سەردێڕ:

گەشتە ئەوروپییەکەی کازمی

10/24/2020 9:55:41 PM
4964 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -


ئەمە سێیەم گەشتی دەرەکی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ دەرەوەی وڵات، لە دوای دەستبەکاربوونی، یەکەم گەشتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دووەم گەشتی بۆ ئەمریکا و سێیەمیشی بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بوو، کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای لەخۆگرت. 

ھەرچەندە پێش ئێران، بڕیار بوو کازمی سەردانی عەرەبستانی سعودییە بکات، بەڵام بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستی شا سەلمانەوە، سەردانەکە دواخرا، ئێستاش وتوێژەکان بەردەوامن بۆئەوەی کاتێکی گونجاوی بۆ دیاری بکرێت.

ئامانجی کازمی
ئامانجی کازمی لەم سەردانانەی وڵاتانی ئەوروپا، بەدەستھێنانی پشتیوانی و ھاریکاری زیاترە لە بوارەکانی ئابوری و ئەکتیڤکردنی رۆڵ و پێگەی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیای مەزن، بە دیاریکراوی رۆڵی ئەڵمانیا و فەڕەنسا، کە لەوانەیە یارمەتیی حکومەتەکەی کازمی بدەن لە رووی ناوخۆییەوە، بەتایبەتی بۆ بنەبڕکردن و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و سنووردارکردنی ھەڵگرتنی چەک لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم کابینەکەی کازمی-دایە و خۆشی لەو بڕوایەدایە کە ھیچ ریفۆرم و گۆڕانکارییەکی گەورە لە بوارەکانی کارگێڕی و ئابوری و ئاسایشدا ناکرێت لە ناوخۆی عێراقدا، ئەگەر پشتیوانی و کۆمەکی گەورەی دەرەکی لە پشت نەبێت، بە تایبەتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کە عێراق بە شوێنێکی گرنگ و پڕبایەخ دەبینن بۆ وەبەرھێنان، بۆیە ئەگەر کازمی بتوانێت ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بچەسپێنێت، ئەوا زەمینە لەبار دەکات بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورەکان بۆ عێراق. سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش لە مانگی رابردوودا بۆ عێراق، ھەرخۆی لەو چوارچێوەیەدا دەبینییەوە.

ھاوسەنگی لە گۆڕەپانی عێراقدا
گۆڕەپانی سیاسیی عێراق جەمسەربەندییەکی ئیقلیمی ئێجگار ئاڵۆز بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی کە باسی رۆڵی ئێران و تورکیا دەکرێت لە عێراقدا، جگە لە رۆڵی ئەمریکا کە تائێستاش لە ھەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەکە بۆ خۆدەربازکردن لە ململانێکانی عێراق بە کەمترین زیان، کازمی لە ئاوا بارودۆخێکدا لە ھەوڵی ئەوەدایە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا رابکێشێتە ناو ھاوکێشەی عێراقەوە بە قازانجی وڵات و کەمکردنەوەی توندوتیژی و ناکۆکی و جەمسەربەندیی تورکی و فەڕەنسی لەسەر ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین لەلایەک و ناکۆکی و ململانێی ئەمریکی و ئێرانی لەسەر سوریا و بەرنامەی ئەتۆمی، کە لەوەیە ئەم ھاوکێشە تازانە یارمەتی کازمی بدەن بۆ ھاوسەنگکردنی رۆڵی ئێران و تورکیا لە عێراق.

ھەروەھا پرسێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧وە ستراتیژێکی نیشتیمانی داناوە بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بە ھاوبەشیی کۆمەڵەی کاری دارایی و ژمارەیەک دامەزراوەی ئابوریی جیھانی، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە ئەم ستراتیژە ھەروەکو مەرەکەب لەسەر کاغەز مایەوە و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەھۆی ئاڵۆزییەکانی دۆخی سیاسی وڵاتەوە. لەکۆتاییدا، ئەوەی زۆر روونە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق، ئەوەیە تاکو ئێستا وڵاتە ئەوروپییەکان جێگەی سەرنج و گرنگی خاوەن بڕیار و ناوەندە سیاسییە باڵادەستەکانی عێراق نەبوون، بەھۆی کێشمەکێش و جەمسەرگیرییەکانی ئێران و تورکیا و ئەمریکا لەسەر شانۆی سیاسیی عێراق.