سەردێڕ:

لە کۆتا ئامانجی ئەردۆغان تێبگەن

10/16/2019 8:50:06 AM
10812 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

زۆر ھەڵەن ئەو کوردانەی وا تێبگەن کە ئەردۆغان بە داگیرکردنی ڕۆژئاواوە دەوەستێت.
 بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتدارانی تورک بوونی ھەر کیانێکی کوردیان لە ھەر شوێنێک بووبیت ڕەتکردوەتەوە.
مێژوو پێمان دەڵێت سەرجەم سەرھەڵدان و بەرخووردانەکانی کورد چ لە باکوور و ھەندێک جاریش لە باشوور بەدڕندەترین شێوە لە لایەن دەسەڵاتە یەکبەدوای یەکەکانی تورکیاوە سەرکووت کراون.
لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا سەرۆک سوپاسالاری تورکیا گووتی(گەر کیانێکی کوردی لە ئەفەریقاش بوونی ھەبێت لەناوی دەبەین).
نەفەرھەنگی تورک وەک نەتەوە  نەوەک دەسەڵاتی حکومڕانی تائیستا ئەوە قوبوڵناکەن کە جگە لە تورک گەلێکی دیکە خۆی بریار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات.
دەسەڵاتدارانی تورک لە دەوڵەتی عوسمانیەوە تا ئەردۆغان وایان خستووەتە میشکی تاکی تورکەوە کە کورد مەزنترین ھەڕەشەیە بۆ سەریان، ئیدی لە ھەر شوێنێک بن. جا ئەم پڕوپاگەندەیە  کاریگەری خۆی لەسەر تاکی تورک جێھێشتووەو  چونەتە نێو پرۆسەی دژایەتی کردنی کوردەوە.
کەواتە لێرەدا کێشەکە تەنھا دەسەڵاتدارکان نین بەڵکو تاڕادەیەکی زۆریش نەتەوەی تورکە کە پاڵپشتیەکی گەرەیە بۆسیاسەتی دوژمنکارانەی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکان.
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەم دوژمنکاریە سەرسەختەی دەسڵات و دەوڵەتی تورک بۆ کورد پەیوەست نیە بە جۆری ئەو حیزبەی دەسەڵاتی بەدەستە ،بۆ نمونە لەعەلمانیوە تا نەتەوەپەرست  و ئیسلامی ،ھەرکام  لەم ڕەنگ و ئایدۆلۆجیایانە لەسەر دەسەڵات بن ھەمان سیاسەت  پەیڕەو دەکەن.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا  ئەوان دژی تەنھا گروپیک ،حیزبیک، بزافیک کیانیک نین ، بەڵکو  دژایەتی ھەموو کورد دەکەن، وەک نەتەوە . جا ھەرکات دەرفەتییان بۆ ھەڵکەوتبێت کاریان بۆ جیبەجێکردنی ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستیە  کردوە ، کە لە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورددا بەرجەستە دەبێت.
ئیستاش کە بە ڕەزامەندی ترامپ، دەرفەت بۆ ئەردۆغان درووست بووە بۆ لەشکرکیشی بۆ سەر ڕۆژئاوا بۆ لە ناو بردنی ئەو ئەزموونە بێ وێنەو سەرکەوتووە، ڕووی  پلانەکەی ئەرۆغان ھێدی ھێدی  دەردەکەوێت. مەسەلەکە لەوە دوورترە و پلانەکە  لەوە فراوانترە کە ئیستا لە ئارادایە.   ئامانجی  ئەردۆغان  وەک خۆی بەر لە یەک دوو ڕۆژ  ئاماژەی پێدا  نەیشاردەوە ،دوای ڕۆژئاوا  ھەرێمی کوردستان و لە نێو بردنی ئەو ئەزموونە شلۆق و پڕکێشەیەیە.
 وەک چۆن ئەردۆغان بەھانەی بۆ لەشکرکێشی سەر ڕۆژئاوا دۆزیەوە بەھەمان شێوەش بەھانە  بۆ لەشکرکێشی و لە نێو بردنی  ئەزموونەکەی باشوریش دەدۆزیتەوە (کە ئومێدەوارم ھەرگیز ڕوونەدات)
بێگومانم دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەرکیان بەم مەترسیە کردووە .پرسیار ئەوەیە ئایا   خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە کردووە؟دەبێ بەرپرسانی ھەرێم لەوە دڵنیابن لە ئەگەری  لەشکرکێشی تورکیا  وھەوڵی لەناو بردنی ئیدارەی ھەرێم  ،لە ئیدانەکردن بەولاوە ھیچ دەوڵەتێک  بە ئەمەریکاشەوە  ئامادە نابێت  ڕێگری لەو کارەی تورکیا بکات .
بۆیە پێوستە لە ئێستادا دەسەڵاتدرانی ھەرێم لەوە تێبگەن گەر ئەو ئەزموونەی ڕۆژئاوا شکست بھێنێت ،ئەوە لە  ئایندەدا سەرەیان دێت . جا بۆ ئەوەی  دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستە، گرنگە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بکەونە خۆیان و چیان پێدەکرێت بۆ  نەگەشتنی ئەو پلانە مەترسیدارە  بە ھەریم ،بیکەن.
بەھۆی  کاریگەری و  دەستتێوەردانی دەسەڵاتی تورکیا لە ھەرێم و  کۆنترۆکردنی ھەندێک کایەی گرنگ [ئابووری سیاسی] و کڕینی ھەندێک سیاسی و بازرگانی بەرژەوەندی خواز ، پێدەچێت بەرپرسانی ھەرێم بە تایبەت پارتی و یەکیتی نەتوانن زۆر کار دژ بە  تورکیا  بکەن ، بەڵام  گەر بخوازن  ئاگرەکە لە ھەرێم بەدووربێت ،دەتوانن  ئەوەی پێیان دەکرێت بیکەن.