سەردێڕ:

لە نێوان (کاسەی قەیران) ی دانیمارک و بەخشینی موچەیەکی مەسرور بارزانیدا

3/26/2020 9:56:41 AM
7969 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

پەندێکی کوردی جوان ھەیە کە دەڵێت ( پارەی سپی بۆ رۆژی ڕەش)، واتە پاشەکەوت بکە بۆ ڕۆژی تەنگانە.
ھەر مرۆڤێک ،خێزانێک، باژێڕێک، کۆمپانیایەک، دەزگایەکی میری و تا دەگاتە دەوڵەت گرنگە و پێوستە کە بیر لە تەنگانە  بکەوەنەوە و خۆیانی بۆ ئامادەبکەن، چونکە ئەگەری ڕودانی لە ئایندەدا ھەیە، ئەویش بە پاشەکەوتکردنی بڕێک لە داھات و دانانی بەرنامە و پلان بۆ ئەو پێشھاتە.

زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتە تەندروست و پێشکەوتوو، خاوەن سیستم و پلان و بەھەندوەرگری ئایندە، لە مێژە یاسایەک پەیرەو دەکەن ، کە بریتیە لە پاشەکەوکردنی ڕێژەیەک لە داھاتی ساڵانەی وڵات و ھەڵگرتنی لە بانکی ناوەندی وڵاتدا یا لەھەر جێگەیەکی دیکە . جا لەوانەیە ئەو پاشەکەوتکردنە لەھەر وڵاتێک ناوێکی ھەبێت، لێ ھێندەی دەزانم لە دانمارک ناوی کاسەی قەیرانە.

دانیمارک یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پلانی کاسەی قەیران پەیڕەو دەکات، کە تایبەتە بە  کارەساتی سروشتی یا نا سروشتی بەجۆرێک ڕودانی ھێندە بەزیان بێت کە داھاتی ئاسایی دەرەقەتی  نەیەت. بۆنمونە زەمین لەرزە، زریان و لافاو، ئاگری مەزن، وشکە ساڵی، قەیرانی ئابوری درێژخایەن، پەتای مەترسیداری بەربڵاو. جەنگ وکارەساتی دیکە.جا بەپێی قەوارە و مەودای  کارەساتەکە  بودجەی لەو کاسەیە بۆ تەرخان دەکرێت.
تەرخانکردنی یا دەرھینانی پارە لەو سندوقە دەبیت بەڕەزامەندی زۆرینەی  سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ھەر لە سەرەتای پەیدابوونی پەتای کۆرۆنادا و توشبوونی چەند کەسێکی دانمارکی بەوپەتایە، سەرۆک وەزیرانی دانمارک میتە فرەدەرکسن لەگەڵ ستافێکی کارا کە ھەریەکەیان لە بوارێکدا شارەزایی و بەرپرسیاریەتیان  ھەیە، ڕۆژی ١٠ی٣ پرێس کۆنفرانسێکیان بەست . لەوێدا سەرۆک وەزیران بەڕاشکاوانە و دوور لە ھیچکردنی یا تۆقاندنی ھاوڵاتیان، باسی دۆخەکەی کرد و  وتی پەتاکە جیھانیە و  ئێمەشی گرتووەتەوە، جا دەبێ خۆمانی بۆ ئامادەبکەین.ئێمە وەک حکومەت ئەرکی سەرشانمانە ھەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر بۆ پاراستنی ژیانتان، ئەوەی لەسەر ئێوەیە ھاوکارمان بن تا بتوانین بەکەمترین زیان  لێی دەربازببین. پاشان وتی ئێمە کۆمەڵێک ھەنگاو ھەڵدەگرین کە ئێستا بۆ ئێوەی باس دەکەین. بە ژمارە و داتا سەرۆک وەزیران ھەنگاوەکانی باسکرد کە بریتی بوون لە ھەڵگرتنی دەوامی فەرمی و نافەرمی واتە وەستاندنی ھەموو جوڵەیەکی خەڵک جگە لەو کارانەی کە پێویستن بە تایبەت خزمەتگوزاریەکانی  کەرتی تەندروستی.

پاشان وتی دەزانین کەئەم دۆخە قەیرانی ئابوری درووستدەکات و پێدەچێت کەرتی تایبەت ھەزارەھا کارمەند بنێرنەوە بۆماڵەوە، بۆیە ئێمە جارەسەرمان بۆئەوەش دانەوە.سەرەتا ھەرچی موچەخۆری میریە تا ئەو ماوەی لەماڵەوەن موچەکانیان بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە کەرتی تایبەتی مەزن وەک کۆمپانیاکان، کارگەکان و بانکەکان وە پرۆژە گچکەکان وەک  دوکان و ڕێستورانت و قاوەخانە و بووتێکی تاکە خاوەن، ھەموو ئەمانەش قەرەبوو دەکرێنەوە، جا بۆ ئەمەش حسابی ٣ مانگمان کردوە وە بۆ ئەم قەیرانە ٢٨٥ ملیارد کۆرۆنامان لە سندوقی قەیرانەکان تەرخانکردووە . ھەر بەم نزیکانە چەندین لیژنەی تایبەت دەستبەکار دەبن بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر ئەو بزاوتە  ئابوریانە دەکەون.

ئەم ھەنگاوانەی سەرۆک وەزیران خەم و دڵەڕاوکێی ھەمووانی ڕەوانەوە کە دەترسان کارەکانیان لەدەست بدەن یا کۆمپانیاکان مایە پوچ ببن.

تائێستا خۆی و ستافەکەی سێ جار ھاتونەتە سەر تەلەفزیۆن و دلنیایی و ڕینمایی نوێیان داوتە خەڵک.
بەڵێ گەر دەسەڵاتێک خەمخۆری ھاوڵاتیانی بێت، کار بۆ ھێورکردنەوە دڵنیاکردنەوەیان بکات دەبێ وەک ئەم حکومەتەی دانمارک بێت . نیشانی دا کە پەرۆش و خەمخۆری ھاولاتیانیەتی، بەتایبەتی لەم کاتە  ھەستیار و مەترسیدارەدا  کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.
حەقیقەتێک ھەیە کە دەڵێت  دەوڵەتداری شایانی ئەو کەسانەیە کە لێیدەزانن ،ئەوانەی بیر لە ئایندەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و ھاوڵاتی لە کنیان پلەی یەکەمە ،ئەوانەی بە بەرنامە کاردەکەن وپاشەکەوت دەخەن بۆکاتی قەیران و تەنگانە.

بەڵام دەسەڵاتە پاشکەوتوو و نادڵسۆز و بێ پلانەکان، ئەوانەی کە دەسەڵات بە دەرفەتێک دەزانن بۆ دزی و گەندەڵی و ھاوڵاتی پێگە و بەھایەکی ئەوتۆی نیە لایان، ئەمانە لەیەکەم بەرەنگاربوونەوەی قەیراندا شکست دێنن.

دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە بێ بەرنامەیدا بۆ ئەم قیرانە ،بەتایبەتی نەبوونی بودجەو  نەخۆشخانەی پێویست، وادەزانن  بە بەخشینی موچەی مانگێکی سەرۆک وەزیران و ھەندێک ئیجرائاتی ڕوکەشی قەیرانەکە چارەسەر دەکەن.

بە ھەست و سۆز وکاری عەفەوی و بەخشینی موچەی ئەم و ئەو ناتوانرێت بەرەنگاری ئەم قەیرانە مەترسیدارە ببنەوە، بەڵکو پێویستی بە ستافێکی خاوەن بەرنامەی تۆکمە ھەیە، پێوستی بە بودجە ھەیە کە دەبوو لە سندوقی قەیران بۆی تەرخان بکرێت، ئەو سندوقەی کە بوونی نیە.
گەر حکومەتێک لە خەمی ھاوڵاتیانیدا بێت دەبوو بیری لەم ڕۆژە  بکردایەتەوە (مەبەستم ھەر  پێشھات و ڕووداوی نەخوازراوە) بیری لەو کەسانە بکردایەتەوە کە  بژیوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە و تەنھا بەوە دەژین کە ھەزارەھا کرێکار و خاوەن پیشەی بچوک و دوکاندار و جۆرەھا شۆفێر دەگرێتەوە، ئەوانە گەر بۆماوەیەکی دریژ لەماڵەوە بمیننەوە بەچی بژین؟ دەبوو  دەسەڵات پلانێکی قەرەبووکردنەوەی ھەبووایە بۆیان، ھاوشێوەی حکومەتەکەی دانیمارک؟

ئاخر دەمێک دەسەڵاتێک خەڵک دەنێرێتە ماڵەوە (کە من بە کارێک باشی دەزانم بۆ خۆپاراستن لە پەتاکە) دەبوو بیری لە چارەنووس و بژێویان بکاتەوە، چونکە ئەوە ئەرکی دەسەلاتەو ھەر دەسەڵاتە بەرپرسە لە پاراستنی ژیان ودابینکردنی بژێوی ھاولاتیان.

کاری ئەو سەرمایەدار و پارەدارانە راستبێت کە ھاتنە مەیدان و لە ماوەیەکی کەمدا چەندین خەستەخانەی تایبەت بە پەتاکەیان دروستکرد، یاخود دەستی ھاوکاریان بۆ ھەژارو نەدارەکان درێژکرد. جا گەر ئەوانە نەبوونایە دەبوو خەڵک بە  بێئومیدی چاوەڕێی  قەدەری نادیاریان بکردایە و حکومەتیش لەسەرەوە سەیری بکردایە، چونکە وەک مەسرور بارزانی وتی توانای حکومەت و کەرتی تەندروستی سنووردارە.جا ھیوادارم پەتاکە تەشەنە نەکات و لەو سنورە دەرنەچێت کەمەسرور ئاماژەی پێکردوە، دەنا کارەسات ڕوودەدات.