی و ھاوکارە دانمارکیەکانیانەوە.

ئەم پارتیزانانە لەو ماوەیەدا دەستبەرداری ژیانی ئاسایی و خۆشگوزەرانی بووبوون ھەموو کاتی خۆیان بۆ خەبات تەرخان کردبوو، گیانی خۆیان خستبووە مەترسیەوە، لەھەر چرکەیەکدا ئەگەری کوشتنیان لەسەر بووە، ڕۆڵی مەزن و کاریگەریان ھەبووە لە لێدان و لاوازکردن و شپرزەکردنی سوپای داگیرکەردا،  ھاوکات تۆوی بەرەنگاربوونەوەیان لە دڵی خەڵکدا چاند و ورەی خەڵکیان بەرزکردەوە.
پاش کۆتایی جەنگ  ئەمانە :

*پۆزیان بەسەر خەڵکدا لێنەدا 
*خەباتیان بە خەڵک نەفرۆشتەوە
* بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەوڵیان نەدا 
* داوای ئیمتیازاتیان نەکرد
* قۆرخی دەسەڵاتیان نەکرد
*کۆمپانیای تایبەتیان بە خۆیان دانەمەزراند 
*کەسە نزیکەکانی خۆیان لە پۆستە باڵاکاندا دانەمەزراند
*وڵاتیان بە ئاسمان و سەرزەوی و ژێر زەویەوە لەسەر خۆیان تاپۆ نەکرد
*بەردەوام لە میدیاکانەوە درۆی سواویان بەگویی خەڵکدا نەدەدا 
* شوینە جوان و بەنرخەکانیان بۆ خۆیان داگیر نەکرد
*بانکەکانی دانمارک و جیھانیان پڕ نەکرد لە پارەی دزراو
*سوپایەک لە مشەخۆر و بندیوارو قەڵەم فرۆشیان درووست نەکرد
*ئیمپراتۆریەتی میدیای زەبەلاحیان بە پارەی دزراوی خەڵک دانەمەزراند
*خانوەکانیان  ھیندەی  گۆڕەپانێکی تۆپانی یا مەزنتر  نەبوو
*منداڵکەنیان شاھانە نەدەژیان
*بۆ جوانکاری و لابردنی زیپکە و کڕینی ناوماڵ و جل وبەرگی نایاب بە فڕۆکەی تایبەت سەفەری وڵاتانی دیکەیان نەکرد
*ھەریەکیان چەند ھەزار حیمایەی نەبوو
*خەڵکیان برسی و بی موچەو بێژیانی شایستە نەکرد.

ئەوەی بۆیان مایە و جێگەی شانازیان بوو، ڕێز و خۆشەرویستی خەڵک و دیداری ساڵانەیان بوو کە پێکەوە بەدەم خواردنەوەی قاوە و بیرەوە یادەوەرییە پڕ شکۆکانیان بۆ یەکتر باس دەکرد.

شایانی ئاماژەیە پاش کۆتایی جەنگ و بەمەبەستی یاداشت کردنی سەردەمێکی دژوار لە ژیانی دانمارکیەکان و ھاوکات پێزانینێک بۆخەباتی پارتیزانەکان، مۆزەخانەیەک بەناوی {مۆزەخانەی مقاوەمەت } لە کۆبنھاگن نزیک ماڵی شاژن کرایەوە، ھەرچی پەیوەندی بەو زەمەنەوە بوو لەوێدا نمایشکراون.

دوا شت گەرەکمە ئاماژە بەوە بکەم کە لە ئێستادا ھیچ کام لەو پارتیزانانە لە ژیاندا نەماون، دوا کەسیان ساڵی [٢٠١٧] لە تەمەنی {٩٧} ساڵیدا  بە نێوی [Jørgen Kieler] کۆچی دوایی کرد. ئەم پارتیزانە  ساڵ [١٩٤٤]لە چالاکیەکدا دەستگیر دەکرێت و پاشان سزای مەرگی بۆ دەردەکەن، خۆشبەختانە سزاکەی جێبەجێ ناکریت ،و پاش کۆتایی جەنگ مەرەخەس دەکرێ.