سەردێڕ:

تورکیا جارێکی تر ھەوڵی سفرکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەدا

1/25/2021 9:45:28 PM
4116 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

پارتی دادو گەشەی تورکیا (ئاکەپە) لە ساڵی ٢٠٠٢ کە دەستەڵاتی گرتە دەست  دروشمی  (زیرۆ پرۆبلم )ی لە گەڵ دراوسێکانیدا بەرزکردەوە و تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتنی بەدەستھێنا، چ لە ڕووی ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پرۆسەکانی ئاشتی کە دواتر شکستیان ھێنا .

لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی ھەر لە تونس و لیبیا و میسرو یەمەن و سوریا، تورکیا بووە بەشێک لە کێشەو ململانێکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کە قسەو باسی زۆری لە سەرکرا لە کاتی خۆیدا کە لەوەیە لێرەدا بواری باسکردنی نەبێت، چونکە من دەخوازم باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بکەم کە بابەتێکی گرنگە بۆ ئایندەی تورکیا .

ئەگەرچی تورکیا لە ١٤/٤/١٩٨٧ەوە داخوازی ئەندامێتی پێشکەش بە یەکێتی ئەوروپا کردووە، تورکیا لە ساڵی ١٩٦١ ئەندامی ڕێکخراوی ھاریکاری ئابوری و گەشەپێدانی ئەوروپایە(oecd ) لە ساڵی ١٩٧٣ ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و ھاوکاری ئەوروپایە ( osce  ) ھەروەھا ڕێککەوتننامەی یەکێتی گومرگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکردووە لە ساڵی ١٩٩٥، جگە لەوەی ئەندامی زۆر ڕێکخراوی ترە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لە ١٢ / دیسەمبەری ١٩٩٩ پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیەکە لە ھلسنکی .

بەڵام ئەوەی قورسە بۆ تورکیا ئەو مەرج و فلتەرانەیە کەیەکێتی ئەوروپا دایناوە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیەکەیاندا ھەر لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینە نەتەوەیی ئتنیکە جیاوازەکان کە تورکیا کەنەیتوانیوە تا ئێستا جێبەجێیان بکات بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کورد و نەتەوەکانی تری ئەو وڵاتەوە ھەیە تەنانەت مەسعود یەڵمازی سەرۆک وەزیرانی پێشتری تورکیا وتی ڕێگای ئەوروپا لە ئامادەوە دەست پێدەکات .

ئەگەرچی لە نێو ( ئەکەپە ) شدا دید و بۆچوونی جیاواز ھەبوو لە سەر ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا تەنانەت یەکێک لە بیرمەند و سەرکردەکانی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلو ( کە ئێستا لەو حزبەدا نەماوە) لە کتێبی (قوڵایی ستراتیجیدا) بە ئاشکرا دەڵێت قوڵایی ستراتیجی ئێمە ولاتانی عەرەبی و ئیسلامیە نەوەک ئەوروپا کە پەنجا ساڵە لە دەرگاکانیان دەدەین لێمان ناکەنەوە.

تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری یەکجاری کشانەوەی دۆسێیەی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بکێشێتەوە، بەھۆی ئەو پێشمەرجانەی کە یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی بروکسل بۆ تورکیایان دانابوو لە ساڵی ٢٠٠٤، بەڵام دواتر بە ھۆی ھەوڵەکانی تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی ئەوسای بەریتانیاوە پەشیمان بووەوە .

ئێستا دوای ١٧ ساڵ تورکیای ژێر سەرکردایەتی ئەردۆغان لە ھەموو کات زیاتر دوورترە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، دوای ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا فەرمانیانداوە کەوا لیستێکی سزا بەسەر تورکیادا ئامادەبکرێت بەھۆی ناکۆکی و ململانێکان لە دەریای سپی ناوەڕاست و گەڕان و پشکنین و کنە بە دوای غاز و نەوتدا، کە پەیوەندییەکان لە ھەموو کات زیاتر ئاڵۆز و شپرزەن بەبێ ئەوەی ھیچ پلان و چارەیەک دانرابێت بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە .

لەوانەش زیاتر ھەڵکشانی ململانێکانی نێوان ھەردوولا لە بوارەکانی وابەستە بە مافەکانی مرۆڤ و ناکۆکی دەریایی، مەترسی گەورەیە بۆ سەرھەڵدانی جەنگ و لە نەمانی متمانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی برۆکسل  بە دراوسێکەی باشوریان تورکیا، لەلایەکی تریشە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زۆر بەرژەوەندی ھاوبەشی تر لە بوارەکانی کۆچ و بەگژاچوونەوەی تیرۆر ھەردوولایانی والێکردووە کەوا بە ئاسانی و خێرایی لە یەک جیانەبنەوە .

دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر لەو دۆخە چەقبەستووەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا وابڕیارە سەرانی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی ئازاری داھاتوودا گفتوگۆی تازە ئەنجامبدەن و  ستراتیجیەتی نوێی بۆ دابنێن لەوانە؛ سەپاندنی سزای نوێ، لە کاتێکدا ئەم کێشەیە پێویستی بە ئەبدەیتە بەڵام لایەنەکانی پلان و ئەڵتەرنەتیفیان نیە .

ئەوەی ڕۆژی ١٢/١/٢٠٢١ ڕابردوودا گوێبیستی بووین سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان لە کاتی کۆبوونەوەی لە گەڵ باڵوێزەکانی وڵاتانی  یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا لە کاتێکدا دۆخی ئابوری وڵاتەکەی شپرزەیە و بە ( سەرکەوتنی جۆبایدن بۆ سەرۆکی ئەمریکا و کەوتنی ترەمپی دۆستی ئەردۆگان لیرەی تورکی ٢% بەھاکەی لە دەستدا)، ئەوەبوو ئەردۆغان بە زمانێکی نەرم و ئاشتیخوازییەوە خوازیاری ڕاکێشان و وەبەرھێنان و سەرمایەی بیانی یە بەتایبەتی ئەوروپی بوو بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری وڵاتەکەی، ھەروەھا باسی پلانی دەستپێکردنی وتوێژی لەگەڵ یۆنان بۆکردن و وتی ئەجندای باشمان داناوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بروکسل، بەڵام ھەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە ساڵانێکی درێژە پەیوەندییەکان ئاڵۆزن بۆیە دیبلۆماتکارەکانی ئەوروپا لەوباوەڕدا نین ھیچ گۆڕانارییەی ئەرێنی ڕوبدات لە ئایندەی نزیکدا لە نێوانیاندا، بەڵکو پێشبینی ئەوە دەکرێت لە پێش مانگی ئازاردا سەرۆک ئەردۆغان بە تەرزێکی زۆر دوژمنکارانەترەوە پەلاماری ئەوروپیەکان بداتەوە کە پێشتر وتی ئەوروپیەکان درۆزنن، بە ھۆی ئەو سزا داراییانەوە کە یەکێتی ئەوروپا بە نیازن بە سەر تورکیایدا بسە پێنن کە زۆر توندن، کە پێشتر یەکێتی ئەوروپا  خۆی لا دەدا لە سەپاندنی بەھۆی بارودۆخی قەیراناوی تورکیاوە، پێشتریش ئەردۆغانیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەو ڕەفتارانەی ئەوا ئاکامەکەی زۆر کارەساتبار دەبێت بۆیان .

گرنگی یەکێتی ئەوروپا و  تورکیا بۆ یەکدی

بنەماو فاکتەری ئابوری و بازرگانی ھاوبەش زۆرن لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کە خۆی لە یەکێتی گومرگی دا دەبینێتەوە کە ٢٥ ساڵی ڕابردوو درێژەی ھەبووە، تورکیا پێنجەمین ھاوبەشی بازرگانی تورکیایە، ھەروەھا یەکێتی ئەوروپا ھاوبەشی یەکەمی تورکیایە لە بواری ھاوردەو ھەناوردەدا جگە لەوەی یەکەمین سەرچاوەی وەبەرھێنانی ناوخۆییە .

لەلایەکی ترەوە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کاریگەری خۆیان ھەبوو بۆ بەھێز کردنی پەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتی ئەوروپا، بە جۆرێک تورکیا ھاوبەشێکی گرنگی ئەوروپا بوو بۆ بەگژاچوونەوە ی تیرۆر، ھەرچەندە زۆر ھەواڵ و دەنگۆ ھەبوو کە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بوون تەنانەت میدیاکانی  تورکیا باسیان لە کۆمەک و ھەماھەنگی تورکیا و گروپە توندئاژۆکان دەکرد لە کاتێکدا بۆ ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا وێستگەیەکی گرنگی ھاتوچۆی تیرۆریستان بوو لە ئەوروپاوە بۆ عێراق و سوریا و بە پێچەوانەوەش .

ئاوارە و کۆچبەران

کێشەیەکی تری زۆر ئاڵۆز ی نێوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا ئاوارە و کۆچبەرانی سوریا و عێراق و وڵاتانی ترە کە لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن بە شێوەیەک تەنھا لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە (١) ملیۆن بووە، دواتر لە ئازاری ٢٠١٦ تورکیا و یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن کە ملیارەھا یۆرۆ بدەن بە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەی ئاوارەکان لە تورکیا وەربگرن و نیشتەجێیان بکەن ئەوانەشی کە گەیشتوونەتە  دوڕگەکانی یۆنانیش  .

لەلایەکی ترەوە ساڵی ڕابردوو کاتێک کێشەی ئاوەرەکان لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا سەری ھەڵدا زیاتر گرنگی پێگەی تورکیا دەرکەوت  ، کە ئەردۆگان ھەڕەشەی ئەوەی کرد سنوورەکانی تورکیا دەکاتەوە کە ھەزاران  ئاوارە بە تایبەتی سوریەکان کە بڕۆن بەرەو  یۆنان ، بۆیە ئەوروپیەکان بەرامبەر بەم ھەڵوێستەی ئەردۆگان زۆر ھەستیارو نیگەران بوون .

ناکۆکی و ململانێ ی نوێ نێوانیان

١.توورەبوونی ئەردۆگان لە ئەوروپیەکان بە ھۆی لاوازی ھەڵوێستیان دوای کودەتاکەی ١٦ تەموزی ٢٠١٦ کە تەنھا ئیدانەیان کرد ، بەڵکو ئەو خوازیاری ھەڵوێستی توندبوو کە ٢٥٠ کەس کوژران تێیدا .

٢.لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێ نەدان بە نیشتنەوەی فڕۆکەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ھۆڵەندا و دەرکردنی وەزیرێکی تری تورکیا کە بۆ ھەڵمەتێکی بانگەشە بۆ ھەموار کردنەوەی دەستووری تورکیا لە گەڵ ڕِەوندی تورکی لە ھۆڵەندا رَێکدەخرا .

٣.دەستگیرکردنی ھاوڵاتیانی ھەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانیا کەلە بنەچەدا تورکن لە لایەن تورکیاوە .

٤.نیگەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە چالاکی جموجووڵی دەزگای سیخوری میتی تورکی لە سەر خاکی وڵاتەکانیان .

٥.نیگەرانی فەرەنساو وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا لە جموجوڵ و دەستوەردانەکانی تورکیا لە باکورە ئەفریقیاو لیبیاوە تاوەکو ناگۆنۆقەرەباخ و  باکوری سوریا .

بۆ سزای توندتر بۆ تورکیا ؟

ئەو خاڵەی کە زۆر گرنگە بەلای ئەوروپیەکانەوە کە دەخوازن سزای توند بە سەر تورکیادا بسەپێنن ئەو پرۆسەی گەڕان و پشکنین و کنە کردنە بۆ غازو نەوت لە دەریای  سپی ناوەڕاست کە ناوچەی ململانێ لە سەرن لە نێوان یۆنان و قوبرس و تورکیا کە فشار دەکەن سزای زیاتر بسەپێت بەسەر تورکیادا بەڵام ھەندێک وڵاتی ئەوروپا تا ئێستا بە گومانن لەوەی بتوانن ئەو سزانە جێبەجێ بکرێن .

لە کاتێکدا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا نەگەنە لێکترازان و دابڕان بەھۆی گرنکی تورکیا بۆ کۆمپانیا ئەڵمانیەکان و بوونی ڕەوندێکی زۆری تورک کە ھەڵگری ناسنامەی ئەڵمانیان ، ھەرتایبەت بە ئەردۆگان بەرپرسێکی گرنگی ئەڵمان وتی ئەم ئیدارەی ئەردۆگان تا ئەبەد نامێنێت ، لەوانەیە ئەم دۆخە بگۆڕێت، بەڵام تورکیا گرنگە بۆ ئێمە ھەمیشە ، بۆیە ناخوازین لە دەستی بدەین .