سەردێڕ:

ژن و ژیانی ھاوچەرخ

12/10/2019 9:44:39 PM
7284 جار خوێندراوەتەوە
د. ئیدریس کاریتانی
+ -

مروڤ بەدریژایی ھاتنی بۆ سەر زەوی ھەلبەز و دابەز، ھەواراز و نشین، پیشکەوتن و دواکەوتن، دەشت و دەر، ژیار و شارستانیەت، جەھالەت و ڕۆشنبیری جۆرا و جۆری بەخۆیەوە بینیوە.

ھەر سەردەم و زەمانێک بەشیواز و جۆرێکی جیاواز ژیاوە، کەمتر وایە سەردەمەکان کۆپی یەکتربووبن، بەڵکو جیاوازیەکی یەکجار زۆری لەگەڵ سەردەمی پێش خۆی، یان دوای خۆی ھەبووە، بۆ ھەر سەردەمێک کۆمەڵێک داخوازی نوێ و پێویستی ژیان زیادی کردووە، کە لە پێشدا پێویستی پێنەبووە، یان ھەر بوونی نەبووە.

ھەموو قوناغەکانی مرۆڤیش پێویستییان بە ئەحکامی شەرعی و حەلال و حەرام ھەبووە، تا مروڤ بزانێ کامییان باشە و درووستە، وە کامییان خراپە و نادرووستە تا لێی دوورکەوێتەوە.

ئەمەشیان بەھیچ شێوەیەک بەعەقلی مرۆڤ بەتەنھا دیاری ناکرێت، بێگومان دەبێت نەقل دیاری بکات، واتە خودای پەروەردگار وە پێغەمبەرمان (د.خ)، دەقەکانی قورئان وسونەت زۆر بەتەفاسیلی بەدرێژی باسی رێکخستنی پەیوەندی نیوان (خوداو مروڤ و گەردون و ژیان)ی کردووە، تەنھا شەریعەت سەد لەسەد دەزانێت سود و قازانج و چاکەی مروڤ لەچیدایە.

بویە بەڕای بەندە شەریعەتی خودا بۆ ھەموو سەردەمێک ھەر چەندە جیاوازی ژیانی تێدابێت، ژیار و شارستانییەت لە لوتکە بێت ئەحکامی شەرعی بۆ داناوە، پڕبەپێستی ژیانی پێشکەوتن و ئاسودەیی و رەفاھیەت و خۆشی، بۆیە ھەتا لەچوارچێوەی شەریعەتی خودا و پێغەمبەر (د.خ)،دا بمینیتەوە گرفت بو تاکەکان دروست نابێت و بەشداری تەواوی پێشکەوتنی ژیان دەکات.

بەڵام ھەرکات ھاتە سەر تێگەیشتنی مرۆڤەکان، بێگومان مروڤ بەگشتی ڕوڵەی ژینگەی سەردەمی خۆیەتی و ناتوانێ بو دوای خۆی بڕیار و فەتوا بدات، تەنھا بۆ سەردەمی خۆی نەبێ، کە گوازراوە بۆ سەردەمی دوای خۆی ئەوە ئەو کات گرفت بوو ژیانی بەشێک لەمروڤەکان درووست دەبێت، ناتوانن وەک پێویست بەکار و باری خۆیان ھەڵسن، ئینجا بە نەزانی قسە لەسەر ئیسلام دەکریت گوایە ناتوانێ بو ھەموو سەردەمێک داڕێژەری ژیان بێت.

لە نێو ئەوانەدا ژن لەژیانی خێزانی ھاچەرخدا کۆمەڵێک گرفت لەبەردەمی دایە، کە ژیانی ھاوچەرخ بەسەر ھەموومانی سەپاندووە، ناچاری کردوین لەگەڵی بژین، لەناویاندا ژیانی ژنان، ژیانی ھاوچەرخ خیزانی دەستە جەمعی نەھێشتووە جاران ھەر چەند خێزانێک لەیەک خانو دەژیان و پێداویستی ژیانییان کەمتر بوو لەمڕۆ، بۆیە پێویستی نەدەکرد ژن بەدەگمەن نەبێت کار بکات، بەڵام ژیانی ھاوچەرخ و عەولەمە و پیداویستی زۆر، ژنیشی ناچار کردووە بەشداری پەیداکردنی بژێوی ژیان بکات.

بەتایبەتی دونیای ئەمڕۆ کومەڵێک ڕەفاھییەتی ژیانی ھیناوەتە ئاراوە ھەتا خێزانە مولتەزیم و ئیسلامیەکانیشی راکێشاوە ناتوانن لەم ژیانە مودێرنە داببڕێن، ژن لەژیانی ھاوچەرخدا رووبەڕووی ژیانی مۆدێرن بووەتەوە، ژن لەگەڵ کومەڵگا بەناچاری دەبێت سواری فڕۆکە و شەمەندەفەر و پاس و میترو تراموایی و تاکسی بیت!

ژن لەباخچەی ساوایان وقوتابخانەی بنەرەتی و ناوەندی پەیمانگاو زانکۆکان دەبێت شان بەشانی پیاو بێ!!! ھەروەھا لەزۆربەی فەرمانگە حکومی و ئەھلییەکان ژن بەشدارە!!! ژن بەشدارە لەبازاڕ و گەشت و سەفەرکردن و لەبەرکردنی جل و بەرگی مۆدێرن و...!!! ژن بەشدارە لەشاشەکانی تیڤی و سۆشیال، روژانە ھەموو تاکێک بەدیاریانەوە دادەنیشێت و کەس نییە لێی بەدەربێت!!!

سالانە کە بۆنە ئایینی و بەھار و نەتەوەییەکان دێت تەنانەت مەلا و سید و شێخیش لەو رۆژانە بەخیزانەوە دەردەچن تێکەڵی خەڵک دەبن، بەسەعات ئیواران رێگایان لێدەگیرێت لەبەر زۆری خەڵک، ژن لەھەمووی بەشدارە.

ژیانی ھاوچەرخ لەخواردنگە و شوێنە گشتییەکان و پارکەکان وای کردووە خێزانەکان لە رووکنێک دابنیشن نان بخۆن و منداڵەکان ببەنە پارکەکان و بەدیارییانەوە بووەستن، جگە لەمانەش ئیستا مۆسیقا و سروود بوەوتە بەشێک لە ژیانی ھەموو تاکەکان بەژنانیشەوە، واتە ئیستا مۆسیقا تەنھا بۆ گۆرانی و سروود بەکار نایەت، ئێستا موبایل و دەرگای سەیارە و کومپیتەر و جیھازەکانی یاری منداڵان و بەشێک جیھازی تەندرووستی و ئەندازیاری ھتد بووەتە مۆسیقا.

ھەروەھا تۆپی پێ و یارییەکانی تر ھەموو ماڵێکی گرتووەتەوە تەنانەت ژنیش بونتە داکۆکیکار و بەشداری دەکات، ئەمانەو ھەزار شتی تر کە دونیای عەولەمە و جیھانگەرای فەرزی کردووە بەسەرماندا، سەرەڕای ئەمانە لەھەموان زیاتر تۆڕی کۆمەڵایەتییە کە ھەر تاکیک بەژنانیشەوە ئەکاونتێکی تایبەتی خۆی ھەیە، ئینجا لەنەوەتەکان دەرس لەپشت پەردە بەژنان دەوترایەوە ئیستا بە خۆمان و خێزانمان وێنە دەگرین لەسەر تۆڕی کومەڵایەتی بڵاوی دەکەینەوە.

 کەواتە دژبەیەکی و بەرییەککەوتن زۆر ھەیە لەژیانی کۆن و نوێماندا، بەدڵنیاییەوە دەقەکانی قورئان و سونەتی پیغەمبەرمان (د.خ)، چارەسەر و رێگای ھەموو ئەوانەی پێیە و ھیچ بەریەککەوتن نییە لەشەریعەت، تێگکیرانەکە ئێمەین لەگەڵ میژوو دەژین، بەبڕیاری سەدەکانی پێش خۆمان بۆ ئەمڕۆ بڕیار و فەتوا دەدەین.

ئەگەر زانایەکیش جورئەت بکات ئەوا ھەر خەڵکی دیندار بۆ ئەوەی لەھەڵەکانی خۆیان پەشیمان نەبنەوە، یان دان بەھەق نەنێن، رێک دەست دەکەن بەتۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتبارت دەکەن بە موعتەزیلە و خەواریج و ھەڵگەڕاوە، بەڵام موسلمان نابێ لەبەر لۆمەی لۆمەکار حەقیقەت و ڕاستی لە خەڵک بشارێتەوە، چونکە شاردنەوەی حەق تاوانەکەی گەورەترە ، بۆیە بۆ تەواوی تیگەیشتنەکانمان دەبێت پێداچونەوە بکەین، ھەڵێنجاندنی ورد لەقورئانی پیرۆز و سونەتی پیرۆزی پیغەمبەرمان (د.خ)، بکەین تا نە سەر لە خۆمان بشێوێنین وە نە ئەم دینە جوان و عەزیم و گشتکیرە ناشرین بکەین.