سەردێڕ:

داعش یان داشەھارە؟

5/4/2021 7:48:31 PM
2195 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دامە یارییەکی کوردەوارییە من لە دێھاتەکانی کوردستان بینیوومە خەڵکی ئەو یارییەیان کردووە، ئیتر نازانم میللەتانی تری ناوچەکەش ئەو یارییەیان ھەیە یان نا؟ بە کارەکتەرەکانی دەبێژن داشی دامە، ئەوەی لە بیرم بێت لە کۆتایی یارییەکەدا کە ھەموو داشەکان خوران، دوا داش کە بە تەنیا دەمێنێتەوە، پێی دەوترێت (داشەھارە) کە بە ھەموو لایەکدا بە ئازادیی دەجووڵێت تا دەکوژرێت.
چەکدارەکانی ئێستای داعشیش وەکو داشە ھارەیان لێھاتووە، ئێستا رۆژێک لە عیراق و رۆژێک لە سوریا و رۆژێک لە ناوچە جێناکۆکەکانی ھەرێمی کوردستان پەلاماری ھێزەکانی سوپای عیراق و ھەسەدە و سوریا و پێشمەرگە دەدەن.
راستە لە دوای پاککردنەوەی ھەموو ناوچە و خاکی بندەستی داعش لەلایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی پێشمەرگە و ھەسەدە و سوپای عیراق و راگەیاندنی سەرکەوتن و کۆتایی ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام داعش ئێستا و دوای راگەیاندنی سەرکەوتنیش بە سەریدا، بە شێوازێکی نوێ خۆی رێکخستۆتەوە، شەڕی غافڵگیریی دەکات و سیاسەتی «تاک گورگی» پەیڕەو دەکات و دەست دەوەشێنێت و رادەکات.
داعش ئێستا وەکو پێشوو ناتوانێت شار و رووبەری فراوان داگیر بکات، بەڵام ئەوەی دەیتوانێت بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانی و بێزارکردنی خەڵک و بە ئامانج گرتنی کەسایەتی و ھێزە ئەمنییەکانە.
فاکتەرە سەرەکییەکانی مانەوەی داعش :
١.تواناکانی بۆ کۆکردنەوە و راکێشانی تیرۆریستی نوێ لە عیراق و سوریا بە تایبەتی پارێزگاکانی خۆرئاوای عیراق و ناوچەی بادیەی سوریا خستۆتە گەڕ، ئەویش بە ھۆکاری خراپیی گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانە و داعشیش ھێشتا توانای دارایی زۆری لە بندەستدایە، چونکە رۆژگارێک بیری نەوت و غازەکانی لە عیراق و سوریا لە ژێر دەستدا بوو، بەو ھۆیەشەوە ببوو بە زەنگینترین رێکخراوی تیرۆریستی. وادیارە یەدەگی زۆری داناوە و ئێستاش سوودی لێ دەبینێت.
٢.گەڕانەوەی داعش بۆ ستراتیژی کلاسیکی لە تیرۆردا.
٣.جێگیربوونی بەشی زۆری ھێزەکانی داعش و سەرکردایەتییەکەیان لە بادیەی سوریا، کە ھاوسنووری ھەرێمی کوردستان و عیراقیشە و لەوێوە خۆی رێکدەخاتەوە، کە ناوچەیەکی بیابانی بەرفراوانە و بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت.
٤.جموجۆڵەکانی داعش لە سوریا خاڵێکی گرنگە، داعش ھەمیشە کاری لەسەر کردووە کە بەستنەوەی ھەردوو گۆڕەپانی عیراق و سوریایە بە یەکەوە، لەبەرئەوە ھەر کردەوەیەکی تیرۆریستی کە لە یەکێک لەم وڵاتانە دەکرێت، خزمەت بە کردەوەکانی لە وڵاتەکەی تر دەکات، ھەر لەم چوارچێوەیەشدایە پەلامار و کردەوە تیرۆریستییەکانی لە نزیک سنووری سوریا واتە موسڵ و ئەنبار زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە لە سوریا.
قاعیدە و دواتریش داعش وەکو دوو رێکخراوی تیرۆریستی ئەگەر زیاتر لێی وردبینەوە وەکو کاردانەوە بەرامبەر بە پەراوێزخستنی سوننەکان سەریان ھەڵدا و ئەوەیان کردە بەھانە و پاساو بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی سوننەکان و ماشێنی شەڕی تائیفیان پێ جۆش دا.
بۆیە چارەسەری ئەمنی بۆ لەناوبردنی داعش بەتەنھا کاریگەریی نییە و ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە بە تایبەتی لە عیراقدا، جێبەجێکردنی دەستوورە و بەشداریکردنی ھەموو پێکھاتەکانی عیراقە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەکان و سەروەربوونی یاسا، سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە و دامەزراندنی سوپای نیشتمانی و تەجنیدی ئیلزامی، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییە پێویستەکانە بۆ خەڵکی عیراق لە ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ئاسایش و دابینکردنی ھەلی کار و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی کە زیانی زۆری لە عیراق داوە کە لە تیرۆر مەترسیدارترە.
لەناوبردنی داعش و سەقامگیریی عیراق پێویستی بە ھەوڵ و کۆششی زۆر ھەیە لە ھەموو بوارەکاندا، پێداچوونەوە و ریفۆرمی بنەڕەتیی گەرەکە لە ھەموو جومگە گرنگەکانی دەوڵەتی عیراقدا بە ھاوکاریی دۆست و ھاوپەیمانەکانی، بە پێچەوانەوە بەردەوامی دۆخی ئێستایە.