سەردێڕ:

کۆرۆنای میدیا و فەتوای ناشەرعیی میدیاکاران

3/24/2020 7:17:41 PM
5537 جار خوێندراوەتەوە
شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

ئەگەر کۆرۆنا پەتایەکی جیھانیی بێت و لەسەروەختی سنوردارکردنییدا «کونەمشکی لێ بووبێتە قەیسەری»، ئەوا میدیا و میدیاکاری کوردی؛ خۆی لێ بووەتە موفتیی ناوچەیی و «قەیسەری» لەوەرگرەکانی، کردووەتە «کونەمشک» و ھەرجارە و بەفەتوایەک، ناشەرعییبوونی خۆی و پەیامەکانی پەخش و بڵاودەکاتەوە! 

لەو نێوەندەشدا، وەک عەلاگەی جل ھەڵواسین ھەمووجارێ «مامۆستایان»ی بەشەکانی «راگەیاندن» و «تەکنیکی میدیا» و «دیجیتاڵ میدیا»ی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان؛ جلکی «خراپ فێرکردن»یان پێداھەڵدەواسرێت و بەرپرسیار دەکرێن لەھەر ھەڵە و پەڵەیەکی فێرخوازەکان یاخود دەرچووانی ئەو بەشە «زانستی»یانەی ئێستا لەنێو بەش و ھۆبەکانی میدیای کوردییدا کاردەکەن، بەڵام ئەگەر بەشێک لەراستیی ئەم گلەیی و گریمانەیە بەھەند وەربگیرێت، ئایا دەکرێت نەپرسین کێ بەرپرسیارە لەبەرھەمھێنانی ئەو «رۆژنامەنووسان»ەی پیشەکەیان گۆڕیوە بۆ سیخوڕیی و بۆچوونی کەسیی و زانیارییە راستەقینەکان لێکدەئاڵێنن یان رۆبۆتئاسا بەوەرگرتنی پارە و پۆست و دەسکەوتی زۆرتر، زووتر پرۆگرام دەکرێن و پاراوتر درۆت بەنرخی راستیی دەرخوارد دەدەن؟ 

ئەی دەکرێت بپرسین؛ کێ بەرپرسە لەھەڵبژاردن و ھەڵتۆقاندنی قارچکئاسای «سەرۆک و سەرنووسەر و سەرپەرشتیار و بەڕێوبەر و راوێژکاری میدیایی» نێو میدیای کوردیی کە «نەدەرسی مەکتەبێکی خوێندووە، نەئوستادێک پەلی گرتووە»، بەڵام ژمارە حسابێکی بانکیی بۆ کراوەتەوە کە دەیان «ئوستاد» و شاگردی؛ وەک تووتیی راھێناوە بەشان و باڵیدا بخوێنێت و خۆیشی «دەعییە و دەماری؛ کەرێک نایکێشێ»؟! 
ئەی کێ بەرپرسیارە لەو ھەموو «فەتوا» ناشەرعیانەی لەمیدیای کوردییەوە؛ دەردەچن و بەبەرزترین کواڵێتیی بازاڕیان بۆ گەرم دەکرێت و بەھۆیەوە ئاگری شەڕی فۆڵۆوەرەکان ھەڵدەگیرسێنن و نزیک بە ١٠٠ رۆژ دواکەوتنی مووچە لەبیر مووچەخۆران دەباتەوە؟ 

دەبێت کێ بەرپرسیاربکرێت لەوەی رۆژبەرۆژ، خوێندەواریی و توێژینەوەی زانستیی و پسپۆڕیی بێبەھابکرێت و لەشکری نەخوێندەوار و بێبڕوانامە و فاڵچیی و شایەری نێو پرسە و ئاھەنگە خێزانییەکان بھێنرێنەسەر شاشە و بکرێن بە «شیکەرەوە و بێژەر و پێشکەشکار و پەیامنێر و داڕێژەر»ی ھەمەچەشن و ھەمەکارەی میدیای کوردی؟!

ھەر بەراست دەرچووان و فێرخوازانی نێو ھۆڵەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان، یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن، وتووێژی زانستیی و رێبازەکانی توێژینەوە، دەروونناسیی و کۆمەڵناسیی و بەڕێوەبردنی راگەیاندن، ھونەرەکانی نووسین و تەکنیکی میدیا و چەندین بابەتی دیکەی ئەکادیمیی بەتیۆریی و پراکتیکیی ناخوێنن؛ وەھا میدیا و میدیاکارانی کورد لەسەر شێواندنی راستییەکان و لەبیربردنەوەی پرسە گەرمەکان و گەوجاندن و شێواندنی «میزاجی کوردەواریی» وەرگران رێککەوتوون و لەپەنای بەئایینییکردن و بەسیاسییکردنی میدیا و پرسەکانی؛ درێژە بەمانەوە و بەردەوامیی خۆیان و نانپێدەرانیان دەدەدەن؟!

بەدڵنیاییەوە؛ ھەموو ئەو بابەتە میدیایانەی کە رۆژنامەوانێک لەچوارچێوەی پیشەکەییدا پێویستییەتی؛ فێرخوازان دەیخوێنن و تاقیکردنەوە و پرۆژە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو گلەیی و تێبینییە ورد و زانستیانەی لەسەر خراپیی دۆخی پەروەردەیی «خوێندکار، پرۆگرام، مامۆستا و ژینگەی وانەخوێندن» ھەمان بووە و بەبەردەوامیش دەمانبێت، دەبێت ئەو راستییە دووپات بکەینەوە کە پشکی شێری بەرپرس و بڕیاردەر و بڕیاربەدەستانی ئێستای نێو میدیای کوردی، لەتوێژی فێرخوازان و دەرچووانی بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی نێو زانکۆ و پەیمانگاکان نین، بەڵکو ئەوان رق و بوغزێکی زۆریشیان لەنێوەندە ئەکادیمییەکانە و مامۆستاکانیش لەنێو لیستی رەشی ئەواندان کە «لەسیر تا پیاز» نەپرسیان پێدەکەن نەبانگھێشتیشیان دەکەن دوو قسەی دروست لەسەر دۆخی نادروستی وڵات بکەن!

لەو چوارچێوەیەشدا، ئێستا زۆرینەی میدیاجوڵێنەرانی ھەرێمی کوردستان؛ تێکەڵەیەکن لەمشەخۆرانی بەرماوەی بەرپرسان کە «بەگەورەیی فێری پڵاوخواردن بوون»و ئێستا سەروکاریان لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکاندا پەرەپێداوە و و ویردی سەرزاریان «ئەزبەنی»یە و لەھەموو کون و قوژبنێکدا «رێوی دەرەوە و شێری ماڵەوە»ن! وەگەرنا مامۆستای زانستخواز و بەسەلیقەی رۆژنامەگەری؛ پێویستە ھەمیشە فێرخوازەکانی رابھێنێت لەسەر گومانکردن نەک بەدگومانی، گەڕان و پشکنین نەک پاڵدانەوە و دانیشتنی پشت مێز، جیاکردنەوەی تۆمەتبار و تاوانبار نەک حوکمی پێشوەختە و جنێودان و تۆمەتھەڵبەستن، پاراستنی ژیان و بەرژەوەندیی گشتیی نەک لوتژەنین و خۆھەڵقورتاندنە نێو ژیانی تایبەتی.

جا لەپای ئەو ھەموو درۆ و دزیی و گەندەڵیی و گەندەخۆریی و یاساشکێنییەی رۆژانە لەکوردستاندا دەکرێن، ھەرگیز نەمانبیست ھۆکارەکەی بخرێتە ئەستۆی مامۆستایانی بەشەکانی یاسا و کۆمەڵناسیی و دەروونناسی، بەڵام ئەگەر بەردێک لەئاسمانی میدیای کوردییەوە بکەوێتەخوار، ئەوا گلەیی ئاڕاستەی مامۆستایانی بەشەکانی راگەیاندن دەکرێن، وەکئەوەی ئەوان بەمیرات بۆیان مابێتەوە کە ھەمیشە پارەدەر و بڕیاردەری ئەو ھەڵە و پەڵانەی میدیاو میدیاکاران بن، بەڵام لەراستییدا ھەروەکچۆن «ھەرچی سمێڵی سوور بوو؛ ھەمزەئاغا نییە»، بەھەمانشێوە ھەرچی لەمیدیا و میدیاکاری کوردەوە دەرچوو و دەرکەوت؛ مەرج نییە راست بێت و راستبێژیی و پیشەییبوون، پێوەری پەخش و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی بێت و دەرچووی یەکێک لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی میدیا بێت!