سەردێڕ:

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەگەری

5/5/2019 12:34:53 PM
2073 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

(سێ) یی مایسی ھەموو ساڵێک، رۆژی ئازادی رۆژنامەگەرییە لەجیھان، بەڵام (پێنج) یی مایسی ھەموو ساڵێک، رۆژی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان)ە لەھەرێمی کوردستان، لەنێوان ئەو دوو رۆژەدا، یەک لێشاو رۆژنامەنوس ھەیە، بە سەدان چەناڵی میدیایی ھەیە، بەسەدان رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی ھەیە، سەرجەمیان کۆن لەبارەی ئازادی بۆچون و ئازادی رادەربڕین، بەڵام ئەو گوتارەی، کە زۆربەی ئەو چەناڵ و رێکخراوو رۆژنامەنوسانەی نێو چەناڵەکان، لەگەڵ دەربڕینەکانی سەردەشت عوسمان کۆ ناکاتەوە، راستگۆییە لەبارەی (ئازادی رادەربڕین)، سەردەشت عوسمان راستگۆیانە و ئازایانە رای خۆی دەربڕی، ئەو راستگۆیانە باسی بەچینایەتیکردنی ھەرێمی کوردستانی دەکرد، راستگۆیانە ئاماژەی بە بوونی مافیای خوێنمژ و چەتەگەری نەوت و  ئەقڵییەتی گرگنی چەکداری حیزب دەکرد، راستگۆیانە باسی لە دروستبونی ئەو دڕندە مەترسیدارە دەکرد، کە پاش خستنی دڕندەکانی بەعس، ووردە ووردە دروستدەبونەوە، ئاخر نیتچە دەڵێت "ئەوانەی دژ بە دڕندەکان دەچنە جەنگەوە نابێت خۆیان ببنەوە بە دڕندە". بەڵام ئەو ھێزو لایەنەی کە سەردەشت عوسمان بەتەنزەوە قسەی لەبارەوە دەکرد، نەک خۆیان ببونەوە بەدڕندە، بەڵکو ببون بە مافی نەوت و چەتەی خوێن و دواجار سەری سەردەشت عوسمان و دەیان گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم ھەرێمەیان خوارد.
   ھەر لەبەر ئەوەش بوو کە سەردەشت عوسمان لەگوتارێکی تەنز ئامێزدا، ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، کەسانێک کە ھاوڵاتیانی ھەرێمەکەیان بەچینایەتی کردوە، ئەگەر ھاوڵاتییەکی ئاسایی بیەوێت سنوری خێزانی ئەوان ببڕێت و تێکەڵی خێزان و خانەوادەکەیان ببیت، ئایە ئەوان ئامادەن کە چینایەتییان تێکبشکێنن و ژیان لەگەڵ ھاوڵاتییەکی چینی خوار خۆیان پێکبھینن؟!، بێگومان نەخێر، چونکە چینی ئەوان، چینی نەوت دزین و مافیاگەرییە، ئەوان کەسانێکی وەک خۆیان دەوێت و ناتوانن جارێکی دیکە، لەشەپۆلی سیاسی خۆیان، داببەزن و بێنە نێو شەپۆلەکانی خوارەوە، ئەوان لەمەوجی بازرگانی سیاسین، چیتر ھاوڵاتی ئاسایی ھەرێم، لەئاستی خۆیاندا نابینن، بۆیە پێویستیان بەوەیە، کە چینی خوار خۆیان، وەک مەڕ ببینن و چینی خۆشیان وەک شوان، ئەوان پێویستیان بەوەیە کە خەڵکانی بکوژ و دڕندە لەنێو خۆیاندا بچێنن و بەریبدەنە ئەو خەڵکەی، کە کردویانە بە پێپلیکانەو بەسەریاندا سەرکەوتون بۆ پلەی باڵا.
   لەسەر ئەو بۆچونە سیاسییە تەنز ئامێزەی کە سەردەشت عوسمان لەگوتارێکدا، بنەماڵە سیاسییەکانی ھەرێمی پێ تەڕکرد، ئەو گەنجە خوێنگەرمە تیرۆرکرا، بەڵام ئەوەی کە مایەوە، ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی نێو رێکخراوەکانی نزیک لەحیزبە مافیاگەرییەکانە، کە گوێی خۆیان لێخەواندوەو ھیچ لەبارەی ئەو حیزب و بەرپرسانەوە ناڵێن بەگوتەی خۆیان "تا نانبڕاوو ژیان فەوتاوو نەبن". ئەوانەی کە سەردەشت عوسمانیان تیرۆرکرد، ئێستا خاوەنی میدیاو چەناڵی میدیایی خۆیانن، خاوەنی رۆژنامەنوس و پەیامنێرو کامێرامانن، خاوەنی دەربڕینی ھەواڵ و راپۆڕتن، ئێستا ئەوان زانیاری پەخش دەکەن، ئەوان بنەمای کاری رۆژنامەگەری،  بەگوێیی ئەو خەڵکەدا دەچریکێنن، ئەوان باسی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن، ئەوان باس لەبونی ئازادی را دەربڕین دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان نەبوبن کە سەردەشت عوسمانیان تیرۆر کرد بێت، وەک ئەوەی کە ئەوان نەبوبێتن کە سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و وویدات حوسێن و دەیان کەسی دیکەی رۆژنامەنوسیان دابێتە بەر رێژنەی فیشەک و قەڵتانی خوێنیان نەکردبن. 
   ئەمڕۆش لە سایەی حوکمی ئەو دەسەڵاتدارە سیاسییانەو لەپاش نۆ ساڵ لەتیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، شکستی سیاسییان دەبینین و دەبیستین، قەیرانی دەسەڵاتدارییان لەسەر سکی برسی ھاوڵاتییانەوە بە ئاشکرا دەبینین، چەوسانەوەو ستەمکارییان لەنێو یەکە ئیداری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگی ئەم ھەرێمەدا دەبینین، بەڵام ئەوەی کە بوە بە ماکیاژکاری ئەو ستەمکارییە، ئەو کەسانەن کە لەنێو ماشێنی میدیایی بکوژانی سەردەشت عوسماندا کار دەکەن، گەرەکیانە ناشیرینیەکانی ئەو دەسەڵاتە، بەکارە رۆژنامەنوسییەکانیان بشارنەوەو لەو ڕوانگەشەوە بانگی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕینو ئازادی بۆچونی جیاوز، بەگوێی ھاونیشتیمانیاندا دەدەن، ئەوانە لەڕێگای پارەی زەبالاحی قوتی خەڵکەوە بون بەرۆژنامەنوسانی رامکراو، بەڵام ئەوەی کە بوەتە سومبولی ئازادی رادەربڕین، سەردەشت عوسمانی تیرۆرکراوە، سۆران و کاوەو وویدات و دەیان قەڵەمی زیندووی ئەم گەلەیە، سەردەشت عوسمان و ھاوڕێ تیرۆکراوەکانی، بەتەنھا پەڵەیەک نین بەناوچاوی ئەو سیاسیانەی کە دەستیان ھەبوە لە ووێرانکردنی ئەم ھەرێمە، بەڵکو تیرۆرکردنی ئەوان، پەڵەیەکی ناشیرنە بەناوچاوی ئەو رۆژنامەنوس و میدیاکارانەی، کە بونەتە ماکیاژکاری دەسەڵات و بە کاری راگەیاندن ھەوڵی درێژکردنەوەی حوکمی ستەمکارییان ئەدەن، ئالێرەوە دەبێت رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری لەھەرێمی کوردستان، وەک درۆیەکی شاخدار ببینین، وەک ماسکێک ببینین، کە روخساری ناشیرینی، ستەمکارە حیزبەکانییەکانی ھەرێمی پێداپۆشراوە.