سەردێڕ:

وچانێک لە کۆرۆنا

4/3/2020 11:02:17 AM
8066 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

لەو دەمەوەی پەتای کۆرۆنا پەیدابووە ، ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە.بواریک یا کەرتێک  نەماوە بەرکەوتەی لەگەڵ ئەم پەتایەدا نەبووبێت وەک  تەندروستی، ئابوری، پیشەسازی ،وەرزشی  کۆمەڵایەتی، ئینسانی، سیاسی و دامەزراوەی جیھانی .

باوەڕناکەم کەسێک ھەبێت لەسەر گۆی زەوی باسوخواستی کۆرۆنای نەبیستبێت و بیری لە مەترسیەکانی نەکردبیتەوە و ھزری داگیرنەکردنێت.
بەھۆی مەترسی و بەربڵاوی ئەم پەتا کووشندەیە، ئاساییە بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. گرنگیشە  بیر لە خۆپاراستن و لەناوبردنی بکرێتەوە، ئەویش بە دۆزینەوەی ڤاکسین.

لەسەرەتادا لەچەندین لایەن و سەرچاوەو ناوەندەوە، بە ئێستاشەوە لە  نیشانەکانی تووشبون پە نەخۆشیەکە ئاگادارکراینەوە و دەکرێینەوە، ھاوکات بەچەندین ڕێنمایی لە چۆنیەتی خۆپاراستن لێی ھۆشیاریمان پێدراوە.

ھەروەھا لە لایەن ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانی ولایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەروڵاێک لە نوێترین ڕووداو و زانیاریەکان  بە داتا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەردەوام ئاگادار دەکرێینەوە.

ئەوش دەزانین کە چەندین ھەوڵ و کۆشش لەلایەن زۆر لە وڵاتانەوە بۆ دۆزینەوەی (پێکووتە) ڤاکسینی دژە پەتاکە لە ئارادایە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە ھیچ ڤاکسینێک نەدۆزراوەتەوە  کە جێگەی متمانەبێت و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی پەسەندی کردبێت. بەڵام  تەواو دڵنیام درەنگ یا زوو ھەر دەدۆزریتەوە، چونکە ھیچ شتێک لەدەستی زانست قوتار نابێت.

کەواتە تائێستا زۆربەمان  دەربارەی ئەم پەتایە سێ شت دەزانین. (نیشانەکانی تووشبوون، خۆپاراستن، نەبوونی ڤاکسین).ھاوکات ھەرجۆرە بابەتێک کە پشت بە زانست ببەستێت و ھزرمان دەربارەی نەخۆشیەکە و چۆنیەتی پەیدابوون و گۆڕانکارییەکانی ئەو ڤایرۆسە فراوان بکات جێگەی قەبوڵکردنە، ئیدی لەدەرەوەی ئەم چەمکانە ھەرچی دەنوسرێت و دەوترێت ھەرھەمووی زیادەیە و دەچنە خانەی سەرقاڵکردنی مرۆڤ و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ.

لە  ئێستادا زۆربەمان لە  دۆخێکی دەروونی  ناھەموار و خراپداین، نازانین کەی و چۆن و لەکوێوە ئەو پەتایە دەبێتە میوانمان. جا ئەمە خۆی حاڵەتێکی ناجێگر لە دەروونی مرۆڤدا  دەخولقێنێت.

ئا لەم دۆخەدا ئەوەی زۆر نیگەران و پەرێشانمان دەکات و  کاریگەری دەروونی لەسەرمان ھەیە ، ئەو ھەواڵ و قسە و  بۆچوون و لێدوانانەن کە ھیچ بنەمایەکی زانستی و  پیشەیی و پزیشکیان نیە.

کەم ڕۆژ ھەیە لە سۆشیال میدیاکان چەندین ھەواڵ نەخوێنینەوە یان  ڤیدیۆیەک بەرچاومان نەکەوێت کە زۆربەیان ڕوخێنەرو تۆقێنەرن.
چەند نمونەیەک:

*سەرۆکی سەلڤادۆر  کە فڕی بەسەر زانست و بواری  تەندروستیەوە  نیە، وتی ئەم پەتایە ٤٦ ملیۆن کەس دەکوژێت.
*  نوسەرێکی ئیسرائیلی بەناوی یوڤال نۆح ھەراری  دووھەفتە لەمەوبەر بابەتێکی نووسی کە دەڵێت، ژیان دوای کۆرۆنا و بەھۆی ئاسەواریەکانیەوە دەبێتە دۆزەخ.
*یەکێکی تر دەنوسێت گەر ئێستا ڕزگارمان ببێت ئەوە لە پایزدا بە شێوەیەکیی مەترسیدارتر سەرھەڵدەداتەوە.
*یان ھەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە سەرمایەدارە ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان بە نھێنی کۆبوونەتەوە و پلانیان داڕشتووە بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی جیھان، بۆ ئەوەی باشتر کۆنترۆڵی بکەن.جا پێدەچێت ئەم کۆرۆنایە کاری ئەوان بێت.
*یاخود ھەواڵێک بڵاوبوویەوە کە گوایە کەس ناتوانێت لێی قورتار بیت و ھەموومان توشی دەبین.
*یان کەسێکی میسری دەڵێت ئەمە گازی سارینە و کۆرۆنا نیە و دروستکراوە و  ماوەیەکی زۆر لە ھەوادا دەمێنیتەوە.
*ھەواڵیکی دیکە دەڵێت تا ٠٤.٢٠ زۆرینەی خەڵکی جیھان دەیگرێت و پاشان لە ناکاو وندەبێت.
* یاخود کەسێک لە ئینگلتراوە گاڵتە بە ئەقڵی خەڵک دەکات و دەڵێت  ترخێنە و دۆینە چاکترین دەرمانە بۆ دژە کۆرۆنا .
* ھەواڵێکی تر دەیوت کۆرۆنا ھەرگیز لە ناو ناچێت و ھەر دەمێنیت. واتە دەبێت لەژێر ڕەحمەتی کۆرۆنادا بژین.
* داڕمانی ئابوری جیھان و بڵاوبوونەوەی ھەژاری و بێکاری و برسیەتی لە جیھاندا، ئەمەش یەکێک بوو لەو ھەواڵانەی کە خوێندمەوە.
*یاخود ھەواڵی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ئێران، تورکیا، عێراق، کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە، کە ھیچیان ڕاست دەرنەچوون.
ھەواڵە نادروستەکان زۆرن و بەردەوامیشن، جا من ھەر ھێندەم لە یادە.
جا بۆئەوەی وچانێک بە خۆمان بدەین، بۆ ئەوەی مێشک و ھەست وھزرمان  پشویەک بدات، بۆ ئەوەی فشاری دەروونی لەسەرمان کەم بێت، باشترە تا بۆمان دەکرێت خۆمان بەدوور بگرین لە ھەر جۆرە ھەواڵێک کە پەیوەندی بە کۆرۆناوە ھەیە.با ھەوڵبدەین کەمترین ھەواڵ لەوبارەوە بخوێنینەوە و سنورێکی بۆ دابنێن..

ئاخر ناکرێت ژیان بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەستەمە لە ژێر شەپۆلی ھەواڵی نا درووست و نالۆژیکدا ڕۆژەکانمان بەرێبکەین کە لە  سۆشیال میدیاکانەوە وەک لێزمەی  باران دەبارێن بەسەرماندا. ناکرێت بەیانی تاکاتی خەوتن تەنھا ھەواڵی کۆرۆنا ببیستین وبخوێنینەوە و خۆمان و مێشکمانی پێوە خەریک بکەین و بوار بۆ خۆشیەکانی ژیان نەمێنێت.

بەشبەحاڵی خۆم وێرای ئەوەی لە ماڵپەڕ و کەناڵەکان بەر چاوم دەکەون، ھاوکات لە فەیسبووک لە مەسنجەر بەردەوام ئەو ھەواڵانەم بۆدێت کە زۆربەی دووبارەن. وەک ئەوی خۆم نەبینم و نەیخوێنمەوە.

پتر لە ھەفتەیەکە بریارم داوە ڕۆژی تەنھا دووجار موتابەعەی ھەواڵی کۆرۆنا بکەم، بەیانیان و شەوان.

ھەرچیم بۆدێت لە مەسنجەر پشتگوێی دەخەم و نامەوێت ببمە کۆرۆنا سەرتاپای ژیانم داگیر بکات.

جا ھیوادارم ئێوەش وا بکەن و ڕێگە بە خۆتان نەدەن ھەواڵی کۆرۆنا سەرتاپای ھەست و بیرتان داگیر بکات. ئەو کاتانەی لەماڵەوەن لە کاری سوودبەخشدا خەرجی بکەن نەک بە موتابەعەی ھەوڵی نادروست و تۆقینەری کۆرۆنا.

کۆرۆنا چۆن ھاتووە ھەرواش دەڕوات .خۆشبەختانە ژمارەی چاکبووەکان زۆر زۆر زیاترە لە مردووەکان جا با زۆر خۆمانی پێوە سەرقاڵ نەکەین.

تا بۆتان دەکرێت خۆتان بەدور بگرن لە  باسی کۆرۆنا،  وچانێک وەربگرن  لە کۆرۆنا.